سه‌رۆك و ماسیحه
7 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسینی: ئینعام كاچا‌چی
وەرگێرانى: هەورامان قانع
عاده‌ت وایه كاتێك تۆمه‌تبارێك ره‌وانه‌ی زیندان ده‌كرێت، پشكنینێكی كورتی پزیشكی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، زه‌ختی ده‌گرن، هێڵكاری دڵی بۆ ده‌كه‌ن، وێنه‌یه‌كی هه‌ردوو سییه‌كانی ده‌گرن. دوای ئه‌وه، كیسه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت كه پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی تێدایه و بۆ پاكوخاوێنی و خواردن به‌كاریانده‌هێنێت، له‌وانه په‌راخ، قاپ، چه‌قۆی پلاستیكی.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مو هاوڵاتییان، له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانن، ئه‌وا نیكۆلای ساركۆزی-یش به هه‌مان ئه‌م ڕێكاره ڕۆتینیانه‌دا تێپه‌ڕیوه. تۆمه‌ته‌كه‌ی ساركۆزی ئه‌وه‌یه، جانتایه‌كی پڕ دۆلاری له قه‌زافی وه‌رگرتووه، تاكو هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی پێشووی پێ به‌ڕێوه‌ببات.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه، ئه‌وه‌یه كاتێك تۆمه‌تبار ده‌برێت بۆ زیندان، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی وه‌ریده‌گرێت، ماسیحه‌یه‌ك هه‌یه. هه‌ر بۆیه له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆماری پێشووی فه‌ره‌نسا، پێویسته خۆی زیندانه‌كه‌ی پاك بكاته‌وه و ئه‌رزه‌كه‌ی بسڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره ده‌كات، هاوڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵه، پێشتر چێژی له هه‌مو ئه‌و خۆشی و ره‌فاهیه‌ت و فه‌خامه‌ته وه‌رگرتووه كه له ئه‌لیزێ و كۆشكه‌كانی دیكه‌ی جیهاندا هه‌بوون.
كه‌چی هه‌نووكه له خۆشی كۆش و ئه‌ساسی به زێڕ ڕوكه‌شكراوه‌وه، گواستراوه‌ته‌وه بۆ ژورێكی نووستنی 9 مه‌تری. ئه‌و پیاوه‌ی سه‌رده‌مانێك به‌ناوبانگترین و جه‌ماوه‌رترین وه‌زیری ناوخۆ بووه و ئه‌فسه‌رانی پۆلیس سڵاوی سه‌ربازییان لێ ده‌كرد، ئه‌مڕۆ له سایه‌ی پاراستنی دوو پۆلیسدا ده‌خه‌وێت.
دانیشتوانی ئه‌م وڵاته، وا راهاتوون نیشته‌جێبوون له باڵه‌خانه و كۆشك و ته‌لاره مێژووییه‌كاندا، وه‌ك دانیشتن له ناو زێڕدا وه‌سف بكه‌ن. تاجی عه‌بدولحه‌مید پاڵه‌وانی رۆمانی "نه‌بیزه/ النبیذة" بۆی گێڕامه‌وه زاواكه‌ی سه‌ر به خانه‌واده‌یه‌كی فه‌ره‌نسییه، له باو و باپیرانییه‌وه زێڕنگه‌ر بوون و قوبه و بن‌میچ و په‌یكه‌ر و چوارچێوه‌ی ئاوێنه‌كانیان، به توێژاڵی ته‌نكی زێڕ نه‌خشاندووه. لێ ئه‌م پیشه‌یه، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوودا، پاشه‌كشه‌ی كرد. كه‌چی له ساڵانی هه‌شتاكاندا و دوای بوژانه‌وه عه‌مرانییه‌كه‌ی وڵاتانی كه‌نداو، دووباره گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه. (ئایا له بابه‌ته‌كه دووركه‌وتمه‌وه؟)
لویسی شانزه‌هه‌م، له نێو كۆشك و ته‌لاره جوان و قه‌شه‌نگه‌كاندا ژیا، له‌سه‌ر عه‌رشی به‌زێڕ نه‌خشێنراو داده‌نیشت و له نێو پێخیه‌ف و ته‌ختی نووستنی زێڕیندا راده‌كشا، خۆراكی له ناو قاپ و چه‌تاڵ و كه‌وچی له زێڕ دروستكراو ده‌خوارد. وه‌لێ سه‌روه‌ختێك شۆڕش به‌رپابوو، فه‌ره‌نسییه‌كان راپێچی زیندانیان كرد و سه‌ریان به مه‌قسه‌ڵه‌كه لێكرده‌وه. هه‌روه‌ها مارشاڵ فیلیپ بیتان كه یه‌كێك بوو له پاڵه‌وانه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، دوای ئه‌وه‌ی له جه‌نگی دووه‌می جیهانی، به خیانه‌ت تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی وڵاتی راده‌ستی هێتله‌ر كردووه، فڕێیاندایه زیندانه‌وه. جا سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندی پاشا و پاڵه‌وانه‌كان، كوا به‌راورد ده‌كرێت له‌گه‌ڵ سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندی ساركۆزی.
سه‌ركێشییه‌كه‌ی ساركۆزی له‌گه‌ڵ موعه‌مه‌ر قه‌زافی، سه‌ركێشییه‌كی پاك و بێگه‌رد و به‌ریئانه نه‌بوو. ساركۆزی هاوسه‌ری دووه‌می كه ناوی سیسیلیا بوو، نارد بۆ لای قه‌زافی، تاكو دانوستان له پێناو ئازادكردنی په‌رستاره بولگارییه‌كان بكات كه له لیبیا ده‌ستگیركرابوون. ناردنی هاوسه‌رێكی وا جوان و شۆخ و شه‌نگ، به‌ده‌ر نه‌بوو له فریودان و هه‌ڵخڵه‌تاندن. ئه‌م خانمه دوو جار سه‌ردانی قه‌زافی كرد، له جاری دووه‌مدا و له میانه‌ی هه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی جیهانییه‌وه، گه‌ڕایه‌وه و له‌گه‌ڵ خۆی په‌رستا‌ره‌كانی هێنایه‌وه.
سیسیلیا دواتر كتێبێك بڵاوده‌كاته‌وه و تێیدا ده‌ڵێت به ته‌نها سه‌ردانی قه‌زافی كردووه، بێ بوونی پاسه‌وانی تایبه‌ت، به ئۆتۆمۆبێلێك رۆشتووه شۆفێره‌كه‌ی لیبی بووه و ئینگلیزی نه‌زانیوه. سه‌ره‌تا پاسه‌وانه‌كانی قه‌زافی پێشوازییان لێكردووه و بردویانه بۆ ژێرزه‌مینێكی پته‌وی ژێر كۆشك، نزیك ئه‌و چادره‌ی له جاری یه‌كه‌مدا قه‌زافی تێدا بینیوه. پاسه‌وانه‌كان د‌رگاكه‌یان به كلیل داخستووه، ئینجا درگایه‌كی دیكه كراوه‌ته‌وه و قه‌زافی لێیه‌وه هاتووه‌ته ژووره‌وه.
خانمه شۆخه‌كه له كتێبه‌كه‌یدا، ئاوا وه‌سفی قه‌زافی ده‌كات له ئه‌كته‌رێكی خراپ ده‌چوو كه دیكۆرێكی خراپ له ده‌وروبه‌ریدایه. له وه‌رزشه‌وانێكی پیر و كه‌نه‌فت ده‌چوو كه روخسارێكی شل و شێواوی هه‌بێت. له‌وێدا سیسیلیا هۆشداری ده‌دات به قه‌زافی كه لێی نزیك نه‌بێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێكی نه‌خوازراوی به‌سه‌ردا بێت، ئه‌وا ئه‌و له‌به‌رده‌م جیهان به‌رپرسیار ده‌بێت.
قه‌زافی لێی نزیك نه‌بووه‌ته‌وه و په‌لاماری نه‌داوه، وه‌ك جه‌نتڵمانێك ڕه‌فتاری كردووه و به سیسیلیای وتووه: "په‌رستاره‌كانت راده‌ست ده‌كه‌م و بیانبه، ئایا تۆ دڵخۆشیت؟". له‌و رۆژه‌دا خانمی یه‌كه‌می فه‌ره‌نسا كه شانازی به سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یه‌وه ده‌كرد، نه‌یده‌زانی نه‌فره‌تی قه‌زافی، باوكی كوڕه‌كه‌ی به‌ره‌و زیندان راده‌پێچێت.
رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، یه‌ك شه‌ممه 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2025
