دۆزینەوەی کاندیدێکی قبووڵکراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کارێکی سەختە
قەیرانە سیاسییەکەی ئێستای عێراق زۆر جدییەو سەرکردەکانی توانای ئەوەیان نییە رووبەڕووی ببنەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
ماوەی دوازدە هەفتەیە خۆپیشاندەرانی عێراق لەشەقامەکانی بەغدادو شارەکانی باشووردا کۆبوونەتەوە بۆ داواکردنی رووخانی حکومەت، کۆتاییهێنان بەگەندەڵی و راگرتنی هەژموونی فراوانی ئێران.
هەر لەماوەی ئەم دوازدە هەفتەیەدا حکومەت لەوەڵامەکانیدا ئیفلیج بووە بەپێدانی بەڵینی ناڕوون بۆ چاکسازی لەگەڵ مامەڵەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەران. زیاتر لە (٥٠٠) خۆپیشاندەر کوژراون و (١٩) هەزار برینداربوون، بەڵام کاردانەوە توندوتیژەکە داواکاری خۆپیشاندەرانی قووڵتر کردووە.
عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر ماوەتەوەو هێشتا پەرلەمان کەسێکی دیارینەکردووە بۆ جێگرتنەوەی.
قەیرانە سیاسییەکەی ئێستای وڵاتەکە زۆر جدییەو وەک هەر قەیرانێکی تر لەکاتی رووخانی سەدام حوسەینەوە (١٦) ساڵ لەمەوبەرو سەرکردەکانی عێراق توانای ئەوەیان نییە رووبەڕووی ببنەوە. هیچ هاوڕاییەک دروستنەبووە بۆ پلانی چاکسازی لەحکومەتدا بۆ بەجێهێنانی داواکانی خۆپیشاندەران.
پەرلەمان بەجدی رەچاوی ئەو کارنامە گۆڕانکارییانەی نەکردووە بۆ یاساکانی هەڵبژرادن کە لەلایەن سەرۆک بەرهەم ساڵحەوە خراوەتەڕوو، کەهەژموون و گەندەڵی حزبەکان کەمدەکاتەوە.
ئەم هەفتەیە وادەی کۆتایی دەستوور بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بەسەرچوو. تەنانەت دۆزینەوەی کاندیدێکی قبوڵکراو بۆ ئەو پۆستە کارێکی زەحمەتە.
«زۆر سەختە کەسێک بدۆزیتەوە کەهەم لەشەقامدا قبوڵکراو بێت لەلای خۆپیشاندەران و هەم پاڵپشتی حزبی هەبێت»، ماریا فانتاپی، راوێژکاری باڵا لەسەر کاروباری سوریاو عێراق لەگروپی قەیرانی نێودەوڵەتی وای وت.
تەنانەت ئەگەر هەشبێت زەحمەتە داواکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت.
«ئامانجی ئێمە ئەوە نییە عەبدولمەهدی دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەوە هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕێ، چونکە کەسێکی تر جێگەی دەگرێتەوە کەهەر هەمان شتە. ئێمە ئەمانەوێت هەموویان بڕۆن»، مەهدی جاسم خوێنداکارێکی زانکۆ کە بەشداریی خۆپیشاندانەکان دەکات لەبەغداد وای وت.
بەڵام پێناچێت پەرلەمان چاکسازییەک جێبەجێ بکات کەکۆتایی بەپیشەی هەموو ئەوانە بهێنێت کەتێیدا کاردەکەن و خۆپیشاندەرانیش مەحاڵە شتی تر قبوڵ بکەن.
«ئەوەی حزبەکان ئەیانەوێت لەلایەن خەڵکی عێراقەوە رەتدەکرێتەوە و ئەوەی خەڵکی عێراق دەیەوێت لەلایەن حزبەکانەوە رەتدەکرێتەوە»، کەریم نوری بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی نوری وای وت کە یەکێکە لەو حزبانەی نزیکە لەئێران، بەڵام ئەندامی هەمەلایەنی هەیە.
«بۆیە دوو جێگرەوە هەیە: یان خەڵکی عێراق بگۆڕین یان هەندێک چینی سیاسی بگۆڕین و هەندێک گۆڕانکاری بکەین لەپرۆسەی سیاسیدا».
پەرلەمان واشدەردەکەوێت کە نائامادە بێت بۆ دۆزینەوەی رێگایەک تاهەژموونی ئێران کەمبکاتەوە.
