دەستبەرداگرتنی سامان و ئابووریی، دیوە تاریکەکەی ئەحمەد شەرع و بنەماڵەکەی
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی هاوڵاتی
بۆ زانینی ووردەکارییەکان، لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە:
لە دوای کەوتنی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ئەحمەد شەرع، وەکو سەرۆکی نوێی سوریا بۆ قۆناغی کاتیی و ڕاگوزەریی، دەستەیەکی سێبەر کۆنترۆڵی بەهێزی سیستەمی ئابووریی سوریایان گرتووەتە دەست. ئەم دەستەیە بە نهێنی کاردەکات و هەرگیز بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە. دەستەکە خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی دارایی وڵاتەکەن کە لە دەرەوەی چاودێریی گشتیی و لە سێبەردا، کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
دەستەکە لەلایەن حازم شەرع، برا گەورەی ئەحمەد شەرع و ئیبراهیم سوکاریە کە نازناوی ئەبو مەریەم ئوستڕالییە، سەرپەرشتیی دەکرێت. ئەبومەریەم، ئوسترالییەکی بە ڕەچەڵەک لوبنانییە کە بەهۆی یارمەتییدانی مادییانە و پارەدارکردنی بۆ گروپە تیرۆریسستییەکان، سزای بەسەردا سەپێنراوە.
لە ماوەی نزیکەی حەوت مانگدا، دەستەکە دەستی بەسەر زیاتر لە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی لە سەروەت و ساماندا گرتووە کە نزیکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە سێ بازرگانی سەردەمی ئەسەد و لانیکەم ١٣٠ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندییەکان کە پێشتر لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد پەیوەندییان هەبووە.
ئەبو مەریەم و حازم شەرع کێن؟
• ئیبراهیم سوکاریە کە ناسراوە بە ئەبو مەریەم ئوستڕاڵی، وەکو وەسف دەکرێت پیاوێکی ڕیش درێژە بە تفەنگێکەوە، بە زمانی عەرەبیی بە لەهجەیەکی ئوسترالیی قسە دەکات. ئەو لەلایەن ئوسترالیاوە بەهۆی یارمەتیدان و پارە پێشکەشکردنی بە تیرۆر، سزای بەسەردا سەپێنراوە. ئەبو مەریەم ئێستا ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕێت لە داڕشتنەوەی ئابووریی سوریا.
چاکسازیی یان ئۆلیگارشیی نوێ؟
لە کاتێکدا کە لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت، قۆناغی گواستنەوە لە سوریا کۆتایی بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەسەد هێناوە و سەرکوتی گشتی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام لە ڕاستییدا چەسپاندنی دەسەڵاتی ئابووریی، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە ئۆلیگارشییەک جێگەی ئۆلیگارشییەکی دیکە بگرێتەوە.
ڕەخنەگران دەڵێن سروشتی ناڕوونی دەستەکە و سەرکردایەتییەکەی، کە لە بەرپرسە بڕیاربەدەستە خێزانییەکان و ناوە گوماناویی و ساختەکان پێکدێن، پرسی شەفافیەتی سیستمەکە و توانای پێکەوەگرێدانێکی باوەڕپێکراو لەگەڵ ئابووریی جیهانییدا، دەخەنە ژێر پرسیار و گومانەوە.
• حازم شەرع، پارێزەر و ئابووریناسێکە کە هیچ ناونیشان و پلەیەکی دیاریکراو و فەرمیی لە حکومەتدا نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع بووە لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، بۆ نموونە کۆبوونەوە لەگەڵ شا محەممەد سەلمان لە ڕیاز، و چاوەڕوان دەکرێت سەرپەرشتی سندوقی نوێی سەروەریی بۆ سامانی سوریا بکات. دەزگای سندوقی سەروەری بۆ سامانی سوریا لە ٩ ی تەمموزی ٢٠٢٥ دامەزراوە. هەروەها حازم شەرع ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە داڕشتن و هەموارکردنەوەی یاساکانی وەبەرهێنان لە سوریا، سەرەڕای ئەوەی هیچ پێگەیەکی گشتی و حکومیی نەبووە.
دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە کە دەسەڵاتی نافەرمی ئەم تۆڕە سێبەرە ئابوورییە دەتوانێت متمانەی وەبەرهێنەران لاواز بکات و نەهێڵێت و هەوڵەکانی سوریا بۆ پەیوەستبوونەوە بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتیی ئاڵۆز و سەخت بکات.
• لە ٩ ی تەمموزدا سەرۆکی نوێی سوریا، ئەحمەد شەرع، پێکهێنانی سندوقی سەروەریی بۆ سامانی سوریای ڕاگەیاند، کە سەرپەرشتییکردنی ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە سەرۆکایەتی کۆمارەوە، کە بڕیارە حازم شەرع بەڕێوەی ببات. هەروەها لە ژێر دەستی هاوکارێکی حازم پەردە لەسەر سندوقێکی گەشەپێدانی جیا لادراوە. لەلایەکی ترەوە، هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و دواتر فەرمانی سەرۆکایەتیی، بە بەشداری ڕاستەوخۆی حازم شەرع و ئیبراهیم سوکارییە.
• لەم نێوەندەدا سوریا پەیوەندی بە وەبەرهێنەرە بیانییە گەورەکانەوە دەکات. سعودیە بەڵێنی داوە ٦ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات و کۆمەڵێک گرێبەست واژۆکراون، کە بریتین لە بوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان، ژێرخانی پیشەسازیی، چیمەنتۆ، دارایی و زۆر بواری تر. یارمەتییە داراییەکانی کەنداو و کەمکردنەوەی قەرزەکان ئاسانکارییان کردووە بۆ کرانەوەی سوریا سەرەڕای بەردەوامیی ناجێگیریی سیاسیی و ئەمنیی لە ناوچە جیاوازەکان بۆ نموونە سوەیدا.
ئەو ئەزموونەی لە حوکمڕانی ئابوورییدا لە سەردەمی حازم شەرع و ئەبو مەریەم ئوستڕالییدا کاری لەسەر دەکرێت، لە ژیر ناونیشانی هەوڵێکە بۆ بوژانەوە و چاکسازیی لە ئابووریی سوریادا کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەمە پەیامە ڕاگەیاندراوەکەیە. بەڵام ئەوەی بۆ شیکەرەوە داراییەکان و شارەزایانی ئابووریی پرسیارە، دیوی ئەو دیوی پەیامەکە و پڕۆسەکەیە کە لە گرێبەستە نهێنییەکان و هەوڵی دەستبەەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی سەروەت و ساماندا خۆی دەبینێتەوە.
لە کاتێکدا لە ڕوڵەتدا لە ڕاگەیاندن و لێدوانە ئاشکراکاندا، کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنانی بیانی و ئاماژەکانی ئازادکردنی ئابووریی لە ئارادان، بەڵام نیگەرانییەکان هەروا ماونەتەوە کە ناڕوونیی و دەسەڵاتداربوون و بڕیاربەدەستبوونی بازنەیەکی بچووکی پەیوەندیدار بە شەرع و بنەماڵەکەیەوە، ڕەنگە بە سادەیی جێگەی سیستمی سیاسیی چەوسێنەر و ستەمکار لەلایەک سیستمێکی ئابووریی گەندەڵ لەلایەکی ترەوە لەلایەن ئەسەد و بنەماڵەکەیەوە بگرێتەوە بەڵام بە ڕژێمێکی نوێ و کەمتر ئاشکرا لە دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی داهات و ئابووریی و هەروەها لێرەوە هەموو کایەکانی تریش.
دەرئەنجام بە کورتی، واتا ئەوەی لە دیمەنە گشتییەکەدا بەرەو ڕوونبوونەوە دەچێت و خەریکە دەردەکەوێت، ئەوەیە دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی وڵاتەکە لەلایەن بنەماڵەی ئەسەدەوە دەگۆڕێت بۆ دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی وڵاتەکە لەلایەن بنەماڵەی شەرع.
ئەم ڕاپۆرتەی کە خوێنەر و گوێبیستی بوون، کورتە و پوختەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی وورد و درێژیی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزە، کە ئاژانسێکی بەناوبانگی گەورە و گرنگ و باوەڕپێکراوی جیهانییە کە لە دوو و سێ ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە و هەموار و نوێ کراوەتەوە، بەم شێوەیە: لە ڕۆژی ٢٤ ی تەمموزی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە و لە ٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥ هەموار و نوێ کراوەتەوە.
ئەی تۆ پێت وایە ئەحمەد شەرع هەمان ڕێبازەکەی ئەسەد بگرێتە بەر لە دەستبەرداگرتنی سامان و ئابووریی وڵاتەکە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە تەواوی کایەکانی دیکەش کۆنتڕۆڵبکات و هەژموون بەسەر جەماوەردا بکات و بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی مسۆگەر بکات؟ یان وەهای لێ تێناگەیت و جیاواز لەوە بۆچوونێکی ترت هەیە؟
