لەبارەی بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە (چەند سەرنجێکی خێرا)

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێبین فەتاح

١-
هیچ کات بەقەت ئێستا خوێندنەوە لەناو کورددا برەوی نەبووە. بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا، ژمارەی کتێبە چاپکراوەکان لەلایەن نووسەرانی خۆماڵی و کتێبە وەرگێڕدراوەکان هاوشانی هەڵکشانی ژمارەی خوێنەران بەیەکەوە دەچنە پێش.

٢- 
هەموو تەمەنی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گەیشتن بە پانتاییەکی بەرفرەوانی کۆمەڵایەتی، بۆ ئەو سی ساڵەی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە. ئازادییەک لە پێکهێنانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە، زەمینەیەکی لەبار بۆ پەرەپێدانی خوێندن و خوێندەواری، لەپاڵ ئەوەشدا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بەگشتی دروست دەکات.

٣-
تا پێش پێکهێنانی هەرێمی کوردستان و ڕەخسانی دەرفەتی لەبار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە زمانی کوردی و گەشەی خوێندەواری لە باشووری کوردستاندا، هەموو ئەوەی هەیە، دەتوانین وەک ئەرشیڤێک بڵێین کتێبمان هەیە! ژمارەیەکی سنووردار لە کتێب و گۆڤار، لەپاڵ ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە خەڵکانی خوێندەوار.

٤-
لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا، دۆخەکە بە جۆرێک گەشەی کردووە، کە هیچ لۆژیکێک ناتوانێت پاساو بۆ بەراوردکردن بە هەموو سەدەی ڕابردوو بدات. تەنیا چاپکراوی یەک ساڵی دەزگاکانی چاپ و  بڵاوکردنەوە، زیاترە لە هەموو ئەو کتێبانەی بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

٥- 
ئێمە خواستێکی زۆرمان هەیە بۆ گەشەی زیاتر لە خوێندنەوە و ڕووکردنە کتێب، بەڵام ڕەچاوکردنی ئەو مێژووە کورتەی لەو ڕووەوە هەیە، وا دەکات واقیعبینانە سەیری بابەتەکە بکەین. بەرەوپێشچوونێکی خێرا لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی هەیە. 

٦-
هەندێک لە نووسەرانی ئێمە، کە هیچیان بۆ ئەمڕۆ نییە، ڕوونتر توانای نووسین و ئەو بەرهەمانەی پێشکەشی دەکەن، زۆر لە خوار توانا و خواستی سادەترین خوێنەرانەوەیە! دەیانەوێ کەمتوانایی خۆیان، لاوازی و کەمخوێنی بەرهەمەکانیان، لە ڕێگەی ئەو گوتارە ساختەیەوە بشارنەوە، کە دەڵێ خوێندنەوە لە پاشەکشەدایە! ڕاستییەکە ئەوەیە ئەوان کۆتاییان هاتووە، نەوەیەکی خوێندەوار هاتووەتە پێش، کە چیتر تامەزرۆیی بۆ خوێندنەوە، لە ڕێگەی ئەو دەق و بەرهەمە سەرەتایی و کرچ و کاڵانەی پێش دەیان ساڵەوە، ناشکێت. ئەو نووسەرە کۆتاییهاتووانە، ناتوانن خواست و تامەزرۆیی نەوەی خوێندەواری ئەمڕۆ بدەنەوە.

٧- 
هەموو بانگەشەیەک بۆ پاشەکشەی خوێندنەوە، ڕەگێکی لە نکوڵیکردن لە بیرکردنەوە و تێڕوانین و دنیابینی ئەو نەوە تازە و ئەو خوێنە نوێیەوە دێت کە ئێستا بە دەمارەکانی کۆمەڵگای کوردیدا دەگەڕێت. هەروەها، ئەو بانگەشەیە دەیەوێ، لە تامەزۆریی زۆری نەوە تازەکە بۆ خوێندنەوە و گەیشتن بە دەقی باڵاتر لەوەی نووسەرانی کۆتاییهاتوو پێشکەشی دەکەن، کەم بکاتەوە.

٨- 
هەندێک بانگەشەی ناڕاست هەن، کە دەڵێ تەکنۆلۆژیا و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خوێندنەوە و ڕووکردنە کتێب هەیە. ئەو بانگەشەیە ڕاست نییە و بەڵکوو پێچەوانەکەی ڕاستە. تەنانەت نەک سۆشیال میدیا یارمەتیدەر بووە لە گەشەی خوێندنەوە بەگشتی، بەڵکوو یارمەتیدەر بووە لە خوێندنەوەی کتێب یان بڵاوکردنەوەی کاغەزیی. ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ کتێب هەیە، زۆر بەزوویی لەوە تێدەگەن، ئەوانەی دەخوێننەوە، ئەوانەی بەدوای کتێبدا دەگەڕێن، زۆرجار لە ژێر کارتێکەری و هاندانی زانکۆ و قوتابخانەکاندا نین، بەڵکوو لەژێر کارتێکەریی بەشداری ناوەندەکانی چاپ و کارتێکەری دیکەن لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا.

٩-
گەشبنییەکی تەواوم هەیە بە گەشەی زیاتر و زیاتری خوێندنەوە و ڕووکردنە کتێب لە باشووری کوردستاندا. هەروەها، گەشبینییەکی زیاتر، کە نووسەرانێک لە ڕێگان یان هەر ئێستا دەستیان پێکردووە، کە دەتوانن بەرهەمی نایاب و دەقگەلێکمان پێشکەش بکەن، لە هەموو ڕابردووی ئێمەدا بەرهەم نەهاتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار