ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید بۆ سایتى هاوڵاتى: دیار نیە هەرێم دەچێتە ژێربار لە بودجەی ٢٠٢٠ یان نا

"هه‌رێمى کوردستان هیچ ده‌ره‌چه‌ و بژارده‌یه‌کى دیکه‌ى نییه‌ ئه‌مه‌ نه‌بێت که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێککبکه‌وێت"

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى له‌ په‌رله‌مانى عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٠ رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەوە هەرێم ئامادە بووە کە 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ راده‌ست بکات، به‌ڵام کێشە له‌ وردەکاریەکاندا هێشتا ماوە، به‌غدا داواى داهاتەکاتە فیدڕاڵییه‌کان دەکات (گومرگی خالە سنووریەکان) بەڵام هەرێم هێشتا نەچۆتە ژێربار.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سایتی هاوڵاتی باس لە چه‌ند پرسێکی ئێستای عێراق دەکات بەتایبەتی پرسی وازهێنانی عادل عەبدول مەهدی و بودجەو هەروەها گروپێک پەرلەمانتاری کورد کە بەجیا لە بەغدا دوور لە یەکێتی و پارتی ئیش دەکەن.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید کە خۆی یەکێکە لەوانە وتی "روئیامان جیاوازه‌و ئه‌و گروپه‌ 15 ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراقین و شێوه‌ى کارکردنمان جیاوازه‌".
ئەو گروپە پێکدێن لە پەرلەمانتارانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی، بەپێی وتەی ئەحمەدی حاجی رەشید هەریەکە لە یەکێتی و پارتی "له‌سه‌ر پۆستى چایچییه‌ک له‌ناو موئه‌سه‌ساتى ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان شه‌ڕیانه‌".
لەبارەی رای ئەو گروپه‌ لەسەر وازهێنانەکەی عادل عه‌بدولمه‌هدى وتی "سەرۆکوەزیران تا ئه‌و کاته‌ مه‌قبول بوو که‌ ده‌ستى نه‌چووه‌ رشتنى خوێنى خه‌ڵکى خۆپیشانده‌ر و گه‌نجه‌کانیان، تا ئه‌وکاته‌ مه‌قبول بوو تا ئه‌و کاته‌ى نه‌بوو بوو به‌ واجیهه‌ى په‌رده‌پۆشکردنى گه‌نده‌ڵى هێزه‌ سیاسییه‌کان".
 هەروەها وتی "من یه‌کێک بووم له‌وانه‌ى ده‌نگم پێداوه‌، بەڵام که‌ پره‌نسیپه‌کانى خۆى وازلێهێنا بۆ ره‌غبه‌تى ئه‌حزاب، بۆیه‌ روئیامان جیاوازه‌".
لەبارەی پشکی پێشمه‌رگه‌ لە بودجەی 2020 وتی "ده‌بێت هەرێم خشته‌یه‌کى پاک و روون بداته‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر خشته‌ى ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌ى مه‌راتب و ژماره‌ى ئه‌فواج نه‌درێته‌ به‌غدا پشکى پێشمه‌رگه‌ خه‌رج ناکرێت".
هەروەها وتی "هه‌میشه‌ وه‌فدى کوردى که‌ دێته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆ له‌ 2003وه‌ تا ئێستا دوو قه‌زییه‌ى له‌به‌رچاو گرتووه‌، ئه‌وله‌ویه‌ت مه‌سائیلى دارایى بووه‌ له‌گه‌ڵ پۆسته‌کان، پۆسته‌کان بۆ شه‌خس و داراییه‌که‌ش بۆ حزب".

پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر پۆستى چایچییه‌ک له‌ناو موئه‌سه‌ساتى ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان شه‌ڕیانه‌


هاوڵاتى: وه‌ک ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق پێتانوایه‌ هه‌رێم و به‌غدا ده‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: خۆى هه‌موو رێککه‌وتنێک عیبره‌ت له‌جێبه‌جێکردنییه‌تى، رێککه‌وتنى ساڵى 2019 له‌گه‌ڵ هه‌رێم له‌ بودجه‌دا 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى کورد ئاماده‌ نه‌بوو 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستبکات ته‌نها موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى لێبه‌رهه‌مهات.
ئه‌م گفتوگۆیانه‌ى ئێستاى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ تا چه‌ند ئیراده‌ى سیاسى ئاماده‌یه‌، ئه‌وه‌ى بیستبێتم له‌ براده‌رانى هه‌رێم به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئاماده‌ى راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ن، به‌ڵام گرفته‌که‌ له‌ ته‌فسیلاته‌که‌یدایه‌، به‌غدا داواى داهاتى فیدڕاڵى ده‌کات زه‌ریبه‌ که‌ هاوبه‌شن تێیدا، ئایا هه‌رێم ده‌چێته‌ ژێر بارى ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ بدات، ئه‌ینا مه‌سه‌له‌ى رێککه‌وتن.

ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێن نه‌بوونى شه‌فافییه‌ت وایکردووه‌ که‌ ئێمه‌ متمانه‌مان نه‌بێت به‌ هیچ داتایه‌کى هه‌رێمى کوردستان

هاوڵاتى: مه‌سه‌له‌ى موچه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ که‌ ساڵى رابردوو 68 ملیار دینارى مانگانه‌ بووه‌ تا ئێستا نه‌دراوه‌ته‌ هه‌رێم، دارا ره‌شید وه‌زیرى پلاندانانى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت به‌و پێیه‌ى بودجه‌ى هێزه‌ وشکانییه‌کان زیادى کردووه‌ موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ بووه‌ به‌ 74 ملیار دینارى مانگانه‌؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: نوسراوێکم کردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق له‌سه‌ر پاره‌ى پێشمه‌رگه‌، وه‌ڵامیانداومه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن یه‌ک دینارمان بۆ پێشمه‌رگه‌ سه‌رف نه‌کردووه‌ و داواى خشته‌ى ناوى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ژماره‌ى لیواو فه‌وجیان کردووه‌ ناوه‌کانیان تا ئێستا نه‌داوه‌ به‌به‌غدا، ئنجا هه‌رێمى کوردستان ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت 68 ملیار دینارى موچه‌ى پێشمه‌گه‌ له‌ 2019 به‌ده‌ست بهێنێت و بۆ 2020 پشکى پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ست بهێنێت ده‌بێت خشته‌یه‌کى پاک و روون بداته‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر خشته‌ى ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌ى مه‌راتب و ژماره‌ى ئه‌فواج نه‌درێته‌ به‌غدا پشکى پێشمه‌رگه‌ خه‌رج ناکرێت، ئه‌گه‌ر بیده‌ن به‌غدا پاره‌که‌ خه‌رج ده‌کات، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌رێمى کوردستان زۆر قورسه‌، چونکه‌ هه‌رێمى کوردستان تا ئێستا خشته‌ى بۆ خۆى نییه‌، ئه‌مه‌ قسه‌ى به‌رپرسانى هه‌رێمه‌ که‌ به‌نهێنى بۆ منیان کردووه‌ من لێره‌وه‌ بۆیان راده‌گه‌یه‌نم و ده‌بێت بیڵێم.
هاوڵاتى: هه‌رێمى کوردستان زۆر به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌ گفتوگۆکانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌کات بۆچى؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان هیچ ده‌ره‌چه‌ و بژارده‌یه‌کى دیکه‌ى نییه‌ ئه‌مه‌ نه‌بێت که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێککبکه‌وێت.
هاوڵاتى: هه‌رێمى کوردستان رۆژانه‌ نزیکبووه‌ته‌وه‌ له‌ 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌، 250 بدات به‌به‌غدا ده‌توانێت به‌ نیوه‌که‌ى دیکه‌ى قه‌رزى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان بداته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: ئه‌مه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێن نه‌بوونى شه‌فافییه‌ت وایکردووه‌ که‌ ئێمه‌ متمانه‌مان نه‌بێت به‌ هیچ داتایه‌کى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌وان (هه‌رێمى کوردستان) که‌ ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌یده‌ین به‌ قه‌رزى کۆمپانیاکان، له‌به‌رئه‌وه‌ى قه‌رزى کۆمپانیاکان نازانین بڕه‌که‌ى چه‌نده‌ هى چ کۆمپانیایه‌که‌و چه‌ندى دراوه‌ته‌وه‌، چه‌ندێکى ماوه‌و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ڕێککه‌وتون، فائیده‌و سودى له‌سه‌ره‌ یان نا؟ ئه‌م قه‌رزانه‌ هى کێن؟ هى به‌رپرسه‌کانى هه‌رێمن و خۆیان ناوى کۆمپانیا یا پشکى کۆمپانیاکانیان کڕیوه‌ته‌وه‌، نه‌بوونى شه‌فافییه‌ت وا ده‌کات گومانمان هه‌بێت.

هه‌میشه‌ وه‌فدى کوردى که‌ دێته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆ له‌ 2003وه‌ تا ئێستا دوو قه‌زییه‌ى له‌به‌رچاو گرتووه‌، ئه‌وله‌ویه‌ت مه‌سائیلى دارایى بووه‌ له‌گه‌ڵ پۆسته‌کان، پۆسته‌کان بۆ شه‌خس و داراییه‌که‌ش بۆ حزب، ئه‌گینا بۆ خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر ئه‌وله‌ویه‌ت نه‌بووه‌.

هاوڵاتى: هه‌رێمى کوردستان کێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌بودجه‌ى سیادى هه‌بووه‌ که‌ له‌بودجه‌ى خه‌مڵێندراوى عێراق له‌ کۆى 154 ترلیۆن دینار له‌سه‌دا 45% بۆ ته‌رخانکراوه‌ که‌ بڕێکى زۆر ده‌کات، سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد له‌ناو حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانن هیچ بڕێک بپچڕن؟ یا ئێوه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌توانن که‌میبکه‌نه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: سه‌رکردایه‌تى سیاسى ده‌بوایه‌ گفتوگۆ بکات له‌سه‌ر مه‌بده‌ئێک که‌ بۆ ئه‌و بابانه‌ى که‌ سیادین ته‌عریف بکرێت و بۆچى ئه‌وانه‌ سیادین، که‌ ته‌عریف بکرێته‌وه‌ هه‌ندێ بابى تێدایه‌ سیادى نین، ساڵى رابردوو دیوانى چاودێرى داراییان لابردووه‌ که‌ سیادییه‌، به‌ڵام پاره‌ى نه‌وتیان تیادانه‌وه‌ که‌ سیادى نییه‌.
قه‌ناعه‌تموایه‌ ئه‌گه‌ر گفتوگۆى جدى هه‌بێت ده‌توانێت له‌ بودجه‌ى سیادیدا کاریگه‌رى هه‌بێت.
هاوڵاتى:گروپى 15 ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق که‌ ئێوه‌و فراکسیۆنى گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ و هاوپه‌یمانى نیشتمانین ده‌تانه‌وێت چى بکه‌ن که‌پێشتر نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى کۆمه‌ڵ و گۆڕانى کردووه‌ که‌ یه‌کڕیز و هاوهه‌ڵوێستبن له‌به‌غدا؟ ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کڕیزى له‌گه‌ڵ فراکسیۆنى پارتى و یه‌کێتى؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: دیدگامان جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ فراکسیۆنى پارتى و یه‌کێتى، بۆ نمونه‌ هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆچونمان وایه‌ که‌ به‌باڵاى هێزه‌ گه‌وره‌کان بڕوات، ته‌عامول له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دیدگامان له‌سه‌رى جیاوازه‌، پارتى و یه‌کێتى به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌رگریان له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌کرد به‌تایبه‌تى پارتى، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک ته‌حقیق بوو، ئێمه‌ قه‌ناعه‌تمانوابوو عادل عه‌بدولمه‌هدى تا ئه‌و کاته‌ مه‌قبول بوو که‌ ده‌ستى نه‌چووه‌ رشتنى خوێنى خه‌ڵکى خۆپیشانده‌ر و گه‌نجه‌کانیان، تا ئه‌وکاته‌ مه‌قبول بوو تا ئه‌و کاته‌ى نه‌بوو بوو به‌ واجیهه‌ى په‌رده‌پۆشکردنى گه‌نده‌ڵى هێزه‌ سیاسییه‌کان، تا ئه‌وکاته‌ مه‌قبول بوو که‌ یه‌کێک بووم له‌وانه‌ى ده‌نگم پێداوه‌ که‌ پره‌نسیپه‌کانى خۆى وازلێهێنا بۆ ره‌غبه‌تى ئه‌حزاب، بۆیه‌ روئیامان جیاوازه‌و ئه‌و گروپه‌ 15 ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراقین و شێوه‌ى کارکردنمان جیاوازه‌.
هاوڵاتى: به‌ڵام بۆچونێکیش هه‌یه‌ که‌ ده‌وترێت ده‌تانه‌وێت له‌رێگه‌ى ئه‌م گروپه‌وه‌ پۆست بپچڕن له‌کابینه‌ى داهاتووى حکومه‌تى عێراق، ئه‌مه‌ حه‌قى خۆتانه‌؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر پۆستى چایچییه‌ک له‌ناو موئه‌سه‌ساتى ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان شه‌ڕیانه‌، هیچ ئیشکالێکى تێدایه‌ که‌ ئێمه‌ گروپێکى 15 که‌سین و به‌پێى پره‌نسیپى په‌رله‌مانى بێت که‌ هه‌ر یه‌که‌مان نوێنه‌رایه‌تى 100 هه‌زار که‌س ده‌که‌ین واته‌ لانى یه‌ک ملیۆن و نیو ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر پۆستێکى ته‌نفیزى هه‌بێت یا ناو په‌رله‌مان چ عه‌یبه‌یه‌کى تێدایه‌ ئێمه‌ کاره‌کان بکه‌ین، بۆ عه‌یب نییه‌ بۆ پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر چایچییه‌ک شه‌ربکه‌ن، بۆ ئێمه‌ له‌سه‌ر پۆستى سه‌فیرێک یا وه‌زیر و پۆستێک له‌ناو په‌رله‌مان داکۆکى له‌و که‌سه‌تایبه‌تمه‌ندانه‌ بکه‌ین که‌ ئه‌وانه‌ بێت پۆست وه‌ربگرن، له‌ناو لیژنه‌کاندا ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک په‌رله‌مانتارین که‌ خه‌ڵکى به‌ ئه‌زموونن، سه‌رۆکى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان که‌ سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕانه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌، په‌رله‌مانتارمان هه‌یه‌ دوو خوله‌ له‌په‌رله‌مانین و شاره‌زاییه‌کى زۆر باشمان هه‌یه‌ له‌و مه‌جاله‌دا و هیچیشمان تێوه‌ نه‌گلاوین له‌ مه‌جالى فه‌سادو گه‌نده‌ڵیدا، هیچیشمان ئه‌و مرۆکه‌ حزبییه‌مان پێوه‌ نییه‌، بۆ ئه‌مانه‌ پۆستى لیژنه‌کان وه‌رنه‌گرن، له‌کاتێکدا هه‌موو جومگه‌کان ده‌بێت پارتى و یه‌کێتى قۆرغى بکه‌ن به‌تایبه‌ت پارتى دیموکراتى کوردستان.
ئه‌مڕۆ ئه‌و گروپه‌ 15 ئه‌ندامییه‌ى په‌رله‌مانى عێراق کۆبونه‌وه‌مان هه‌بووه‌و روئیایى خۆمان له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان و کۆمسیۆن داوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و واقعه‌ى که‌ ئێستا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى روئیاى خۆمان هه‌بووه‌ که‌ ئێمه‌ به‌ گونجاومان زانیوه‌ پشگیرى له‌ داخوازییه‌کانى جه‌ماوه‌ر ده‌که‌ین که‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى  ده‌ستیله‌کارکێشایه‌وه‌، پشتگیرى له‌داخوازییه‌کانى دیکه‌یان ده‌که‌ین که‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌شێک بێت له‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیشداین و بۆخۆم له‌گه‌ڵیدام.
هاوڵاتى:بۆچى وه‌فدى هه‌رێم ته‌نها باسى پرسى دارایىو نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌کات، ئه‌ى مادده‌ى 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌و پارێزگارى که‌رکوک ناکرێت؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: هه‌میشه‌ وه‌فدى کوردى که‌ دێته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆ له‌ 2003وه‌ تا ئێستا دوو قه‌زییه‌ى له‌به‌رچاو گرتووه‌، ئه‌وله‌ویه‌ت مه‌سائیلى دارایى بووه‌ له‌گه‌ڵ پۆسته‌کان، پۆسته‌کان بۆ شه‌خس و داراییه‌که‌ش بۆ حزب، ئه‌گینا بۆ خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر ئه‌وله‌ویه‌ت نه‌بووه‌.
مه‌سه‌له‌ن خه‌ڵێک ده‌زانن که‌ هى خۆیان نییه‌ پرسى پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانه‌ تا ئێستا نه‌ دوور نه‌ نزیک وه‌فدى هه‌رێم باسى پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران ناکه‌ن.
هاوڵاتى: ئه‌م ئێواره‌یه‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم کۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ خسته‌ڕوو باسى ده‌که‌یت له‌گه‌ڵیان به‌راشکاوى؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: دامناوه‌ کە باسى چى ده‌که‌م با گه‌ینه‌ کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار