گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا

5 ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرتی: گۆڤاری بزنسی عەرەبی

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

لەدووشەممەی رابردوودا سەرۆکی لوبنان میشێ عەون دانوستانەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێی دواخست دوای چەند هەفتەیەک لەخۆپیشاندانی ئاشتی لەوڵاتەکەدا کە بەرەو رەوتی توندوتیژی هەنگاوینا لەم دواییانەداو چەندین برینداری لێکەوتەوە.

لە ٢٩ی تشرینی یەکەمدا حکومەت دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی خۆپیشاندانە فراوانە بێوێنەکەی وڵاتەکەوە بۆ داواکردنی چاکسازی تەواوەتی لەچینی سیاسیدا کە بەگەندەڵ و نەگونجاو سەیر دەکرێن.

لە دووشەممەی رابردوودا ئۆفیسی میشێل عەونی سەرۆک رایگەیاند «وەڵامی داواکاری سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، سەعد حەریری داوەتەوە بۆ دواخستنی دانوستانی پەرلەمان تا ١٩ی کانونی یەکەم».

لەلایەکی دیکەوە ئۆفیسی حەریری رایگەیاند کەدواخستنەکە - کەئەمە دووەم جارە لەم مانگەدا- بۆ دوورکەوتنەوەیە لە «دەستنیشانکردنێک بەبێ بەشداری بەرەیەکی سەرەکی مەسیحییەکان».

لەدوایین پێکدادانەکاندا لەدووشەممەی رابردوو، لایەنگرانی دوو پارتە سەرەکییەکەی شیعە لەوڵاتەکەدا، بزووتنەوەی ئەمەل و حزبوڵا، هەوڵیاندا هێرش بکەنەسەر کەمپی خۆپیشاندەران لەبەیروت.

لەهەمانکاتدا خۆپیشاندەران لەبەردەم ماڵی سەعد حەریری کۆبوونەوە بۆ رەتکردنەوەی گەڕانەوەی وەک سەرۆک وەزیران - کەخۆی کاندید کردووەتەوە بۆ پۆستەکە.

«ئێمە لێرە خۆپیشاندان دەکەین هەتا حکومەتێک پێکدەهێنن کەخەڵک بیەوێت و  لەشارەزای سەربەخۆ پێکبێن»، خۆپیشاندەرێک وا دەڵێت.

ئاژاوەی بەرفراوان

هاوڕایی لەسەر ناوی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ عادەتەن پێش ئەوەی دانوستانی پەرلەمان دەستپێبکات دروستدەبێت.

بەپێی سیستەمی ئاڵۆزی سیاسی وڵاتەکە کەدەیەوێت هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان کۆمەڵگە ئاینییەکاندا، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەبێت هەمیشە موسوڵمانی سوننی بێت لەکاتێکدا سەرۆکی وڵات مەسیحی و سەرۆکی پەرلەمان شیعە بێت.

ناوی کاندیدی جیاواز بۆ جێگرتنەوەی حەریری لەچەند هەفتەی رابردوودا باسی لێوەکراوە، بەڵام پارتە سیاسی و ئاینییە جیاوازەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن لەسەر سەرۆک وەزیرانێکی نوێ.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە دامەزراوەی موسوڵمانانی سوننە پشتگیری خۆی بۆ حەریری دەربڕی تاجارێکی تر ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران.

بزوتنەوەی حزبوڵای شیعەش، کە یاریکەرێکی سیاسی سەرەکییە لە حکومەتی کاربەڕێکەردا و پشتگیری خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر یان کەسێک کە لەلایەن ئەوەوە دەستنیشان بکرێت دووپاتکردەوە.

بەڵام بیرۆکەی کابینەیەکی تەکنۆکراتی رەتکردووەتەوە کە سەعد حەریری داوای دەکات تائەوەی بەسەر قیرانی ئابووری وڵاتەکەدا زاڵ ببێت.

حزبوڵا حکومەتێکی تەکنۆسیاسی دەوێت کەتێیدا پۆستە باڵاکان بدرێت بە حزبە باڵاکان و وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانیش بدرێت بەکەسانی تەکنۆکراتی سەربەخۆ، بەڵام حەریری دەیەوێت هەموو وەزیرەکانی تەکنۆ کرات بن، بەواتایەکەی تر هەموویان بەپێی ئاستی کارامەییان هەڵبژێردرێن نەک لەبەر پۆستی حزبیان.

لەهەمانکاتدا هیچ حزبێکی مەسیحی نایەوێت حەریری وەک سەرۆک وەزیران دووبارە لەحکومەتی نوێدا دەستبەکاربێت. 

هۆشداریی ئابووری

وەزیری ناوخۆ رەیا حەسەن لەیەکشەممەی رابردوودا فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی «شەفاف» دەستپێبکەن لەسەر توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکان.

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لوبنان، یان کوبیس، داوای لێکۆڵینەوەی کرد لە ەکارهێنانی «هێزی زۆر» دژی خۆپیشاندەران و هۆشداریدا کە بەهۆی داڕووخانی ئابورییەوە دواخستنی پێکهێنانی حکومەت «مەترسیدارە بۆ سیاسەتمەداران و تەنانەت زیاتریش بۆ خەڵک».

کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی داوایان لە لوبنان کردووە پێکهێنانی کابینەی حکومەت خێراتر بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییە قوڵەکانی وڵاتەکە، لەوانە قەیرانی داڕوخانی بەهای دراوی وڵاتەکە بەرامبەر دۆلار.

بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی لوبنان، قەرزی گشتی گەیشتووەتە زیاتر لە (86) ملیار دۆلار.

نەبی بەڕی، سەرۆکی پەرلەمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەڕۆژنامەی ئەل ئەخبار، هۆشداری دروستبوونی «قاتوقڕی»دا ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت.

بانکی نێودەوڵەتییش نیگەرانی خۆی راگەیاندووە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی لەهەژاریدا دەژین رەنگە لە یەک لەسەر سێوە بەرزببێتەوە بۆ نیوەی دانیشتوانی لوبنان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار