کاتێک ئاڵتوون دەبێتە گۆڕستانی میللەتێک!

15 كاتژمێر لەمەوپێش



عەتا شەمێرانى

مێژوو هەمیشە ساتەکانی یەکلاییکردنەوەی هەیە، هەندێکجار سامان لە زەویەوە سەرهەڵدەدات بۆ ڕۆشنکردنەوەی گەلان. بەڵام لە سودان زێڕ دەرهێنراوە نەک بۆ ڕووناککردنەوە، بەڵکو بۆ سووتاندنی دوا شوێنەواری خەونی نیشتمانێک. کانگای جەبەل عامر کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ئێل فاشر، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە ئاوێنەیەکی توند بووە و ڕەنگدانەوەی چیرۆکێکی سودانییە لەبارەی خوێن و زێڕەوە!!

دەوترێت زێڕ لە سودان "نیعمەت"ە، بەڵام واقیع هاوار دەکات کە نەفرەتێکە کە سێ ڕووخساری هەیە: برسێتی، کوشتن و ترس. زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەدرەوشێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە گوندەکانی سوداندا دەبێتە دڵۆپ دڵۆپی خوێن، بە ناوی بازرگان و سەرکردە و سەرۆک میلیشیاکانەوە بە قاچاخ دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، هاوڵاتی سودانیش بە دوای پارووە نانێکدا دەگەڕێت ،لە مردن هەڵدێت وەک چۆن مرۆڤ لە سێبەری خۆی هەڵدێت!!

تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا، کانگای زێڕی جەبەل عامر ،زیاتر لە پەنجا تۆن زێڕی بەرهەمهێناوە، ژمارەیەکی هاوتای بودجەی تەواوی هەندێک وڵاتە، ئەم زێڕە ناچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، بەڵکو دەچێتە خەزێنەی جەنگەوە. لە سودان سامان بە تۆن و بەرمیل ناپێورێت، بەڵکو بە ژمارەی ئەو دەمانچەیە دەپێورێت کە بە داهاتەکەی دەکڕدرێن!!

کارەساتەکە لە خودی زێڕدا نییە، بەڵکو لە عەقڵیەتدایە کە هەموو سەرچاوەیەک دەگۆڕێت بۆ چەک. کاتێک نیشتمان لەدەست دەچێت، پارە دەبێتە نەفرەت، سامان دەبێتە مایەی ململانێ، ئیمانیش دروشمێکە کە لە سەرووی خوێنڕشتنەوە بەرز دەبێتەوە. هەردوو بکوژ و کوژراو هاوار دەکەن "خودا گەوورەیە"، وەک ئەوەی بەهەشت پابەند بێت بە پاساوهێنانەوە بۆ تاوانێک کە نەک بەناوی خوداوە ئەنجامدراوە، بەڵکو بەناوی تەماح و دەسەڵاتەوە ئەنجامدراوە!!

هەرکەسێک کە بەرەو جەبەل عامر سەرکەوتبوو، بە خەونی سەروەت و سامانەوە لە ناخیدا ئەو کارەی دەکرد، بەڵام بە خوێن لەسەر دەستی دابەزی. لەوێدا دەنگی چەقۆ هەڵکەندنی زەوی نابیسترێت، بەڵکو دەنگی گوللە هەڵکەندنی گۆڕ دەبیسترێت. ئاڵتون بووەتە ئەو خوداوەندە نوێیەی کە قوربانی بۆ دەکرێت: منداڵانی منداڵییان دزیوە، ژنانی بێ ماڵ و حاڵ و پیاوانی بێ نیشتمان!!

لە خەرتوم سیاسەتمەداران باس لە "داهاتووی سودان" دەکەن، لە کاتێکدا لە دارفور نەخشەکە بە ئاگر دەکێشرێتەوە. ململانێیەک لەسەر مینێک، پاشان دوو مین، پاشان هەموو وڵات. هەرکەسێک ئاڵتونەکەی کۆنترۆڵ بکات، کۆنترۆڵی میلیشیاکە دەکات، هەرکەسێک کۆنترۆڵی میلیشیاکە بکات، کۆنترۆڵی لەناوچوونەکە دەکات. هاوکێشەیەکی شەیتانانەیە کە لە مێژووی سوداندا بە فرمێسکی دایکان و بێدەنگی گۆڕەکانەوە نووسراوەتەوە!!

 ئەوەی خراپترە جیهان بە بێدەنگی سەیری دەکات. کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان زێڕی سودان دەکڕن، بانکەکان داهاتەکەی لە هەژماری نادیاردا دادەنێن، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەی "نیگەرانی قووڵ" بڵاودەکاتەوە. نیگەرانی قووڵ تەنها لەسەر کاغەز؛ لە واقیعدا ئەوە تەرمەکانن لەبری خاک زێڕەکە دادەپۆشن!!

چەندە بە ئازارە ئەو زێڕەی سودانییەکان خەونیان پێیەوە دەبینی وەک ڕزگاربوون، بووەتە هێمای کۆیلەکردنی نوێیان. ئەوە کۆلۆنیالیزمە لە بەرگی جیاوازدا، کۆلۆنیالیزمە لە ناو ئەم سەردەمەوە، کە براکان برایان تاڵان دەکەن، دراوسێکانیش بە ناوی خاک و ناسنامە و کانزای زەردەوە دراوسێ سەربڕن.!!

سودان ئەمڕۆ پێویستی بە کانێکی زێڕی نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە ویژدانێکی نوێیە. بابەتەکە سەرچاوەکان نییە، بەڵکو کێ بەڕێوەیان دەبات. زێڕی سودان هۆکاری هەژاری نییە، بەڵکو دەرئەنجامی گەندەڵییە. گەندەڵی بەڕێکەوت نییە؛ پڕۆژەیەکی گشتگیرە کە نەزانی دەچێنێت و سووتەمەنی میلیشیاکان دەدات و ویژدانەکان بێدەنگ دەکات!!


زێڕ تەنها لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و دۆخی ئەمڕۆی سودان بەم شێوەیە. تا زیاتر لە بازاڕەکاندا بدرەوشێتەوە، چاوەکانی تاریکتر دەبن. ئەو پرسیارەی پێویستە بکرێت ئەوە نییە، "سودان چەند ئاڵتون بەرهەم دەهێنێت؟" بەڵکو ئەوەیا ئایا  "ئاڵتون ژیانی چەند کەس لووش دەدات ؟!!

ڕەنگە ڕۆژێک بێت سودانییەکان درک بەوە بکەن کە ڕزگاربوون لە قووڵایی زەوییەوە نییە، بەڵکو لە ڕووناکی هۆشیارییەوە لە مێشکیاندا دێت. تەنها ئەو کاتە زێڕ لە نەفرەتێکەوە دەگۆڕێت بۆ نیعمەتێک، لە چەکێکەوە بۆ ئامرازێک بۆ بیناسازی. ئەمڕۆ سودان لە نێوان چەقۆی برسێتی و سەنگەری زێڕدا گیر بووە، لە شەڕێکدا کە نازناوی بە ئازارەکەی ئەوەیە: “ئەوەی براوە یە،زۆرترین دۆڕاوە!!

تا ئەو کاتەش جەبەل عامر وەک شایەتحاڵێکی بێ چەواشەکاری دەمێنێتەوە، وەک ئەوەی بە هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن بڵێت: لێرە خەونەکانمان نێژرا، لێرەش نەفرەتەکەمان بەرەو ئاسمانەکان بەرزبووەوە!!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار