لەنەبونی بەرهەڵستکاری ڕاستەقینەدا، هەڵبژاردن لەنێوان دەسەڵات و دەسەڵاتدا

10 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاسۆ مەحمود

بەشی دوەم؛

خاڵی سەرەکی شکستی ئەم جۆرە لە بەرهەڵستکار لە دنیای سیاسی ئێمەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەیەوێت بە هەمان میتۆدی ی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئیزافەی (ڕواڵەتی بێ ناوەڕۆک) ، سۆزی دەنگدەر و هاوڵاتی بۆ خۆی ڕابکێشێت بەڵام دەبێت دەست بخەینە ناو ئەم برینە قوڵە داڕزاوە و بڵێین
دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو فۆرمە لە بەرهەڵستکار بۆ سەردەم و کاتی خۆی ،ڕوداوێک و گۆڕانکاریەکی یەکجار گرنگ و ناوازی ناو دنیای سیاسی ئێمەبو ، بەڵام پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ و لێدانەوەی هەمان شریت و قەوان، هیچ لە پرۆسەی سیاسی ئێمە ناگۆڕێت(هەمو کوڕێ جوامێری سەردەمی خۆیەتی) گۆڕان جوامێری سەردەمی خۆی بو ، لاسای کردنەوەی گۆڕان بە ڕواڵەتی بێ ناوەڕۆک لە لایەن هەندێ کەس کە لە ڕابردودا خۆیان لە پنجی دەسەڵاتەوە سەریان دەرهێناوە، وەیان بەشێکبون لە پرۆسەی وێرانکردنی دنیای بەرهەڵستکاری سیاسی ئێمە، ئەوەندەی تر بێ نرخکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و جوانکردنی زەلکاوی پر لە وێرانە و داڕماوی فەزای سیاسی یە لە کوردستان و عێراق.

سیاسی یان ڤلۆگەر و بلۆگەر؛
لەم سەردەمی بڵاوبونەوەی بێ شوماری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و شۆسیال میدیا، جۆرێک لە بونەور هەن لە ژێر ناوی بلۆگەر وڤلۆگەر و تیکتۆچی و کچە مودێل ، بارتەقای سەدان کەسی ڕۆشبیر و سیاسی و مرۆڤی زانا لە هەمو شوێنێک ئامادەگییان هەیە وپەیام دەدەن ،لە ڕیکلامی جگەرە و ڤەیپەوە، لە ئارایاشگاومەساجەوە بۆ بابەتی خێزان، پەروەردەی مناڵ ودەرونزانی و  خوێندن و سیاسەت قسەدەکەن. کەشێکیان بۆ دروستکراوە کە هەر ژەهرێک دەیانەوێت بیڕێژن بگاتە هاوڵاتی.
ئەمە بۆ زۆرێک لە کارەکتەرە حیزبیەکانیش ڕاستە، خەڵک هەیە( سەر لە واو) دەرناکات، بەڵام بەجۆرێک دەدوێت کە فریا ناکەویت ڕاست و هەڵەی جیاکەیتەوە، ئەمە لە هەمو حیزبەکاندا برەوی هەیە، خەڵکی دەمەوەر و جنێوفرۆش و قاوەقاوکار لە ڕیزی پێشەوەی دەسەڵات و بەرهەڵستکاردان، جۆرێک لە گوێگریش دروست بوە کە ناتوانێت گوێ ڕادێرێت، دەبێت قسەکان بچێتە گوێچکەیەوە ، ئەوەش وایکردوە کە بازاڕی جۆڕێک قسەکەر گەرم بکات کە تەنها هاتوهاوارو قسەی زبر و تەنانەت جنێوبەکاربهێنن، سەرەنجام خەڵکە سەنگین و شارەزاکان ئەوانەی بە ئەخلاقەوە ئەژین و وردو بێدەنگ بیردەکەنەوە وقسە دەکەن ، کەلە نیو ئەو ژاوەژاوەی دنیای ئێمە کەس نایانبیستێ، ئاخر دز بازاڕی شێواوی دەوێت، نەشارەزا و زۆربڵێ ش (بەر مەیدان)ەکەی گەرەکە بۆ ئەوەی پەیامی ڕاستەقینە نەگات، ئەو موزایەدە دەکات، لە چ هەڕاج خانەیەک گوێ لە دەنگە سەنگینەکان گیراوە؟

کە دەڵێین ئەم بەرهەڵستکارە سیاسیانەی ئەمڕۆ لە ڕاستەوە بۆ چەپ بێ روئیان تۆمەت نی یە و لە خۆڕا نیە.
بە درێژای ساڵ لە ڕاگەیاندن و پارلەمان هوتاف دژ بە دەسەڵات دەدەن، کە کار دەگاتە سەربابەتی هەستیار (کەڕەی شەربەت فرۆشن) یان بە بیانوی جیاجیاوە لە خزمەتی دەسەڵاتدان.
سەرباری ئەو هەمو تاوانانەی دەسەڵات بەرامبەر بە هاوڵاتی دەیکات، دۆخێکی دەرونی وەهایان بۆ هاوڵاتی دروستکردوە،( هێشتا دەسەڵات رۆحی نەکێشاویت ،ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن سەدجار موژدەی مردنێکی بە ئازاری پێداویت). 
لە ساڵانی پێشو بەردەوام لە بەغداد داوای پۆستیان کردوە و بۆ یەک ڕۆژ بەرهەڵستکار نەبون، بەڵام بەهۆی کەمی کورسی یەوە هەتا ڕادەی ڕاوێژکار و سەفیر و بەڕێوبەری گشتی پۆستیان پێ دراوە، دەی خۆ یەکێتی و پارتیش هەر هەمان شتیان کردوە کەواتە خێرە ئەگەر دەنگ بەم بەرهەڵستکارانە نەدەین گوناهبارین؟؟( وتەی سەرکردەیەکی یەکگرتو)
هەرچی ئەم ڕەوت وگروپە نوێیانە کە هەمان کەس و کەرەستەی کۆن و تەقلیدین، لەنەوەی نوێ وە کە بە ئاشکرا ڕایگەیاندوە دەچێتە حکومەتەوە،لەکاتێکدا پێشتر دەیوت (هەرگیز نابین بە شەریکی ئەمانە) ، حیزبەکانیتریش لە کۆبونەوەی خۆیاندا وتویانە( کورسی پێویست بەدەست بهێنین دەچینە حکومەتەوە) واتە دەبنە شەریکە دز.
کۆتای بەشی دوەم

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار