ئەو ئاستەنگە سەرەکییانەی کەدەبێت بۆریس جۆنسن ئاوڕیان لێبداتەوە لەحکومەتە نوێکەیدا

جۆنسن بەڵێنی دروستکردنی ٤٠ نەخۆشخانەی نوێــــــــــی دابوو کە تێچووەکەی ڕەنگە بگاتە 32 ملیار پاوەند

5 ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرتی: زە سەن

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

 

بۆریس جۆنسن زۆرینەی بردەوە لەهەڵبژاردنی گشتیداو لەکۆتاییدا دەتوانێت برێگزت جێبەجێ بکات لەگەڵ بەرنامەکانی تریدا.

بردنەوە گەورەکەی مانای ئەوەیە پارتی پارێزگاران دەتوانێت چەندین یاسا تێبپەڕێنێت بەبێ ئەوەی تووشی سەرئێشەی زۆر بکرێت لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە.

قەبارەی دۆڕانەکەی پارتی کار رێگە خۆشدەکات بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای ناوخۆی و نێودەوڵەتی.

لەئێستادا کەسەرۆک وەزیرانی فەرمییە، بۆریس جۆنسن رایگەیاندووە کەپێنجشەممەی داهاتوو لەوتارێکدا پلانی کاری بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دەخاتەڕوو دوای ئەوەی شاژن  بەفەرمی  پەرلەمان دەکاتەوە.

پێگەی زە سەن ئەو کێشەو بەربەستانەی دەخاتەڕوو کەڕووبەڕووی سەرۆک وەزیران دەبنەوە.

برێگزت

سەرۆک وەزیران زۆرینەی بردەوە بۆ «بەجێگەیاندنی برێگزت» و لەئێستادا مەحاڵە کەپەرلەمانتاران رێگایەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ رێگەگرتن لەبەریتانیا تا لەیەکێتی ئەوروپا دەربچێت.

جۆنسن پێش هاتنی جەژنی سەری ساڵ دەستدەکات بەپرۆسەی برێگزت، بەڵام پێناچێت کاتی تەواوەتی هەبێت هەموو دەنگەکان کۆبکاتەوە هەتاوەکو مانگی کانونی دووەم دێت.

جۆنسن کێشەکە ئەوەندە بەجدی وەردەگرێت کە رەنگە فەرمان بەپەرلەمانتاران بکرێت تا لەشەممەدا ٢١ی کانونی یەکەم، کەڕۆژی پشووە، کاری لەسەربکەن بۆ خێرا ئامادەکردنی.

ئەمەش وادەکات پڕۆژەیاسای رێککەوتنی کشانەوە بباتە پەرلەمان تا لە ٣١ی کانونی دووەم برێگزت بەجێبگەیەنێت.

سەرۆک وەزیران دەبێت ستراتیجیەتێکی دانوستان دابڕێژێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی چ جۆرە پەیوەندییەکی هەبێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەداهاتوودا.

ئەمەش پێویستی بە بەرنامەیەک هەیە بۆ بازرگانی، کشتوکاڵ، راوەماسی، هەروەها ژینگە هەرکە بەریتانیا یەکێتی ئەوروپای بەجێهێشت.

بەریتانیا تەنها یەک ساڵی لەبەردەمە رێککەوتنێک بکات و پێویستە رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی لەکاتێکدا دەرگاکان بەکراوەیی بهێڵیتەوە بۆ بازاڕە گرنگەکانی ئەوروپا.

تاکە سەختی کە رووبەڕووی جۆنسن دەبێتەوە لایەنگرانی سەرسەختی بڕێگزتن کەدژی هەر هەنگاوێکن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گواستنەوە.

تاوان

بۆریس جۆنسن پێشتر بەڵێنیداوە پشتگیری لەهێزی پۆلیس بکات بە دامەزراندنی (20) هەزار ئەندامی زیادە.

سەرکردەی بەریتانیا پلانیشی راگەیاندبوو بۆ فراوانکردنی پرۆسەی «راگرتن و گەڕان»ی کەسەکان لەهەڵمەتێکدا بۆ بنەبڕکردنی ئەنجامدانی تاوان بەچەقۆ.

پێداچوونەوەیەکیش داواکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن پۆلیس و دژەتیرۆری بەریتانیا چارەسەری کێشەکە دەکەن.

ئەمە دوای ئەوە دێت کەهەڕەشەی تیرۆرستی لەچەند هەفتەی رابردوودا کەمبوویەوە پێش ئەوەی هێرشی پردەکەی لەندەن رووبدات.

هەروەها جۆنسن بەڵێنی دانانی (50) هەزار پەرستارو شەش هەزار پزیشکی  داوە

تەندروستی

سەرۆک وەزیران رووبەڕووی دەستپێکێکی سەخت دەبێتەوە لەکەرتی تەندروستیدا.

پێشتر بەڵێنی دروستکردنی (40) نەخۆشخانەی نوێی داوە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتە خراپەکە، بەڵام تائێستا رەتیکردووەتەوە باس لەتێچووەکەی بکات.

پەیمانگەی توێژینەوەی بودجەیی باس لەوە دەکات کە تێچووی (40) نەخۆشخانەکە رەنگە بگاتە (24) ملیار پاوەند کە دەکاتە نزیکەی (32) ملیار دۆلار.

هەروەها جۆنسن بەڵێنی دانانی (50) هەزار پەرستارو شەش هەزار پزیشکی  داوە، بەڵام ئەم ژمارەیە (18) هەزار ستافەکەی ئیستاش دەگرێتەوە.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە پڕۆژەیاسای پەرلەمانی دەبێت  زامنی (34) ملیار پاوەند زیادە بکات کە بەڵێندرابوو بە کەرتی تەندروستی بدرێت تاساڵی ٢٠٢٣.

خاوەندارێتی خانوو

چارەسەرکردنی قەیرانی خاوەندارێتی خانوو دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی ئەگەر پارتی پارێزگاران بیانەوێت جۆنسن لەپۆستەکەی بمێنیتەوە.

خاوەندارێتی خانوو خەونێکی بەدینەهاتووی زۆربەی چینی گەنجانەو حکومەت زۆر لەدواوەیە بۆ دابینکردنی بەڵێنی (300) هەزار خانوو بۆ هەر ساڵیک.

سیستەمەکەی ئێستا پشتی بەستووە بەدروستکەرانی خانوو لەکەرتی تایبەتدا کەئەمانیش وەڵامی خاوەن پشکەکان دەدەنەوە نەک حکومەت.

هەروەها بەڵێنی ئەوەشدراوە کە بێلانەیی (بێماڵی) لە ٢٠٢٤ کۆتایی پێ بهێرێت کەئاستەکەی لە (12) ساڵی رابردوودا بەرزترین بووە.

دادگاکان

حکومەت بەڵێنیداوە سزا قورس بکات بۆ تیرۆرست و پەلاماردەرە توندوتیژکارەکان.

بەڵێندراوە کە لانیکەم (14) ساڵ زیندانی بسەپێنرێت بەسەر تاوانبارانی تۆمەتی توندوتیژی جدی.

قەیرانێکی تر لەدادگاکاندایە کەدەسەڵاتداران سەدەهایان لەسەرتاسەری بەریتانیادا داخستووە.

ئابووری

 گەشەی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی بەریتانیا لەسێ ساڵی رابردوودا بووەتە نیوە لەکاتێکدا وەبەرهێنانی بازرگانی لەسەدا ١١% کەمیکردووە لەکاتی دەنگدانی برێگزتەوە.

قەرزی نیشتمانیش زۆر بەرزەو هەروەها زیاتریش دەبێت کەئەمەش بەریتانیا دەخاتە بەردەم مەترسی سستی ئابووری.

هەروەها پاوەند بەرزی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بردنەوە گەورەکەی پارتی پارێزگارانەوەو جۆنسن بەڵێنیداوە  رێککەوتنی بازرگانی بەرەوپێش ببات لەسەرتاسەری جیهاندا.

سەرۆک وەزیران بەڵێنیداوە (85) پاوەندی باجی ساڵانە ببرێت بۆ (31) ملیۆن کرێکارو هەروەها کەمکردنەوەی باجی سووتەمەنیش بۆ (37) ملیۆن شۆفێرەکەی بەریتانیا.

سکۆتلەندا

دوای بردنەوە گەورەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا، کە (48) کورسی لەکۆی (59) کورسی سکۆتلەندای بەدەستهێنا، نیۆکلا سترۆجن سەرۆکی پارتەکەو سەرۆک وەزیرانی سکۆتلەندا جارێکی تر هەوڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەداتەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار