دەنگو رەنگی کورد لەهەڵبژاردنی بەریتانیادا
کوردانى بهریتانیا لهبارهى ههڵبژاردنى پێشوهختهى بهریتانیاوهو بهسهر ههردوو حزبە رکابهرەکەدا دابهش بوون
5 ساڵ لەمەوپێش
کاوەڕەش، بەریتانیا
کوردانى بهریتانیا بۆچوونى جیاجیایان ههیه لهبارهى ههڵبژاردنى پێشوهختهى بهریتانیاوهو بهسهر ههردوو حزبى پارێزگاران و کرێکارانى رکابهردا دابهشبوون، دوو کوردیش خۆیان بۆ ههڵبژاردنهکه کاندیدکردووه.
هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی بەریتانیا، بەشێوەیەکی ئاسایی هەر پێنج ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، کەتێیدا دەنگدەران (٦٥٠) ئەندام بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە دیاری دەکەن. هەڵبژاردنی پێشوەختەی ١٢ی دیسەمبەری داهاتوو تەنها دوای دوو ساڵ و نیوە، لهدوایین ههڵبژاردن کهساڵى 2017 بهڕێوهچوو.
هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە، قەیران و پرسی دەرچوونی بەریتانیایە لەیەکیتی ئەوروپا. دوای (سێ) ساڵ هێنان و بردن و چەندین رێککەوتننامەی نێوان بەریتانیاو یەکێتیی ئەوروپا دێت، کەنەتواندراوە لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە، یەکلایی بکرێتەوە.
یەکێکی دیکەش لەهۆکارەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەبوونی پشتیوانی زۆرینەی پەرلەمانیی بوو بۆ حکومەت، ئەویش دوای دەستبەکاربوونی بۆریس جۆنسن و بەهۆی یاخیبوونی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی پارتی پارێزگارانى دەسەڵاتەوەو دەنگدان دژی کارنامەی سەرۆک وەزیران و هەنگاوەکانی دەرچوون لهیهکێتى ئەوروپا.
خالید قادر کەکوردێکی چالاکوانو وەرگێڕێکی فەرمی پەنابەرانە که لەشاری نیوکاسڵ نیشتهجێیه به هاوڵاتى وت «حزبی کرێکاران هەمیشە هەڵوێستی ئیجابی و ئەرێنیتر بووە دەرهەق بەخەڵکی بیانی و پەنابەران، بۆ (هەشت) ساڵ دەچێ پارتی پارێزگاران لەدەسەڵاتە و لەو ماوەیەدا سیاسەتی سک هەڵگوشین پەیڕەوکراوەو فشاری زۆریان لەشارەوانیەکان کرد تاسەدان ملیۆن پاوەن لەخەرجی گشتی پاشەکەوت بکەن، کە دەرەنجامەکەی دەرکردنی هەزاران ستافی کەرتی گشتی و حکومی بوو».
وتیشى «سەرۆکی پارتی کرێکاران، بەدۆستێکی نزیکی کورد هەژمار دەکرێت و لێرەش لەڕەوەندی کوردی زۆر نزیکە. ماوەیەک بەر لەئێستا هەڵوێستی بۆرس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی پارتی پارێزگارانمان بینی، سەبارەت بەجینۆسایدی رۆژئاوا، کەچەند بێباک و بێمۆڕاڵ بوو».
بهوتهى خالید، گومانی تێدانیە گەر پارتی کار دەربچێ رەوشی پەنابەران بەگشتی بەرەو باشی دەڕوات.
بۆ ئەم خولەی پەرلەمان دوو بەربژێری کورد هەن، کەهەریەکە لە نەدیم زەهاوی، لەسەر پارتی پارێزگاران، ئەو بەڕەچەڵەک کوردێکی خانەقینیە. ئیبراهیم دۆگوس، کوردێکی باکوری کوردستانەو لەسەر پارتی کار خۆیان بەربژێر کردووە.
هەرچی نەدیم زەهاوییە، ماوەیەکی درێژە پەرلەمانتاری پارێزگارانەو بەکەسێکی بازرگان و نزیک لەسەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناسراوە. بەڵام ئیبراهیم دۆگوس، جارێکی دیکەش چانسی خۆی تاقیکردۆتەوە بۆ بوون بەئەندام پەرلەمانی پارتی کار، لەوکاتەدا سەرکەوتوو نەبوو. هەرچەندە ئیبراهیم ئێستا سەرۆکی شارەوانییەکی گرنگی ناوچەیەکی لەندەنە، لەگەڵ ئەوەش دووبارە خۆی بەربژێرکردۆتەوە بۆ بوون بەئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.
کوردێکی دیکەی دانیشتوی شارۆچکەی پلیمۆس، بەناوی سابیر هەمزە، کەپیشەی سەرتاشە لەو شارۆچکەیە، نزیکەی (20) ساڵە لەبەریتانیا دەژی پێیوایه، بەگشتی ئابووری بەریتانیا رووی لەبووژانەوە کردووە، دوای ھاتنە سەرکاری پارێزگارهکان.
ههروهها بۆ هاوڵاتى وتیشى «لەھەمان کاتدا خەڵکێکی زۆر لایەنگری پارتی کرێکارانن، بەڵام ھەندێکیان لەئەدای سەرۆکی پارتەکەیان رازی نین، چونکه لایەنگری ئاشکرای بێگانەکانەو دۆستی نزیکی موسڵمانەکانەو بەئاشکرا لەڕابردوو دژایەتی جولەکەی کردووە».
پێشیوایه، لەسەر مەسەلەی کورد، پارتی کرێکاران بەگشتی کۆربین بەتایبەتی، دۆستێکی دێرینی کوردەو لەدەیان خۆپیشاندان و سیمینار بەشداری کردووەو پشتگیری مەسەلەی کوردیان کردووە.
پرسی پەنابەران یەکێکە لەو هێڵە گرنگانەی کەئێستا بەریتانیا کاری لەسەردەکات بەتایبەت کاتێک ریفراندۆم لەسەر جیابوونەوە کرا زۆرێک لەخەڵکی لەسەر ئەو بنەمایە دەنگیاندا، کەچیدیکە وڵاتەکەیان بەلێشاو پەناران رووی تێنەکەن، بەتایبەتیش هاتنی زۆری دەستی کاری هەرزان لەوڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە.
بۆیە پارتەکان لەبانگەشەی هەڵبژاردندا هەریەکەو یاساو رێسای خۆی هەیە بۆ ئەو پرسە، بەتایبەت پارتی پارێزگاران زۆر کار لەسەر پرسی پەنابەران دەکات، بڕیاریانداوە لەدوای دەرچوونی بەریتانیا لەیهکێتى ئەوروپا هاوشێوەی ئوسترالیا مامەڵە لەگەڵ پەنابەران بکات، بەوەی تەنها رێگا بەهاتنی کەسانی لێهاتوو خاوەن بڕوانامەی بەرز بدەن بۆ ئەو شوێنانەی کەپێویستە پربکرێنەوە.
زانا عەزیز کهساڵانێکی زۆرە لەبەریتانیا دەژی و ئەندامی پارتی کاره دهڵێت، پارتى کرێکاران پشتیوانی تەواوی سەربەخۆیی ھەر چوارپارچەی کوردستانە، بۆیە پێویستە ھەموو تاکێکی کورد بێنە ناو پارتی کرێکاران و دەنگ بۆ نوێنەرانی پارتی کرێکاران کۆبکەنەوە.
پێشیوایه، رهنگه ئەمجارەیان کرێکاران بیباتەوە، لەبەرئەوەی ئەوە دوو کابینە پارێزگاران، بەھۆی گرانی و کێشەکان و قەیرانی ئابووری لایەنگرانی پارێزگاران بێهیوا بوون.
هەردوو حزبی رکابەری یەکدی لەو هەڵبژاردنە خاوەن مێژوویەکى درێژی سیاسی گرینگن لەسەر ئاستی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاو ئەوروپا.
پارتی پارێزگاران
(Conservative Party Uk)*
لەساڵی ١٨٣٤ دامەزراوەو دەورێکی گرنگی هەبووە لەژیانی سیاسی بەریتانیادا بەتایبەت لەو سەردەمەدا کەئیمپڕاتۆریەتی ئینگلیز زۆرێک لەوڵاتانی خستبووە ژێرچنگی خۆیەوە، کە بەوڵاتانی کۆڵۆنیاڵی بەریتانیا ناویان دەرکردبوو.
پارتی پارێزگاران زیاتر پارتێکی سیاسی راستڕەوەو بەلانگری سەرمایەداران و لەو (10) ساڵەی دەسەڵاتیشدا زیاتر وەک پارتێکی دژە پەنابەر ناسراوە، هەرچەندە بەراورد بەسەردەمی پارتی کار زۆرترین پانابەری دەرەوەی ئەوروپاو هەروەها کۆچبەرە ئیشکەرەکانی وڵاتانی ئەوروپا روویان لەبەریتانیا کردووەو سودمەندبوون. لەبڕیاڕو یاساو رێساکانی پارتی پارێزگاران.
پارتی کاری بەریتانیا
(Labour Party Uk)*
مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی١٩٠٠، ئەو پارتە زیاتر پارتێکی سۆشیال دیموکرات و چەپخوازی سیاسییە، جگەلەوەش وەک ئۆپۆزسیۆن ناوبانگی دەرکردبوو، خۆی وەک حزبێکی سۆشیال دیموکرات و چینی کرێکار ناساندووە. لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی رۆژو گرتنەدەستی دەسەڵات ئەویش گۆڕاوەو خەریکە دەبێتە حزبێکی راستڕەو.
کورد چی بەو هەڵبژاردنەوە دەیبەستێتەوە؟
بەگشتی هەردوو پارتی کاری بەریتانی و پارتی پارێزگاران، لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە دوورو نزیک کاریگەرییان بەسەر کوردەوە هەبووە. بەگەڕانەوە بۆ مێژووش بەریتانیا، بەردەوام سەنگ و پێگەی خۆی لەناوچەکەو بەتایبەت، ئەو پارچەیەی کوردستانی باشوور هەبووە هەر لەکاتی دابەشکردنی کوردستانی گەورە بەسەر وڵاتانی دروسێی، تاکاتی رووخانی رژێمی بەعس، ئێستاش خاوەنی کۆنسوڵخانەو پێگەی گرنگە لەهەرێمی کوردستان.
لەسەر وەختی راماڵینی رژێمەوە ئەوکاتی پارتی کار بەسەرۆکایەتی تۆنی بلێر، لەسەر دەسەڵات بوو، بەردەوام سەرکردە کوردەکان لەنزیکەوە کاریان لەگەڵ بەریتانیا کردووە، بەتایبەتیش کەکۆنگرەی معاڕەزەی عێڕاقی بۆ خۆئامادەکردن بۆ رووخانی رژێمەکەی سەدام لەلەندەن سازدرابوو.
لەگەڵ دەرکەوتنی داعش، کەپارتی پارێزگاران بەسەرۆکایەتی دەیڤد کامیرۆن لەدەسەڵاتدا بوو، هێزەکانی بەریتانیا دەورێکی بەرچاویان گێڕا لەهاوکاری سەربازی و مرۆیی، بەتایبەت لەگەیاندنی هاوکاری بۆ سەر چیای شەنگال کەئێزیدیەکان لێی مابوونەوە، لەڕێگای هێزی شاهانەی بەریتانیاوە.
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئێستاش؟ کە بۆریس جۆنسنە، یەکەم سەرۆک وەزیرانە کەوەک سەرۆکی پێشوی شارەوانی لەندەنی پایتەخت، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت. هەردوو پارتە سەرەکیەکەی بەریتانیا لەنزیکەوە لەگەڵ کوردەکان کاریان کردووە، بەتایبەت لەهەرێمی کوردستان و رۆژئاوا.
پارتی کار لەڕاماڵینی رژێمی بەعس، پارتی پارێزگاران لەجەنگی دژی تیرۆر هاوکاری کورد بوون.
هەردوو سەرۆک پارتە سەرەکیەکەی بەریتانیا، ئاگاداری رەوشی کوردن، بەتایبەت سەرۆکی پارتی کار جێرمی کۆربین، کە لەچەندین بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەی رەوەندی کوردی لەو وڵاتە بەشداربووەو وتاری پێشکەشکردووە.
ئەو بەردەوام کێشەی کوردی بەکێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کردووە. پێیوایە بێ چارەسەرکردنی کێشەی (40) ملیۆن کورد، زەحمەتە ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە ببینێ.
هەروەها سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. بەریتانیا ناڕەزایی دەربڕی و دژی هێرشی تورکیا بووە بەسەر رۆژئاوای کوردستان.