سێ جار نەخێر لە نەبونی بەرهەڵستکاری ڕاستەقینەدا..بەشی چوارەم و کۆتایی

6 كاتژمێر لەمەوپێش



هەڵبژاردن لە نێوان دەسەڵات و دەسەڵاتدا

نوسینی: ئاسۆ مەحمود

بەشی چوارەم و کۆتای؛

سەرەتا بۆیە لەم نویسنانەدا هیچ ڕەخنەیەک لە دەسەڵات ناگیرێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئومێدێکمان بەم دەسەڵاتە نیە ، کە ببێتە دەسەڵاتێکی دادپەروەر و حوکمی ڕەشید.

بەرهەڵستکاری ژێر دارهەنجیر؛
ئەم جۆرە لە دوکانی سیاسی و جوڵە و ڕەوتانەی بەناوی بەرهەڵستکارەوە هەن، لە ژێر دارهەنجیرەکە پاڵیان لێداوەتەوە بە ئومێدی ئەوەی هەنجیرەکە بکەوێتە دەمیانەوە، 
ئامادەنین بچوکترین ئەرک و ئازایەتی بنوێن، سەری زمان و بنی زمانیان،  ئێوە دەنگمان پێ بدەن و بمانکەنە زۆرینە، ئەمە و ئەوە دەکەین، بەکوردی هەمو ئەرک و بەرپرسیاریەتی یەکیان خستۆتە ئەستۆی دەنگدەروهاوڵاتی، خۆیان لە هەمو ئەرک وبەرپرسیاریەتیەک بواردوە.

بۆ یەکجار ئەم هێزانە نەیانتوانی جوڵەیەک و خۆپیشاندانێک یان کردیەک بکەن و خاوەندارێتی بکەن، تەنهاو و تەنها سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بون.
لەکوێ خەڵک سەرکەوێ دەیکەنە دەستکەوتی خۆیان، لە کوێ شکست هەبێ لە ملی خەڵکە.
ئێستا دەپرسین، ئایا ئەرکی بەرهەڵستکاری سیاسی ئاوایە؟ بيگومان نەخێر.

لە بەشی دوەمدا، وتمان( هێشتا دەسەڵات ڕۆحی نەکێشاویت، ئەم جۆرەلە بەرهەڵستکار سەدجار موژدەی مردنێکی بە ئازاری پێداویت) بۆ نمونە حکومەت کاتێک بیەوێت پەنجەی هاوڵاتیان لێبکاتەوە، لە پێشدا دێت لە ڕێگەی ئەم بەناو بەرهەڵستکارانەوە دەیکاتە هەڵا، کە حکومەت دەیەوێت قۆڵی هاوڵاتیان لێبکاتەوە، بە پێوەری خۆیان گوایە زانیاری بڵاو دەکەنەوە و بەرگری لە هاوڵاتی دەکەن، پاشان حکومەت دێت و دەڵێت ،ئێمە تەنها پەنجەیەکتان بە بێ ئازار لێدەکەینەوە، هاوڵاتی کاتێک ئەمە دەبیستێت دڵخۆش دەبێت و ڕازیە کە لە جێگەی قۆڵێک پەنجەیەک بکاتە قوربانی لە کاتێکدا هەر لە بنەڕەتدا مافی حکومەت نیە  پەنجەی کەس لێبکاتەوە.

دەسەڵاتی هەرێم پڕۆژەی ڕوناکی ڕاگەیاند کە تێیدا نرخی کارەبا لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە گرانترە، دەسەڵات بۆ ئەوەی توشی بەرانگاربونەوەی هاوڵاتی نەبێت، سەرەتا لە لایەن ئەندام پارلەمان و ڕاگەیاندنی بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە، پرۆژەکەیان بڵاوکردوە بە چەشنێک بە هاوڵاتیان وت، ئەم پرۆژەیە وا دەکات کە هەرچی دەستان دەکەوێت بیدەن بە پارەی کارەبا، یانی حکومەت قۆڵێکتان لێدەکاتەوە، 
پاشان حکومەتی هەرێم وتی ئەمە نرخی کارەبای پرۆژەی روناکی یە واتا تەنها پەنجەیەکتان لێدەکەمەوە، لەکاتێکدا هەر لە بنەڕەتدا حکومەت بە پێی دەستوری عێراق دەبێت بە نرخی زۆر کەم کارەبا و خزمەتگوزاری یە سەرەتای یەکان دابین بکات.
دەپرسین کاری بەرهەڵستکاری سیاسی ئەمەیە؟ بێگومان نەخێر

هەڵبژاردن و پارلەمان، بە بێ بونی بزاوتی خوڵقێنەر و کارا هیچ لە ژیانی ئێمە ناگۆڕێت. بایکۆتی هەڵبژاردن  و هاتنە دەرەوە لە پارلەمان و حکومەت لە ئيستادا ئەگەر چی لاوازترین هەڵوێستی سیاسی یە، بەڵام پێویستیەکی حەتمی یەو  هیچ بیانویەک نەماوە بۆ مانەوە تەنها موچە و ئیمتیاز نەبێت.
لەبری ئەوەی (نوخبەی سیاسی و هاوڵاتی) باسی بایکۆت و سوتاندنی دەنگ بکەن، 
دەبو هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات خۆیان بایکۆتی هەڵبژاردنیان بکردایە.
بایکۆتی ئەم هێزانە ، جۆرێک لە خەبات و فشاری نوێ بو کە ئاڕاستەی هەمولایەک بکرایە ، کە هەڵبژاردن لە هەرێم و عێڕاق لە نمایشێکی گاڵتەجاڕانە زیاتر نیە و هەرگیز گوزارشت لە بیروڕای دەنگدەر ناکات.

(مریشک خۆی خۆڵ بەسەری خۆیدا دەکات) ، 
چونە ناو هەڵبژاردنێکەوە، کە هەزار و یەک پرسیار لەسەر ڕەوایەتی خودی پرۆسەکە خۆی هەیە، و بە دەیان هۆکار و کەرەستەو توانا لەبەردەستی دەسەڵاتە ، تۆش ڕوت وڕەجاڵ دەچیتە پرۆسەکەوە ، پاش هەڵبژاردن دێت و دەڵێیت ساختەکاری کراوە؟؟؟
ئەم هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات خۆیان دەچنە هەڵبژاردنێکەوە کە لە بنەڕەتدا پێش دەنگدان،  ئەنجامەکەی دیارە و  پاشان ئەگەر چەند کورسی یەکیش بهێنن، جگە لە چنگ خستنی بڕێک پارە و ئیمتیاز بۆ خۆیان و حیزبەکانیان، دەستیان بەر ئاوی سارد و گەرم ناکەوێت.

ئێمە لە دۆخێکداین ژمارەی بەڵێن و پەیمانی جێبەجێنەکراوی ئەم حیزب و جوڵە و ڕەوتانە سەدجار بارتەقای بەڵێن و پەیمانی نا ڕاستی دەسەڵاتە.
لە ساتێکداین کاری حیزب و سەرکردەکانی لە باشترین حاڵدا لە کاری ڕۆژنامەنوسی زیاتر نیە.

کە ئەمە گوزارشتە لە ئەوپەڕی کۆڵەواری و تێنەگەیشتن لە دنیای سیاسەت و حیزبایەتی.
سیاسەت دیوە شاراوەکانە، دێڕە نەنوسراوەکانە، خوێندنەوەی هاوکێشەکان و ستراتیژ و پلان و تاکتیکە،  نەک  (وەستای قسان و کۆڵەواری دەستان).
کەواتە دەپرسین ئەم جۆرە لە دوکانی سیاسی و کارەکتەر ، هی گۆڕانکاری یە؟ بێگومان نەخێر

پاش سێ نەخێر ئینجا چی؟
لە ئێستاوە ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچی بێت ، هەرکەس کەمبکات، هەرکەس زیاد بکات، هیچ شتێک ناگۆڕێت.
چونکە لە بنەڕەتدا هیچ بزاوتێکی خوڵقێنەر بە گۆڕانکاری نیە.

ئەم حیزب و جوڵە و ڕەوتانە ئەگەر ڕاستگۆ بونایە، لە بری تۆمەت بەخشینەوە بەسەر ئەوانەی کە بایکۆت و داوای سوتاندنی دەنگ دەکەن، پێداچونەوەیەکیان بە حاڵی خۆیاندا بکردایە و داوای لێبوردنیان بکردایە کە هۆکاری سەرەکی بێ هیواکردنی خەڵک ئەوانن نە کەسیتر.

بە بڕوای ئێمە هەتا ئەوکاتەی کۆمەڵگا ئاوس دەبێت بە بزاوتێکی نوێی بەهێز، داپۆشینی سەری دەفرەکە پێویستی یە بۆ پەنگخواردنەوەی توڕەی و ناڕەزایەتی خەڵک، بە پێچەوانەی ئێستا ئەوەی ئەم هێزانە دەیکەن بەشێکە لە ساردکردنەوەی خەڵک بۆ گۆڕانکاری .

کۆتایی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار