«میت ٢٨ ناوەندی لەهەرێم هەیە»

تورکیا داوا لەکرێکارە کوردەکانی باکوور دەکات سیخوڕییان بۆ بکەن لەهەرێمی کوردستان

5 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

دەزگای هەواڵگریی میتی تورکی داوا لەو کرێکارە کوردانە دەکات کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ ئەوەی سیخوڕییان بۆ بکەن، بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە پێشتر هەڵهاتوون لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنیان بەپەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە.

میتی تورکیا بەو کرێکارانەی راگەیاندوە یان دەبێت کاری سیخوڕییان لەگەڵدا بکەن یان کەسوکارەکانیان لە باکوری کوردستان دەخەنە عەزێتەوەو کیشەیان بۆ دروستدەکەن.

بەپێی وتەی دوو کەس لەوانە میت ٢٨ ناوەندی سیخوڕی هەیە لەباشووری کوردستان، بەتایبەت لەشارەکانی سلێمانی و هەولێرو زاخۆو دهۆک و مەخموور.

میتی تورک کە لەڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی کردوە  بە (م.س)ی خەڵکی شڕناخ و (ک.د) خەڵکی سێرت، کە دوو هاوڵاتیی خەڵکی باکوری کوردستانن، بەمەبەستی کاری سیخوڕی، پێشنیاری ئەوەیان خستووەتە بەردەمیان، بەڵام ئەوەی داواکانیان رەدکردووەتەوە، بۆیە هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە زیان بەخێزان و منداڵەکانیان دەگەیەنن.

ئەو دوو هاوڵاتییە سەرەڕای ئەو هەڕەشەو پێشنییارانە، بەڵام سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیایان رەدکردووەتەوە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە (KCK) لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هاوڵاتى-دا کە لە ئەیلولی رابردوو بلاوکرایەوە، رایگەیاند کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لەگەڵ دەزگای پاراستنی پارتی کار دەکات، وتیشی وای بۆدەچن لەگەڵ بەشێک له زانیاریش کاربکەن.

جەمیل بایک وتی «بەهۆی پارچەبوونییەوه دەشێت هەموو یەکێتی (YNK) نەگرێتەوه، بەڵام وا بۆی دەچین لەگەڵ بەشێک له (زانیاری)ش کاردەکەن. بەتایبەتیش کۆمەڵێک هێماو نیشانه لەبەردەستتدا هەن که بوونی پەیوەندی لەنێوان هەندێک لەکەسانی ناو (زانیاری) لێپرسراو لەکاروباری هەرێمەکانی قەندیل و کارکردنیان لەگەڵ (میت) یەکلا دەکاتەوه، هێرشەکانی دژی قەندیل ئەم راستییه دەسەلمێنێت و لەم خاڵەدا بەئاسەواری بەرچاو گەیشتووین «.

(م. س) و (ک. د) کە دوو هاوڵاتیی باکوری کوردستانن و ئێستا ئاوارەی باشوری کوردستانن، ئەو دوو هاوڵاتیە پێشتر تۆمەتی کارکردن لەگەڵ پەکەکیان دراوەتە پاڵ و دواتر پێینا وتراوە سزا نادرێن و نادرینە دادگا ئەگەر وەکو سیخوڕ کاریان لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەوان رەتیان کردۆتەوەو ناچار ماون ئاوارەی باشوری کوردستان بوون.

دوای ئەوەی هەوڵ و سەپاندنی ئەو داوایەی میتی تورک بێئەنجام دەمێنێت، دەستیان بە هەڕەشە کردووە.

(م.س) کە میت داوای کاری سیخوڕی لێکردووە، باسی هاتنی خۆی بۆ باشوری کوردستان و ناچارکردنی بۆ کاری سیخوری دەکات 

(م.س) کەخەڵکی شڕناخە دەڵێت، کاتێک لەباکور بووە، لەدژی ئەو، دۆسیەیەک لەسەر ئەندامێتی لە رێکخستندا ئامادەکرابوو، پێشتریش لەسەر داوایەکی دیکە سزای (١٥) ساڵ زیندانی بەسەردا بۆ بڕابووەوە، بەم هۆیەوە رووی کردووەتە باشوری کوردستان.

