سزاکانی سەر ئێران، دیارییەکی گەورەن بۆ چین و ڕووسیا

7 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بڕیاریدا کە لە ڕێکەوتنە  ئەتۆمییەکەی ئێران بکشێتەوە، کۆمپانیا ئەوروپیەکانیش بیر لە جێهێشتنی ئێران دەکەنەوە بەڵام ئەمە لە سوودی چین و ڕووسیا دەبێت.

لە ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکیدا هاتووە کە کۆمپانیا حکوومیە چینی و ڕووسییەکان دەیانەوێت کشانەوەی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئێران بۆخۆیان بقۆزنەوە و خۆیان دەستبەکاری بازرگانی بکەن لەگەڵ تاران.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، ڕایگەیاندبوو کە ئەوان «بەهێزترین ئابڵووقە لە مێژوودا» دەخەن سەر ئێران ئەگەر بێت و ئێران چالاکییە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوەستێنێت و دەست لە تاقیکردنەوەی مووشەکی دوورهاوێژ هەڵنەگرێت.

ئێستا ئەو بەرپرسە ئەوروپیانەی کە لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هێشتیان ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بێتەدی، ترسیان لە پەکین و مۆسکۆ هەیە کە دەست بەسەر قازانجەکانیان بگرن لە ئێراندا.

پاتریک پۆیانێ، بەڕێوبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی فەڕەنسی، لەو بارەیەوە وتی «ئەوەی کە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا باشنابێت ئەوەیە کە لە کۆتایی تەنها ڕووسیا و چین بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەن».

کۆمپانیای کۆرپی چینی کە تایبەتە بە نەوت و بەنزین و ماددە کیمیایەکان، وەفدێکی بۆ تاران نارد تاکو گرێبەستێکی سێ ملیاری دۆلاری لەسەر گەورە کێڵگە نەوتییەکانی ئێران واژۆبکەن بەڵام بەهۆی کشانەوەی تڕەمپ لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە ئەو مامەڵە بازرگانییەی نێوان ئێران و چین وەستاوە. خۆ ئەگەر بێت و ئەو ڕێکەوتنە جێبەجێبکرێت، ئەوا دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنانی دەرەکی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا.

ئێستا کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی، نیازی هەیە بە بڕی یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنانی گازی سروشتی لە ئێران بە دوو کۆمپانیای چینی بفرۆشێت، چونکە تۆتاڵ نیازی هەیە ئێران جێبهێڵێت.

ئێستا چین لەگەڵ تاران ڕێککەوتوە کە ڕێگای شەمەندەفەر و میترۆکانی ئێران نۆژەن بکاتەوە و ئۆتۆمبێلیش بەرهەمبهێنێت. جیا لەوەش ئێستا لە بازاڕەکانی ئێران جلوبەرگ و ئامێرە ئەلیکترۆنییە چینیەکان زۆر لەبەر هەرزانی نرخەکانیان بەناوبانگ بوون.

ڕووسیا بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام کۆمپانیاکانی خەریکی دروستکردنی پەیوەندی زیاترن. مۆسکۆ لە ئیستادا پێداوایستی و ئامێری مۆدێرن بۆ دەرهێنان و پیشەسازی نەوت دەداتە تاران.

گەورەترین کۆمپانیای حکوومی ڕووسی، ڕوسنەفت، ساڵی ڕابردوو ڕەزامەندی دەربڕی کە کار لەسەر ڕێکەوتنی ستراتیژی لە ئێران بە بەهای ٣٠ ملیار دۆلار بکات، بەڵام وەردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد.

هەروەها کۆمپانییەکەی دیکەی حکومیی ڕووسیا بە ناوی زاروبێژنەفت ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران هەیە بۆ پەرەپێدانی نەوتی خاو لەو وڵاتە. لە مانگی سێی ئەمساڵ، ئەو کۆمپانیا ڕووسیە، گرێبەستێکی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری لەگەڵ تاران واژۆ کرد بۆ گەشەپێدان بە دوو کێڵگەی نەوتی بچووک، لە کاتێکدا کۆمپانیا ئەوروپیەکانی وەک بی پی بەڕیتانی و وینتەرشێڵی ئەڵمانی هیواخوازبوون ئەوان ئەو گرێبەستە وەربگرن، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێران کشانەوە.

ئەمانەش کارێکی وادەکەن کە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران کاریگەری ئەوتۆی نەبێت. زۆرێک لە کۆمپانیا چینیەکان پەیوەندییان بە سیستەمی دارایی ئەمریکاوە نیە ئەمەش وا دەکات ئەوان بە ترسێکی کەمتر کار لە ئێران بکەن تاکو کۆمپانیا ئەوروپیەکان. ئەمەش وایکردوە کە یەکێتی ئەوروپا بە دوای ڕێگایەک بگەڕێت کە بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە ئێران بپارێزێت.

لە ساڵی ٢٠١٠، ڕووسیا و چین پشتگیرییان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە سزا بخەنە سەر ئێران تاکو بیهێننە سەر مێزی گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی بەڵام ئەمجارە ئەو دوو وڵاتە پشتگیریی لە ئەمریکا ناکەن و کاری بازرگانی خۆیان لەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.

 

لای خۆشیەوە ئێران دەستیکردووە بە گرنگیدانی زیاتر بە ڕووسیا و چین. پەکین یەکەم وڵات بوو کە وەزیری دەرەوەی ئێران، جەواد زەریفی، سەردانی کرد کاتێک ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە.

ئەمەش وایکردوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک ئەوەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی پێداوە بڵێت»ڕووسیا و چین دەستێوەردانی ئێران لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست بە هەڕەشە دەزانن».

هەروەها ئەمریکا بڕوای وایە کە سزاکانی سەر ئێران گەورەتر دەبن لەوەی ڕووسیا و چین بیانەوێت کاری بازرگانی لەو وڵاتە ئیسلامییە بکەن.  بەڵام بۆ ڕووسیا، ئێران دەرگای وەزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پێکەوەش هاوڕان لەسەر بارودۆخی سووریا.

چینیش ئێستا گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. تەنها لە ساڵی٢٠١٧، چین بە بەهای ٣٧ ملیار دۆلار نەوتی لە ئێران کڕیوە. ئەمەش وادەکات کە سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە دیارییەکی گەورە بن بۆ ڕووسیا و چین و کۆمپانیا ئەوروپیەکانیش زەرەرمەندی یەکەمن لەم نێوەندەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار