داودئۆغلۆ هەوڵ دەدات سیستمی سەرۆکایـــەتی لەناو ببات کەئەردۆغان هێنایە کایەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: میدڵ ئیست ئای
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا هەینی رابردوو بەفەرمی پارتە نوێیەکەی راگەیاند بەناوی «پارتی ئایندە» لەوتارێکی جۆش و خرۆشدا کەباسی پێویستی چەسپاندنی دەستورێکی نوێی دیموکراتی کرد لەتورکیا بەپشتبەستن بەئازادی و مافی یەکسان.
داودئۆغلۆ کە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە لەپارتی دەسەڵات - پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) - کشایەوە، باسی بنەماکانی پارتەکەی کرد کە لەسەر بیری لیبراڵیزم (ئازادیخوازی) بنیادنراوەو رێز لە دابونەریتە جیاوازەکان، ئازادی رۆژنامەگەری، فرەیی (نەژاد و ئاین)، پلوڕالیزم (چەندایەتی، بنکە فراوانی لەدەسەڵاتدا)، ئابوری بازاڕی ئازادو عەلمانییەت دەگرێت لەگەڵ ئازادییەکی فرەیی ئایینی.
نەیارەکەی ئەردۆغان لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بەڵێنیدا کەخوێندن بەزمـــــانی دایک نەک هەر بەتورکی؛ بەڵکو بەکوردی و زمانەکانی دیکەش بخوێنرێت
«ئەزمونی مێژوویی و پێکهاتەی ئیستای وڵاتەکەمانتان بیربێت، ئێمە بەرگری لەسیستەمێکی پەرلەمانی دەکەین کەبێبەری بێت لەهەر جۆرە دەستبەسەرداگرتنێک»، داودئۆغلۆ لەوتارەکەی لەئەنقەرە وای وت.
تورکیا لەسیستەمی پەرلەمانیتارییەوە گۆڕا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی دوای ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکەیەوە پشتگیری دەکرا.
داوادئۆغلۆ باسی لەوەکرد کە «سیستەمی ئێستا گەشتووە بە ناچوستی جدی و کێشەی متمانەی هەیە لەگەڵ رووخانێکی گەورە لەستانداردی دیموکراسیماندا، دەبێت دەستوور لەسەرەتاوە بنووسرێتەوە لەگەڵ زۆرترین بەشداری لایەنە جیاوازەکان».
ئازادی رۆژنامەگەری نەهێشتنی گرتنی کوێرانەی رۆژنامەنووسان یەکێکی ترە لەکارە سەرەکییەکانی پارتی ئایندە.
«ئازادی رۆژنامەوانی پیویستییەکی بنەڕەتی کۆمەڵگەکەمانە، دەستبەسەرداگرتنی رۆژنامەوانی توانستی زرنگی و رۆشنبیریمان سنوردار دەکات. ئێمە وڵاتێک دروستدەکەین کەتێیدا رۆژنامەنووسان رووبەڕووی دادگایی کردنی هەڕەمەکی نەبنەوە»، داودئۆغلۆ وای وت.
هاوپەیمانیەتیەکی فرە
بێجگە لەسیاسی و پەرلەمانتارەکانی پێشووی ئەکەپە، (١٥٤) دامەزرێنەرەکەی پارتی ئایندە ئەندامانی کەمینەی یۆنانی، ئەرمەنی، ئاشوری، هەروەها ئیسلامی و ئابورییە ئازادیخوازەکانی تێدایەو لەسەدا (30%) بریتین لەئافرەت.
داودئۆغلۆ لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا بەڵێنیدا کەپشتگیری پێشنیارە یاساکان سەبارەت بەدامەزراندنی سیستەمێکی خوێندنی گشتی بکات کەتێیدا خوێندن بەزمانی دایک بێت نەک هەر بەتورکی، بەڵکو بەکوردی و زمانە کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەش بخوێنرێت.
لێکترازان
لەمانگی رابردوودا ئەردۆغان و داودئۆغلۆ لەدیبەتێکی گەرمدا خۆیان بینیوە لەسەر چارەنوسی زانکۆی ناحکومی سەهر کە بەتەواوی لەکارخراوە دوای ئەوەی هەژمارە بانکییەکانی بەهۆی قەرزەوە سڕکراوە.
ئەردۆغان داودئۆغلۆو نزیکەکانی تۆمەتبارکرد بەپێدانی زەوی بەشیوەیکی ناشەرعی بەزانکۆی سەهر کەئەو زانکۆیە سەر بەداودئۆغلۆیە. بەرپرسانی زانکۆکە بە «میدڵ ئیست ئای»یان وت کەگومان دەکەن سیاسەت رۆڵی گێڕابێت لەسەرکوتکردنەکەی دژیان.
