جۆو بایدن؛ تارمایی بەسەر ترەمپەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

کاندیدە سەرەکییەکەی دیموکراتەکان بووەتە مۆتەکە بۆ ترەمپ و زۆربەی راپرسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن لەهەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی (٢٠٢٠) شکست بەترەمپ دەهێنێت.

جۆو بایدن ئامانجی سەرەکی ئەوەیە لەهەڵبژاردنەکاندا لەترەمپ بباتەوە، چونکە چیتر گەلی ئەمریکا بەرگەی سیاسەتەکانی ناگرێت و دەبێت «دووربخرێتەوە».

نەک هەر لەناو دیموکراتەکاندا بەڵکو لەزۆربەی راپرسییەکاندا بەبەراوردی لەگەڵ ترەمپ بەجیاوازییەکی گەورە براوەیە.

بایدن پێیوایە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ رووخساری گەلی ئەمریکای ناشرین کردووەو لەسەر ناپاکی کوردەکان لەسوریا رەخنەی توندی ئاراستە کردووە.

جۆو بایدن کێیە؟

جۆوسف رۆبینت بایدن لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢ لەشاری سکرانتۆنی ویلایەتی پەنسلڤانیا لەدایکبووەو دواتر لەتەمەنی (١٣) ساڵی  خێزانەکەی گواستویانەتەوە بۆ  ویلایەتی دێڵەوێر و لەوێ نیشتەجێی بوون. بایدن لەساڵی ١٩٦٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەزانستی سیاسی و مێژوودا بەدەستدەهێنێت. دواتر بڕوانامەیکی دیکە لەیاسادا بەدەستدەهێنێت لەساڵی ١٩٦٨ لەکۆلێجی یاسا لەزانکۆی سیراکس. پاشان لەساڵی ١٩٦٩ دەبێتە پارێزەرو وەک داواکاری گشتی کاریکردووە جگە لەوەی ساڵی ١٩٧٠ هەڵبژێردراوە بۆ ئەنجومەنی شارۆچکەی نیوکاسڵ لەویلایەتی دێلەوێر.

لەساڵی ١٩٧٢ وەک گەنجترین سیناتۆر، کەئەوکات تەمەنی (٢٩) ساڵ بوو، هەڵبژێردرا بۆ نوێنەرایەتی کردنی دێڵەوێر بەبردنەوەی لەسەدا ٥٨%ی دەنگەکانی ویلایەتەکە. ماوەی (٣٦) ساڵ لەئەنجومەنی پیران خزمەتی کرد پێش ئەوەی لە ٢٠٠٩ باراک ئۆباما وەک جێگری خۆی دەستنیشانی بکات.

ماوەی هەشت  ساڵ لەپۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکادا مایەوە تاساڵی ٢٠١٧و لەئێستادا کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠و رکابەری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە.

خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی

جۆو بایدن لە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٩ رایگەیاند کە خۆی کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠ و بەمەش چووە مەیدانی فراوانی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە لەئێستادا ژمارەیان (١٨) کاندیدە لەبەرامبەر تەنها سێ کاندیدی کۆمارییەکان.

بایدن بانگەشەی هەڵبژاردنی لەچوارچێوەی بەرەنگاری دۆناڵد ترەمپ چڕکردووەتەوە کەپێی وایە «گەندەڵترین سەرۆکی مێژووی مۆدێرنی ئەمریکایە».

“ئەگەر هەشت ساڵ بدەین بە دۆناڵد ترەمپ لەکۆشکی سپیدا ئەوا بۆ هەمیشەو بەشێوەیەکی بنەڕەتی کارەکتەری ئەم گەلە دەگۆڕێت و منیش ناتوانم بوەستم و سەیری روودانی ئەوە بکەم»، بایدن ئەمەی وت دوای ئەوەی خۆکاندیدکردنەکەی بۆ هەڵبژاردنەکان راگەیاند.

لەدوای ئامانجی شکستپێهێنانی ترەمپ، بایدن لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بەتایبەتی تیشکی خستووەتەسەر کەرتی ئابووری و تەندروستی وڵاتەکە.

 بایدن پێیوایە چینی ناوەند ئەمریکایان بنیادناوە بەڵام ئێستا لەلایەن چینی باڵاوە فەرامۆشکراون و بەکاردەهێنرێن. بانگەشەکەی بایدن بەڵێنی زیادکردنی کەمترین موچە دەدات و بەربەست دادەنێت بۆ کۆمپانیاکان تا نەتوانن مووچەی کەم تەرخان بکەن بۆ کارمەندەکانیان.

باشترکردنی کەرتی تەندروستی وەک خۆی باسی لێوە دەکات بووەتە «شتێکی شەخسی» بەوپێیەی کوڕەکەی، بیۆ بایدن، بەهۆی شێرپەنجەی دەماغەوە لەساڵی ٢٠١٣دا مرد. بایدن بەڵێنی داوە کەبیمەی تەندروستی بەرەوپێش ببات کە لەسەدا ٩٧%ی خەڵکی ئەمریکا بگرێتەوە لەچوارچێوەی یاسای توانای دابینکردنی تەندروستی یان (ئۆباما کەیر).

جگە لەمانەش جۆو بایدن بانگەشەی ئەوە دەکات کەسیاسەتی دەرەوەی وڵات بگەڕێنێتەوە رێچکەی خۆی دوای ئەوەی لەماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا بەلاڕێدا رۆیشتووەو سەرۆکی ئەمریکا نەیتوانیوە «بەباشی بەڕێوەی ببات»، بەتایبەتیتر سیاسەتی «جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین» پاشان سیاسەتی وڵاتەکە لەسوریا.

لەئێستادا جۆو بایدن سەرەکیترین کاندیدی دیموکراتەکانە کە لەسەدا ٢٨%ی پشتیوانی دیموکراتەکانی هەیە لەسەرتاسەری ئەمریکادا، بەپێی راپرسییەکی سی ئێن ئێن.

بەپێی راپرسییەکە، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لەسەدا ٢٨%ی دیموکراتەکان و لایەنگرانی سەربەخۆی دیموکراتەکانی هەیە. دوای ئەویش بێرنی ساندەرس سیناتۆری ویلایەتی ڤیرمۆنت  بەڕێژەی لەسەدا ١٧% پلەی دووەمی گرتووەو هەریەکە لە ئیلیزابێس وارن سیناتۆری ویلایەتی ماسەچوسێتس و پیت بوتیگەیگ سەرۆکی شارەوانی شاری ساوز بێندی ویلایەتی ئیندیانا لەپلەی دووەم و سێیەم دێن بەڕێژەی لەسەدا ١٤% و ١١%.

لەگەڵ ئەوەی لەپلەی یەکەمدایە، بەڵام جۆو بایدن کەمترین بودجەی هەبووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەچارەکی سێیەمی ٢٠١٩ کەتەنها (٣٧) ملیۆن و (٨٠٠) هەزار دۆلار بووە، کەئەمەش لەدوای بودجەی بانگەشەی هەریەکە لەو کاندیدانەیە پێشتر باسکران. بێرنی ساندەرس لەهەمان ماوەدا (٦٩) ملیۆن دۆلاری لەبانگەشەدا خەرجکردووە لەکاتێکدا ئیلیزابێز وارن و  پیت بوتیگەیگ (٥١) ملیۆن و (٦٠) ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە بۆ بانگەشە.

سەرەڕای ئەوە جۆو بایدن سەرمەشقی دیموکراتەکانە، توانیویشیەتی لەڕاپرسییەکاندا شکست بەدۆناڵد ترەمپ بهێنێت.

بەپێی راپرسییەکی کۆمپانیای (ڕیەڵ کلێر پۆلەتیکس) بۆ کۆکردنەوەی داتاو زانیاری هەڵبژاردن جۆو بایدن بە (١٠) خاڵ لەپێش ترەمپەوەیەو لەسەدا ٥٢%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا لەسەدا ٤٢%ی دەنگەکانی هەیە.

هەر بەپێی راپرسییەکە نەک هەر بایدن بەڵکو بیرن ساندەرس و ئیلیزابێز وارن لەپێش ترەمپەوەن لەسەدا ٥١% و ٥٠%ی دەنگەکان لەبەرامبەر لەسەدا ٤٣%.

بایدن بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى له‌ چوارچێوه‌ى به‌ره‌نگارى دۆناڵد تره‌مپ چرکردۆته‌وه‌ که‌ پێى وایه‌ "گه‌نده‌ڵترین" سه‌رۆکى مێژوویىمۆدێرنى ئه‌مریکایه‌"

ناکۆکی ترەمپ و بایدن

دۆناڵد ترەمپ زۆرجار بەئاشکرا دژایەتی جۆو بایدن دەکات و بەگاڵتەجاڕییەوە باسی دەکات کە «هیچ کەسێکی تر نییە زیاتر لەجۆوی بچووک من حەز بکەم پێشبڕکێی لەگەڵ بکەم».

هەندێک جاریش بەتۆنێکی جدیییەوە هێرش دەکاتەسەری و دەڵێت بۆ سەرۆکایەتی ناشێت چونکە  «لەڕووی دەرونییەوە ناتوانێت بەردەوام بێت» ئەگەر بیباتەوە.

بەڵام ئەم دژایەتییەی ترەمپ لەبەرامبەر بایدن هەڕەمەکی نییە، لەبەرئەوەی دەزانێت رکابەرێکی سەرسەختیەتی.

بایدنی تەمەن (٧٧) ساڵان لەسەرەتای خۆکاندیدکردنییەوە ئاستی پەسەندکردنی تادەهات زیاتر دەبوو لەئاستی نیشتیمانیدا لەڕاپرسییەکاندا لەبەرامبەر کەمبوونەوەی ئاستی پەسەندکردنی ترەمپدا.

بەپێی پێگەی ڤۆکس، ترەمپ ترسی لێدەنیشێت و هەوڵی ناوزڕاندنی بایدن دەدات تابتوانێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی  بۆ جاری دووەم بباتەوە.

لە ٢٥ی تەمموزی ئەمساڵ ترەمپ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوا لە ڤۆلۆدمیر زیلنیسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات تالێکۆڵینەوە لە جۆو بایدن و کوڕەکەی، هەنتەر بایدن بکات لەسەر گەندەڵیکردن لەوڵاتەکەدا.

ساڵی ٢٠١٤ هەنتەر بایدن لەکۆمپانیای غازی بوریزمای ئۆکرانی کاردەکات و لەهەمانکاتدا حکومەتی بەریتانی داوا لەداواکاری گشتی ئۆکرانیا، ڤیکتۆر شۆکین دەکات لێکۆڵینەوە  لەبەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بکات بەتۆمەتی گواستنەوەی پارەی قاچاغ، بەڵام شۆکین رەتیدەکاتەوە.

لەو کاتەدا چالاکوانانی ئۆکرانیا خۆپیشاندان دەکەن بۆ دوورخستنەوەی شۆکین لەسەر ئەنجامدانی گەندەڵی و جۆو بایدنیش، کەئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، دەچێتە ئۆکرانیاو داوا لەبەرپرسانی وڵاتەکە دەکات شۆکین دووربخەنەوە.

دواجار شۆکین دووردەخرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێی باسە ئەوەیە کەترەمپ پێیوایە بایدن ئەم کارەی کردووە بۆ پاراستنی کوڕەکەی، بەڵام شۆکین بەهۆی گەندەڵی و رەتکردنەوەی لێکۆڵینەوە لەبەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دوورخراوەتەوە.

پێش پەیوەندییەکە ترەمپ هاوکاری دارایی بەبڕی (٣٩١) ملیۆن دۆلار رادەگرێت بۆ ئۆکرانیا بەمەبەستی پشتیوانی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی روسیا کەپێش مانگێک کۆنگرێس پەسەندی کردبوو.

لەمیانی پەیوەندییەکەدا سەرۆکی ئەمریکا باسی جۆو بایدن دەکات و بەئاماژە باسی ئەوە دەکات بایدن هۆکاری لەکار دوورخستنەوەی ڤیکتۆر شۆکین  بووە کە «داواکارێکی زۆر باش بووە».

دوای ماوەیەک لەپەیوەندییەکە، کارمەندێکی (سی ئای ئەی)  لەزاری چەند شایەتحاڵێکی پەیوەندییەکەوە نامەیەک دەنووسێت بۆ کۆنگرێس و دەڵێت «زانیاریم بەدەست گەیشتووە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە کەسەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی ئۆفیسەکەی بەکاردەهێنێت تادەستتێوەردانی وڵاتێکی بێگانە رێکبخات لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی ئەمریکا».

بەهۆی ئەم نامەیەوە ئەنجومەنی نوێنەران مانگێکە لێپرسینەوەی لەدۆناڵد ترەمپ دەستپێکردووەو پرۆسەکە بەرەوپێشچوونێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوەو چەندین بەرپرسی حکومەت شایەتیان دژی ترەمپ داوە کەڕەنگە ببێتەهۆی ئەوەی لەپۆستەکەی دووربخرێتەوەو دواجار ناشتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە.

لەئێستادا پرۆسەکە لەئەنجومەنی نوێنەراندایەو لەحاڵەتی پەسەندکردنیدا دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی پیران، کە لەوێدا دادگایی ترەمپ دەستپێدەکات و ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساغبووەوە ئەوا لەپۆستەکەی دووردەخرێتەوە.

لەم بارەیەوە جۆو بایدن خۆی بەقوربانیی دەزانێت و پێیوایە دەبێت «ترەمپ دووربخرێتەوە»  لەبەرئەوەی «درۆزنە» و «گەندەڵی ناوی دووەمی ترەمپە، چونکە ئاشکرایە دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بەکارهێناوە» بۆ مەرامی سیاسی خۆی.

لەکاتێکدا ترەمپ هەموو پرۆسەکە بە «بێ بنەما» ناوزەند دەکات و پێیوایە دیموکراتەکان «گەلەکۆمەکی» لێدەکەن.

«دۆناڵد ترەمپ هێزەکانی سوریای دیموکراتی فرۆشت - کوردو عەرەبە ئازاکان کە لەگەڵ ئێمە داعشیان تێکشکاند - و ناپاکی بەرامبەر هاوپەیمانێکی ناوخۆیی گرنگ کرد لەشەڕی دژی تیرۆریزم». بایدن لەڕاگەیەندراوێکدا ئەمەی وت.

جۆو بایدن لەسەر کوردانی رۆژئاوا

لەسەرەتای  دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی تورکیا لە ٩ی تشرینی یەکەم بۆ سەر باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، جۆو بایدن رەخنەی توندی لەترەمپ گرت بۆ رێگەدان بەتورکیا بۆ هێرشکردنەسەر «هاوپەیمانە کوردەکان»ی ئەمریکاو  «ناپاکی لەبەڵێنی» گەلی ئەمریکا کرد بەرامبەر هاوپەیمانەکان.

«دۆناڵد ترەمپ هێزەکانی سوریای دیموکراتی فرۆشت - کوردو عەرەبە ئازاکان کە لەگەڵ ئێمە داعشیان تێکشکاند - و ناپاکی بەرامبەر هاوپەیمانێکی ناوخۆیی گرنگ کرد لەشەڕی دژی تیرۆریزم». بایدن لەڕاگەیەندراوێکدا ئەمەی وت.

جۆ بایدن بەئاماژەکردن بۆ پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٦ی تشرینی یەکەم وتی کەترەمپ لەو پەیوەندییەدا «هەڵخەڵەتێنرا»و بەبێ ئەوەی هیچ راوێژێک بکات بەسوپا، هاوپەیمانانمان یان دیپلۆماتکارەکان  و بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایدا لەباکوری سوریا.

بایدن باسی لەوەش کرد ئەو بڕیارەی ترەمپ نەک هەر ناپاکی بوو بەرامبەر کوردەکان، بەڵکو ناپاکیش بوو بەرامبەر «بەڵێنی ئێمە وەک گەلێک» و ناپاکی بوو بەرامبەر «سەربازەکانمان کەهاوشانی ئەوان جەنگان کەهەموو ئەمانە گومان دروستدەکات بۆ هاوپەیمانانمان لەسەرتاسەری جیهاندا سەبارەت بەپابەندی ئەمنی ئەمریکاوە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار