دیمەشق لەبەردەم ئاڵنگارییەکان و ئەگەرە دژوارەکاندا

دوێنێ



ئامادەکردنی هاوڵاتی

لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد و گەیشتنی بەرەی ڕزگاریی شام و ئەحمەد شەرع بە دەسەڵات، ئەزموونێکی پڕ ئاڵنگاریی لەبەردەم دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشقدا بوو. 

ئەحمەد شەرع ویستی لەلایەک دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، لە سەروو هەموویانەوە، ئەمریکا لە خۆی ڕازیبکات و مانەوەی دەسەڵاتدارێتییەکەی مسۆگەر بکات، لەلایەکی تریشەوە هێزە دینییە توندڕەوەکان کە هاوپەیمانی دێرینەین لە خۆی ڕازیبکات. ئەمەش ئەگەر ئەستەم نەبێت کارێکی قورسە. 

کۆمەڵگایەکی سەرکوتکراوی ژێر دەستی پێنج دەیە لە دیکتاتۆرییەتی ڕژێمەکەی ئەسەد وایکردبوو هەموو جیاوازییە نەتەوەیی، دینیی و ئیتنیکییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی گەلانی سوریا بێدەنگ بکرێن و دەرفەتی دەرکەوتنیان پێنەدرێت. 

ئێستا کوردەکان، دروزەکان و چەندین پێکهاتەی تر ویستی خۆبەڕێوەبەریی و نوێنەرایەتییکردنی خۆیان و کۆتاییهاتنی سەرکوت و چەپاندیان وەکو بەشێک لە سیمای دیموکراتیی وڵاتی سوریا دەبینن. 

کوردەکان  کە لە سەدا ١٠ ی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنن، لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەەسەڵاتدارێتییەکی خۆسەریی دیموکراتیکیان دامەزرانددوە و هێزێکی چەکداریی تۆکمە و بە دیسپلینیان هەیە و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو ناوچەیە لە ئازادیی و سەلامەتیی خۆیان و ژیانێکی ئارام بەهرەمەندن.

عەلەوییەکان کە لە سەدا ١٢ ی دانیشتوانی سوریا پێکدەهێنن لە ناوچەکانی خۆرئاوای وڵاتەکە نیشتەجێن. لە درێژایی پێنج دەیەی دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمەکەی ئەسەد، عەلەوییەکان دەسەڵاتێکی زۆریان هەبوو، بەوپێیەی بنەماڵەی ئەسەد سەر بە پێکهاتەی عەلەوییەکان بوون.

خۆری دەسەڵاتی عەلەوییەکان لەگەڵ کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد، ڕووی لە ئاوابوون کرد. ئەم پێکهاتەیە لەلایەن چەکدارە دینییە توندڕەوەکان و بەشێکی سوپای حکومەتی نوێی سوریاوە بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پیاو و منداڵ و ژن و بەتەمەنەکان، دووچاری دڕندایەتییەکی زۆر و کۆمەڵکوژییەکی گەورە هاتن، تەنها لە مانگی ئازاردا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ کران. 

لەلایەکی ترەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، بە بڕیاری ترەمپ، ئەمریکا سزاکانی سەر سوریای لابرد و هەروەها ئەحمەد شەرع و بەرەی ڕزگاریی شامی لە لیستی ڕەشی تیرۆر دەرهێنا. ئەمەش لە دوای کۆبوونەوەی شەرع لەگەڵ ترەمپ لە سعودیە بەنێوەندگیریی شا محەممەد سەلمانی پاشای سعودیە. 

ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، خۆبەخۆ واتا ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسڕائیلیش، هەروەها ئەم ڕێککەوتنەش بە مانای چاوپۆشییکردن دێت لە ڕەفتار و ىڕیارەکانی لە ناوخۆی سوریا، ئەمە لێکدانەوەی شەرع بوو بۆ ڕێککەوتنەکە. 

لە هێڕشەکانی ماوەی ڕابردووی چەکدارە بەدەوییەکان بۆ سەر هێزە چەکدارە دروزییەکان و دواتریش بەشدارییکردنی هێزە چەکدارە دینییە توندڕەوەکان لە کوشتار و سوکایەتی پێکردنی دروزییەکان و هەروەها هاتنە ناوەوەی سوپا، لە ئەنجامدا ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن و پاراستنی دروزییەکان هاتە ناوەوە و سوپای سوریای کردە ئامانج کە بەرەو پارێزگای سوەیدا لە پێشڕەویدا بوو و هەروەها لە سێ ڕۆژی ڕابردوو، تەنانەت دیمەشقی مووشەکباران کرد کە کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای وەزارەتی بەرگریی بە ئامانج گرت. 

لە دوای هێرشەکەی ئیسڕائیل، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تامی بروس، ڕایگەیاند: ئەمریکا بە توندیی ئەو توندوتیژییە شەرمەزار دەکات و پێویستە هەموو لایەنەکان هەنگاو بنێن بەرەو گفتوگۆیەکی مانادار و ئاگربەستێکی بەردەوام. هەروەها ووتی: پشتگیریی لە هێڕشەکانی ئیسڕائیل دەکەین.

هەروەکو لە ڕاپۆرتێکی پێشووتری هاوڵاتیدا، هاتووە، پەیوەندیی دروزەکان و ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە دروزییەکان لەگەڵ ٢٥ هەزار کەس لە جووەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان لە ٤٠ ساڵی ڕبردووەوە پێکەوە دەژین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە دروزییەکان لە ئیسڕائیل نیشتەجێن و هاوڵاتی ئیسڕائیلن. 

بەشيێک لە شیکەرەوەکان، پێشبینی ئەوە دەکەن پارێزگای سوەیدا، کە ناوەندی نیشتەجیی زۆرینەی دروزەکانی سوریایە و ناوچەکانی دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان وەکو تامپۆنێک و پشتێنەیەکی ئەمنی بۆ ئیسڕائیل بونیاد بنێت بە شێوەیەک کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا تەنها بەشيێوەیەکی سیمبولیک بوونیان دەبێت. 

هەروەها لەلایەکی ترەوە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، ڕایگەیاند: بە زەبری هێز، ئاگربەستمان سەپاند.

لە دوای هێڕشەکانەوە، ئەحمەد شەرع بڕیاریدا بە کشانەوەی سوپا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست.
لە دوای ئەم هاتنە ناوەوە توندەی ئیسڕائیلەوە، بە خێرا ئاگربەست کرا و بە دوایدا ڕێککەوتن ڕاگەیەندرا. هەرچەندە تا ئێستاش گرژیی و پێکدادانە چەکدارییەکان بەردەوامن.

هەروەها سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی، ڕایگەیاند: پێویستە ئەو توندیژییەی لە دژی دروزییەکان ئەنجامدەدرێت بە خێرایی بوەستێنرێت. 
لەلایەکی ترەوە، کەسایەتیی کاریگەر و سیاسەتمەداری ناودار، ساڵح موسلیم، ڕایگەیاند: ناچینە ناو سوریایەکەوە کە خەلافەت حوکمی بکات. 

هەندێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن، لە تەمەنی ئەو چەند مانگەی حکومەتەکەی شەرعدا، دوو کۆمەڵکوژیی ئەنجامبدرێن لە دژی عەلەوییەکان و دروزییەکان، ئەی لە بەهێزبوونیدا دەبێت چیتر لە هەگبەکەیدا بێت و ئەنجامی بدات، کە ڕێک و ڕاست مەبەست لە ڕووبەڕوونەوە و جەنگ لە دژی کوردەکانە. 

هەسەدە و کوردەکان، بە تەواوی لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپاوە پشتگیری دەکرێن و هەروەها خاوەنی ١٢٠ هەزار چەکداری ڕاهێنراو بە دیسپلینن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ئەزموونی بێوێنەی بەرەنگاربوونەوە و شکستپێهێنانی هێزێکی دڕندەی وەکو داعشن. 

-  ئایا پێشبینی تۆ بۆ ئایندەی حکومەتەکەی شەرع چییە؟
-  ئایا بەبۆچوونی تۆ،  جارێکی تر دروزەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای دیمەشق و هەڕەشەی بوونیان بکەوێتەوە سەر؟ 
-  ئایا بەڕای تۆ ئایندەی پەیوەندی کوردەکان و هەسەدە لەگەڵ دیمەشق چۆن دەبێت؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار