هەسەدە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیری پارتە کوردییە ڕکابەرەکانی دەدات

5 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

به‌رپرسانى پارته‌ کوردییه‌کان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن هه‌سه‌ده‌ هه‌وڵى به‌ده‌ست هێنانى پشگیرى ئه‌وان ده‌کات و هه‌موو کۆبونه‌وه‌کان له‌سه‌ر داواى هه‌سه‌ده‌ بون.

کامیران حاجۆ، به‌رپرسى کاروبارى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانیى کورد له‌ سووریا (ئه‌نه‌که‌سه‌)، له‌ 4ى کانونى یه‌که‌مى2019،به‌ ماڵپه‌ڕى (ئه‌لمۆنیته‌ر)ى ڕاگه‌یاندووه‌" که‌ له‌ 25ى تشرینى یه‌که‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌رپرسانى ئه‌نه‌که‌سه‌ جارێک له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم کۆبانی، فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى هه‌سه‌ده‌ و دوو جار له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانى باڵاى هه‌سه‌ده‌ به‌ سه‌رکردایه‌تیى رێدوور خه‌لیل کۆبوونه‌ته‌وه‌. کۆبوونه‌وه‌کان له‌ رۆژاڤاى کوردستان و له‌سه‌ر داواى هه‌سه‌ده‌ بووه‌".

هاوکات له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌، نه‌واف حه‌سه‌ن، یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانى پارتى یه‌کێتیى کورد، قسه‌ى کردووه‌ و وتویه‌تى "دیالۆگى ئه‌م دواییه‌ له‌لایه‌ن مه‌زڵوومه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد، ئه‌مریکییه‌کان گوشاریان بۆ هێنابوو. ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ هه‌نگاوێکى ئه‌رێنى ده‌زانین و هیچ داوایه‌کیان لێنه‌کردووین". 

هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر رۆژاڤا که‌ له‌ تورکیا به‌ ئۆپه‌راسیۆنى "کانى ئاشتی" ناسراوه‌، له‌ رۆژى نۆى تشرینى یه‌که‌م ده‌ستیپێکرد، له‌ قۆناغى سه‌ره‌تاى هێرشه‌که‌دا زیاتر له‌ 200 هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون. 

چالاکوا نێکى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نیى رۆژائاوا به‌ مه‌رجى ئاشکرانه‌کردنى ناوى به‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ وتوه‌"هێرشى تورکیا پاڵنه‌رى ئه‌و هه‌وڵه‌ بوو" که‌ ئامانج لێى ڕاگرتنى ڕه‌وتى ئاواره‌بوونى خه‌ڵک و راگرتنى ئۆتۆنۆمییه‌که‌ى ئیداره‌ى خۆسه‌رییه‌".

به‌ وته‌ى چالاکوانه‌که‌ که‌ پێشتریش نێوه‌ندگیرى له‌ نێوان هێزه‌ کوردییه‌کاندا کردووه‌، "هه‌سه‌ده‌ هاته‌پێش و وتى ئه‌وان ده‌توانن قه‌ناعه‌ت به‌ په‌یه‌ده‌ بهێنن".

ئه‌نه‌که‌سه‌ له‌ زیاتر له‌ 10 پارتى سیاسى و چه‌ندین ڕێکخراوى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى پێکهاتووه‌ و شه‌رعیه‌تێکى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌کى گرژى له‌گه‌ڵ دیمه‌شق هه‌یه‌، له‌ کاتێکدا ئیداره‌ى خۆسه‌رى له‌ یه‌ک ساڵ و نیوى ڕابردوودا چه‌ندین جار هه‌وڵى جۆرێک له‌ ڕێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ دیمه‌شق داوه‌، به‌ تایبه‌تیش دواى ئه‌وه‌ى پابه‌ندیى ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌ى ئیداره‌ى خۆسه‌رى ته‌مومژى تێکه‌وت.

دارین خه‌لیفه‌، له‌ گروپى قه‌یرانى نێوده‌وڵه‌تی، به‌ ئه‌لمۆنیته‌ر ى ڕاگه‌یاندووه‌ "ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانیى کورد  له‌ سووریا، هه‌تا ئێستاش شه‌رعیه‌تێکى سیاسى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ره‌یه‌کى یه‌کگرتووى کوردى ده‌توانێ وێنه‌ و پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تیى یه‌په‌گه‌ به‌هێزتر بکات، به‌ڵام نازانم ئاخۆ ئه‌مه‌ پێگه‌ى په‌یه‌ده‌ له‌ به‌رامبه‌ر دیمه‌شقیش به‌هێز ده‌کات یان نا". 

له‌ کاتێکدا ئه‌نجوومه‌ن له‌ نه‌یاره‌کانى دیمه‌شق نزیکه‌ و ئه‌وه‌ش گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئاڵۆزتر ده‌کات.

به‌گوێره‌ى راپۆرته‌که‌، په‌یه‌ده‌ ده‌یه‌وێ ئه‌نجوومه‌ن له‌و به‌ره‌یه‌ى ئۆپۆزسیۆن بێته‌ده‌رێ که‌ تورکیا پشتگیرى ده‌کات و به‌شێکن له‌و گروپانه‌ى له‌ پڕۆسه‌ چه‌قبه‌ستووه‌که‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى داهاتووى سووریادا به‌ پشتگیریى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌شدارن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌ن، په‌یه‌ده‌ و گروپه‌ عه‌ره‌به‌کانى دیکه‌ پێکه‌وه‌ به‌ره‌یه‌کى نوێ دروستبکه‌ن. 

به‌ڵام حاجۆ وتویه‌تى"ئێمه‌ ناتوانین بێ پشتگیریى ئه‌مریکا، رووسیا و یه‌کێتیى ئه‌وروپا ئه‌مه‌ بکه‌ین".

ئه‌نجومه‌نى نیشتمانیى کورد له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێ که‌ دارده‌ستى تورکیا بن، ئه‌نجوومه‌نیش له‌به‌رامبه‌ردا په‌یه‌ده‌ به‌ ئامرازى به‌رده‌ستى په‌که‌که‌ ده‌زانێ که‌ بیرۆکه‌ى ناسیۆنالیزمى کوردى ره‌تده‌کاته‌وه‌ و خه‌ون به‌ پێکهێنانى کۆنفیدراڵى گه‌لانه‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست ده‌بینێ.

ئیداره‌ى ئه‌مریکیش هه‌وڵى نزیککردنه‌وه‌ى یه‌په‌گه‌ و ئه‌نه‌که‌سه‌ى داوه‌، به‌رپرسێکى پێشووى ئیداره‌ى تره‌مپ بۆ کاروبارى سووریا به‌ ئه‌لمۆنیته‌ر ى وتووه‌"ئه‌وان هانى ئه‌نجوومه‌ن و یه‌په‌گه‌یان دابوو هاوکارى بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌ن له‌ ژێر ده‌ستى تورکیادا بوو. هه‌وڵه‌که‌ى ئه‌مریکا که‌ له‌ کاتى شه‌ڕى دژى داعشدا بووه‌، شکستى هێنا، له‌ کاتێکدا ئیداره‌ى ئه‌مریکى له‌ کاتى شه‌ڕى داعشدا شه‌ڕى نێوخۆى نێوان هێزه‌ کوردییه‌کانى نه‌ده‌ویست".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار