200هه‌زار موچه‌خۆر بندیوار و نایاسایین
په‌رله‌مان پله‌ى"ئینزار"ى داوه‌ته پرۆژه‌یاساى چاکسازى و بڕیاره له 21رۆژدا یه‌کلایى بکرێته‌وه
5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
په‌رله‌مانى کوردستان پله‌ى «ئینزار»ى داوه‌ته پڕۆژه‌یاساى چاکسازى و ده‌یه‌وێت له‌ماوه‌ى (21) رۆژدا په‌سه‌ندبکرێت، به‌وته‌ى په‌رله‌مانتارێکیش (200) هه‌زار بندیوار‌و خانه‌نشینى نایاسایی هه‌یه که به‌پێی پڕۆژه‌که ده‌بێت لاببرێن.
حکومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى ناردنى پڕۆژه‌یاساى چاکسازییه‌وه ده‌یه‌وێت په‌رله‌مان پاڵپشتى یاسایى بکات تا بندیوار‌و خانه‌نشینى نایاسایى و ده‌رماڵه ناشایسته‌کان لاببات و بارگرانى له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى که‌مبکاته‌وه.
له‌هه‌رێمى کوردستان یه‌ک ملیۆن و (249) هه‌زار موچه‌خۆر هه‌یه که‌مانگانه (881) ملیار دینار بۆ پێدانى موچه‌کانیان ته‌رخانده‌کرێت، حکومه‌ت ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه بارگرانى دارایى له‌سه‌ر که‌مببێته‌وه‌و موچه‌و ده‌رماڵه ناشایسته‌کان ببڕدرێت.
بڕیاره سبه‌ینێ دووشه‌ممه کاتژمێر (11)ى پێشنیوه‌ڕۆ په‌رله‌مانى کوردستان پڕۆژه‌یاساى چاکسازى بۆ خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌و ئیمتیازاته‌کان خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ بکات و پرۆژه‌که‌ش پله‌ى «ئینزار»ی پێدراوه تا له‌ماوه‌ى (21) رۆژدا یه‌کلابکرێته‌وه‌و حکومه‌تیش په‌له‌یه‌تى لهپهسهندکردنى.
حکومه‌تى هه‌رێم رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو پڕۆژه‌یاساى چاکسازى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان کردووه که‌تێیدا داواى کردووه ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران رێکبخرێته‌وه.
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان ئه‌وه ئاشکراده‌کات (200) هه‌زار بندیوار‌و خانه‌نشینى نایاسایى له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌و ده‌بێت حکومه‌ت چاره‌سه‌رى بکات.
شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو له (18)ى شوباتى 2019 که‌یه‌که‌م رۆژى ده‌ستبه‌کاربوونى په‌رله‌مان بووه فراکسیۆنه‌که‌یان پرۆژه‌یاساى چاکسازییان داوه‌ته سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌وانیش ناردوویانه بۆ حکومه‌ت تا بۆچوونى خۆیانى له‌سه‌ربده‌ن.
وتیشى «له‌ناو پڕۆژه‌که‌ى حکومه‌تدا باسى ئه‌وه نه‌کراوه کهموچهى خانه‌نشینى نابێت له (400) هه‌زار دینار که‌متر بێت، هه‌رچه‌نده خولى پێشوو حکومه‌ت ئاماده‌بوو بیکاته (300) هه‌زار دینار، باسى موچه پاشه‌که‌وتکراوه‌کانى فه‌رمانبه‌رانیش نه‌کراوه که‌ده‌بێت حکومه‌ت حساب بانکیان بۆ بکاته‌وه‌و پاره‌که بخاته‌سه‌ر هه‌ژماره‌که‌یان تاقهرزى کاره‌باو پێشینه‌و.. هتد بدرێته‌وه له‌و رێگه‌یه‌وه«.
زۆرینه‌ى بندیواره‌کان سه‌ر بهپارتى و یه‌کێتین و زۆرینه‌یان له‌ناو وه‌زاره‌ته‌کانى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆن
به‌وته‌ى سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو، زیاتر له (200) هه‌زار که‌س بندیوار یا خانه‌نشینى نایاسایی له‌هه‌رێمى کوردستاندا بوونیان هه‌یه، دوو موچه‌و زیاتریش هه‌یه، «زۆرینه‌ى بندیواره‌کان سه‌ر بهپارتى و یه‌کێتین و زۆرینه‌یان له‌ناو وه‌زاره‌ته‌کانى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆن و یه‌کگرتوو هیچ بندیوارێکى نییه«.
ده‌رباره‌ى ئه‌و بڕگه‌یه‌ى تایبه‌ته به رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان، شێرکۆ جه‌وده‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان مه‌به‌ست لهپاکسازییه «پاکسازى ده‌کرێت له‌و ده‌رماڵانه‌ى نایاسیاییهو به‌ده‌ره له رێنماییه‌کان، ئه‌وانه هه‌مووى ده‌بڕدرێت».
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو پێشیوابوو ئه‌و پاکێجى چاکسازییه پێویستى به‌په‌رله‌مان نییه‌و هه‌مووى سه‌رپێچى یاسایی حکومه‌ته‌و ده‌یتوانى لاى خۆیه‌وه چاره‌سه‌رى بکات، به‌ڵام «له‌به‌رئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم تهحهداکهى گه‌وره‌یه بۆیه پێویستى به‌پشتیوانى په‌رله‌مان هه‌یه، چونکه مه‌سه‌له‌ى چاکسازى بووه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌کى ناچارى، ئیختیارى نییه‌و دۆخه‌که زۆر مه‌ترسیدارو سه‌خته«.
سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى ده‌ڵێت، بندیواره‌کان رێژه‌یه‌کى به‌رزیان هه‌یه‌و ده‌بێت پارتى و یه‌کێتى خۆیان چاره‌سه‌رى بکه‌ن.
به‌پێی پڕۆژه‌یاساى چاکسازى له‌خانه‌نشینى موچه‌و ده‌رماڵه، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ى به‌نایاسایی به‌وه‌زیر و پله‌ى باڵا خانه‌نشینکراون، خانه‌نشینییه‌که‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌و موچه‌یه‌کى دیکه‌یان پێده‌درێت.
پێشه‌وا هه‌ورامى، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «پارتى و یه‌کێتى چه‌ندین ساڵه حکومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بووه‌و تۆمه‌ته‌که بۆ ئه‌وان ده‌بێت، هه‌موو کۆکین بندیوار هه‌یه‌و رێژه‌یه‌کى به‌رزى هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م بارگرانییه له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم و بودجه‌ى گشتى لاببرێت و پارتى و یه‌کێتى ده‌بێت خۆیان چاره‌سه‌رى بکه‌ن».
ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد په‌رله‌مان بڕیار له‌سه‌ر بندیواره‌کان نادات، ئه‌و موچهیهى وه‌ریانگرتووه لێیان وه‌رده‌گیرێته‌وه یان نا «ئه‌وه ئیشى حکومه‌ته، عه‌مه‌له‌ى جێبه‌جێکردنه‌که‌ى چۆن ده‌کات، چونکه بندیواره‌کان په‌یوه‌ندیان به (8 بۆ 9) وه‌زاره‌ته‌وه هه‌یه، ده‌بێت وه‌زیره‌کان خۆیان کهیاساکهیان پێگه‌یشت ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردنیان هه‌یه‌و چاره‌سه‌رى بکه‌ن».
وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى جه‌خت له‌وه‌شده‌کاته‌وه به‌شێکى زۆرى چاره‌سه‌ره‌کان لاى حکومه‌ته دواى ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌که ده‌بێته یاسا، ئه‌وه‌ش بهڕێنمایییهکان، جدییه‌ت و سووربونى ناو وه‌زاره‌ته‌که‌ى چۆن واده‌کات گه‌نده‌ڵى نه‌هێڵێت.
له‌باره‌ى رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کانه‌وه، پێشه‌وا هه‌ورامى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که «هیچ که‌سێک زوڵمى لێناکرێت، ماده به‌ماده په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى گۆڕینى هه‌یه، هیچ ده‌رماڵه‌یه‌کى شایسته ده‌ستى بۆ نابرێت».
هه‌رچه‌نده په‌رله‌مانى کوردستان پشووى زستانه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام به‌هۆى پڕۆژه‌یاساى چاکسازییه‌وه ره‌نگه پشووه‌که‌یان وه‌رنه‌گرن یا که‌مبکرێته‌وه.
ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى پێیوایه پڕۆژه‌یاساى چاکسازى پله‌ى «ئینزار» وه‌رده‌گرێت و ده‌بێت له‌ماوه‌ى (21) رۆژدا کاره‌کانى ته‌واوبکرێت.
سه‌لمه فاتیح، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «پرۆژه‌یاساکه‌ى حکومه‌ت که بۆ په‌رله‌مانى ناردووه پله‌ى ئینزار ده‌بێت و ده‌بێ له (21) رۆژدا ئاماده‌بکرێت و په‌له‌ى تێدابکرێت، دواى خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م لیژنه‌کان هه‌ریه‌که‌و راپۆرتى خۆى له‌سه‌ر ئاماده ده‌کات، کێ به‌رده‌که‌وێت و با به‌رکه‌وێت و بندیوار‌و سه‌ردیواریش به‌رده‌که‌وێت، ئه‌وانه‌ى به‌نایاسایى ئیشه‌که‌یان بۆ کراوه به‌رده‌که‌وێت».
ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتى تۆمه‌تبار ده‌کرێت به‌وه‌ى له‌چه‌ندساڵى رابردوودا ده‌یان هه‌زار که‌سیان وه‌ک بندیوار موچه‌یان وه‌رگرتووه له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى، سه‌لمه وتى «پارتى و یه‌کێتى له‌وه‌تى هه‌ن له‌ده‌سه‌ڵاتدان، بۆیه تۆمه‌تبار ده‌کرێن، به‌ڵام بندیواره‌کان زۆربه‌یان له‌ڕێگه‌ى بایۆمه‌ترییه‌وه چاره‌سه‌رکراون».
سه‌لمه جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه ده‌رماڵه‌کان رێکده‌خرێته‌وه، به‌پێى شایسته‌ى کارکردن ده‌بێت، «بۆ نمونه ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه، بۆ ده‌رماڵه‌ى مه‌ترسى هه‌بێت که‌مه‌ترسیان له‌سه‌ر نییه«.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، که له‌حکومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ستى که‌وتووه، حکومه‌تى هه‌رێم شه‌ڕى بڕینى ده‌رماڵه ناشایستهکانى خستۆته به‌رده‌م په‌رله‌مان تا پاڵپشتى یاسایى هه‌بێت و هه‌رکاتێک دۆخى دارایى خراپ بێت بیانبرێت، به‌ڵام هه‌رکاتێک دۆخى دارایى به‌ره‌و باشى بڕوات نایانبڕێت.
ئامانج ره‌حیم، سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حکومه‌تى هه‌رێم دواى ناردنى پڕۆژه‌یاساکه بۆ په‌رله‌مان ئه‌وه‌ى ئاشکراکرد که‌گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى چاکسازى له‌ناو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران شه‌ش کاتژمێرى خایاندووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه کهدهرماڵه شایسته‌کان نابڕدرێت.