لەبەندییەوە بۆ چالاکوان، شەڕی کچێکی ئێزیدی دژی توندوتیژی
5 ساڵ لەمەوپێش
ئاژانسی فرانس پرێس
ئیمان عەباس، قوربانییەکی (18) ساڵی دەستی داعش، لەم وێنەیەدا دهبینرێت لەنیو خێمەیەکدا لەکەمپی شاریە بۆ ئاوارەکان لەپارێزگای دهۆکی باکوری عێراق، لە 21ی تشرینی دووەم.
لەتەمەنی (18) ساڵیدا، ئیمان عەباس بەسەر مەینەتییەکدا زاڵبوو کەزۆر کەس دەخات -- ئەو ئێزیدییە چەند جارێک وەک «کەنیزەک» فرۆشرا لەلایەن تووندڕەوانەوە بەڵام هەڵهات تا ببێتە بانگەشەکارێکی خەڵاتکراو بۆ هاوڕێیانی رزگاربووی.
ئیمان کە بەهێواشی قسەی دەکرد لەخێمە خاکەڕاییە دوو ژوورییەکەی خێزانەکەیدا لەکەمپی ئاوارەکانی شاریە لەهەرێمه کوردییهکهی باکوری عێراق، وتی «بەهۆی ئەوەوه که بەسەرم هاتووە، خۆم بەهەرزەکار نازانم.»
ئەو کچە لاوە باڵابەرزە قژڕەشە بەمدواییانە لەمومبای گەڕایەوە، کە لەوێ خەڵاتی بەناوبانگی دایکە تێرێزای وەرگرت وەک نوێنەری نوسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەکانی هەرێم، کەکاریان لهگهڵ دەکات.
نووسینگەی رزگارکردنی ئێزیدیەکان یارمەتی رزگارکردنی نزیکەی پێنج هەزار ئێزیدی داوە کە دەستبەسەرکران کاتێک رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) هاتەنێو نیشتمانی لەمێژینەی ئەم کەمینەیەوە لەباکوری خۆرئاوای عێراق لە 2014.
ئیمان وتی وەرگرتنی خەڵاتەکە «هەستبزوێن» بوو، کهجلێکی نەریتی ئێزیدیی سپی لەبەردابوو کەکەوایەکی بەسەردا درابوو لەگەڵ تاسکڵاوێک لەسەریدا.
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس پێش رۆژی نێودەوڵەتی لەناوبردنی تووندوتیژی دژی ژنان، دووشەممە (25 تشرینی دووەم) وتی «کاتێک چیرۆکی خۆم و کچانی دیکەی ئێزیدیم گێڕایەوە، هەندێک لەبەشداربووان دەستیانکرد بەگریان.»
وتی «بۆنەکە هەندێک لەئازارەکانمی کەمکردەوە، بەڵام بەرپرسیاریەتیمی زیادکرد بۆ یارمەتیدانی ژنانی دیکەی رزگاربوو.»
ئیمان تەنیا (13) ساڵ بوو کاتێک داعش هێرشیکردەسەر گوندە سروشت سهختهکانی شەنگال و هەزاران ژن و کچی ئێزیدیی ناچارکرد بە «کۆیلایەتی سێکسی»، پیاوانیشی بەکۆمەڵ کوشت و کوڕانی وەک سەربازی منداڵ گرت.
ئیمان سێ جار فرۆشرا، دواههمینیان بهدکتۆرێکی عێراقی (40) ساڵەی داعش کەبەڵێنیدا ئازادی بکات گەر (101) لاپەڕەی کتێبی پیرۆزی موسڵمانان، قورئان، لەبەربکات
ئیمان دەستبەجێ لەلایەن تووندڕەوانەوە لەخێزانەکەی جیاکرایەوە، کەدواتر ئەوو ژنانی دیکەی ئێزیدییان فرۆشت لە «بازاڕی کەنیزەکەکان»دا بهئەندامانی داعش.
ئیمان سێ جار فرۆشرا، دواههمینیان بهدکتۆرێکی عێراقی (40) ساڵەی داعش کەبەڵێنیدا ئازادی بکات گەر (101) لاپەڕەی کتێبی پیرۆزی موسڵمانان، قورئان، لەبەربکات.
«چیرۆکە ئازاربەخشەکان»
ئێزیدییەکان کەمینەیەکی کورد زمانی ئێتنی-ئایینین، بۆیە فێربوونی لەبەرکردنی دەقە ئایینیەکان بەعەرەبی ئاستەنگێکی گەورە بوو بۆ ئەو کچه گهنجه تۆقیوە.
وتی «هەموو رۆژێک، داوای دەکرد لەبەردەمیدا دابنیشم و قوربان بخوێنمەوە. توانیم (101) پەڕە لەبەربکەم لەمانگێک و چوار رۆژدا.»
بەندکەرانی دەستبەجێ بردیان بۆ دادگایەکی بنکەی گروپەکە لەموسڵی عێراق تابەڵگەنامەیەکی فەرمی لە بەناو «خەلافەت»ەکەوەی بۆ دەربکەن و رایانگەیاند کە ئیمان «کچێکی موسڵمانی ئازادە».
لەڕێگەیدا بەرەو تەلەعفەر لە باکوری خۆرئاوای عێراق، خێزانەکەی بینی کەکاریان پێدەکرا وەک کەنیزەکی داعش و شوانیی مەڕیان دەکرد.
لە 2015، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی ئێزیدییەکانەوە رزگارکران و لە شاریە نیشتەجێکران، کە کەمپێکی فراوانبوو ئەوکاته شوێنی (17) هەزار ئاوارەی ئێزیدی بوو.
لەئێستادا ئیمان نیوەی رۆژهکانی لهخوێندنگهدا بەسەردەبات و نیوەکەی دیکەی بە کارکردن لەهەمان نووسینگە کە رزگاری کرد.
داعش لە 2017 بنکەکانی عێراقی لەدەستدا و لەدوایین ناوچەی خۆی لەسوریای دراوسێش دەرکرا لەمانگی ئازار.
سەدان ئێزیدی، کەچەند ساڵێک بوو دیل بوون، بەشەپۆل هاتنە دەرەوە لەکاتێکدا دوایین بنکەی «خەلافەت»ە تووندڕەوەکە رووخا.
بەڵام بەگوێرەی نووسینگەکە هێشتا چەند هەزار کەسێک نادیارن.
بەرپرسانی ئێزیدی دەڵێن هەندێکیان وەرگەڕاون بۆ سهر ئیسلام و هێشتا لەگەڵ خێزانە موسڵمانەکان دەژین، زۆر دەترسن، شەرمەزارن یان «مێشکیان شۆراوەتەوە» بۆیە ناگەڕێنەوە.
ئیمان وتی بەشێک لەئەرکەکانی لەنووسینگەکە، کەنزیکەی ساڵێک لەوەوبەر دەستی بەکارکرد لهگهڵیان، رێنماییکردنی ئەم ژن و کچانەیە تابگەڕێنەوە بۆلای خێزانە رهسهنەکانیان.
چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاد لە (50) کچی رزگارکراودا کردووە تاچیرۆکەکانیان بەبەڵگەنامە بکات لەئەرشیفی رێکخراوەکەدا، کارێک کەدەڵێت «وا دەکات لەیەک کاتدا خەمبارو دڵخۆشیش بیت».
وتی: «دەبێت گوێ لەهەموو ئەو چیرۆکە تۆقێنەرانە بگرم، کههەریەکەیان لەویتر جیاوازه. زۆر بەئازارن، هەندێکیان تەنانەت لەوانەی خۆم بهئازارترن.»
بەڵام شانازیش دەکات بەو کارەی دەیکات: «زۆر خۆشحاڵم بەشێکم لەپرۆسەی رزگارکردنی ژنانی رزگاربوو.»
تەنیا دەستپێکە
رێچکەکەی رەنگدانەوەی ئەوەی نادیە مورادە، کە رزگاربوویەکی ئێزیدییە و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بردەوە ساڵی رابردوو، لەبەرامبەر کاری بانگەشەکاریدا.
لەگەشتەکەی مومبایەوە، ئیمان خۆی کەمێک ناوبانگی پەیداکردووە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەمپەدا که لێی دەژی.
دایک و باوکی جار لەدوای جار پەیوەندییان پێوەدەکرد بۆ دەربڕینی پیرۆزبایی و سوپاسکردنی چالاکیهکانی کچەکەیان.
باوکی کەناوی عەبدوڵایە بەشانازییەوە بەئاژانسی فرانس پرێسی وت کە بۆچوونی گۆڕاوە بەرامبەر هێزی چیرۆک گێڕانهوهو وتی: «تێبینیم کرد ئیمان دڵخۆشترەو بەهیزترە لەوکاتەوەی دەستیکردووە بەگێڕانەوەی چیرۆکەکەی لەنێو خەڵکدا.»
وتی: «سەرەتا، هەرکات باسی دیلێتییهکهی بکردایە، پشتم تێدەکرد، چونکە زۆر ئازاربەخش بوو بۆ من رووبەڕوو گوێی لێبگرم.»
بەڵام لەئێستادا دەیەوێت رزگاربووانی ئێزیدی بەدەنگ بێن و پێیوایە یارمەتی خۆیان وەک تاک و ئەو کەمینە تێکشکێنراوەش دەدات.
ئیمان لەئێستادا بهشداره لهخولی فێربوونی ئینگلیزیدا -- بەڵام ئهمانه تەنیا دەستپێکی خواسته چالاکوانیهکانیەتی.
وتی «لەداهاتوودا دەمەوێت ببمە پارێزەر تا ئاشنابم بەیاسای عێراقی و نێودەوڵەتی و بەرگری لەمافەکانی کچانی رزگاربووی ئێزیدی بکەم لەگەڵ قوربانیانی دیکەی ئێزیدی.»