ترلیۆنێک و (500) ملیار دینار داهاتی مانگانه‌ى هه‌رێمە
5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
به‌پێى وته‌ى ئه‌ندامانى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق بێت، هه‌رێمى کوردستان له 2020دا نزیکه‌ى (11) ترلیۆن دیناریان بۆ دێت له‌به‌رانبه‌ر ته‌سلیمکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌دا بێجگه له‌داهاتى ناوخۆ‌و هەروەها داهاتی (200) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى زیاده‌ى هه‌رێم کە دەکاتە حەوت ترلیۆن دینار لەساڵێکدا.
گفتوگۆکانى وهفدى دانوسانکارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا له‌کۆتایى ته‌واو نزیکبۆته‌وه‌و وهفدى هه‌رێم ته‌نها سێ که‌سیان له‌به‌غدا ماونه‌ته‌وه به‌سه‌رۆکایه‌تى رابه‌ر سدیق، بریکارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى، ئه‌وانى دیکه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان.
مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وهفدى دانوسانکارى هه‌رێم ئه‌نجامداوه‌و ئه‌وه دووپاتده‌که‌نه‌وه که داوایان کردووه به‌غدا پابه‌ند بێت به‌پێدانى ته‌واوى ئیستحقاقاتى دارایى که له‌سه‌ری رێککه‌ووتون.
به‌پێى وته‌ى په‌رله‌مانتارانى لیژنه‌ى دارایى که له‌گه‌ڵ وهفدى دانوسانکارى حکومه‌تى هه‌رێم گفتوگۆیان کردووه، له‌ماوه‌ى ساڵى 2020دا هه‌رێمى کوردستان (11) ترلیۆن دینارى بۆ دێت له‌به‌رامبه‌ر (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه.
به‌پێى رێکه‌وتنى رێکخراوى ئۆپێک که‌عێراق تێیدا ئه‌ندامه، هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم سنوردار کراوه بۆ (450) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه، (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى ده‌دات به‌به‌غدا و (200) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى لێ زیادده‌بێت که به‌شێکى بۆ شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیاکانى نه‌وت دابین ده‌کات و به‌شه‌که‌ى دیکه‌ى بۆ سوته‌مه‌نى ناوخۆیى دابین ده‌کات که‌مانگانه داهاتێکى لێى ده‌ستده‌که‌وێت بێجگه له (165) ملیۆن دۆلارى مانگانه‌ى داهاتى ناوخۆ.
واتا به‌شێوه‌یه‌کى گشتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مانگانه بڕى (950) ملیار دینارى له‌به‌غدادوه بۆ دێت و له‌داهاتى ناوخۆ‌و (200) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى زیاده‌که‌ى مانگانه (550) ملیار دینارى بۆ ده‌مێنێته‌وه که مانگانه ترلیۆن و نیوێک ده‌کات.
ئه‌ندامانى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه دووپاتده‌که‌نه‌وه که‌وه‌فدى هه‌رێم گفتوگۆیه‌کى سه‌رکه‌وتوانه‌ى ئه‌نجامداوه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین له‌په‌رله‌مانى عێراق پڕۆژه‌ى بودجه تێپه‌ڕێنین کاریگه‌رى زۆر باشى ده‌بێت له‌باشتربوونى دۆخى دارایى هه‌رێم و وهفدى دانوسانکارى حکومه‌تى هه‌رێم دانوسانى سه‌رکه‌وتوویان ئه‌نجامداوه که له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هه‌رێمدا بێت».
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى پێشیوابوو ئه‌و (200) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى زیاده‌یه‌ى رۆژانه‌یه ئیستحقاقى کۆمپانیاکانى لێده‌ده‌رێت و هاوبه‌شن له‌نه‌وته‌که‌دا، به‌جۆرێک له‌داهاتى ناوخۆ‌و داهاتى نه‌وت شتێک بمێنێته‌وه.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ده‌ڵێت به‌غدا پاره‌ى شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانى هه‌رێم نادات و وهفدى هه‌رێمیش به‌وه رازى بوون تا بگه‌نه رێکه‌وتن.
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «له‌گه‌ڵ وهفدى دانوسانکارى حکومه‌تى هه‌رێم کۆبووینه‌وه و پێیان راگه‌یاندین که ئه‌و رێکه‌وتنه هێشتا کۆتایى نییه لاى ئێمه و هه‌ندێ ورده‌کارى ماوه‌و به‌شێک لهوهفدى هه‌رێم له‌به‌غدا ماوه‌ته‌وه و واژۆ نه‌کراوه، به‌ڵام مه‌بادیئى پێدانى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه خراوه‌ته ناو پڕۆژه‌ى بودجه‌ى 2020و موچه‌و پشکى پێشمه‌رگه‌و له‌خشته‌ى هێزى کار هه‌ندێک بۆ هه‌رێم جێگه کراوه‌ته‌وه، ئه‌مانه هه‌مووى قۆناغى یه‌که‌م و زۆر گرنگه«.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد په‌رله‌مانى عێراق دیموکراسییه‌تێکى ته‌وافوقییه‌و ته‌مسیلى حکومه‌ت و خۆپیشانده‌رانیش ناکه‌ن به‌ته‌واوه‌تى، که‌واته جۆرێک ئازادییان هه‌یه بۆ گفتوگۆ‌و تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ى بودجه‌ى 2020 « قۆناغى ناڕه‌حه‌ت له گفتوگۆکانى پڕۆژه‌ى بودجه دروست ده‌بێت».
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ده‌ڵێت وهفدى دانوسانکارى هه‌رێم پێیان راگه‌یاندوون که رازى بوون (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ته‌سلیمى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى بکه‌ن و له‌به‌رانبه‌ردا له‌سه‌دا 12.67% نه‌فه‌قاتى فعلى بودجه‌ى گشتى ده‌ستده‌که‌وێت و نزیکه‌ى (11) ترلیۆن دینار ده‌کات له کۆى (162) ترلیۆن دینارى پڕۆژه‌ى خه‌مڵێندراوى بودجه‌ى گشتى عێراقدا.
ناوبراو ورده‌کارى (11) ترلیۆن دینارى پشکى هه‌رێمى خسته‌ڕوو که (5) ترلیۆن و (5448) ملیار دینارى بۆ موچه‌یه، نزیکه‌ى (600) ملیار دینارى چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى، نزیکه‌ى تریلۆنێک دینارى پشکى پێشمه‌رگه‌یه، باقییه‌که‌ى دیکه‌ى بۆ وه‌به‌رهێنان و بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاکانه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى کۆمه‌ڵ له لیژنه‌ى دارایى جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم له‌و (200) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌ى ده‌بێت شایسته‌ى دارایى کۆمپانیاکانى نه‌وتى لێبدات، چونکه حکومه‌تى به‌غدا یه‌ک دینارى شایسته‌ى دارایى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان ناداته هه‌رێم» حکومه‌تى هه‌رێم له‌و (200) هه‌زار به‌رمیله، (100) هه‌زارى ده‌کات به به‌رهه‌مى ناوخۆیى بۆ سوته‌مه‌نى و به‌رمیلێکى به (35) دۆلار ده‌فرۆشن و ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌و دێته‌وه خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت، (100)که‌ى دیکه‌ى شایسته‌ى دارایى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان زۆربه‌ى به نه‌وت پێیانده‌ده‌ن، هه‌رێم له داهاتى گومرگه‌کان سوود ده‌بینێت که داهاتى ناوخۆییه‌و نیوه‌ى بۆ عێراقه«.
په‌رله‌مانتارێک: با ژماره‌ى بودجه و پاره زۆر بێت که شه‌فافییه‌ت نه‌بێت و بدزرێت و بخورێت سوودى نابێت
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، باسى له‌وه‌شکرد که لهپڕۆژهى بودجه‌ى 2020 دا (15) باب(به‌ش) که‌مکراوه‌ته‌وه‌و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات قازانج و سوودى هه‌رێمى کوردستانى تێدا بێت.
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت هه‌رێمى کوردستان کێشه‌ى نه‌بوونى شه‌فافییه‌تى هه‌یه، ده‌شڵێت «با پاره زۆر بێت که شه‌فافییه‌ت نه‌بێت و بدزرێت و بخورێت سوودى نابێت».
شێرکۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتىوت «ئه‌وه‌ى گرنگه شه‌فافییه‌ت و وردبینییه واتا متمانه به‌و ژمارانه، چونکه هه‌رچه‌ند زۆر بێت شه‌فافییه‌ت و دڵنیایى تێدا نه‌بێت هه‌روه‌ک که‌م وایه ئه‌و پارانه، حکومه‌تى هه‌رێم باسى کردووه ئه‌و (200) هه‌زار به‌رمیله نه‌وته‌ى رۆژانه بۆ ئه‌وه‌یه قه‌رزه‌کانى بداته‌وه، قه‌رز به‌کێ و که‌ى و چۆن ئه‌مانه دوورن له شه‌فافییه‌ته‌وه‌و قه‌یرانه‌که له‌وێدایه«.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو، پێشیوابوو ژماره‌ى بودجه‌و پاره هه‌رچه‌ند زۆربێت ئه‌گه‌ر «بدزرێت و بخورێت و بشاردرێته‌وه هیچ ده‌ورێک نابینێت، ته‌ئکید له‌سیستمى ئیداره‌دانى ئه‌و پاره‌یه ده‌که‌مه‌وه که شه‌فاف و دڵنیایى تێدا بێت».
جه‌وده‌ت جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که په‌رله‌مانى کوردستان نازانێت ئه‌و (200) هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌یه‌ى ده‌مێنێته‌وه بۆ هه‌رێم پاش پێدانى (250) هه‌زار به‌رمیل به به‌غدا که‌س نازانێت چى له داهاته‌که‌ى ده‌کرێت» داهاتى ناوخۆ وه‌زاره‌تى دارایى کۆیده‌کاته‌وه، به‌ڵام چونکه حساباتى خیتامى و بودجه نییه و نه‌هاتووه بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌وه‌ش واى کردووه به‌شێوازێکى نایاسایى مامه‌ڵه‌ى پێوه بکرێت».
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه که‌پێویسته حکومه‌تى هه‌رێم پڕۆژه‌ى بودجه‌ى 2020 بنێرێته په‌رله‌مانى کوردستان و داوایان له‌وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم کردووه‌و وه‌ڵامى فه‌رمیان نه‌دراوه‌ته‌وه تائێستا.
شێرکۆ جه‌وده‌ت وتیشی «کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم په‌رله‌مانى کورد