چراكانی نیشتمان

14 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسینی: خەلیل عەبدوڵڵا

رەقیب رەقیبی رەقیبانت بێ‌
ئاهورامەزدا پشتیوانت بێ‌
خوای گەورە كەسی بێكەسانت بێ‌

سیماری مەزن نزا خوانت بێ‌
تاوسێ‌ مەلەك پاسەوانت بێ‌
شیلەی تێكۆشان نۆشی گیانت بێ‌
سەد جەمال نەبەز بەقوربانت بێ‌
(جەمال نەبەز)

عەبدولڕەقیب یوسف؛ قەڵغانی پاراستنی كەلتووری شارستانی!

عەبدولرەقیب یوسف كەسایەتییەكی گەورەی كەلتوورپەروەر‌و كەلتوورپارێزی كوردستانە، زۆربەی تەمەنی خۆی تەرخانكردووە بۆ نووسینی مێژوو، پاراستنی كەلتووری كوردستان لە  شوێنەوار ، بەڵگەنامە،  هونەرەكانی تەلارسازی‌و نەخش‌و نیگاری خانووەكان. بەھۆی بەرھەمە زانستی و بەنرخەکانییەوە، لەلایەن پسپۆڕانەوە بەفەرهەنگی گەورەی كەلتووری شارستانی ناودێر كراوە.
ئەو ساڵی 1943 لەدایك بووە.

وەك مامۆستا لەناوچە جیا جیاكانی كوردستان خزمەتی كردووە. دواتر بۆتە راوێژكاری كاروباری شوێنەوار لەئەنجومەنی وەزیران‌و 9 ساڵ لەو پۆستەدا خزمەتی كردووە‌و ساڵی 2010 خانەنشین بووە.

مامۆستا عەبدولڕەقیب هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەی بابەتە مێژووییەكان بووە‌و  بایەخی بەشوێنەوار داوە.
مامۆستا سەعید دێوەچی بەرێوەبەر‌و دامەزرێنەری مۆزەخانەی موسڵ‌و مێژوونووسی ناوداری عیراق، هانی مامۆستا عەبدولڕەقیبی داوە بنووسێت، ئەویش لەشوباتی 1960ەوە دەستی بەنووسین كردووە‌و تائێستا بەردەوامە.

مامۆستا عەبدولڕەقیب شەست ساڵەدەنووسێ‌‌و خاوەنی زیاتر لە 50 كتێبی چاپكراوو دەستنووسە.
ئەو ساڵی 1985 كتێبێكی بەناوی( بانگەوازێك بۆ رووناكبیرانی كورد) دەركرد، لەم كتێبەدا داوای كۆكردنەوە‌و زیندووكردنەوەی كەلەپووری كورد‌و پاراستنی كرد. ئەگەرچی مامۆستا عەبدولڕەقیب چەندین كتێبی نایابی تری هەیە، بەڵام ئەم كتێبەی بەباشترین كتێب دادەنێت، لەبەرئەوەی  بەوردی باسی  پێویستی پاراستنی هەموو لقەكانی كەلتووری شارستانی كوردستانی كردووە.

ئەمەش ناوی هەندێك لەكتێبە چاپكراوەكانی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسفن( دیوانی كرمانجی، الدولە الدوستكیە فی كردستان ، تابلۆكانی شەرەفنامە، بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری، حدود كردستان الجنوبیە، لەبەڵگەنامەكانی حكومەتی شێخ مەحموود، بەرگریكردنمان لەقەڵای هەولێر، وێرانكردنی قەڵای كەركوك‌و هەوڵدانم بۆ رزگاركردنی، پەیدابوون‌و دروستكردنی چەكی ئاگردار)‌و چەندان كتێبی تر.

سەدان وتارو لێكۆڵینەوەی بەزمانەكانی كوردی‌و عەرەبی لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكانی عیراق‌و كوردستان‌و دەرەوەدا بڵاو كردۆتەوە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، خولیای سەرەكی گەڕان بووە بەدوای شوێنەوارەكاندا، چەندان شوێنەوار‌و شاری كۆنی دۆزیوەتەوە، كە پێشتر نەدۆزرابوونەوە، زانایان‌و شارەزایانی شوێنەوار بەكارەكانی سەرسام‌و موحەیەر بوون.

مامۆستا عەبدولڕەقیب لەماوەی 60 ساڵ كاركردنیدا، بەتەنها خەرمانێك بەرهەمی بەنرخی لەبەڵگەنامە‌و تۆماری كاسێت‌و فۆتۆ‌و ڤیدیۆی كۆكردۆتەوە، كە ئەوە كاری دامەزراوەیەكی گەورەی نیشتمانییە، ئەو بەتەنها‌و لەسەر ئەركی خۆی ئەنجامی داوە.
ئەو 18 ملیۆن لاپەڕەی بەڵگەنامە‌و1300 سەعات تۆماری ڤیدۆ‌و كاسێتی دەنگی تەمەنداران‌و 70هەزار وێنەی  فۆتۆی هەیە، كە هەموو پێكەوە سامانێكی گەورەی كەلتووری شارستانین.

بەشی زۆری بەڵگەنامەكانی پێشكەش بەئەرشیفی نەتەوەیی كوردستان كردووە.
مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف، زۆربەی ئەو ئەرشیفە بەنرخەی دیجیتاڵ كردووە، نزیكەی 12 ساڵ  كاری تێدا كردووە بۆ ئەوەی لەرێی ماڵپەڕێكی تایبەت بەخۆیەوە، بۆ خوێنەران بخرێنەڕوو.

ئەو كارەشی تەواو كردووە‌و لەماڵپەڕەكەیدا بەشێكی زۆری زانیارییەكانی ئەرشیفەكەی  لەژێر 32 ناوونیشانی سەرەكیدا خراونەتە روو، بەدەوڵەمەنترین ماڵپەڕی بواری كەلتووری شارستانی لەناوچەكەدا دادەنرێت.

لەكۆتاییدا هیوای سەركەوتن‌و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا عەبدولڕەقیب ئەخوازم، ئەو پیاوەی لەباكووری كوردستانەوە هات‌و  باشوری كردە مەیدانی كارو خزمەت‌و بەخششەكانی‌و كوردستانی گەورەی وەك یەك نیشتمان سەیر كرد‌و لەسەرانسەری ئەو نیشتمانەدا ئەوەی پێی كرا بۆ پاراستن‌و ناساندنی كەلتووری شارستانیی كوردستان درێغی نەكرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار