فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ هاوڵاتی: تەئکیدم سلێمانى پارتى ده‌وێت
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم- پیرمام
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت خەڵکی سلێمانی پارتیان دەوێت، دەشڵێت خواستى سلێمانییه‌کان له‌ناو دڵى پارتیدا هەیەو ده‌شمێنێت.
فازڵ میرانی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت «دوو که‌س یه‌کتریان خۆشده‌وێت له‌دڵدا، به‌ڵام فرسه‌ت نییه زوو زوو یه‌کتر ببینن، ئه‌و نه‌بوونى فرسه‌ته‌ش قیاس نییه بۆ نه‌بوونى خۆشه‌ویستى له‌نێوانیاندا» ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کەفرەسەتی بینین لەنێوان سلێمانی و پارتیدا نیە.
لەوەڵامی پرسیارەکانی هاوڵاتیدا، فازڵ میرانی لەسەر چەند تەوەرەیەک قسە دەکات کەتایبەتن بەدۆخی هەرێمی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و عێراق و رۆژئاوای کوردستان.
فازڵ میرانی ئاماژە بەوەدەکات کەوەکو خۆی لەگەڵ ده‌وڵه‌تى نەتەوەیی و دیندا نییە، بەڵام پێشیوایە ریفراندۆم بۆ زانینی رای خەڵکی بووە، بەڵام حکومەتی عێراق سزای هەرێمی کوردستانی داوە لەسەر جیابوونەوە لەکاتێکدا کورد جیانەبۆتەوە لەگەڵ عێراقدا ماوە.
سەبارەت بە رووداوەکانی دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر لەکەرکوک و دانانی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کەهێشتا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەبۆتەوەو دانەنانی پارێزگارێکی کوردیش پەیوەندی هەیە بەو دۆخە نائاساییەوە نەک وەکو ئەوەی یەکێتی پارتی لەسەر ئەوە تۆمەتبار دەکات.
فازڵ میرانی دەڵێت «بهقومبهلهیهک ده‌توانى بینایه‌ک بڕوخێنیت له‌ماوه‌ى پێنج خوله‌کدا، به‌ڵام به سێ مانگ و شه‌ش مانگ و ساڵێکیش دروست نابێته‌وه، واتا ئه‌و قومبه‌له‌یه‌ى له‌که‌رکوک ته‌قا به‌دانانى موحافزێک و پارتى چاک ناکرێته‌وه، کورد وته‌نى ئه‌وه‌ى ساوه‌رى خواردووه با ئه‌وه بچێته‌وه شاییه‌که‌ى».
سەبارەت بەکۆنگرەی یەکێتی کەبڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت، دەڵێت «ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کارى کۆنگره‌و کۆنفرانسن، ئه‌وه‌ش بۆ خۆى موشکیله‌یه‌که بۆ هه‌موو حزبێک نه‌ک ته‌نها بۆ یه‌کێتى، هه‌موومان که‌تووشى کۆنگره ده‌بین ئاگامان له‌هیچ نییه، ئاگامان له‌وه‌یه کێ ده‌توانێت مه‌ندوبى کۆنگره بۆ خۆى زیادبکات و براده‌رى خۆى ده‌ربچێنێت ئه‌مه مه‌سئول ناوچه‌و کۆمیته‌یه، که‌کۆنگره هه‌بێت شتى تر بیرده‌چێته‌وه، به‌ڵام حه‌ز ناکه‌ین ئه‌مه وا‌بکات مهسئولیاتى دیکه بکه‌ینه قوربانى کۆنگره«.
هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەستنی کۆنگرەی پارتی نزی کە، دەشڵێت «ئێمەش و یه‌کێتیش په‌یڕه‌و و پڕۆگراممان له‌سه‌ر ئه‌رشیف داناوه، ئه‌گه‌ر به‌حزبایه‌تى جاران بێت حه‌قه کۆنگره محاسه‌به‌مان بکات، ئێمه بۆمان هه‌یه ساڵێک خۆمان ته‌مدید بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه نۆ ساڵه کۆنگره‌مان گرێداوه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى کۆنگره‌ى ئێمه ره‌خنه‌مان لێ‌بگرن و محاسه‌به‌مان بکه‌ن ئێمه یه‌ک نوقته ناتوانین به‌رگرى له‌خۆمان بکه‌ین».
هەروەها میرانی ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە «ئێمه‌ش ده‌بێت کۆنگره ببه‌ستین، براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌وه‌تا 7ى 12ى ئه‌مساڵ کۆنگره ده‌به‌ستن و هه‌رچه‌نده به‌ته‌سه‌ورى من ئاسان نییه‌و ماوه‌یه‌کى که‌مه بۆیان... پارتى ئیحتیمال زۆره له‌نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى 2020دا کۆنگره ببه‌ستێت، ره‌نگه زووتر بێت دره‌نگتر نه‌بێت».
هاوڵاتی: دۆخى سیاسى هه‌رێمى کوردستان چۆن ده‌بینن پاش ئه‌و گرفتانه‌ى که له‌چەند ساڵى رابردوو بۆ هه‌رێم دروستبوو؟
فازڵ میرانى: ده‌ستخۆشیتان لێده‌که‌م سیاسه‌تى راگه‌یاندنى هاوڵاتى له‌ڕووى نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه، به‌گشتى رێڕه‌وى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى مهقبولیهتى له‌ناو زۆربه‌ى هێزه‌کانى سیاسى و جڤاکى کورده‌وارى په‌یداکردووه، ئه‌مه خاڵێکى ئیجابییه بۆ هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌کى راگه‌یاندن.
ته‌بیعى نایاب له‌هیچ شوێنێک نییه، که نایاب نه‌بێت باش هه‌یه‌و خراپ هه‌یه‌و زۆر باش هه‌یه‌و مامناوه‌ندى هه‌یه، سه‌ره‌ڕاى جیاوازى سیاسى یان نه‌بوونى ئینسجامێکى باش له‌ناو هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ى دڵم پێخۆشه ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌ک هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌موومانه هه‌ستی پێده‌که‌ین، ئێمه هه‌موومان لهپاپۆڕێکداین ئه‌گه‌ر نقوم بوو خوانه‌کات که‌سى لێده‌رناچێت به‌سه‌لامه‌تى، ئه‌مه خاڵێکى گرنگه من هه‌میشه ده‌ڵێم ئێمه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئێستا لهحکومداین ئه‌وانه‌ى دوێنێ له ئۆپۆزسیۆندابوون ئه‌مڕۆ له‌حوکمدان و کۆمه‌ڵێک خاڵى هاوبه‌شمان هه‌یه، خۆمان دروستمان نه‌کردووه‌و سروشتین، گرنگترین ئه‌و هاوبه‌شییه ئینتماى نیشتیمانیمانهو خه‌ڵکى ئه‌م کوردستانه‌ین.
ئێمه‌ش و یه‌کێتیش په‌یڕه‌وو پڕۆگراممان له‌سه‌ر ئه‌رشیف داناوه
ئه‌گه‌ر به‌حزبایه‌تى جاران بێت حه‌قه کۆنگره محاسه‌به‌مان بکات
دووه‌م قسمهتێکى زۆرمان ئینتماى نه‌ته‌وایه‌تیمان کوردین به‌نسبه‌ت هێزه سیاسییه‌کان. هاوبه‌شى سێیه‌م هه‌موومان که‌م یان زۆر، دره‌نگ یان زوو سته‌ممان بینیوه‌و بهرەنگارى ئه‌و سته‌مه‌ش بووین، به‌رهه‌مه‌که‌ى که من ناچمه سه‌ر شۆڕشى کۆن و شۆڕشى نوێ و ئه‌یلول و ده‌ستکه‌وته‌کانى حوکمى زاتى به‌سه‌رۆکایه‌تى بارزانى نه‌مرو پارتى، ده‌چمه سه‌ر سه‌رهه‌ڵدان.
ئه‌وانه‌ى دواى سه‌رهه‌ڵدان به‌شداربوونه هاوبه‌شى ده‌ستکه‌وته‌کانى سه‌رهه‌ڵدانن، سه‌رهه‌ڵدان هه‌مووى سلبى نییه، سلبى ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ى میلله‌تى ئێمه ویستى پێویستى پێیه‌تى حکومڕانییه‌که نه‌یتوانیوه هه‌مووى جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام مه‌عناش نییه قسمێکى زۆرى جێبه‌جێ نه‌بووه، ئێمه ده‌بێت واقعبین بین. دائیمه ده‌ڵێم دائیره‌یه‌ک هه‌یه پێى ده‌ڵێن دائیره‌ى واقعبینى، ئێمه‌و ئه‌وانه‌ى سیاسه‌ت ده‌که‌ین ئه‌وه‌ى وه‌زیره، سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌و ئه‌وه‌ى سکرتێرى حزبێکه ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و واقعبینیه، یه‌که‌م به‌چاوى خه‌ڵک ته‌مه‌شاى خۆى بکات به‌چاوى خۆى ته‌ماشاى خۆى نه‌کات جا چ تاک بێت یان حزبێک یا حکومه‌ت یا په‌رله‌مان بێت، دووه‌م شته‌کان وه‌ک خۆى ببینێت و گرفته‌کان لێى رانه‌کات و رەتیشی نه‌کاته‌وه، مه‌سه‌له‌ن ناکرێ سه‌رۆکى هه‌رێم یا سه‌رۆکى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆک حزبێک وه‌ڵا له‌مه‌مله‌که‌تى من هه‌موو شتێک رێکوپێکه ده‌بێت وەزعى خۆى وه‌کو خۆى ببینێته‌وه، له‌و شێوه واقعبینییه هه‌ر هه‌نگاوێک بهاوێژیت و هه‌ر بڕیارێک وه‌ربگرێت حه‌دى ئه‌دنا لێى پاشگهزنهبێتهوهو په‌شیمان نه‌بێته‌وه، مه‌عنا لێى زهرهرنابینێتهوه، بڕیار‌و بۆچوونه‌که‌ى له‌و دائیره‌ى واقعبینییهدا ئیجابیه، ئه‌رێنییه‌که‌ى زۆرتره لهنهرێنییهکهى، ئێستا له‌کوردستان ئه‌وه ده‌بینم.
هاوبه‌شێکى دیکه ئه‌وه‌یه واجبى هه‌موومانه ئه‌وه‌ى که‌هه‌یه بیپارێزین، ئه‌وه‌ى گله‌یى لێیه‌تى و ئه‌وه‌ى به‌به‌ژن و باڵیشى ده‌ڵێ هه‌ردوو هاوبه‌شییه‌ک هه‌یه ده‌بێت بیپارێزین، چونکه ئه‌گه‌ر نه‌یبێ گله‌یى له‌چى بکات، ئه‌گه‌ر نه‌یبێ به‌به‌ژن و باڵى چى بڵێت له‌به‌رئه‌وه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت هاوبه‌شێکه.
له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى نەتەوەیی و دینى نیمبەڵام لەگەڵ دەوڵەتی هاووڵاتیبوونم
مامۆستا عه‌لى باپیر، ئه‌میرى کۆمه‌ڵ قسه‌یه‌کى چاکى کرد، وتى ئێمه ئۆپۆزسیۆنێکى رووخێنه‌ر نین، ئێمه ئۆپۆزسیۆنێکین ده‌مانه‌وێت پشتیوانى حکومه‌ته‌که بکه‌ین بۆ چاکه‌کان و سلبیاته‌کانیش باس بکه‌ین، به راى من ئه‌مه هاوبه‌شێکى زۆر دروسته له‌نێوان حکومڕانى و ئۆپۆزسیۆندا، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه هێزه سیاسییه‌کان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ک بکه‌ین، ئاسایشى جڤاکى و ئه‌منى کۆمه‌ڵایه‌تى میلله‌ته‌که‌مان ده‌پارێزین کهخواستێکى سه‌ره‌کى میلله‌ته‌که‌ى ئێمه‌یه، ئاسایش و ئارامى وڵاته‌که‌مان دێته‌دى له‌و ئارامییه‌دا تواناى حکومڕانێکى باشتربین و ئۆپۆزسیۆنێکى واقعتربین ببینه‌وه، ئه‌مه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌یبینم به‌شێوه‌ى موتڵه‌ق نا، قانونم خوێندووه ناڵێم کابرایه‌کى قانونیم، به‌س عاده‌ته‌ن ئه‌وانه‌ى قانونین نابێ شته‌کان بهموتڵهقى باس بکه‌ن و وه‌ریبگرن، به‌ڵکو بهنسبى وه‌ریبگرن، نسبى باش له‌مه‌دا ده‌بینم سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چ له‌ناو مێشکى حزبه‌کانى حکومڕانى له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتر ئه‌وه ده‌هێڵمه‌وه بۆ رۆژگار، به‌ڵام ناکرێت ئه‌مه وه‌کو جه‌نابى مام جه‌لال به‌ر ره‌حمه‌ت بکه‌وێت که وتى ئه‌مه شه‌قى زه‌مانه واى لێ‌کردین وابیربکه‌ینه‌وه، من ده‌ڵێم قسمه‌ت شه‌قى زه‌مانه‌یه، چونکه ده‌وروبه‌رى ئێمه وه‌کو کورد هه‌موو ئاگره، هه‌مووى بۆ کوردستان دێته‌وه، ئه‌م هه‌رێمه خه‌ڵکه‌که‌ى ئه‌مڕۆ له‌پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان ئاسوده‌تر ده‌ژین، ئێمه ئه‌مه بهنهزهرى ئیعتبار وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه هه‌مووى شه‌قى زه‌مانه نین وابیربکه‌ینه‌وه. ناکرێت له‌سه‌ر نوجزى سیاسى شێوه‌ى بیرکردنه‌وه‌ى راستى حزبه‌کان تاڕاده‌یه‌ک ئه‌وه‌ش بهنسبى ناکرێت ئه‌مه له‌سه‌ر حسابى شه‌قى زه‌مانه بسڕێتەوە، ئه‌مه‌ش نه‌ڵێن وه‌ڵا شه‌قى زه‌مانه وامان لێده‌کاته‌وه باشترین بیرى لێبکه‌ینه‌وه.
پارتی له‌نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى 2020دا کۆنگره دەبه‌ستێت
ئەگەر زووتر نەبێت درەنگتر نابێت
هاوڵاتی: ئه‌رکى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌م قۆناغه‌دا چییه به‌تایبه‌ت بۆ پاراستى ئه‌و یهکڕیزیهى که باسى ده‌که‌یت؟
فازڵ میرانى: هه‌میشه وتوومه حه‌ز ناکه‌م حزبه‌کانى تر، براکانى ترمان به‌شێوه‌یه‌کى سلبى ئه‌م مه‌وزوعه وه‌ربگرن، من ئه‌ڵێم له‌ده‌ستکه‌وت حه‌قه پارتى رازى بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى تر یه‌کسان بێت و وه‌کو یه‌ک بێت، حسهى خۆى که‌مبکاته‌وه بۆ شه‌ریکێکى خۆى، ناکرێت تۆ شه‌ریکت هه‌بێ شه‌ریکى بێبه‌ش، ئه‌گه‌ر شه‌ریکت هه‌بێت ده‌بێت به‌شى بده‌یت، هه‌ندێجار به‌شه‌که‌ى لهئیستحقاقهکهى زۆرتربێت، بۆیه من له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان به‌سێ رۆژ وتم ئێمه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ برایانى یه‌کێتى بهکورسى په‌رله‌مان نابێت، به‌ڵام ففتى فیفتیش نه‌ما، ئه‌مه دائیره‌ى واقعبینییه.
زۆر له‌براده‌رانى یه‌کێتى وتیان تۆ واتکرد که رێگه‌یه‌کى خۆشت نیشانى هه‌موو لایه‌کماندا، یانى ده‌رگایه‌کت کرده‌وه واتکرد هه‌موومان له‌و ده‌رگایه‌وه بچینه ژووره‌وه، نه ئێوه حسابى کورسیمان بۆ بکه‌ن و نه ئێمه به‌ده‌رگاى ففتى بهفیفتیدا بێین، ئه‌وه نوقتەى به‌هێزى یه‌کگرتنى پارتى و یه‌کێتییه، ئینجا هێزه‌کانى دیکه.
به‌ڵام له‌ئه‌رکدا پارتى رازى نابێت ئه‌رکى وه‌کو خه‌ڵکى دیکه یه‌کسان بێت، چونکه لێره‌دا جوگرافیا‌و مێژوو یه‌کده‌گرێته‌وه، له‌مێژوو ئه‌رکى ئێمه زیاتره مێژوومان زۆرتره‌و له‌ساڵى 1946 ەوه، ناڵێم ئیمتدادى شۆڕشه‌کانى بارزان و مه‌مله‌که‌تى شۆڕشه‌کانى شێخ مه‌حمودى نه‌مرو و تادوایی. نه‌خێر، ده‌ڵێم له 1946ەوه ئه‌م حزبه هه‌یه، که‌واته وه‌ک مێژوو ئێمه کۆنترین له‌هه‌موویان، جوگرافیاش حاڵى حازر ئێمه نیمچه زۆرینهیهکمان هه‌یه له‌په‌رله‌مانیش، که‌واته جوگرافیا‌و مێژوو حه‌تمیه‌تێک له‌سه‌رت فه‌رز ده‌کات، که‌ده‌بێت ئه‌رکت زۆرتربێت، ئه‌رکى ئێمه وه‌کو پارتى ئه‌وه‌یه که‌ده‌بێت کراوه‌تر بین له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کان و زیاتر ماندووبون قبوڵ بکه‌ین، ئێمه بچین ئه‌و ده‌رگایه‌ى یه‌کتر قبوڵکردن بکه‌ینه‌وه‌و واڵابکهینهوه. ئێمه یه‌کێتى قبوڵبکهینهوهو یه‌کێتى گۆڕان قبوڵبکاته‌وه‌و گۆڕان لایه‌نێکى دیکه قبوڵبکاته‌وه‌و شیوعى ئیسلامییه‌کان قبوڵبکاته‌وه‌و ئیسلامى شیوعى قبوڵبکات. مسوڵمان یه‌زیدى و مه‌سیحى قبوڵبکاتهوه، یه‌زیدى و مه‌سیحى مسوڵمان قبوڵبکاته‌وه‌و ئێمه تورکمان قبوڵبکه‌ین. ئێمه خه‌ڵکى ئه‌م وڵاته‌ین، واجبى ئێمه‌یە ئه‌م ده‌رگایه واڵا بهێڵینه‌وه، وا بکه‌ین هه‌موومان له‌و ده‌رگایه بچینه ژووره‌وه، ئێمه‌ى پارتى ده‌بێت ده‌ستى خه‌ڵک بگرین و بهێنینه‌وه ژورێ پاڵ به‌خه‌ڵکه‌وه نه‌نێین بچێته ده‌رێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم نه‌وتى کوردستان ده‌ربهێنین
ده‌موت ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق رێککه‌وتنمان هه‌یه‌و 17%ى بودجه‌مان هه‌یه‌و
نهوتەکە با بمێنێت بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو، تا ئه‌وکاته‌ى ده‌بینه ده‌وڵه‌ت
هاوڵاتی: سه‌ردانه‌که‌ى مایک پێنس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا بۆ هه‌ولێر، چ گرنگییه‌کى له‌ڕووى دبلۆماسییه‌وه بۆ کورد هه‌یه؟
فازڵ میرانى: ئه‌وه‌ى لاى من زۆر گرنگه له‌سه‌ردانه‌که‌ى مایک پێنس چ مه‌سجێکى بۆ عێراق هه‌بووه، له‌وانه‌یه ئێمه نه‌زانین، چ مه‌سجێکى بۆ ناوچه‌که‌ش هه‌یه له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ش نه‌زانین، چونکه کورد فه‌قیره له مه‌علومات، ته‌بیعه‌تى شۆڕشه‌کانى ئێمه هه‌میشه لهتهوازنى ئیقلیمى و په‌یوه‌ندییه‌کاندا بێ مه‌علومات بووین، میلله‌تێکى فه‌قیر بووین نه‌مانتوانیوه لۆبى دروستبکه‌ین، ئێستا ره‌نگه له‌جاران باشتر بێت.
ئه‌و وێنه‌یه‌ى که کاک نێچیرڤان سه‌رۆکى هه‌رێم و جێگره‌که‌ى و کاک مه‌سرور سه‌رۆکى حکومه‌ت و کاک قوباد جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت ئه‌م وێنه‌یه نیشاندا لاى من ئه‌وه گرنگه.
ئه‌مه پێگه‌ى کورد نیشانى ئه‌مریکا ده‌دات، ئه‌مریکا یاریزانێکى گرنگى نێوده‌وڵه‌تییه، به‌ڵام چه‌ندى بۆ کورد هه‌یه، نازانین.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم راگه‌یاندنى ئێمه مایک ببه‌نه بەردهمى سه‌رتاشێک یا میوه‌فرۆشێک ئه‌رێ مایک پێنس هاتووه بۆ کوردستان چۆن هه‌ڵیده‌سه‌نگێنیت؟ من له‌گه‌ڵ ئه‌و راگه‌یاندنه نیم و له‌گه‌ڵیشى نه‌بوومه.
مایک پێنس هات نه‌یتوانى بچێت بۆ به‌غدا، هات بۆ هه‌رێمى کوردستان ماڵى ئاوا بێت، تەئکیدى له‌سه‌ر هاوکارى شه‌ڕى داعش کرد ماڵیان ئاوا بێت، تەئکیدى کرد له‌سه‌ر دۆستایه‌تى کردنى ئه‌مریکاو کوردستان ماڵى ئاوا بێت ئه‌مه پێمانخۆشه، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت حساب بۆ خه‌ڵکێکیش بکه‌ین که پێیانناخۆشه. ئێمه زیاتر له حه‌دى خۆى بایه‌خ بده‌ین به‌شتێک خه‌ڵکێک به‌گژ خۆماندا ده‌کەین، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام با مه‌دحى تۆ بکه‌م، به‌ڵام زه‌مى ئه‌و براده‌ره نه‌که‌م، با دڵى ئه‌و خۆش بکه‌م، به‌ڵام تۆ نه‌ڕه‌نجێنم.
ئه‌و قومبه‌له‌یه‌ى له که‌رکوک ته‌قا
به‌دانانى موحافزێک و پارتى چاک ناکرێته‌وه
هاوڵاتی: عارف قوربانى نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد که‌ناکرێت زۆر باسى هاتنه‌که‌ى مایک پێنس بکه‌ین ده‌بێت حساب بۆ ئێران بکه‌ین که‌کێشه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا هه‌یه، تاچه‌ند گرنگه سه‌رکردایه‌تى سیاسى باڵانس بپارێزێت له‌نێوان هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو وڵاتانى ئیقلیمى به‌تایبه‌ت ئێران؟
فازڵ میرانى: من و تۆ دراوسێى یه‌کین لهکوردهواریش، ناحه‌ز، یان خوێندارێکى تۆ دێته‌وه ماڵى من تۆ ئیحترامه‌ن بۆ من هیچی پێناڵێیت، به‌س ناکرێت من ئیستفزازى تۆی پێبکەم. چونکه ئه‌بێ رێزێکیشم بۆ تۆ هه‌بێت، ده‌بێت حسابێک بۆ تۆش بکه‌م، ئه‌مه‌ش وایه. قسه‌کانى کاک عارف قوربانى که‌که‌سێکى زانایه‌و زۆر موتابه‌عه‌ى قسه‌کانى ده‌که‌م سیاسهتمهدارو رۆژنامه‌نووسێک و کوردێکى باشه، دایمه رێزم بۆ بۆچوونه‌کانى کاک عارف هه‌یه له‌به‌رنامه‌ى رووداو گوێى لێ راده‌گرم. مه‌رج نییه من و ئه‌و له قسه‌کانیدا یه‌کبگرینه‌وه، به‌ڵام له‌زۆر شوێن مهبدهئى تهناسولقهوانین هه‌یه لهقانوندا، تهناسولخهواتریش هه‌یه له‌مه‌سه‌له‌ى رۆشنبیرى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌وه‌ى ئه‌و وتویهتى راستییه‌کى بۆ هه‌یه. به‌براده‌رانى خۆمانم وتووه هه‌وڵبده‌ن ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه باشه نیشانى بده‌ن، به‌س هه‌وڵبده‌ن ئیستفزازى خه‌ڵک مه‌که‌ن. وتیان یه‌کێک چووه بۆ دوکانێک ویستویه‌تى روبه هه‌نار بکڕێت وتویهتى کاکه ڕڕوووووبه هه‌نار هه‌یه، وتویهتى کاکه هه‌یه به‌ڵام به‌و خهستییهى تۆ ده‌یڵێیت نا، با ئێمه‌ش واى لێنه‌که‌ین.
ڕه‌نگه دوور نه‌بێت عێراق په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ببه‌ستێت
هاوڵاتی: به‌ڕێزتان ئاگادارن وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم رۆژى دووشه‌ممه 25ى تشرینى دووه‌م چوونه‌وه به‌غدا، باس له‌وه‌ده‌کرێت هه‌رێم (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌داته به‌غدا، رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا تاچه‌ند وه‌کو پارتى به‌لاتانه‌وه گرنگه؟
فازڵ میرانى: مه‌بده‌ئێک هه‌یه پراگماتیکى رێگه‌یه‌کى باشه، به‌ڵام ده‌بێت ئینسان باش ئه‌داى بکات، که باش پراگماتیکیت به‌کارهێنا، زه‌ره‌رى تێدا نه‌که‌یت، ئه‌گه‌ر سودیش نه‌که‌یت زه‌ره‌ر نه‌که‌ی. ئێستا هه‌رێم و عێراق پراگماتیکین، پێویستمان به‌یه‌ک هه‌یه له رووى ئه‌منییه‌وه، به‌ڵام له رووى ئابورى و داراییه‌وه نه عێراق لهوهزعێکى وادایه که‌ئێمه زۆر بیناى له‌سه‌ر بکه‌ین، نه عێراق تا ئێستا به دڵ ده‌توانێت لەگەڵ کورد بێت، چونکه کێشه‌ى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا کێشه‌ى عه‌قڵیه‌ته‌و کێشه‌ى شه‌خس نییه، عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌کو شه‌خس باشتره له زه‌ید، یا عه‌مر، به‌ڵام ئه‌و باشترینه له‌وانه‌یه له‌چوارچێوه‌ى شه‌خسدا بێت.
ئێمه ته‌مه‌ننا ده‌که‌ین له‌خوا ده‌خوازین ڕۆژێک عه‌قڵیه‌تى حکومڕانى و ده‌سته‌جه‌معى بگۆڕێت‌و باش بێت، ئێستا حوکمه‌کانى عێراق نه خۆیان ته‌به‌نى فیدڕاڵیهتیان کردووه، له‌ده‌ستور هاتووه به‌ڵام وردکردنه‌وه‌ى فیدڕاڵیه‌ت به‌شێکیان ئیستعابى ناکه‌ن، هێشتا له‌دیدى شۆڤێنییەتى خۆیانه‌وه بەشێکیان ئیستعابى ناکه‌ن، ده‌ڵێن کورد چۆن فیدڕاڵیه‌تى هه‌بێت، بابه ئه‌مانه بوونه‌ته ده‌وڵه‌ت، ئه‌مانه لەبن ده‌ست ده‌رچوون، ده‌یه‌وێت هه‌میشه ئێمه له‌بنده‌ستیاندا بین، بیرێکى ئینسانى له‌سه‌ر مێشکی سیاسییه‌کان زاڵنه‌بووه که‌بڵێت کاکه ئه‌وانیش وه‌کو ئێمه ئینسانن (40) ملیۆن کورد هه‌یه، باشه بۆ ئه‌م (40) ملیۆنه بۆ حه‌قى خۆى نه‌بێت ده‌وڵه‌تى هه‌بێت، بۆ ئێمه حه‌قمان به‌تورکیاو سوریا‌و تورکیا نییه، ئێمه‌ى کوردى عێراق شه‌ش بۆ حه‌وت ملیۆن که‌سین، باشه به‌حره‌ین به‌قه‌ده‌ر پارێزگاى هه‌ولێره، دوبه‌ى به‌قه‌ده‌ر دهۆکه، کوه‌یت به‌قه‌ده‌ر سلێمانییه، باشه بۆ ئه‌م میلله‌ته حه‌قى نه‌بێت ده‌وڵه‌تى خۆى هه‌بێت، لهبندهستدهرچوونى ئێمه‌ى کورد به‌زه‌ره‌رى خۆى ده‌زانێت، که ئه‌ننه‌ما عه‌بدى ئه‌وانین، که ئهننەما ئه‌و عه‌بده خاکى ئه‌وه‌و ئێمه لێى ده‌سێنینه‌وه.
له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم چوومه به‌غدا خه‌ڵکێک زۆر به‌ناهه‌ق باسى منیان کرد، پێیانم وت کاکه ئێمه ریفراندۆممان کرد به‌س ئێوه محاسه‌به‌ى ئێمه‌تان له‌سه‌ر ریفراندۆم نه‌کردووه، ئینجا به‌ئێمه‌یان ده‌وت ئینفیساڵ، پێموتن کاکه ئینفساڵ نییه ئیستقلاله، جیاوازى هه‌یه له‌نێوان ئیستقلال و ئینفیساڵ، وتم ئێوه موحاسه‌به‌ى ئێمه‌تان کردووه له‌سه‌ر تاوانێک که‌ئێمه نه‌مانکردووه، ئه‌ویش ئیستقلاله، له‌گه‌ڵ پیاوێکى ئاینیان قسه‌م کرد وتم باشه ئێوه لهنیزامێکى ئیسلامى گریمان ئێوه ئینسانێکى که به‌ڕۆژوو بێت ئیفتارى عهلهنى بکات جه‌ڵده‌ی ده‌که‌ن، وتیان به‌ڵێ، وتم منى رۆژوو ئه‌وه چومه ناو مه‌تعه‌مێک به‌س ئیفتارم نه‌کردو شاهیدم هه‌یه، باشه حوکمى جه‌ڵده ده‌چێته سه‌رم، وتیان نه‌خێر، پێم وتن ئێوه وا تاوانبارمان ده‌که‌ن.
ئێمه ریفراندۆممان کردووه به‌س ئیستقلالمان نه‌کردووه‌و ئێوه جه‌ڵده‌ى ئیستقلالهکهتان له‌کورد داوه، وتم ئه‌مه عیلاقه‌ى بهعهقڵیهتهوه هه‌یه، به‌و پیاوه ئاینیهیانم وت کورد مسوڵمانه وتى به‌ڵێ، وتم ئێوه‌ش وتى ئێمه‌ش مسوڵمانین، ده‌ى وتم فه‌رموده‌یه‌ک هه‌یه (لا یٶمن أحدکم حتى یحب لأخیه ما یحب لنفسه) وتى وه‌ڵا راسته.
وه‌ختى خۆیشى که کاک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت بوو، چووه به‌غدا پێیوتن کاکه بودجەکەمان بده‌نێ با موچه بده‌ین و پڕۆژه‌کان ئه‌نجامبده‌ین، فه‌رموون با هه‌موو نه‌وته‌که بۆ ئێوه بێت.
که‌کاتى خۆى له‌ده‌ستوردا که لهماددهکانى (111 و 112) ى نه‌وت و غاز دانرا تهفسیرهکهى ئینتیقائییه (بەشێک لەهەموو پاکێجەکە دەردەهێنریت و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت)، ئه‌گه‌رنا وازحه ئه‌وه‌ى پێشتر هه‌بووه ئه‌وه عیلاقهتى به‌عێراقه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ى دواتر پاش نوسینەوەی ده‌ستور، بوونى که‌شفکردن و ده‌رهێنان و فرۆشتنى و هه‌نارده‌ى ده‌بێت به‌ئیداره‌ى موشته‌ره‌ک بێت و هه‌رێمى کوردستان لێى به‌رپرسه، ئه‌وان که ئه‌و رێکهوتنهیان قبوڵکرد له‌ده‌ستور ماوه‌یه‌ک له‌به‌غدا بووم له‌گه‌ڵ جه‌نابى کاک مه‌سعود بارزانى له‌ساڵى 2007 ئه‌وان ته‌سه‌وریان ده‌کرد که‌کورد ناتوانێت نه‌وت بهێنێته ده‌رێ، یان کههێنایانه ده‌رێ نازانن کورد چۆن دهیفرۆشێت، له‌به‌رئه‌وه ره‌زامه‌ندییان نیشاندا، که‌بینیان کورد نه‌وتى هێناوه‌ته ده‌رێ و ده‌توانێت بیفرۆشێت پاشه‌کشه‌یان کرد، ئیتر ئه‌وه‌بوو بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانیان بڕى له 2014دا.
شه‌خسییه‌ن وه‌ک خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم نه‌وتى کوردستان ده‌ربهێنین، ده‌موت ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق رێکه‌وتنمان هه‌یه‌و له‌سه‌دا 17%ى بودجه‌مان هه‌یه‌و نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان با بمێنێت تا ئه‌وکاته‌ى ده‌بینه ده‌وڵه‌ت بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو، به‌ڵام بۆ وێنه‌یه‌کى سیاسى باشیش بوو که‌بتوانێت ئه‌م ئیمکانیه‌ته‌ى هه‌یه، واتا زیاتر بازدانێکی سیاسى هه‌بووه وه‌ک له‌وه‌ى ئابوورى هه‌بێت، به‌هه‌رحاڵ سیاسه‌ت و ئابوورى ته‌واوکه‌رى یه‌کترن.
ئه‌م کرانەوەیەی ئێستاى حکومه‌تى عێراق باشه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم، غه‌دریان کرد موچه‌ى فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان بڕى، ئایا ئه‌م کوردستانیانه عێراقین یا عێراقى نین، دکتۆرو موهه‌ندیس و محامى و مامۆستایه‌ک و سسته‌رێک و.. هتد. ئه‌مانه عێراقین ده‌کرێت ئه‌وان لاى خۆیان موچه بده‌ن بهفەرمانبەرانی خۆیان و نه‌یده‌نه فەرمانبەرانی هه‌رێم، ئه‌مه به‌ڵگه‌ى ئه‌وەیە عێراق به هاوڵاتى پلە یه‌ک کوردیان قبوڵ نییە، تائێستا نه‌یانتوانیوه فیدڕاڵییه‌ت وه‌کو ئه‌رکى ئێمه‌و وه‌کو مافیش بتوانن ته‌به‌نى بکه‌ن و پراکتیکى بکه‌ن، چونکه جارى واهه‌یه دیموکراتى هه‌ر هه‌ڵبژاردن نییه، ئێمه هه‌موومان باسى دیموکراتییه‌ت ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر بێت و لهتهبهنى و پراکتیکى لهمومارهسهوه له‌دروشمدا پێرفێکتین، ئێمه له‌به‌رزکردنه‌وه‌ى دیموکراتییه‌ت، هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ین به‌و شێوه‌یه خه‌ڵکێک پێى رازییه‌و خه‌ڵکێک تهعنى لێده‌دات، ئه‌مه دیمه‌نێکى دیموکراتیه‌ته، ئایا مێشکى ئێمه‌ومانان وه‌کو حه‌ره‌که‌یه‌ک و جڤاکێکى سیاسى دیموکراتیه‌ت بهمهفهوم ته‌به‌نیان کردووه‌و وه‌کو مه‌فهومێک به‌شێوه‌یه‌کى سالم پراکتیکى ده‌که‌ین؟ به‌ڕاى من ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان کرد ئه‌م کێشانه‌ى که له‌ناوخۆماندا هه‌یه زۆر که‌مده‌بێته‌وه، من ناڵێم نامێنێت، چونکه له‌و وڵاتانه‌ى که زۆر دیموکراتین کێشه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌ر هه‌یه، ته‌عن و ره‌خنه لهیەکتر ده‌گرن لهشیعارات و ...هتد، به‌ڵام ئه‌م نزیکبوون و لێکتێگهشتنهى ئێمه که‌وڵاتى ئێمه‌ش و کارمه‌نده‌کانمان پێمباشه مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ران موچه‌کانیان وه‌ربگرن، هه‌موو که‌س تێناگات که بۆچى عێراق وا ده‌کات، ئه‌حزابى سیاسى به‌داخه‌وه جوڵه‌ى بایکۆتى قوتابخانه‌کان و زانکۆیان له‌هه‌رێمى کوردستان دەکرد، نه‌یانوت عێراق مووچه‌ى ئێمه‌ى بڕیوه، ده‌یانوت حکومه‌تى هه‌رێم مووچه نادات، ئینجا بەشێک ده‌یانوت نێچیرڤان بارزانى پاره‌ى هه‌یه‌و نایدات.
ئایا هیچ مه‌نتقێک هه‌یه کە نێچیرڤانێک کوڕى ئیدریسى کوڕى مه‌لا مسته‌فاى بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بێت، یان قوباد تاڵه‌بانى کوڕى جه‌لال تاڵه‌بانى به‌ڕه‌حمه‌ت بێ، حه‌ز ده‌که‌ن مووچه‌ی مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌ر نەدەن و ئەوانیش بێنه سه‌ر شه‌قام، مه‌نتق ئه‌مه قبوڵ ناکات. هه‌تا ئه‌و حزبانه‌ى کههانى مامۆستایان ده‌دا بایکۆت بکه‌ن، من جارێک موخاتهبهیانم کرد که ته‌علیم موڵکى میلله‌تێکه ئه‌وسا که روبعە معاشیان ده‌دا، پێم وتن که‌واته ده‌بێت روبع ده‌وام بکه‌ن، تۆ نیو موچه وه‌رده‌گریت نیو ده‌وام بکه، له‌دونیاى پێشکه‌وتووش وایه. من له‌وڵاتێک چوار سه‌عات ئیش بکه‌م پاره‌ى هه‌شت سه‌عات وه‌رناگرم، پاره‌ى چوار سه‌عات وه‌رده‌گرم، ئێوه ده‌وام ناکه‌ن و نیو معاشه‌که وه‌رده‌گرن زه‌ره‌ر له‌خۆتان و منداڵى خۆتان ده‌ده‌ن له‌وڵاته‌که‌ى خۆتاندا، حکومه‌ته‌که‌ش هه‌ر ده‌مێنێ، یا به‌م شێوه‌یه یان به‌شێوه‌یه‌کى تر.
هه‌ر هه‌نگاوێک له‌گه‌ڵ عێراق پێمباشه، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابى سیادى و فیدڕاڵییهتى کوردستان نه‌بێت.
هه‌موومان که‌تووشى کۆنگره ده‌بین ئاگامان له‌هیچ نییه
هاوڵاتی: پێتانوایه مه‌ترسى له‌سه‌ر فیدڕاڵیەتى هه‌رێمى کوردستان له‌چوارچێوه‌ى عێراقدا بوونى هه‌یه؟
فازڵ میرانى: مه‌ترسى له‌سه‌ر کوردستان و فیدڕاڵییه‌ت و ئه‌منى ئێمه هه‌یه، ته‌نها کورد وته‌نى ته‌نها کرمى دار ئه‌گه‌ر له‌دار نه‌بێت زه‌ره‌رى دار نییه، من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌کبین من هیچ مه‌ترسى له‌سه‌ر فیدڕاڵییه‌ت نابینم، به‌تایبه‌تى باسى پارتى و یه‌کێتى ده‌که‌م، من نامه‌وێ خه‌ڵکى تر که به‌رپرسیارێتیان که‌مترە بکه‌مه ئه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى زۆریان هه‌یه، به‌ڵام هه‌موومان پێکه‌وه یه‌ک بین هیچ مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر فیدڕاڵییه‌ت نابینم.
هاوڵاتی: ئایا پارتى دیموکراتى کوردستان هێشتا له‌گه‌ڵ ئابوورى سه‌ربه‌خۆدایه که‌پێشتر نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه کرا، یان به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌غدا مامه‌ڵه بکه‌ین؟
فازڵ میرانى: به راستى ئابوورى و بازاڕى ئازاد هه‌یه‌و ئابورى سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، بۆ ئه‌مه ده‌بێت په‌نا بۆ ئابووریناسان ببه‌ین، چونکه سیاسى ده‌ست له‌هه‌موو شتێک ده‌دات، به‌ڵام مه‌رج نییه له‌هه‌موو شتێک بزانێت له‌هه‌ر شتێک شتێک ده‌زانێت، که‌باسى خوێندنى باڵا ده‌که‌م ده‌بێت په‌نا بۆ مامۆستایانى زانکۆ ببه‌م.
له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه‌ڵه‌ن ئابوورى سه‌ربه‌خۆ، ئێمه سه‌ربه‌خۆ نین، ئێمه مه‌حکومین پێکەوەژیان له‌گه‌ڵ عێراق بکه‌ین، له‌که‌ناڵى ئەلعەرەبیە له‌منیان پرسى ئێوه پەیوەندیتان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چۆن بووه، وتم عیلاقاتى کۆنت بۆ باس ده‌که‌م، به‌ڵام ئێستا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا نییه، به‌ڵام هه‌رکاتێک عێراق په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ست، ئێمه‌ش به‌شێکین له‌عێراق.
ته‌وه‌قوع ده‌که‌م عێراق له‌ئاینده‌دا که ره‌نگه ئاینده‌یه‌کى دووریش نه‌بێت په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ببه‌ستێت، چونکه نیزامى عه‌ره‌بى نیزامێکى قوتڕییه، نیزامى وه‌حده‌ى عه‌ره‌بى نه‌ماوه، کە قه‌زییه‌ى فه‌له‌ستین باسبکه‌ن، هه‌ر وڵاتێک حیمایه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆى ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه تا به‌شێک بین له‌عێراق ئێمه مه‌حکومین به‌سیاسه‌تى ئابوورى و نه‌وتى عێراق، چونکه زۆر شت هه‌بوو له‌ده‌ستوریش وه‌ختى خۆى ده‌یانویست عێراق ده‌ستورێکى هه‌بێت و هه‌ڵبژاردن بکرێته‌وه، هێڵى ئاسمانى مه‌سه‌له‌ن مه‌سئولێکى ئێمه ناتوانێت به‌بێ عێراق داببه‌زێت به فرۆکه‌یه‌کى تایبه‌ت، یان میوانێکمان بۆ بێت ده‌بێت ئیجازه له‌عێراق وه‌ربگرین.
ئه‌م مه‌سائیلانه ئیحتماله که‌م تهجروبهیشى تێدابووبێت که واى لێهات، به‌ڵام ئابووریناسى باشمان هه‌یه له‌کوردستان زۆر نین و که‌من، به‌ڵام ده‌بێت به‌قسه‌ى ئابووریناسان بکه‌ین له‌پرسه ئابوورى و داراییه‌کاندا.
کاک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت بوو
چووه به‌غدا پێیوتن کاکه بودجەکەمان بده‌نێ
با موچه بده‌ین و پڕۆژه‌کان ئه‌نجامبده‌ین
فه‌رموون با هه‌موو نه‌وته‌که بۆ ئێوه بێت
هاوڵاتی: چۆن لهڕێکهوتنى هه‌سه‌ده‌و حکومه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ڕوانن؟
فازڵ میرانى: ئه‌وه‌ى سه‌ر به‌ڕه رێکه‌وتنێکى سه‌ربازییه، ئه‌وه‌ى بن به‌ڕه به‌ڕاستى ورده‌کارییه‌کانى نازانین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ره‌ئى شه‌خسى منه حزبه سیاسییه‌کانى کوردستان ده‌بێت سەربەخۆیی خۆیان هه‌بێت، ناکرێت پارتى دیموکراتى کوردستانى سوریا عایدى پارتى بێت و ناکرێت پژاک عایدى یه‌کێتى نیشتمانى بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر سەربەخۆیی خۆیان پاراست، ئه‌وان به‌رپرسن به‌رانبه‌ر بهقهزییهى قه‌ومى خۆیان.
ئه‌و ئیدارهتهى له‌کوردستانى سوریا بوو نه‌یانتوانى ته‌مسیلى هه‌موو کورد بکه‌ن و ته‌مسیلى خۆیان کرد، به‌شێکیان گیران و به‌شێکیان باره‌گاکانى خۆیان داخست و به‌شێکى تریان ده‌ربه‌ده‌ربوون، ئێستا خه‌ریکن یه‌کبگرنه‌وه له‌گه‌ڵ رژێمى ئه‌سه‌د، به راى من ئه‌مه شه‌قى زه‌مانه‌یه ئه‌گه‌رنا پێشتریش ده‌یانتوانى ئه‌مه بکه‌ن، چونکه قه‌زییه‌ى ئێمه‌ى قهومىە، هه‌ندێکیان ده‌ڵێن ئێمه کێشه‌ى قه‌ومیمان نییه به‌داخه‌وه جیاوازى ناکه‌ن له‌نێوان ده‌وڵه‌تى قه‌ومى و کێشه‌ى قه‌ومى، منیش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى نەتەوەیی و دینى نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى مهواتنم (دەوڵەتی هاونیشتیمانی) که من ده‌وڵه‌تم هه‌بێت، به‌ڵام ناکرێت من کێشه‌یه‌کى نەتەوەییم هه‌بێت چاره‌سه‌ر نه‌کرابێت و بڵێت هیچ کێشه‌یه‌کى قه‌ومیم نییه‌و ئه‌چم فیدڕاڵیهتێکى دیموکراتى له‌سه‌رتاسه‌ری عاله‌م داده‌مه‌زرێنم، کاکه تۆ چى، تۆ حهرهکهیهکى چه‌کداریت له‌شاخ عاسى بویت هه‌ر چوارده‌وره‌که‌ى تۆ ئاگره، ئێران نیزامێکى ئیسلامییه، سوریا سیستمێکى تاک حزبى قه‌ومی عه‌ره‌بییه، تورکیا سیستمێکى حزبى سوننه‌یه، ده‌وروبه‌رى تۆ هه‌ر یه‌که‌و به‌شکڵێک سیستمێکى هه‌یه، تۆ له‌کوێ فیدڕاڵى دیموکراتى له‌کوێ دروستده‌که‌یت، فارس ده‌ڵێن کهبهردى گه‌وره هه‌ڵبگریت نیشانه‌ى نه‌هاویشتنه، له‌به‌رئه‌وه حه‌قه دروشمى ئه‌حزابى کوردى له‌گه‌ڵ واقعییه‌ت و ئیمکانییهتیداو جێبه‌جێکردنیدا بگونجێت، له‌به‌رئه‌وه من ته‌ره‌فدارى ئه‌و مفاوهزاتانهم حه‌زده‌که‌م کورد له‌لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستورى سوریا به‌شداربووه، حه‌زده‌که‌م کوردى عێراق بهپارتى و یه‌کێتى و هه‌رێمى کوردستانه‌وه داوا له‌روسیا بکه‌ن فشار له رژێمى ئه‌سه‌د بکه‌ن که‌مافى کورد قبوڵ بکات، مافى کورد حهسڕ نه‌کرێت له بزوتنه‌وه‌یه‌کى چه‌کدارى نێوان تورکیا‌و شه‌ڕى داعش، مافى کورد دهستورییهن جیابکرێته‌وه له‌مه‌سائیلى سه‌ربازى، هێزه سیاسییه‌کانى کوردستانى سوریا هه‌ر هه‌موویان به‌خۆدابچنه‌وه له‌و دائیره‌ى واقعبینییهدا ده‌رنه‌چن، ئێستا شاره‌کانى کوردستانى سوریا چۆڵ بوونه‌و خه‌ڵکه‌که‌ى ئاواره‌بوون و زۆربه‌یان چونه‌ته کوردستانى تورکیا‌و به‌شێکیان هاتوونه‌ته عێراق، ده‌بێت شتێک بکه‌ن سبه‌ینێ هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت له‌مه‌جلیسى په‌رله‌ماندا، سبه‌ى له‌ناوچه کوردییه‌کان کورد ده‌رناچێت، چونکه ده‌بنه که‌مینه، ئێستا (300) سێ سەد هه‌زار کوردى سوریا ته‌نها له‌کوردستانى عێراقه، ئێ ده‌نگى به‌شى پێنج بۆ شه‌ش ئه‌ندامى په‌رله‌مان ده‌کات به‌لاى که‌مه‌وه، به‌هه‌رحاڵ خه‌ریکن هه‌رێمى کوردستان و جه‌نابى سه‌رۆک بارزانى له‌گه‌ڵ لاڤرۆف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا ئه‌و مهوزوعهى باس کردووه، حکومه‌تى ئێمه پشتیوانى کردووه، جه‌نابى کاک نێچیرڤان بارزانى دووباره په‌یوه‌ندى کردووه له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم کوبانێ، جه‌نابى کاک مه‌سرور چووبوو بۆ که‌مپى ئاواره‌کان، چووبوو بۆ کورده‌کان قسه‌ى کردبوو به‌و نه‌هجه، حه‌تا ئێمه‌و یه‌کێتیش له‌سه‌ر یه‌ک سیاسه‌ت رێکبکه‌وین که رێنمایى حه‌ره‌که‌ى سیاسى له‌کوردستانى سوریا پێکه‌وه بکه‌ین.
هاوڵاتی: ئایا پارتى سلێمانى قبوڵ نییه‌و نایه‌وێت، یان سلێمانى پارتى قبوڵ نییه‌و نایه‌وێت؟ بۆچی مه‌سافه‌یه‌ک هه‌یه له‌نێوان سلێمانى و پارتیدا؟
فازڵ میرانى: دوو که‌س یه‌کتریان خۆشده‌وێت له‌دڵدا، به‌ڵام فرسه‌ت نییه زوو زوو یه‌کتر ببیننه‌وه ئه‌و نه‌بوونى فرسه‌ته قیاس نییه بۆ نه‌بوونى خۆشه‌ویستى له‌نێوانیاندا، ئه‌مه هه‌قیقه‌تێکه، من تەئکیدم سلێمانى پارتى ده‌وێت، تەئکیدیشم له‌وه‌ى پارتیش سلێمانى ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌و ویست و خۆشه‌ویستیه‌ى نێوان پارتى و سلێمانى هه‌ندێ جار رێگرى په‌یدابووه.
حه‌ز ناکه‌م بچمه مێژووى ئه‌وه، چونکه مێژوو باسکردن هه‌ڕه‌شه نییه له‌خه‌ڵک، خه‌ڵکى سلێمانى مه‌لا مسته‌فاى نه‌مریان حهواندهوهو گه‌یاندیانه‌وه بۆ ناوچه‌ى بارزان له رێگاى ئێرانه‌وه، له‌ساڵانى حه‌فتاکان خه‌ڵکى سلێمانى باره‌گایان بۆ پارتى کرده‌وه به هه‌دییه، ئه‌مه مێژووه.
خه‌ڵکى سلێمانى زۆرن لەشههیدهکانى شۆڕشى ئه‌یلولدا، له‌دواى ساڵى 1975 شێوه حهملهیهکى ئاشبه‌تاڵ، ئێمه بووین به‌ئاشبه‌تاڵ، ئه‌مه به‌رنامەى سیاسى بووه، رمووزى ئێمه ئیختیال کران، له‌به‌رئه‌وه باسکردنى مێژوو زۆر باش نییە به‌ڕه‌حمه‌ت بێت کاک عه‌لى عه‌بدوڵڵا ده‌یوت: باسکردنی مێژوو گۆڕ هه‌ڵته‌کێنه، ئێمه حه‌زناکه‌ین باسى گۆڕ هه‌ڵته‌کێن بکه‌ین، به‌ڵام مهوانعى ته‌بیعى و ناتهبیعى له‌نێوان ئێمه‌و سلێمانیدا هەیە. یه‌که‌م به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌وه‌ى کهزهمینه خۆش نه‌بووه‌و دووه‌م شەپۆلێکی ئهنتى پارتى له‌سلێمانى مونه‌زه‌م بووه‌و ته‌نها لاى حزبێک نه‌بووه. نمونه‌یه‌کى بچوکت بۆ ده‌هێنمه‌وه، له 17ى شوباتدا ئێمه ته‌نها لایه‌نى سیاسى نه‌بووین له‌حکومه‌تدا، مقه‌ڕى ئێمه که‌وته به‌ر شاڵاو، به‌ڵام ئه‌وانى تر که له‌ناو حکومه‌تدابوون مقهڕهکانیان دهستلێنهدرا، ئه‌مه بەرنامەداڕێژراوە.
من یه‌که یه‌که‌ى پارتییه‌کان که‌خۆیان راگرت له‌سلێمانى هه‌ر له‌ساڵى 1975ـەوه تائێستا ئه‌وانه‌ى شه‌هیدبوون گۆڕیان ماچ ده‌که‌م، ئه‌وانه‌ى بریندارن ده‌ستیان ماچ ده‌که‌م، ئه‌وانه‌ى ئێستا ماون و به‌رده‌وامن له‌خه‌باتى خۆیان یه‌که یه‌که ده‌ستیان ده‌گوشم و چاویان ماچ ده‌که‌م، پارتى خۆى گرت.
ئیقلاعى پارتى، شهلع قه‌لع (لەڕەگەوە دەرهێنان) سه‌رنه‌که‌وت، به‌هیمه‌تى پارتییه‌کانى راسته‌قینه‌ى سلێمانى و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ى گه‌رمیان پارتی خۆى گرته‌وه.
ئێستاش به‌ته‌سه‌ورى من ئه‌رکه له‌سه‌ر ئێمه بهخۆدابچینهوه چۆن ئه‌و خۆشه‌ویستییه له‌نێوان پارتى و سلێمانى نوێ بکه‌ینه‌وه، نوێش ده‌بێته‌وه ئیسپات بوو پارتى هیچیش نه‌کات به‌س خواستى سلێمانییه‌کان له‌ناو دڵى هه‌موومان پارتییه‌کان هه‌یه‌و ده‌شمێنێ.
هاوڵاتی: به‌رنامه هه‌یه نوسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌سلێمانى بکه‌نه‌وه؟
فازڵ میرانى: نوسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌سلێمانى و دهۆکیش ده‌کرێته‌وه، ئاینده له‌که‌رکوکیش ده‌بێت، ئه‌مه ئه‌رکى سه‌رۆکى هه‌رێمه‌و ئێستاش به‌و کاره‌وه مه‌شغوڵه.
هاوڵاتی: کێشه‌ى دانانى پارێزگارى که‌رکوک که رێکه‌وتنێک له‌نێوان ئێوه‌و یه‌کێتى ئه‌نجامدراو یه‌کێتى پارتى تۆمه‌تبار ده‌کات به‌وه‌ى پێوه‌ى پابه‌ندنه‌بووه، ئێوه‌و یه‌کێتى سێ رێکهوتنتان هه‌بووه (پێکهێنانى حکومه‌ت، رێکه‌وتنى سیاسى، دانانى پارێزگارى که‌رکوک) ئه‌مه گله‌یى یه‌کێتییه له‌ئێوه؟
فازڵ میرانى: گله‌یى له‌یه‌کتر بکه‌ین ده‌بێت سنگمان کراوه‌بێت بۆ یه‌کتر، به‌ڵام حه‌قه خه‌ڵک بزانێت ئێمه قوتماندا، مورهشهحى یه‌کێتیمان کرده مورهشهحى کوتله‌ى خۆمان بۆ پارێزگارى که‌رکوک و ده‌مانزانى یه‌کێتیه‌و پێشتر وه‌کیل وه‌زیر بووه، به‌ڵام فه‌رموون بابیکه‌ینه پارێزگار، ئێمه قبووڵمان نه‌کردووه!!
ئێمه کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیمان به‌ستووه کاک مه‌حمود ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى وتویهتى ئه‌م براده‌ره کاندیدى ئێمه‌یه بابیکه‌ینه پارێزگارى که‌رکوک.
له‌حه‌قیقه‌ت بهقومبهلهیهک ده‌تتوانى بینایه‌ک بڕوخێنیت له‌ماوه‌ى پێنج خوله‌کدا، به‌ڵام به سێ مانگ و شه‌ش مانگ و ساڵێکیش دروستنابێته‌وه.
ئه‌و قومبه‌له‌یه‌ى له که‌رکوک ته‌قا به‌دانانى موحافزێک و پارتى چاک ناکرێته‌وه، کورد وته‌نى ئه‌وه‌ى ساوه‌رى خواردووه با ئه‌وه بچێته‌وه شاییه‌که‌ى، بابێین که‌رکوک چاکبکه‌ینه‌وه رێگاى چاکبونهوهکهى، چونکه به ته‌سه‌ورى ئێمه محافزێکیش دابنێن، محافز ناتوانێت ئه‌م حى ته‌نه‌ک و ما حى ته‌نه‌ک (مەبەست لەو گەڕەکەیە کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دروستکراوە لەباشووری شارەکەو عەرەبی هاورەی تێدا نیشتەجی کراوە)، هاورده‌کان و ده هه‌زارییه‌کان و ئه‌وه‌ى کهوهکیل محافزهکه ئه‌و ماوه‌یه‌ى که دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ر ئه‌و ئیجرائاتەى حکومه‌تى عێراق کردى به‌یارمه‌تى خودى براده‌رانى یه‌کێتى له‌که‌رکوک به‌ئاسانى ئه‌و ئاسارانه لانابرێتهوه، به‌ڵام ئه‌مه مه‌عناى ئه‌وه نییه ئێمه ئه‌وه‌ى که‌حکومه‌ت نایکات، ئه‌وه‌ى کهحهشدى شه‌عبى له‌که‌رکوک ده‌رناچێت، زده تڕۆى عێراق (دژە تیرۆری عێراق) له‌که‌رکوک ده‌رناچێت پارتى قاچاغه له‌که‌رکوک، ئێستا ئه‌وه‌تا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى محافهزهى که‌رکوک هه‌ر هه‌مووى دراون به‌مه‌حکه‌مه، ده‌با عیلاجێکى بکه‌ین، ئه‌مه مه‌عنا نییه براده‌رانى یه‌کێتى به‌ئازادى له‌که‌رکوک داده‌نیشن مقهڕاتیان هه‌یه ئیتر که‌رکوک ته‌واوه، نه‌وه‌ڵا دۆخى که‌رکوک ته‌واو نییه، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین هه‌ر رێگایه‌ک و مه‌جال هه‌بێت ئێمه حازرین و فه‌رموو با بیکه‌ینه محافزى که‌رکوک.
لیژنه‌یه‌کمان دروستکردووه که‌بچن قه‌زییه‌ى که‌رکوک باس بکه‌ن و زۆریش کاره‌کانیان پێشکه‌وتووه‌و نوێنه‌رى زۆر لایه‌نى تێدابووه، کاک خالید شوانى سه‌رپه‌رشتى ده‌کات، کاک شاخه‌وان عه‌بدوڵاى تێدایه‌و نوێنه‌رى هه‌موو لایه‌نه‌کانی تێدایه‌و به راستى ئێمه کاره‌که‌مان داوه‌ته ده‌ست ئه‌و لیژنه‌یه، ئه‌و لیژنه‌یه هه‌رچى رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بکات ئێمه پشتیوانى له‌و لیژنه‌یه ده‌که‌ین، به‌ڵام شتێک به‌هه‌موومان ناکرێت بێین به ملى فه‌قیرى پارتیدا دابنێن، ئه‌مه زوڵمه له‌ئێمه ده‌کرێت.
هاوڵاتی: پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى رێکه‌وتنى ستراتیژى ماوه، یان پێداچونه‌وه‌ى پێدا ده‌که‌نه‌وه؟
فازڵ میرانى: ئێمه رێکه‌وتنى ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ مه‌ڕحوم جه‌نابى مام جه‌لال ئیمزا کردووه، له‌دواى ئه‌وه براده‌رانى یه‌کێتى به‌موناسه‌به‌و غه‌یر موناسه‌به جارجار ده‌یانوت رێکه‌وتنى ستراتیژى نه‌ماوه، هه‌ندێک ده‌یانوت وه‌ڵا ماوه، به‌ڵام یه‌کێتى و پارتى ده‌بێت رێکه‌وتن بکه‌ن؛ ستراتیژى بێت یا مهرحهلى بێ، یان ته‌کتیکى بێ، به‌ڵام ئۆباڵى ئه‌م میلله‌ته‌و ئه‌م وڵاته‌و ئه‌م خه‌ڵکه به‌ملى ئه‌م دوو حزبهیە، ئێمه ناڵێین حزبه‌کانى دیکه مه‌سئولییه‌تیان نییه ئیحتراممان بۆیان هه‌یه، به‌ڵام بهخیلافاتى پارتى و یه‌کێتى تێکده‌چێت، ره‌نگه بهخیلافاتى دوو حزبى دیکه کوردستان تێک نەچێت، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر ناوێکى لێ ده‌نێى بنێ، به‌ڵام ده‌بێت رێکبکه‌وین.
مه‌بده‌ئییه‌ن ئیتفاقمان هه‌یه، ئه‌وه له‌په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى موشتهرهکین و سه‌رۆکى په‌رله‌مان دکتۆره رێواز فایهقهو سه‌رۆکێکى باشه به‌ڕاستى، کاک قوباد جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌و وه‌زیره‌کان ده‌وامى خۆیان ده‌که‌ن.
به‌ڕاستى ئێمه چاوه‌ڕوانى براده‌رانى یه‌کێتى ده‌که‌ین، ئه‌وه چه‌ند مانگه ده‌مانه‌وێت کۆبوونه‌وه‌یه‌کى مه‌کته‌بى سیاسى بکه‌ین پێکه‌وه، یه‌کێتیش مه‌شغوڵن هه‌ندێکیان لێره نین و ته‌ندروستیان ته‌واو نییه، ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کارى کۆنگره‌و کۆنفرانسن، ئه‌وه‌ش بۆ خۆى موشکیله‌یه‌که بۆ هه‌موو حزبێک نه‌ک ته‌نها بۆ یه‌کێتى.
هه‌موومان که‌تووشى کۆنگره ده‌بین ئاگامان له‌هیچ نییه ئاگامان له‌وه‌یه کێ ده‌توانێت مه‌ندوبى کۆنگره بۆ خۆى زیادبکات و براده‌رى خۆى ده‌ربچێنێت ئه‌مه مه‌سئول ناوچه‌و کۆمیته‌یه، که کۆنگره هه‌بێت شتى تر بیرده‌چێته‌وه، به‌ڵام حه‌ز ناکه‌ین ئه‌مه وا‌بکات مهسئولیاتى دیکه بکه‌ینه قوربانى کۆنگره.
چاوه‌ڕێى براده‌رانى یه‌کێتى ده‌که‌ین رۆژانه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه، کاک مه‌سرور، کاک قوباد رۆژانه پێکه‌وه ئیش ده‌که‌ن، جه‌نابى سه‌رۆکى هه‌رێم و کاک شێخ جه‌عفه‌ر پێکه‌وه رۆژانه ئیش ده‌که‌ن، ئێمه رۆژانه په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونیمان هه‌یه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى کۆبوونه‌وه‌ى مه‌کته‌بى سیاسین له‌گه‌ڵ براده‌رانى یه‌کێتى، دیسان ده‌ڵێم بمانه‌وێت یا نه‌مانه‌وێت یا ده‌بێت رازى بن میلله‌تى ئێمه محاسه‌به‌مان بکات، یان ده‌بێت پێکه‌وه دابنیشین به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى حزبى خۆمان کۆبکه‌ینه‌وه، بیکه‌ینه قوربانى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى خه‌ڵک و میلله‌ت و وڵاته‌که‌مان.
هاوڵاتی: ئێوه که‌ى کۆنگره‌ى حزبه‌که‌تان ئه‌نجامده‌ده‌ن؟
فازڵ میرانى: وه‌ڵاهى ئێمه‌ش و یه‌کێتیش په‌یڕه‌وو پڕۆگراممان له‌سه‌ر ئه‌رشیف داناوه، ئه‌گه‌ر به‌حزبایه‌تى جاران بێت حه‌قه کۆنگره محاسه‌به‌مان بکات، ئێمه بۆمان هه‌یه ساڵێک خۆمان ته‌مدید بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه نۆ ساڵه کۆنگره‌مان گرێداوه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى کۆنگره‌ى ئێمه ره‌خنه‌مان لێ‌بگرن و محاسه‌به‌مان بکه‌ن ئێمه یه‌ک نوقته ناتوانین به‌رگرى له‌خۆمان بکه‌ین، چونکه پارتى له‌خراپترین زروفدا کۆنگره‌ى به‌ستووه، کۆنگره‌ى نهێنى له‌به‌غدا به‌ستووه، له‌سلێمانى و که‌رکوک کۆنگره‌مان به‌ستووه، پارتى کۆنگره‌ى له‌ئێران به‌ستووه.
راسته زروفى خارجی ئیراده‌ش هه‌بووه که‌کۆنگره له‌کاتى خۆیدا نه‌کراوه، شه‌ڕى داعش هات نه ئێمه‌و نه یه‌کێتى مێشکمان به‌وه‌وه بووه چۆن ئێمه ژماره‌ى شه‌هیده‌کانمان که‌مبکه‌ینه‌وه‌و چۆن ئه‌م به‌ڵایه لهمیللهتى خۆمان دووربخه‌ینه‌وه، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ش و یه‌کێتیش وه‌ختى ئه‌وه هاتووه بچینه پیر ره‌غبه‌تى قه‌واعیدو کهوادرى خۆماندا، کادرێک چاوه‌رێیه پله‌ى به‌رزببێته‌وه، یه‌کێک ده‌یه‌وێ ببێته ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى، یه‌کێک ده‌یه‌وێت له‌ده‌موچاوى ئێمه‌ى کۆن تێر بووه، ده‌یانه‌وێت ده‌موچاوه‌کان بگۆڕێت، ئه‌مانه هه‌موو حه‌قى ته‌بیعییه.
ئه‌ره‌وه‌ڵا ئێمه‌ش ده‌بێت کۆنگره ببه‌ستین، براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌وه‌تا 7ى 12ى ئه‌مساڵ کۆنگره ده‌به‌ستن و هه‌رچه‌نده به‌ته‌سه‌ورى من ئاسان نییه‌و ماوه‌یه‌کى که‌مه بۆیان، هێشتا هه‌ڵبژاردنه‌کانیان ته‌واو نه‌بووه، هەرچەندە هه‌ر حزبێک تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه.
پارتى ئیحتیمالی زۆره له‌نیوه‌ى یه‌که‌مى ساڵى 2020دا کۆنگره ببه‌ستێت ره‌نگه زووتر بێت دره‌نگتر نابێت.