مایک پێنس؛ سێبەرە بێدەنگەکەی ترەمپ

ره‌نگه‌ تره‌مپ بۆ خۆڕزگارکردن له‌ئابڕوچوونه‌که‌ى ئۆکرانیا پێنس بکاته‌ قۆچى قوربانى

مایک پێنس جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى هه‌رێم. هه‌ولێر

5 ساڵ لەمەوپێش



 

 

کاکەلاو عەبدوڵا

سێبەرە بێدهنگهکهى ترهمپ، که بهبێ دروستکردنى سهرئێشه بۆ سهرۆکهکهى کارهکانى رادهپهڕێنێت، ههولێرى لهجیاتى بهغدا ههڵبژارد لهسهردانه لهناکاوهکهیدا بۆ عێراق له 23ى مانگى رابردوودا، ئهوهش پرسیارى زیاترى لهسهر رۆڵهکهى وهکو جێگرى ترهمپ هێنایه ئاراوه.

سهردانهکهى مایک پێنس خوێندنهوهى جیاجیاى بۆ کرا، بهتایبهت لهلاى سیاسهتمهدارانى عێراق، ههرزوو حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ ئیدانەی سەردانەکەی کردو رایگهیاند، بەغدا پایتەختی عێراقە نەک هەولێر.

مایک پێنس، لەبنکەی سەربازی ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار چاوی بەفەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا کەوت. بەڵام لەگەڵ هیچ کام لەسەرکردەکانی عێراق کۆنەبووەوە.

دوای سەردانەکەی بۆ بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی لەئەنبار، مایک پێنس، بەسەردانێک گەیشتە هەولێرو لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

دڵسۆزیی بۆ ترهمپ

دیارترین خاسیەت مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکای پێی بناسرێتەوە دڵسۆزییەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ و کارکردنییەتی بەئارامی و بێ سەرئێشە دروستکردن بۆ سەرۆکی ئەمریکا.

خزمەتی پێنس وایکردووە کەپۆستەکەی بەپارێزراوی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەوەی هەستی پێ ناکات ئەوەیە کەترەمپ ئەو دڵسۆزییەی بەهەند وەرناگرێت، لەهەندێک کاتیشدا بێنرخی دەکات یاخود دڵسۆزییە بێ پایانەکەی وایکردووە ترەمپ هەڵەکانی خۆی نەبینێت.

ئەم دڵسۆزییە تەنها بۆ پشتگیریکردن و نزیکبوونیەتی لەسەرۆک وەک «هاوڕێ» کەخۆی باسی لێوەدەکات یاخود ئامانجێکی لەپشتە؟

مایک پێنس کێیە؟

مایکڵ ریچارد پێنس لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٥٩ لەشاری کۆڵۆمبوسی ویلایەتی ئیندیانا لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە لەمێژوو لەکۆلێجی هانۆڤەر لەئیندیاناو ساڵی ١٩٨٦یش لەزانکۆی ئیندیانا بڕوانامەیەکی دیکە بەدەستدەهێنێت لەیاسادا.

دووجار لەساڵەکانی ١٩٨٨ و ١٩٩٠ خۆی کاندیدکردووە بۆ بوون بەئەندام لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەڵام شکستی هێناوە. لەساڵی ٢٠٠١دا جارێکی دیکە خۆی کاندیددەکاتەوەو دەبێتە ئەندام لەئەنجومەنی نوێنەران و تاساڵی ٢٠١٣ بەردەام دەبێت. دواتر لەساڵی ٢٠١٣ دەبێتە (50)هەمین پارێزگاری ویلایەتی ئیندیانا هەتا ساڵی ٢٠١٧.

لەئێستادا وەک (48)ەمین جێگری سەرۆکی ئەمریکا خزمەت دەکات کە لەمانگی کانونی دووەمی ٢٠١٧وە لەپۆستەکەیدایە. پێنس خۆی وەک «پارێزکارێکی بەزەبت و رەبت» وەسف دەکات بەوپێیەی کەچەندین جار وتوویەتی «بەڕیزبەندی من مەسیحییەکم، پارێزکارێکم، دواتر کۆمارییەکم».

بۆچی ترەمپ هەڵیبژارد؟

دۆناڵد ترەمپ لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردن مایک پێنسی وەک جێگری خۆی دیاریکرد، لەنێوان چەندین کاندیدی دیار ترەمپی بازرگان مایک پێنسی پەسەندکرد بۆ بوون بەجێگری.

دوای راگەیاندنی هەواڵەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦، پەیمانگەی بروکینگز بۆ تووێژنیەوەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری چەند خاڵێکی خستەڕوو بۆ هەڵبژاردنی پێنس و پەسەندکردنی بەسەر کاندیدەکانی تردا لەلایەن ترەمپەوە.

دیارترین خاسیەت کەپەیمانگەی بروکینگز باسی لێوەدەکات «پارێزکاری بێ گومان»ی مایک پێنسە، لێرەدا ترەمپ پێویستی بە مایک پێنس بوو هەم بۆ رازیکردنی پارتەکەی، پارتی کۆماری، هەم بۆ بردنەوەی دەنگی خەڵکی پارێزکار چونکە «پێنس لەکۆنگرێس و وەک پارێزگاری ئیندیاناش هەڵگری مەشخەڵی پارێزکاری بووە بەبەردەوامی بەوپێیەی لایەنگری کەمی باجە، دژی یاسای منداڵ لەباربردن و چاکسازی گشتگیری کۆچبەری و هاوسەرگیری هەمان رەگەزە»، بروکینگز وای نووسیوە.

چەند تایبەتمەندییەکی تر کە وای لەترەمپ کرد پارێزگاری پێشووی ئیندیانا بکاتە هاوڕێی خۆی لەئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەزمون بوو. بەپێی پەیمانەگەی بروکینگز، ترەمپ کەسێکی ویستووە کەئەزمونێکی زۆری هەبێت لەحکومەت و  لەبانگەشەی هەڵبژاردنیشدا، کەخۆی هیچ ئەزمونێکی لەهیچ کامیاندا نەبوو ئەوکات، بۆ ئەمەش مایک پێنس باشترین بژاردە بوو.

جگە لەمەش پێنس شارەزایە لەبانگەشەی هەڵبژاردن و ستراتیجییەکانی، بودجە کۆکردنەوە بۆی، رێکخستنی، گەیاندنی پەیام، هەروەها ریکلام کردن لەبەرئەوەی «لەچەندین بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوودا کاری کردووەو بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ هەشتەم بانگەشە» بوو کەپێنس کاری تێداکردووە.

هاوڕێیەتی ترەمپ و پێنس

لەچەندین بۆنەدا ترەمپ ستایشی رۆڵی مایک پێنسی کردووە وەک جێگری سەرۆک و دڵسۆزی بۆ وڵاتەکەی، لەهەمان کاتدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ وەک کەسایەتییەکی بەهێز ناوزەند کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا بەئاشکرا رایگەیاندووە کە «زۆر دڵخۆشە» لەگەڵ مایک پێنس چونکە «ناوازە» بووە لەکارەکەیدا و کەسێکی باونابگ و دیارە لەناو کەسە ئاینییەکاندا کەگرنگە بۆ «بناغەی ترەمپ» .

تەنانەت لە ٢٦ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ترەمپ هەواڵی دانانەوەی پێنسی وەک جێگری سەرۆک لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠دا پستڕاستکردووەو وتی «مایک پێنس لەسەدا سەد کەسە گونجاوەکەیە، ئێمە پێکەوە بردمانەوەو پشتگیری گەورەی کەسە ئاینییەکانمان هەیە».

لەلایەکی ترەوە مایک پێنس لەچەندین شوێندا ستایشی «وزەو سەرکردایەتی و بەرەنگاربوونەوە»ی سەرۆکی ئەمریکای کردووەو بە»هاوڕێ»ی خۆی ناویبردووە.

بەڵام رەنگە ئەم هاوڕێیەتییە لەناوبچێت ئەگەر مایک پێنس لەپرۆسەی دادگاییکردنی ترەمپدا تێوەبگلێت کە لەئێستادا بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لەئەنجومەنی نوێنەران.

بەپێی وتەی مایکڵ دانتۆنیۆ، شیکەرەوەی سی ئێن ئێن، مایک پێنس رەنگە ببێتە «قۆچی قوربانی»و ترەمپ و خۆی پێ دەرباز بکات.

«ئەگەر ترەمپ پێویستی بەقۆچێکی قوربانی بێت بۆ دوورخستنەوەی ئابڕوچوونەکەی ئۆکرانیا، ئەوا پێنس گونجاوترین ئامانجە»، دانتۆنیۆ وا دەڵێت.

زیاتر لهدوو ههفتهیه پرۆسهى لێپێچینهوهى دۆناڵد ترهمپ لهئهنجومهنى نوێنهرانى ئهمریکا دهستیپێکردووه که دواى ئهو پهیوهندییه تهلهفونییه دێت لهگهڵ سهرۆکى ئۆکرانیا ڤۆلۆدمیر زیلنیسکى لهمانگى تهمموز ئهنجامیداو تێیدا داواى لێدهکات لێکۆڵینهوه بکات له جۆو بایدن، نهیاره سهرسهختهکهى و کاندیدى سهرۆکایهتى بۆ ههڵبژاردنهکانى ٢٠٢٠ لهگهڵ کوڕهکهى بایدن، ههنتهر، کهپێشتر کارى بۆ کۆمپانیاى بوریزماى ئۆکرانى کردووه.

پرۆسهکه لهوه دهکۆڵێتهوه کهئاخۆ دۆناڵد ترهمپ دهسهڵاتى خۆى بهکارهێنابێت بۆ ههڕهشهکردن لهسهرۆکى ئۆکرانیا و بڕینى هاوکارى سەربازیی بهوڵاتهکه ئهگهر داواکارییهکهى جێبهجێ نهکات کەدواجار ئەمەش دەکەوێتە بازنەی دەستێوەردان لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠.

بەپێی وتەی شایەت گۆردن سۆندلاند، باڵیۆزی ئەمریکا لەیەکێتی ئەوروپا، لەکۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ زیلنیسکی، مایک پێنس باسی بڕینی (٤٠٠) ملیۆن دۆلاری یارمەتی سەربازی کردووە بۆ ئۆکرانیا.

ئەمە دەبێتە چەکێک بەدەست ترەمپەوە بۆ تێوەگلاندنی مایک پێنس، بەپێی وتەی دانتۆنیۆ.

شوێنکەوتنی کوێرانەی ترەمپ

پێنس یەکێکە لەهەرە دڵسۆزترین کەسایەتییەکان لەکۆشکی سپی بۆ سەرۆکی ئەمریکا کەئەم خاسیەتەی وایلێکردووە رووبەڕووی رەخنەی توند ببێتەوە لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی حکومەت، چاودێران، هەروەها  رۆژنامەنووسان.

«زیاتر لەهەر کەسێکی تر لەئیدارەی ترەمپدا، پێنس بووەتە مامۆستای ئەداکردنی دڵسۆزی. بەتۆنێکی رێزەوە باسی سەرۆک دەکات و بەچاوێکی وەک دڵسۆزی سەگ سەیری دەکات، تەنانەت هەندێک لەنزیکەکانی سەرۆک کە بەنهێنی قسەیان بۆ کردووم ئەوەیان درکاندووە کەچەند بەپەرۆشی و زوو زوو پێنس لەجیاتی ترەمپ پۆزش دەهێنێتەوە»، مەککای کۆپنس رۆژنامەنووسی ‹زە ئەتلانتیک› وا دەڵێت.

ئەم دڵسۆزییەی پێنس وایکردووە رەخنەگران تۆمەتباری بکەن بەشوێنکەوتنی کوێرانەی ترەمپ کەئەمەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بەپێگەی سەرۆکی ئەمریکا وەک ئەوەی سوودی پێ بگەیەنێت. تەنانەت بەنزیکەیی لەهەموو سیاسەت و بڕیارەکانیدا پشتگیری لێدەکات، بەتایبەتیتر لەبڕیاری دروستکردنی «دیوارەکەی مەکسیک» بۆ رێگەگرتن لەلێشاوی کۆچبەرانی مەکسیک بۆ نێو ئەمریکا. پێنس ئەم بڕیارەی بە «گرنگ» وەسف کردو رایگەیاند کە «لەسەدا سەد پشتگیری لێدەکات».

«پێنس ڕەوتی کەم بەرەنگاربوونەوەی ترەمپی گرتوەتەبەرو ئەمەش یارمەتیداوە پۆستەکەی وەک جێگری سەرۆک بپارێزێت، بەڵام ئەمە واینەکردووە ترەمپ وەک سەرۆکێکی گونجاو (ماقوڵ) دەربخات»، جۆوڵ گٶلدستاین پرۆفیسۆرو نووسەری چەندین پەرتووک لەسەر سەرۆکایەتی و جێگری سەرۆکایەتی لەوتارێکیدا بۆ (NBC News) وا دەڵێت.

جۆوڵ گۆڵدستاین باس لەوە دەکات کەڕۆڵی جۆو بایدن وەک جێگری سەرۆک لەئیدارەکەی ئۆبامادا گرنگ و ئەنجامگیر بوو، هەروەها «بەکوێرانە دوای بەڕێوبەرەکەی نەدەکەوت» بەپێچەوانەی پێنسەوە کەهەمیشە کوێرانە دوای ترەمپ دەکەوێت و ئەمەش وایکردووە سەرۆکی ئەمریکا بەخۆیدا نەچێتەوە لەسەر ئەو بڕیارانەی دەیدات.

بەڵام ئەم دڵسۆزییە بێ پایانە ئامانجێکی لەپشتە: پەرۆشی و ئارەزووی دەسەڵات.

«هەر لە ١٦ ساڵییەوە پێنس مەرامی بوون بەسەرۆکی چنیوەتەوەو دڵنیام ئێستاش نەگۆڕاوە»، مایکڵ دانتۆنیۆ شیکەرەوەی سی ئێن ئێن و نووسەری ژیاننامەی مایک پێنس ئەمەی بەڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وت.

دانتۆنیۆ دەشڵێت «ئەو دڵنیایە لەوەی کەخودا ئەوی خستووەتە ئەو شوێنە بۆ ئەو مەبەستە، هیچ گومانم نییە لەوەی ئەو ئۆڤەرەی وەرگرت [ئۆڤەری بوون بەجێگری سەرۆک] بەپێشبینیکردنی ئەوەی خۆی دەبێتە سەرۆک و پێموانییە ئەو قوتابییەکی باشی مێژوو بێت لەبەرئەوەی لەڕابردوودا سەخت بووە بۆ جێگری سەرۆکەکان ببنە سەرۆک».

ترەمپ ئەم دڵسۆزییەی پێنس بەهەند وەرناگرێت

سەرەڕای ئەوەی چەندین جار دۆناڵد ترەمپ بەئاشکرا ستایشی جێگرەکەی کردووە، بەڵام هەوڵەکانی بەهەند وەرناگرێت بەتایبەتی لەسیاسەتی دەرەوەدا.

رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، مایک پێنس لەگەڵ مایک پۆمپییۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتیان کرد بۆ تورکیا تا بەر لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بگرن بۆ نیو باکوری سوریا.

بەپێی راپۆرتێکی بزنس ئینسایدەر، کەمێک پێش گەشتکردنی مایک پێنس بۆ تورکیا دۆناڵد ترەمپ لەلێدوانێکیدا  لەگرنگی ئەرکەکەی پێنسی کەمکردەوە بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئەنقەرە بەئاماژەکردن بەوەی کێشەکە پەیوەندی بەئەمریکاوە نییە.

رۆژێک پێش گەشتەکە ترەمپ لەکۆشکی سپی بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند «ململانێکە لەنێوان تورکیا و سوریادایە، لەنێوان تورکیاو سوریاو ئەمریکادا نییە، ئەوانەی لەوێن دەبێت خۆیان چارەسەری بکەن».

دوای هەشت رۆژ لەداگیرکارییەکەی ئەنقەرە، مایک پێنس لەئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوەو دواتر ئاگربەستی راگەیاند بەمەرجێک واشنتن ئەو سزا داراییانە لەسەر تورکیا هەڵبگرێت کەبەهۆی داگیرکارییەکەوە کۆنگرێس سەپاندبوونی بەسەریداو هێزەکانی سوریای دیموکرات بەقوڵایی ٣٢کم لەناوچە سنورییەکانی تورکیا-سوریا بکشێنەوە.

ئەم هەوڵەی پێنس بووەهۆی ئەوەی رەخنەکان لەسەر دۆناڵد ترەمپ هێورببنەوە لەمەڕ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەباکوری سوریا.

دوابەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە، دۆناڵد ترەمپ ستایشی کردو بە رێککەوتنێکی «ناوازە» وەسفی کرد لەکاتێکدا پێش رۆژێک پرۆسەکەی بەناگرنگ لێکدەدایەوە.

ئەم رێککەوتنە تەنها دۆناڵد ترەمپی دڵخۆش کرد لەکاتێکدا هیچ سوودێکی بە کوردەکان نەگەیاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار