هاوڵاتی وەک چەقی گۆڕانکاری؛ لە نەبونی بەرهەڵستکاری.. بەشی سێهەم
10 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی وەک چەقی گۆڕانکاری؛ لە نەبونی بەرهەڵستکاری ڕاستەقینەدا،
هەڵبژاردن لە نێوان دەسەڵات و دەسەڵاتدا
بەشی سێهەم
نوسینی: ئاسۆ مەحمود
کێشەی ئێمە (وەک هاوڵاتی بە گشتی)چەندی پەیوەندی بە بۆشای بەرهەڵستکاری ڕاستەقینەوە هەیە، زێدەتر پەیوەندی بەو هەلومەرجە دەرونی یە بیمارەی کۆمەڵگاوە هەیە کە تا دوا هەناسە ترسا و بێ ورە و خود پەرستە، لە کۆمەڵگایەکداین کە کاری کۆمەڵ و هەرەوەز لە بیری کەسدا نەماوە هەرکەس دەستی بەکڵاوی دڕاو شڕو شیتاڵی خۆیەتی. ڕاستە بابەتی تاک کەوتن(منفرد)ی مرۆڤ جیهانی یە ، بەڵام بەم چەشنەی لە کوردستان دەبینرێت نمونەی نیە.
بۆ نمونە زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستای سنوری سلێمانی بۆ داواکردنی موچە تەنها ٢٠٠ مامۆستا تا ١٠٠٠ دێتە سەرشەقام، بەڵام بۆ بایکۆت و پەکخستنی خوێندن ٢٩ هەزار ئامادەیە، ئەم جۆرە لە جیاوازی لە نێوان دو کردە(ئەکت)دا پێمان دەڵێت کۆمەڵگای ئێمە چ حازرخۆرێکی بەر سێبەرە کە تەنانەت بۆ داواکردنی مافی خۆشی ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێرێت کە هیچ ماندوبونێکی ناوێت، ئەگەر چی ئەوەندەی تر کۆمەڵگا بەرەو لە ناوچون دەبات. لە کاتێکدا مامۆستا ناڕەزایەتی دەردەبڕێت فەرمانبەرانیتر بەشداری ناکەن.
دەسەڵات بە چەشنێک کۆمەڵگای کەرت وپەرت و دابەشکردوە بە ئەستەم دەتوانی ڕای گشتی لەسەر بابەتێک دروستبکەیت، لە بابەتێکی هەستیاری وەک نەدانی موچە کە سەرچاوەی سەرەکی بژێو وژیانی فەرمانبەرانە ، بۆ یەکجاریش نەتوانرا سەرجەم فەرمانبەران لە ناڕەزایەتی یەکدا کۆبکرێتەوە. ئەم پەرت بونەیە کە ڕۆحی بەرخودانی کوشت.
ئەم دەسەڵاتە لە پێشدا ڕۆحی کوردایەتی کێشا، بانگەشە بۆ کوردایەتی موزەیەف و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمانی کورد و هێنانی ئەجەندای وڵاتانی ناوچەی، خۆ دەوڵەمەندکردن و داگیرکاری بەناوی شۆڕشگێری یەوە لە دیارترین ئەو هۆکارانەن کە خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات و نەتەوە لەناوبرد.
دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر خێڵ و هۆز و گوند و شار و حیزب و تەریقەت و شێوەزار تیخی سەرەکی لێکترازانی کۆمەڵگان.
ئێمە بڕوامان وایە لە پێش هەر هەنگاوێک پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی تێڕوانینی خەڵکە بەرەو سیاسەت، گۆڕانکاری، کاری هەرەوەزی، دروستکردنی ڕای گشتی،
پێش هەر جوڵەیەکی جەماوەری، ئەرکی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگایە هەرکەس بەپێی بوارو ئەرکی خۆی.
دەسەڵات ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگایە، کۆمەڵگای وشیار و زیندو دەسەڵاتی خراپ ناتوانێت حکومی بکات، هەمیشە دەسەڵاتە خراپەکان لەسەر پشتی میللەتی ناوشیارو مردو حکوم دەکەن.
دەسەڵاتی کوردی زیاتر لە ٣٠ ساڵە کۆمەڵگا ئاژەنین دەکات ، بە گەندەڵی، نەهێشتنی خۆشەویستی خاک و خەڵک و نەتەوە و ژینگە و وڵات،ئەوەی بەعس نەیتوانی بیکات لە تەونی کۆمەڵایەتی ئێمەدا ئەم دەسەڵاتە بە مەبەست و بێ مەبەست کردی.
سەرەنجام کۆمەڵگایەکی ناساغ دەدۆزیتەوە کە ئەستەمە بەم لاشە و بیرە ناساغڵەمەوە بتوانێت گۆڕانکاری ڕیشەی بکات.
کەواتە ئەرکی هەمو هاوڵاتیەکی خەمخۆرو تێگەیشتوە، لە مامۆستا، فەرمانبەران، گەنجان و خوێندکاران،کرێکار و کاسبکار و پیشەوەر و بازرگانان سەرجەم چین وتوێژەکان، لە هەر کوێیەک ئەرکت هەیە، لە دڵسۆزی و خۆشەویستی پیشە و ئەرکەکەت دەستپێبکە بەرامبەر هاونیشتمانیان، تۆ دەتوانی لە شوێنی خۆتەوە ئەرک و خۆشەویستی و خزمەت بە چواردەوت ببەخشی، کۆمەڵگای ساغلەم لە تاکی ساغلەمەوە دەست پێدەکات، ئێمە پێویستمان بە بەخشینەوەی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزیە، ئەمەش بە تاک بە تاکی کۆمەڵگا دەکرێت.
سیستەم و دامەزراوەی گەندەڵ، کۆمەڵگای گەندەڵ دروست دەکات، حکومەت مافی هاوڵاتی داگیردەکات، هاوڵاتیش لە هەرکوێ بۆی بلوێت مافی کەسانیتر داگیردەکات. قسەیەک هەیە دەوترێت، حکومەت لە ڕێگەی دەزگا پۆلیسی یەکانی یەوە دەناسرێتەوە، ئەمە بە تەواوەتی لە کوردستان دەرەکەوێت، دەزگا ئەمنیەکان چێژ لە داپلۆسینی هاوڵاتیان دەبینن، چونکە حکومەت خۆی چێژ لە ئازاردانی هاوڵاتی دەبینێت.
هەر وەک چۆن حکومەت ڕاستگۆنیە و بەخەم خەڵکەوە نیە، بەهەمان شێوە خەڵک لە بازاڕ، فەرمانگەکان، ناوەندەکانی خوێندن، تەندروستی، بەخەم خەڵکەوە نین، پزیشک خەمخۆری نەخۆش و پیشەکەی نیە، مامۆستا دڵسۆزی خوێندکار و پرۆسەی پەروەردە نیە، فەرمانبەر بە هەزار منەت و خۆبادانەوە کاری هاوڵاتی ڕای دەکات.
تێنەگەیشتن لە خەم و بەرژەوەندی یەکتر چۆڕاوەتەوە تا ئاستی خێزانەکان. فەرمانبەرانی پایەبڵندی حکومەت وەک سەرکاری کۆیلەکان ڕەفتاردەکات و دەیەوێت تا دوا ئەندازە پرۆسەی بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگا بباتە پێشەوە لە پێناو ڕازیکردنی بەرپرسەکەی. ئەم ڕیزبەندی بە کۆیلەکردنە لە سەرۆکی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە هەتا براگەورە و برابچوکی ناو خێزانەکان خلۆربۆتەوە.
ئەم داڕزان و هەڵتەکینەی تەونی کۆمەڵگا دەبێت بەری پێبگیرێت و پرۆسەی دوبارە چنینەوەی تەونی کۆمەڵایەتی دەست پێبکەین.
کۆتای بەشی سێهەم.