سیاسیی و ئەندامانی سوپای ئێران – لەوانە قاسم سولەیمانی – سەردانی بەغدادیان کردووە لەهەوڵی ئەوەی زامنی ئەوەبکەن هەر کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێت لەگەڵ داواکانی ئێراندا یەکبگرێتەوە.
دۆزینەوەی کەسێک لەلای شەقامی عێراقی و حزبە شیعەکان و ئێران پەسەند بێت «تەواو مەحاڵە»، فانتاپی وای وت.
«ناکۆکییەکی گەورە هەیە دەربارەی ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێ و ئەمەش کێشەیە، چونکە حزبە سیاسییەکان وەزارەتەکان دابەشدەکەنەوە، بەدوای ئەوەدا وێڵن کێ چ وەزارەتێکی بەردەکەوێت»
بۆیە لەبری ئەوەی باسی داواکانی خۆپیشاندەران بکرێت بەڕاستەوخۆ، ئەندامانی پەرلەمان باسی ئەوە دەکەن کەچەند هەوڵدەدەن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا بۆ سنوردارکردنی موچەی وەزارەتەکان وەک نمونە.
هەندێک لەپەرلەمانتاران دان بەوەدا دەنێن رووبەڕووی تەنگەژەی جیاواز بوونەتەوە.
«ناکۆکییەکی گەورە هەیە دەربارەی ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێ و ئەمەش کێشەیە، چونکە حزبە سیاسییەکان وەزارەتەکان دابەشدەکەنەوە، بەدوای ئەوەدا وێڵن کێ چ وەزارەتێکی بەردەکەوێت»، هەیسەم ئەلجبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمان وادەڵێت.
ئێران زۆر جەخت لەمانەوەی هەژموونی دەکات لەوەزارەتەکانی عێراقدا، بەتایبەتی ئەوانەی کارباوری ئاسایش و ئابووری لەخۆدەگرن. بەهۆی سزا توندەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، تاران بەشێوەیەکی بەرچاو پێویستی بەعێراق هەیە کەڕەوشی ئارام بێت تا ئەوەی بتوانێت لەڕووی ئابورییەوە «هەناسە بدات» – هەم بۆ بازارەکانی و هەم بۆ ئامانجە سەربازییەکانی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەسوریاو لوبنان.
ئەو حزبانەی بەهێزترینن و نزیکترینن لەئێران ئەوانەن کە لەگروپە چەکدارییە شیعەکانەوە سەریانهەڵداوە. یەکە میلیشیاکانیان کۆنترۆڵی وەزارەتەکانیان کردووە لەگەڵ ئۆفیسەکانی سەرۆک وەزیران کە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبار دەکرێن بەکوشتنی خۆپیشاندەران.
لەوەڵامدانەوەی توندی خۆپیشاندەراندا، ئەم هێزانە لەئێرانەوە وانە وەردەگرن بۆ سەرکەوتکردنی خۆپیشاندەران: کاتێک تاران رووبەڕووی خۆپیشاندان بووەوە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەتشرینی دووەمدا، بەشیوەیەکی دڕندانە سەرکوتی کردن و (٤٥٠) کەسی لێکوشتن لەتەنها (چوار) رۆژدا و (حەوت) هەزار کەسیشی دەستگیرکرد.
بۆ ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن، هەتاوەکو زیاتر هاوڕێیان لەدەستبچێت دەستبەرداربوونیان لەخۆپیشاندان قورستر دەبێت، هەیسەم مەیاهی چالاکوانێکی خۆپیشاندەران وای وت.
«خۆپیشاندەران سەدەها هاوڕێ، برا، ئەندامانی خێزانیان لەدەستداوە، یان دەبێت بجەنگیت یان دەبێت بمریت»، هەیسەم وای وت.
ئەوەی بەناڕوونی ماوەتەوە ئەوەیە کەئەم پێکدادانە بەردەوامانە سەربکێشێت بۆ گۆڕانکاری سیاسی. رایان کرۆکەر باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەعێراق باسی ئەوە دەکات کە «هەتاوەکو سەرکردەیەک یان چەند سەرکردەیەک سەرهەڵنەدەن، هیچ شتێکی وا روونادات و رووخانی حکومەت ئەگەری زۆر کەم دەبێت».
«سەرۆک وەزیران دەستی لەکارکێشایەوەو لەوانە نییە بەمزووانە کەسێک دەستنیشان بکرێت بۆ پۆستەکەو ئەوەش حکومەت بەسەلامەتی دەهێڵێتەوە، چونکە هیچ شتێک نییە بیڕوخێنیت، بۆیە شتەکان هەر ئاوا دەڕۆن»، کرۆکەر وای وت.