مایکڵ بلومبێرگ؛ دوایین چەکی دیموکراتەکان بۆ خستنی ترەمپ
سامانی هەشتەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەمریکا (58) ملیار دۆلارە، دەبێتە چەکێکی بەهێز دژی ترەمپ
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: سی ئێن ئێن
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
مایکڵ بلومبێرگ ملیاردێری ناسراوی ئەمریکا، یەکشەممەی رابردوو بەفەرمی داغڵبوونی درەنگی خۆی بۆ لیستی دیموکراتەکان بۆ هەوڵدان بۆ سەرۆکایەتی راگەیاند، بەمەش بانگەشەیەکی ئاشکراکرد کە راستەوخۆ ئامانجی شکستپێهێنانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە.
لەنامەیەکدا لەوێبسایتی بانگەشەکەی، بلومبێرگ کاندیدکردنی خۆی روونکردووەو دیدگایەکی میانڕەوانەتری خستەڕوو بۆ وڵاتەکەی و خۆی وەک «چالاکێک و کێشە چارەسەرکەر» نیشاندا نەک وەک «قسەکەرێک».
«لەپێشبڕکێی بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی بەشداریدەکەم بۆ شکستپێهێنانی ترەمپ و بنیادنانەوەی ئەمریکا. ناتوانین چوار ساڵی دیکە بەرگەی کردەوە کەمتەرخەم (سەرشێت)و بێڕەوشتییەکانی ترەمپ بگرین، خستنی دۆناڵد ترەمپ گرنگترین و هەنووکەیترین شەڕی ژیانمانەو منیش بەتەواوی ئامادەم بۆی»، بلومبێرگ وای نووسیوە.
بەشداریکردنی درەنگی بلومبێرگ بۆ هەڵبژرادنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠- لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی ملیاردێرەکە دەتوانێت خەرجی بکات بۆ بانگەشەکەی - ئاستێکی نوێی نادڵنیایی دەخاتە نێو پیشبڕکێکەوە لەسێ مانگ کەمتر پێش ئەوەی یەکەم هەڵبژاردن لەپێشبڕکێی کاندیدەکانی نێو هەردوو پارت دەستپێبکات.
بلومبێرگ، کەپێشتر لەسەرەتای ئەمساڵەوە وتی خۆی کاندید ناکات، لەبڕیارەکەی پاشگەزبووەوە، چونکە پێیوانییە کاندیدێک هەبێت لەپێگەی ئێستای دیموکراتەکان بتوانێت شکست بەترەمپ بهێنێت لەتشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا، چەند کەسێکی نزیکی بلومبێرگ ئەمەیان بە سی ئێن ئێن وت. ئەم وتەیەی بلومبێرگ جێگری سەرۆکی پێشوو، جۆ بایدنیش دەگرێتەوە کە بلومبێرگ خۆی تێبینی ئەوەی کردووە لە راپرسی ویلایەتی ئایۆوا دەرنەچووە و کێشەی رووبەڕوو بووەتەوە لەدابینکردنی بودجەدا بۆ کەمپینەکەی.
بەخۆکاندیدکردنی، بلومبێرگ بووە هەژدەمین پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠ کە لە ٣ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت.
«ئێمە دەبێت شتێک بکەین دەربارەی دۆناڵد ترەمپ. پێموایە دەزانم چۆن شکستی پێبهێنم. پێشتر چەند جارێک شکستم پێهێناوە، پێموایە دەزانم ئەم وڵاتە پێویستی بەچییەو منیش رێک تیشک دەخەمەسەر ئەوە»، بلومبێرگ لەوتارێکیدا لە ویلایەتی ڤێرجینیا ئەمەی وت.
بلومبێرگ هۆشداریدا لەوەی کە «مەترسییەکی گەورەتر هەیە لەهەڵبژاردنەوەی ترەمپ وەک لەوەی پێشتر هەبوو» بۆیە دەبێت «ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە».
بۆ دەستپێکردنی کەمپینەکەی، بلومبێرگ لانیکەم (37) ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ریکلامی تەلەفزیۆنی بۆ دوو هەفتەی داهاتوو، بەپێی ئاماری کانتار میدیا.
ریکلامەکان تیشک دەخەنەسەر ژیاننامەی بلومبێرگ و کارەکانی لەپۆستی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک لەساڵی ٢٠٠١ کەدیارتیرینیان رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بووە. دواتریش تیشک دەخرێتەسەر ترەمپ لەڕیکلامەکەداو باس لەوەدەکات ئێستا بلومبێرگ «رووبەڕووی» دەبێتەوە.
کڕینە زەبەلاحەکەی بلومبێرگ - ٦٠ چرکە لە (100) مارکێتی جیاوازدا - لەهەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکات کەگوزارشتە لەزیاتر لەو بڕەی هەموو کاندیدەکانی دیموکراتەکان خەرجیان کردووە لەڕیکلامی تەلەفزیۆنیدا تائێستا بۆ پێشبڕکێکە، بەڵام ئەمە تۆم ستەیەری بازرگان [کاندیدێکی تری دیموکراتەکان] ناگرێتەوە کەنزیکەی (63) ملیۆن دۆلار خەرج دەکات لەسەرەتای دەستپێکردنی ریکلامەکانی بلومبێرگەوە.
بلومبێرگی تەمەن (77) ساڵانی خاوەن کارو خێرخواز، کۆکردنەوەی سامانەکەی بەدروستکردنی تەکنەلۆجیایەک دەستپێکرد کەخاوەن بانکەکان و بازرگانان بەکاریدەهێنن بۆ بەئاسانی دەست گەشتنیان بەئامارو زانیاری مارکێت
بلومبێرگی تەمەن (77) ساڵانی خاوەن کارو خێرخواز، کۆکردنەوەی سامانەکەی بەدروستکردنی تەکنەلۆجیایەک دەستپێکرد کەخاوەن بانکەکان و بازرگانان بەکاریدەهێنن بۆ بەئاسانی دەست گەشتنیان بەئامارو زانیاری مارکێت. دوای بنیادنانی بزنسێکی سەرکەوتووی زانیاری دارایی، روویکردە سیاسەت. ساڵی ٢٠٠١ بەفەرمی خۆی پاڵاوت بۆ بوون بەسەرۆک شارەوانی نیویۆرک. سەرەڕای خۆکاندیدکردنی وەک کۆمارییەک لەشارێکی زۆرینە دیموکراتدا، توانی هەڵبژاردنەکە بباتەوەو دوو جاریش هەڵبژێردرایەوەو تاساڵی ٢٠١٣ لەپۆستەکەیدا مایەوە. لەماوەی وەرزی دووەمیدا، پارتەکەی گۆڕی و بووە سەربەخۆ، بەڵام دواتر لەساڵی ٢٠١٨ بوو بەدیموکرات. مایکڵ بلومبێرگ هەشتەم دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەمریکایە کەبەهای سامانەکەی (58) ملیار دۆلارەو خاوەنی کۆمپانیای میدیایی بلومبێرگە.
بلومبێرگ رووبەڕووی بەربەستی بەرچاو دەبێتەوە
سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیویۆرک دەتوانێت پەرەبدات بەو ئامانجانەی لای دەنگدەرانی دیموکراتەکان گرنگە. بلومبێرگ سەرچاوە داراییەکانی بەزۆری تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لەمافی منداڵ خستنەوە، رووبەڕووبونەەی گۆڕانی کەوشوهەوا، هەروەها توندوتیژی چەک.
ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە (100) ملیۆن دۆلاری خەرجکرد تاپارتی دیموکراتەکان بتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێس و پێشتریش (250) ملیۆن دۆلاری بۆ بانگەشەی بوون بەسەرۆک شارەوانی نیویۆرک خەرجکردووە.
بەڵام کاندیدی بلومبێرگ رەنگە رووبەڕووی چەند بەربەستێک ببێتەوە، لەوانە رەخنەی تووندی سیناتۆرو کاندید بێرن ساندەرس و ئیلیزابێز وارن کەڕایانگەیاندووە نابێت ملیاردێرەکان بتوانن «هەڵبژاردنەکان بکڕنەوە».
ئەم رەخنەیە لەسەرەتای هەفتەوە دەستیپێکرد کاتێک روونبووەوە بلومبێرگ سوورە لەسەر خەرجکردنی دەیەها ملیۆن دۆلار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
«لەئێستادا خۆمان کەسێکی ملیۆنەرمان هەیە لەکۆشکی سپیدا، پێتوایە خەڵکی ئەم وڵاتە دەڵێن «پێویستمان بەکەسێکی دەوڵەمەندتر هەیە»، سیناتۆر ئەیمی کلۆبوچار وای وت.
بەڵام هەندێکی دیکە پێشوازی لەخۆکاندیدکردنی بلومبێرگ دەکەن، چونکە پێیانوایە پێویستە بۆ هەڵتەکاندنی دۆخی پەرشوبڵاوی ئێستای هەڵبژاردنەکان.
«پێموایە ئەو باش دەبێت بۆ مەیدانی پاڵێوراوانی دیموکراتەکان، ئەو ئێستا تاکە کاندیدە کەشتێکی کردبێت بۆ کاریگەری خستنەسەر توندوتیژی چەک و کەمکردنەوەی خەرجی تەندروستی»، بازرگان و ملیۆنێر مارک کوبان وای وت.
چەندین کەسی دیکە تێبینی ئەوەیان کردووە کە سامانە زەبەلاحەکەی بلومبێرگ دەبێتە چەکێکی بەهێز دژی ترەمپ کەخەریکی بنیادنانی بانگەشەیەکی زەبەلاحە بەهۆی سامانەکەیەوە.
«ئەو ئەوەی پێویستە هەیەتی و سەرچاوەی هەیە بۆ لێدان لەترەمپ، بڕوای تەواوەتیم هەیە کەمایک بلومبێرگ بتوانێت بیباتەوە، پێموایە سەرچاوە گرنگە بۆ بردنەوە»، ستیڤ بنیامین سەرۆک شارەوانی کۆڵۆمبیا ئەمەی بە ئەسۆشیەتد پرێس راگەیاند.
بەڵام سایمن رۆزنبێرگ، دامەزرێنەری تۆڕی ناوەندی دیموکراتی نوێ و پەیمانگەی سیاسەتی نوێ دەڵێت کە «زۆر زووە تابڕیار بدەین» بلومبێرگ دەیباتەوە، لەکاتێکدا کەدەنگدەران دەترسن و بەدوای یەکێکی جددی و زیرەکدا دەگەڕێن سەرکردایەتیان بکات.