کوردانی بەریتانیا مەیلیان بەلای پارتی کاردایە کە نەیاری برێکزیتە
5 ساڵ لەمەوپێش
کاوە ڕەش، بەریتانیا
هەڵبژاردنی پێش وەختەی پارلەمانیی ئەم جارەی بەریتانییەکان، زیاتر لەڕاپرسی دەچوو، لەسەر پرسی برێکزت، نەک هەڵبژاردنی گشتی.
هۆکاری سەرەکی ئەو هەڵبژاردنەش، دیسانەوە گرێ دراوی پرسی مشتومڕی سێ ساڵەی دەرچون و دەرنەچونی بەریتانیا بوو لەیەکییەتی ئەوروپا.
سەرۆکی کامپەینی دەرچونی بەریتانییەکان لەیەکییەتی ئەوروپا، کەئەو کات بۆریس جۆنسن بوو، توانی ڕاپرسییەکە لەقازانجی بەرەی دەرچون سەربکەوێنێ.
دواتریش کەچانسی پۆستی سەرۆک وەزیرانی مۆسگەر کرد، بڕیاڕی دا ئەو پرسە کۆتای پێ بهێنێ، بەوەی شەمەندۆفێری ڕیفراندۆم بگەیەنێتە دوا وێستگە.
بەڵام بەشێک لەئەندام پارلەمانی پارتەکەی یاخی بون و دەنگیان دژی بڕیاڕو کارەکانی سەرۆک وەزیران دەددا لەپارلەمان، بەمەش کارەکانی بەرەوپێش چونی سەرۆک وەزیران و حوکمەتەکەی کەوتبونە دۆخی چەق بەستنەوە. واتا پارلەمانێکی هەڵواسراو هاتبوە گۆڕی، تەواوای هەنگاوەکانی بەرەوپێش چونی ووڵاتی ڕاگرتبوو. سەرئەنجام بڕیاڕی هەڵبژاردنی پێش وەختە پەسەند کرا.
لەهەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەردا پارتی پارێزگاران کەماوەی دەساڵە فەرمانڕەوایە، جارێکی دیکە توانی دەسەڵات بگرێتەوە دەست بۆ ماوەی پێنج. ساڵی داهاتوو، بەزۆرینەیەکی بێ بەربەست لەپارلەماندا.
لەوەتەی ساڵانی هەشتاکانەوەو لەسەردەمی مارگرێت تاچەرەوە، بۆ یەکەم جارە ژمارەی کورسییەکانی پارتی پارێزگاران بگاتە ٣٦٥ کورسی. تەنها لەو هەڵبژاردنەدا توانیوەتی ٤٧ کورسی زیاتر مسۆگەر بکات. بۆریس جۆنسنی سەرکردەی پارتەکە، ئەوسەرکەوتنەی بەمێژووی وەسفکر بۆ خۆی پارتەکەی.
لەبەرامبەردا پارتی کار بەسەرۆکاتی جێرمی کۆربین، ٥٩کورسی لەدەستدا، سەرۆکی پارتی کار، دڵتەنگی و نیگەرانی خۆی نیشاندا بەو دەرئەنجامە.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی ئەو پارتانەی دژی دەرچونی بەریتانیایە بوون لەیەکییەتی ئەوروپا، ژمارەی کورسییەکانیان کەمی کرد، جگە لەپارتی نیشتمانی سکۆتلەندی .
لیبڕال دێموکراتی بەریتانیا بەدروشمی هەڵوەشاندنەوەو ڕاگرتنی دەرئەنجامی ڕاپرسی چوبوە ئەو دەنگدانەوە، تەنانەت سەرۆکی پارتەکە نەیتوانی کورسیەکەی خۆی مسۆگەر بکاتەوە.
پارتی DUP کەهاوپەیمانی حوکمەتەکەی بۆریس جۆنسن بون و ئەوانیش دژی حوکمەت دەنگیاندا بوو، لەم هەڵبژاردنە شکستیان هێناو دوو کورسیان لەدەستدا.
لەو هەڵبژاردنەدا جارێکی دیکە بەریتانییەکان دووپاتیان کردەوە کەوئەوان دەیانەوێ ئەنجامی ڕاپرسیەکەیان جێبەجێ بکرێت.
بەشێکی زۆریان بێزار بون لەو مشتومڕە توندانەی نێو پارلەمان لەسێ ساڵی ڕابردودا کەهیچ ئەنجامێکیان نەبووە.
پارتی پارێزگاران لەماوەی دەساڵی ڕابردودا توانیوەتی ڕێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاست لەمێژووی بەریتانیادا بهێنێتە خوارەوە. لەگەڵ ئەوەش کرێی کاتژمێرەکانی کارکردنی بەرزکردۆتەوەو بڕیارە زیاتریشی بکات. یەکئک لەبڕیاڕو بەرنامەکانی پارتی پارێزگاران پرسی کۆچبەرانی ئەورپی و دەرەوەی یەکییەتی ئەوروپایە. بڕیارە پرۆسەی پێدانی فیزای کار بەوانەی کاراماو شارەزاو لێهاتون و پێویستن بۆ کەرتەکانی ووڵات خێرا بکات.
لەگەڵ ئەوەش هاوشێوەی ئۆسترالیا، سیستەمی وەرگرتنی پەنابەران پەیڕەو دەکات.
ئەوەی لە٢٤ کاتژێردا ڕوویدا هەڵبژاردن و دەرکەوتنی ئەنجانەمەکەی بوو. هەرلەو ماوەیەدا سەرۆکی پارتی کۆنسەرڤاتیڤ چوە دیداری شاژنی ووڵات بۆ پێدانی متمانە بۆ دروستکردنی کابینەی نوێی حوکمەتەکەی بڕیارە ئەمڕۆ بۆریس جۆنس لەگەڵ تەواوی ئەندامە دەرچوەکان کۆبێتەوە. ڕۆژی دووشەممە ئامادەکاری دەکرێ لە بینای پارلەمان بۆ سوێند خوارنی ئەندامانی نوێ. سئ شەممە تەواوی ئەندامانی پارلەمان سوێند دەخۆن.١٩ دیسەمبەر شاژن بەفەرمی خولی نوێی پارلەمانی بەگوتارێک دەکاتەوە. پێ دەچێ بەرلەهاتنی سەری ساڵی نوێش پرسی برێکزت کۆتای پێ بهێندرێت و لەلایەن پارلەمانەوە بەتەواوی تێپەڕێندرێت
هەربۆیە وەک دیاریەکی کریسمس ٢٠ی دیسمبەر جارێکی دیکە ڕێککەوتن نامەکەی بۆریس جۆنس لەسەر پرسی جیابونەوە دێتە پارلەمان و تئدەپەڕێندرێت.
لەو هەڵبژاردنەدا چوار کورد بەربژێر بوون ،بەڵام دوو کورد سەرکەوتن کەیەکێکیان، نەدیم زەهاوی بوو، کەجارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە، هەروەها فڕیاڵ کلارک، توانی کورسیەک بۆ پارتی کار مسۆگەر بکات.
هەرچەندە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا، زۆر پەیوەست نیە بەوەی کام پارت دەسەڵاتدارە، بەڵام زۆربەی کوردەکانی بەریتانیا خۆیان بەنزیک تر لەپارتی کار دەزان، هەربۆیە ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، زۆرجار دەنگ دەدەن بە پارتی کار.