سوەیدا لەنێو ئاگردا

15 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی هاوڵاتی
لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە لەبارەی دواهەمین پەرەسەندنەکان و ئەگەرەکان.
پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروزییەکان لە ئەوپەڕی باشووری سوریا، بووەتە ناوەندی پەرەسەندنی توندوتیژیی و گرژی جیۆپۆلەتیکی.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی دروز و گروپە چەکدارەکانی هۆزە بەدەوییەکان بە هاوکاری چەکدارە دینییە توندڕەوەکان، لە پارێزگای سوەیدا پەرەسەندنێکی خێرای بەخۆیە بینیوە و تا ئێستا بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوان لە ٩٠٠ کەس تێپەڕیوە.
سەرەڕای ئاگربەستێکی نێودەوڵەتی کە لە ١٩ی تەمموزدا ڕاگەیەندرا، شەڕەکان بەردەوامن لە وێرانکردنی ناوچەکە، ئەمەش پرسیار لەبارەی بەردەوامیی هەوڵەکانی ئاشتی و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی لەسەر سەقامگیری دۆخی هەستیاری سوریا دروستکردووە.
ململانێکان لە دوای کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە سوەیدا سەریهەڵدا، کە بۆشایی دەسەڵاتی دروستکرد و ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەی گروپە چەکدارەکان پەلە بکەن بۆ پڕکردنەوەی. تۆمەتبارکرنەکان زۆرن لەوانە: قاچاگچێتیی خێڵەکان، دڵسۆزیی بۆ بێگانە، دەست لە پشتدانی دەرەکیی و زۆری تر و ئەمەش بەس بوو بۆ کڵپەکردن و هەڵگیرساندنی جەنگێک کە نەوەکو تەنها لە نێوان گروپە چەکدارەکان دابگیرسێت بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی جەنگ لە نێوان خەڵکی مەدەنیی. دۆخەکە خراپتر بوو کاتێک ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر سوپای سوریا و پێگە سەربازییەکانی سوریای کردە ئامانج، لەنێویاندا وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق و تا گەیشتە بە ئامانج گرتنی کۆشکی سەرۆکایەتییش. ئیسڕائیل پاراستنی پێکهاتەی دروزییەکانی وەک پاساو هێنایەوە. بەڵام ئەم لێدانانە بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و دەڵێن گرژیەکان زیاتر دەکەن و سەروەری سوریا تێکدەدەن.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی ڕاگەیاند، کە بە نێوەندگیری ئەمریکا پشتگیری لێکرا و لەلایەن زلهێزەکانی ناوچەکە لەوانەش تورکیا و ئوردن پشتگیری لێکرا. پلانەکە بریتییە لە جێگیرکردنی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە نێوان دەرعا و سوەیدە و گەڕاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاگربەستەکە پێشێل کراوە و لە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای شاری سوەیدا پێکدادانە چەکدارییەکان بەردەوامن.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: وێرانکاریی و زیانەکان زۆر گەورەن و مەزەندە دەکرێت کە لە سەرەتای دەستپێکردنی توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە ٨٧ هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵەکانیان و نەخۆشخانە و بە گشتی ژێرخانی پارێزگاکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وێران بووە. کارەبا و ئاو لە شارەکەدا نەماوەو هێڵەکانی پەیوەندیی پچڕاون و هاوڵاتیانی مەدەنی لە دۆخێکی سەختدان.
سەرکردایەتی ڕۆحی کۆمەڵگەی دروز بە سەرۆکایەتی شێخ حیکمەت ئەلهیجری پشتیوانی بۆ ئاگربەستەکە دەربڕی و داوای گتوگۆی عەقڵانی و ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکیی دەکات. هاوکات سەرکردەکانی دروزەکان لە لوبنان داوای نێوەندگیری عەرەبی و تورکیایان کردووە و هۆشدارییانداوە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی جەنگی تائیفی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
هەندێک لە شیکەرەوەکان باس لەوە دەکەن کە قەیرانی سوەیدا تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی نییە بەڵکو بەشێکە لە پلانێکی فراوان بۆ ڕێکخستنەوەی ناوچەکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥.
حکومەتی ڕاگوزەری کاتیی نوێی سوریا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گرینگ دەبێتەوە کە ئەویش بریتییە لە تواناداری یان بێتوانایی لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خەکی سوریا و جێگیرکردنی ئارامیی و ئازادیی بۆ سەرجەم پێکهاتەکان.
ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت و سەردەگرێت یان بە پێکدادان و توندوتیژیی زیاتر هەڵدەوەشێتەوە و کۆتایی پێدێت؟ پێدەچێت چارەنووسی سوەیدا، داهاتووی سوریا دیاریبکات. پارێزگاکە هەم وەک هێمای بەرخۆدان و هەم وەک خاڵی گەرم و چڕبوونەوەی ململانێی ناوچەیی دەبینرێت سەرباری ئەوەی ئاشوبێکی پێشبینی نەکراو و کارەساتێکی مرۆیی گەورە تێیدا بەڕێوەدەچێت.