لەهەڵمەتێکدا بۆ رێگەگرتن لەدروستبوونی پارتێکی رکابەر، راپۆرتە هەواڵییەکان باسیان لەوەدەکرد ئەردۆغان هەفتەی رابردوو شاندێکی باڵای بەرپرسانی پێشووی ئەپەکەی ناردبێت بۆ لای داودئۆغلۆ تا ڕازی بکەن پارتەکەی رانەگەیەنێت، بەڵام داودئۆغلۆ رەتیکردوەتەوە.
ئەردۆغان هەفتەی رابردوو شاندێکی باڵای بەرپرسانی پێشووی ئەپەکەی ناردووە بۆ لای داودئۆغلۆ تا ڕازی بکەن پارتەکەی رانەگەیەنێت، بەڵام داودئۆغلۆ رەتیکردوەتەوە
گومان و پرسیار هەیە لەسەر ئەوەی ئاخۆی پارتە نوێیەکەی داودئۆغلۆ سەرکەوتوو بێت
لەڕاپرسییەکدا کە لەنێوان (٢٠-٢٦)ی تشرینی یەکەم ئەنجامدراوە دەریدەخات کەتەنها لەسەدا (٧٤%)ی دەنگدەرانی ئەکەپە، وتوویانە «دڵسۆزن» بۆ ئەردۆغان کەئەمەش مانای ئەوەیە ئەوەی دەمێنێتەوە رەنگە لەلایەن پارتێکی ترەوە قایل بکرێن.
راپرسییەکی تر کە لەلایەن کۆمپانیایەکی راوێژکاری تورکیاوە ئەنجامدراوە لە نیوان (٢-٩)ی تشرینی دووەم لەنیوان (٢٥٣٥) کەسدا، دەریدەخات کەئەو پارتەی لەلایەن داودئۆغلۆ دروستدەکرێت دەتوانێت لەسەدا (٦%)ی کۆی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبهێنێت. لەکاتێکدا لەسەدا (١١%)ی بەشداربووانی راپرسییەکە وتیوویانە کاتێک بڕیاردەدەن کەپارتەکە دادەمەزرێت.
هەرچەندە هەندێک بڕوایان وایە بانگەشەکانی داودئۆغلۆ لەسەر ماف و ئازادی سەرنجی فراوان راناکیشێت بەلای خۆیدا، چونکە هیچ شتێکی نوێی نییە پێشکەشی بکات جگە لەئازادی خوێندن.
«هیچ شتێکی نوێ نییە دەربارەی پارتی ئایندە»، جان سەلجوقی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای راوێژکاری توێژینەوەی ئابووری لەئەستەمبوڵ وا دەڵێت. «هەموان، بەئەردۆغانیشەوە، باسی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن. بێجگە لە پەیامە بەهێزەکەی دەربارەی خوێندنی کوردی، من هیچ شتێکی نوێ نابینم».
سەلجوقی پێیوایە هیچ یەکێک لەدامەزرێنەرانی پارتەکە سەرنجی دەنگدەران راناکێشن.
«بەپشت بەستن بەتوێژینەوەکەمان دەتوانم پێتان بڵێم کە لەسەدا (١٥-٢٠)ی دەنگدەرانی تورکیا هەیە کە بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن. جا پارتەکەی داودئۆغلۆ بێت یان پارتی سەرکی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە، بێت کەئەم بەرەیە بەلای خۆیدا راکێشێت، جارێ نازانین؟».
هەندێک دەنگۆ هەیە لەسەرئەوەی داودئۆغلۆ هەوڵی سەرۆکایەتی دەدات لەهەڵبژاردنی (٢٠٢٣)دا بەڵام سەلجوقی وتی کەجارێ زۆر زووە باسی ئەوە بکرێت دەنگدەرانی ئەکەپە لەئەردۆغان بکشێنەوەو نکۆڵی لێبکەن لەخولی یەکەمدا.
مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو داودئۆغلۆو هاوپەیمانەکانی دەستیان لەئەکەپە کیشایەوە، بەمەش پێش دەرئەنجامی پرۆسەی دەرکردنە فەرمییەکە کەوتن کە لەلایەن لیژنەی راپەڕاندنی پارتەکەوە دەستی پێکرد لەچەند مانگی رابردوودا.
سەرۆک وەزیرانی پیشوو وتی کە لەوکاتەی بەرنامەکەی راگەیاندووە لەنیسانی ئەمساڵەوە، بەرەکەی هەوڵیداوە رەخنە بگرێت لەنێو پارتەکەدا (پارتی ئەکەپە) لەسەر شکستی رێنماییە حکومییەکان تایبەت بەگەندەڵی، مافە دیموکراسی و ئازادییەکان.