(م.س) دەڵێت، لەباشوری کوردستان لە کافێیەک دەستی بەکارکردووە. ٢٣ی تشرینی دووهەمی ئەمساڵ، بەژمارە تەلەفۆنێک کە ژمارەکە لای هاوڵاتى پاریزراوە، نامەیەکی بۆ چووەو لەنامەکەدا نووسراوە «لەئەنکەرەوە لەگەڵتم. بەڕێوەبەرێکی باڵای دەوڵەتم». دواتر داوای سیخوڕی لێکردووە.

(م.س) دەڵێت «سەرەتا وام زانیوە کەسێکە، گاڵتەم لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر لەبارەی من و خێزان و کەسوکارمەوە زانیاریی وردی دا. پێی وتم  «یارمەتی ماددی و مەعنەویەت دەدەین و ئەگەر کارمان لەگەڵدا نەکەی، زیان بەدایک و باوکت دەگەیەنین. وتیان ئەگەر دەتەوێت هیچ زیانێک بەر کەسوکارت نەکەوێت، دەبێت کارمان لەگەڵدا بکەی.»

ناوبراو دەڵێت «پێیان وتووم، لەبارەی رێکخستن و خەبات و بینینی کادیرانی پەکەکە چیت بیست، پێمان بڵێ، بەڵام من قبوڵم نەکرد.»

(٢٨) ناوەندیان هەیە

(م.س) لەبەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت «هەروەها پێیان وتم، لەباشوری کوردستان (٢٨) ناوەندی میت هەن و ئەگەر قبوڵی بکەی کاریان لەگەڵدا بکەی، دەتناسێنین بەو ناوەندانە».

بەپێی گێڕانەوەکە داوایان لێکردوە لەنزیکەوە سەردانی کادیرانی پەکەکە بکات و لەبارەی خەباتیانەوە زانیاریی کۆبکاتەوە ئەگەر ئەم کارەبکات هەم لەباشورو هەم لەباکوری کوردستان یارمەتی دەدەن.

درێژەی بە قسەکانیدا وتی «هەروەها پێیان وتم «باری ئەمنیت لەهەموو روویەکەوە پارێزراو دەبێت».

وتیشی «تائێستا زۆر کەسیان کردووە بەسیخوڕو پەروەردەیان کردوون. داوایانلێکردم، بەتایبەت لەسلێمانی و هەوڵێرو زاخۆو دهۆک و مەخموور تۆڕەکانی سیخوڕی بەرفراوان بکەم. هەروەها پێیان راگەیاندم کە ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵدا دەکەن، بەئارامی و بەخۆشی دەژین. بەڵام کاتێک هەموو داواکارییەکانی ئەوانم رەدکردەوە، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم کە زیان بەکەسوکارو خێزانەکەم دەگەیەنن و ناهێڵن لەباشوری کوردستان بەبێ کێشە بژیم.»

ناوبراو دەڵیت، کاتێک پرسیاری ئەوەم لێکردن چۆن خۆتان گەیاندووەتە من، پێی وتم،  «ئێمە دەستمان درێژەو هەر شوێنێک کە بمانەوێت خۆمانی دەگەێنینێ... ئێمە وەکو دەوڵەت لەهەر جێگایەک بمانەوێت، دەتوانین خۆمانی بگەیەنینێ».

زیاتر وتی  «ویستیان داواکەیان قبوڵ بکەم. وتیان بۆ پاراستنی ژیانی دایک و باوکت، دەبێت کارمان لەگەڵدا بکەی. هەروەها پێیان وتم، ‹ بڕیارەکە لەدەستی خۆتدایە. ئێمە دەرفەتێکی دیکەت دەدەینێ، بۆ ئەوەی ئەو داوایانەی لەسەرت هەن، لاببرێن. زۆر گەنجی دیکەی کورد وەک من هەن کە دەیانەوێت هەڵیانخەڵەتێنن. بەڵام لەدژی سیخوڕی پێویستە هەموو کوردێکی وڵاتپارێز وریاو هۆشیار بێت.»

جەمیل بایک لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتى سەبارەت بە تێوەگلانی دەزگای زانیاری و پاراستن لەگەل میت، وتی کە پاراستن کاریان  لەگەڵ دەکەن، بەڵام یەکێتی بەهۆی پارچەبوونییەوه رەنگە هەموویان تێوە نەگلابن، وتی  «بەلام وا بۆی دەچین لەگەڵ بەشێک له (زانیاری)ش کاربکەن. بەتایبەتیش کۆمەڵێک هێماو نیشانه لەبەردەستتدا هەن که بوونی پەیوەندی لەنێوان هەندێک لەکەسانی ناو (زانیاری) لێپرسراو لەکاروباری هەرێمەکانی قەندیل و کارکردنیان لەگەڵ (میت) یەکلا دەکاتەوه، هێرشەکانی دژی قەندیل ئەم راستییه دەسەلمێنێت و لەم خاڵەدا بەئاسەواری بەرچاو گەیشتووین «.

هەروەها وتی «ئهندامانی پاراستن لهگهڵ (میت) له کۆنسۆڵخانهی تورکیا لهههولێر کۆبوونهوهی هاوبهشیان ههیه. خودی ئهندامه دهستگیرکراوهکانی میت (کە لە ٢٠١٧دا پەکەکە لە ەدوکان دەستگیری کردن) دانیان بهم راستییهدا ناوه. بهتایبهتیش دهڵێن که له کۆنسۆڵخانهی ههولێر کۆبوونهوهی دیاریکراو و بەردەوامیان ههیه، تهنانهت ناوی ئهوانهشیان داوه که بهشداری لهو کۆبوونهوانهدا دهکهن»

(ک.د) هاولاتییەکی ترەو خەڵکی شاری سێرتە لە باکوری کوردستان باوکی (5) منداڵە لەنێوان ساڵەکانی (٢٠٠٩-٢٠١٠)دا (5)جار دەستگیرکراوە. هیچ تاوانێکی بەسەردا نەسەپاوە. بەڵام  داوای لەسەر تۆمارکراوە بەتۆمەتی ئەوەی ئەنامی رێکخستنەکانی پەکەکەیە.

(ک.د) رایدەگەێنێت، کاتێک دەستگیریان کردبوو، فشارو هەڕەشەێکی زۆریان لێکردووە. بەهۆی (3) داواوە کە بەدەیان ساڵ سزای بۆ بڕابووەوە، بەر لە (4) ساڵ بەناچاری رووی لەباشوری کوردستان کردووە.

ئەو دەڵێت «ماوەیەکی زۆرە لەکافێبەک کاردەکەم. ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ نامەیەک بۆ مۆبایلەکەم هات. لەنامەکەدا پێیان وتم، ‹ لەئەنکەرەوە پەیوەندیت پێوە دەکەین و ژمارەکەتمان لەهاوڕێیەکت لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) وەرگرتووە›.

 وتی «سەرەتا زۆر بەجددی سەیری بارودۆخەکەم نەکردو زۆر بڕواشم نەکرد. دوایی کە بینیم بەنامەیەکی دیکە ژمارەی دۆسیەکی داواکەی منیان نارد، زانیم کەئەوە کاری میتە. دیسان داوای کاری سیخورییان لێکردم. پێیان راگەیاندم کە لەڕووی لابردنی سزاکانی سەرم، یارمەتیم دەدەن و ئیدی دەتوانم بگەڕێمەوە لای خانەوادەکەم».

لە تەلەفۆنەکەوە پێیان وتووە ‹ئەگەر کارمان لەگەڵدا بکەی، ئۆتۆمبیل و ماڵ و تەلەفۆنی تایبەت و یارمەتی ماددیت دەدەینێ›. هەروەها وتیان، دەتناسێنین بەئەندامانی میت لەباشووری کوردستان. کاتێک هەموو داواکارییەکانیانم رەدکردەوە، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم کەمنداڵەکانم دەناسن و یەک بەیەک ناوەکانیان پێ وتم.

ئەو کوردەی باکور دەڵێت «بەڵام لەگەڵ هەموو هەڕەشەکانیان، سیخوڕی و هاوکارییەکانیانم قبوڵ نەکرد. لەڕووی شکۆو پیرۆزییەکانم هیچ هەنگاوێکم بۆ دواوە نەنا. بێئەخلاقیم قبوڵ نەکرد. ئەگەر ئەوەم بکردایا، منداڵەکانی خۆمم بەجێ نەدەهێشت. پێم وتن کە بەهیچ شێوەیەک ئەم داوایەتان قبوڵ ناکەم و جارێکی دیکەش پەیوەندیم پێوەنەکەن. بەهەڕەشە و سەپاندنی سیخوڕی، دەیانویست ئیرادەی من دەستبەسەر بکەن. دەبێت هیچ کوردێک ئەم سەپاندنە قێزەونانە قبوڵ نەکات.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار