خەڵکی بەریتانیا برێگزتیان پەسەندکرد لەهەڵبژاردندا
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: فاینانشڵ تایمز
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
پارتی پارێزگاران لەبردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدا زۆرینەی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیای بردەوە کە «دەسەڵاتێکی رەها» دەداتە پارتەکە بەوتەی سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن. پارتی کار لەساڵی ١٩٣٥ەوە کەمترین کورسی پەرلەمانی بردەوەو ئەم هەڵبژاردنە ئەدایەکی خراپتر بوو لەهەڵبژرادنی ١٩٨٣.
پارێزگاران سەرەکیترین سوودمەندبوو لەو (٥٩) کورسییەی پارتی کار لەدەستیدا هەرچەندە پارتی نیشتمانی سکۆتلەندە شەش کورسی لەبندەستی پارتەکەی جێرمی کۆربین دەرهێنا. ئەم ئەنجامە گوزارشتە لەگەورەترین زۆرینەی پارێزگاران لەدوای کابینەکەی مارگرێت ساچەر لە ١٩٨٧. ئەو زۆرینەیە چەکی پێویست دەدات بەدەستی بۆریس جۆنسنەوە کە پێویستییەتی بۆ بەجێگەیاندنی رێککەوتنی برێگزت (دەرچوون لەیەکێتی ئەوروپا) لە ٣١ی کانونی دووەمدا.
دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، سەرۆک وەزیران وتی هیوای وایە ئەم بردنەوەیە «کۆتایی» بەدیبەیتی برێگزت بهێنێت و «با پرۆسەی چاککردنەوە دەستپێبکات».
ئەمە مانی ئەوەیە ئەم بردنەوەیە «بنبەستی رێگاکەی» تێکشکاندووە لەپەرلەماندا لەسەر بابەتی برێگزت و کۆتایی هێنا بەهەموو «هەڕەشەکان» لەسەر ئەنجامدانەوەی ریفراندۆمێکی تر بۆ مانەوە یان بەجێهێشتنی ئەوروپا، کەسەرکردەی پارتی کار جێرمی کۆربین سووربوو لەسەری.
دوای لەدەستدانی زۆریک لەدەنگەکان، جێرمی کۆربن وتی کە «زۆر غەمبارە»و «هەمووشتێکم کرد کە لەتوانامدا بوو» بۆ سەرخستنی پارتی کرێکاری بەرەو دەسەڵات.
کاریگەرییەکانی دوای هەڵبژاردن ئەوەبوو کە (٤٩) کورسی تر زیادبوو بۆ پارتی پارێزگاران لە (٣١٦) کورسی پەرلەمانەوە بۆ (٣٦٥) کورسی بەتەنها بە بەرزبوونەوەی لەسەدا (١.٢%) لەدەنگەکانیان بەبەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو. بەشی پارتی کار لەدەنگەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد -بەنزیکەی لەسەدا (8%) - بەلەدەستدانی (٥٩) کورسی لە (٢٦٢)ەوە بۆ (٢٠٣) کورسی پەرلەمان، بەڵام پارتەکە توانی رێژەی دەنگەکانی زیاتربێت لەو رێژەیەیی بەدەستیانهێنا لەهەڵبژاردنەکانی (٢٠١٠ و ٢٠١٥)دا.
رێژەی بەشداریکردن لەسەدا (٦٧.٢%) بوو له کۆى (46) ملیۆن دەنگدەر لەسەرتاسەری وڵاتدا، بەڵام ئەم رێژەیە زۆر باشە لەهەڵبژاردنی زستانەی بەریتانیاندا لەساڵی ١٩٢٣ەوە. سەرەرای ئەوەی رۆژی دەنگدان کەشوهەوایەکی باراناوی هەبوو بەڵام تەنها رێژەی بەشداری بەلەسەدا (١.٥%) دابەزی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی دوو ساڵ لەمەوبەر هەرچەندە هێشتا بەرزترە لەهەر هەڵبژاردنێکی گشتی لەم سەدەیەدا.
بردنەوە گەورەکەی پارتی پارێزگاران لەباکوری ئینگلتەراوە دەستی پێکرد کەماوەی (٧٠) ساڵە پارتی کار تێیدا براوەیەو بە»دیواری کار» ناسراوە. دیوارەکەی کار بەدەنگی ئەو ئەندامانەی خۆی رووخا کە پێیانباشە بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا دەربچێت. تەنها لەباکوری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرادا پارتی کار دەنگی لەسەدا (١٣%)ی لەدەستدا.
لەوتاری بردنەوەیدا، بۆریس جۆنسن رایگەیاند ئەم ئەنجامە گوزارشتە لە «کازیوەیەکی» نوێ بۆ وڵاتەکە. جۆنسن سوپاسی دەنگدەرانی پارتی کاری کرد، کەبەوتەی ئەو زۆربەیان بۆ یەکەمجارە پشتگیری لەپارێزگاران بکەن و بەڵینیدا «ئەو متمانە پیرۆزە» بەهەدەر نەدات کەپێیان داوە.
«رەنگە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئێوە بگەڕێنەوە بۆ پارتی کار وە ئەگەر بابەتەکە بەو شێوەیە بێت ئەوا سوپاسگوزاری ئەو متمانەیەم پێتان بەخشیوم و هەرگیز پشتگیری ئێوە بەسادەیی وەرناگرم»، سەرۆک وەزیران ئەم وتەیەی ئاراستەی لایەنگرانی پارتی کار کرد کەدەنگیان بۆ پارتی پارێزگاران داوە بۆ سەرکەوتنی برێگزت.
دوای پارتی پارێزگاران براوەی سەرەکی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندی بوو کە (٤٨) کورسی لەکۆی (٥٩) کورسی سکۆتلەندی بۆ خۆی جێگیرکرد.
چاوەڕێ دەکرێت بۆریس جۆنسن لەدووشەممەی داهاتوودا رێکخستنەوەیەکی بچوک لەحکومەتدا رابگەیەنێت و دواتر لەسێشەممەدا پەرلەمانتارانی هەڵبژێردراو بەرەو باڵەخانەی وێستمینیستەر (ئەو شوێنەی پەرلەمانی تێدایە) بەڕێدەکەون بۆ سوێندخواردن پێش ئەوەی شاژن بەفەرمی پەرلەمان بکاتەوە بەڕوویاندا.