سەرجەم کاندیدانی پۆستی سەرەکوەزیران رەتدەکرێنەوە

بەرهەم ساڵح ڤیتۆی دژی کاندیدەکەی ئێران بەکارهێناوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هەزاران خۆپیشاندەر رێگەو پردەکانیان گرت لەباشوری عێراق دووشەممە (23 کانونی یەکەم)، بۆ سەرکۆنەکردنی نفوزی ئێران و سەرکردە سیاسییەکان کەدوا وادەیەکی دیکەیان لەدەستدا بۆ رێکەوتن لەسەر سەرەکوەزیرانێکی نوێ.

خۆپیشاندەران تایە دەسوتێنن لەشارە گرنگەکانی باشور، بەزۆر خوێندنگەو بینا حکومییەکان دادەخەن، لەکاتێکدا ئیفلیجیی سیاسی لەبەغدا زیاتر پەرەدەسەنێت.

دانوستانەکان لەسەر کاندیدێک بۆ جێگرتنەوەی سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی، کەتشرینی دووەم وازیهێنا، لەبنبەستدا مانەوە لەکاتێکدا دوا وادەکە شەوی یەکشەممە بوو بەکۆتا گەیشت.

لەکاتێکدا کامپی سەر بەئێران هەوڵیداوە کاندیدی خۆی بسەپێنێت، سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح بەرەنگاری ئەمە بۆتەوە.

لەشەقامەکاندا خۆپیشاندەران دوای چەند هەفتەیەک لەهێوربوونەوەی رێژەیی دووبارە گرددەبنەوە.

خۆپیشاندەران چەند هەڵمەتێکی یاخیبوونی مەدەنییان راگەیاند لەشارەکانی باشوری وهک دیوانیە، ناسریە، حله، کوت و عەممارە، کەخوێندنگەو بینا حکومییەکان رۆژی دووشەممە داخران.

بۆ ئەو عێراقیانەی لە 1ی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان دەکەن، سیستمی سیاسی لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوەو چاکسازیی تێداناکرێت.

بەرپرسان دەڵێن ئێران دەیەوێت قوسەی سوهەیل دابنێت، کەوەزیری خوێندنی باڵا بوو لەحکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا.

دواى ئهوهى خۆپیشاندهران قوسهى سوهێل کاندیدى سهرۆک وهزیرانیان رهتکردهوه، لهماڵى هادى عامرى بڕیار لهسهر ئهسعهد عیدانى، پارێزگارى بهسره دراوهو ئهمڕۆ ناوهکهى تهسلیمى سهرۆک کۆمار دهکرێت.

دووشەممەی رابردوو لهماڵى هادى عامرى، کۆبوونهوهیهکى فراوان کراوه لهنێوان سهرکردهکانى هاوپهیمانى فهتح بهسهرۆکایهتى عامرى و دهوڵهتى یاسا، بهڵام مالکى بهشدارینهکردووهو نوێنهرێکى خۆى ناردووه.

میدیا عێراقییهکان بڵاویانکردهوه که مالکى سهرکهوتوو بووه لهکشانهوهى لهکاندیدکردنى قوسهى سوهێل، وهزیرى خوێندنى باڵا بۆ پۆستى سهرۆک وهزیران و بهتایبهت دواى ئهوهى خۆپیشاندهران رهتیانکردهوه سوهێل ببێته سهرۆک وهزیران.

ههروهها ئاماژه بهوهکراوه کهدواجار مالکى رهتکردنهوهى قوسهی سوهێلى کرده کردارو عامرى ناچارکرد ئهسعهد عیدانى پارێزگارى بهسره کاندید بکرێت بۆ ئهو پۆستهو پێیانوایه کهخۆپیشاندهران تا رادهیهکى زۆر لێى رازین بهتایبهت لهسهر خراپى دۆخى بهسره ناڕهزایهتى توندى ئاراستهى حهیدهر عهبادى سهرۆک وهزیرانى پێشووى عێراق کردووه و دهمهقاڵهیان بووه.

خوێندکارێکی (24) ساڵ بەناوی هوەیدا، کە لەمەیدانی تەحریری بەغدا قسەی دەکرد وتی «ئەمە رێک ئەوەیە کهئێمه دژایەتی دەکەین -- کۆنترۆڵی ئێران بەسەر وڵاتەکەماندا.»

خۆپیشاندەران: ئەوەی دەمانەوێت سادەیە؛ سەرەکوەزیرانێک کەلێوەشاوەو سەربەخۆ بێت،  هەرگیز بەشدار نهبووبێت لەحزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا

خۆپیشاندەران بەتەواوی کاندیدبوونی سوهەیل رەتدەکەنەوە، لەگەڵ هەرکەسێک کە سەر بەبازنەی فراوانی سیاسەتی هەنوکەیی بێت.

لەکاتێکدا لایەنەکانی سەر بەئێران و سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی هەوڵی کاندیدکردنی سوهەیل دەدەن، سەرچاوەیەک لەسەرۆکایەتی وتی بەرهەم ساڵح ڤیتۆی دژی کاندیدبوونی بەکارهێناوە.

محەمەد رەحمان ئەندازیارێکی خۆپیشاندەر لەدیوانیە بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوەی دەمانەوێت سادەیە؛ سەرەکوەزیرانێک کەلێوەشاوەو سەربەخۆ بێت، کە لە 2003وە هەرگیز بەشدار نهبووبێت لەحزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا.»

خۆپیشاندەران دەڵێن گۆڕینی سیستمی سیاسی دەبێت لەچاکسازیکردن لههەڵبژاردندا دەستپێبکات.

پەرلەمان بەمدواییانە ههموارکردنهوهی یاسای هەڵبژاردنی تاووتوێکردو داینابوو پاشنیوەڕۆی دووشەممە گفتوگۆکان دەستپێبکانەوە.

پەرلەمانتاران ئەگەری زۆرە بەردەوامیش بن لەتاووتوێکردنی دیاریکردنی سەرەکوەزیران، کەدوا وادەکەی دووجار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دواخراوە.

خۆپیشاندەرانی عێراق لە 11ی کانونی یەکەم، مەرجەکانیان دەرخست بۆ دیاریکردنی سەرەکوەزیرانێکی کاتی لەبەیاننامەیەکدا کە لەلایەن میدیا عێراقیەکانەوە بڵاوکرایەوە.

داوای ئەوەیان کرد کەخاسیەتەکانی سەرەکوەزیران «هاوتابێت بەویستەکانی شەقامی عێراقی».

بەیاننامەکە دەڵێت سەرەکوەزیرانی نوێ دەبێت سەربەخۆ بێت، پەیوەندیی بەحزبێکی سیاسییەوە نەبێت، نابێت دوو رەگەزنامەی هەبێت و نابێت وەزیر بووبێت، یان هەر پۆستێکی هەبێت لەسەر ئاستی وەزیر، یان پەرلەمانتار یان پارێزگار.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە کهکاندیدەکە دەبێت هیچ پەیوەندییەکی لەوشێوەیەشی نەبێت کهلاوازی بکات بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی.

لەمەیدانی تەحریری بەغدا، خۆپیشاندەران پۆرترێتی گەورەی چەند بەرپرسێکیان بەرزکردەوە بەجۆرێک زەڕبێک بە رەنگی سوور لەسەر روویان کێشرابوو.

لەدۆخێکدا کەسەخت بێت کاندیدێک دیاریبکرێت، بەرهەم ساڵح ناچاردەبێت ئەرکەکانی سەرەکوەزیران وەک کاربەڕێکەر لەئەستۆبگرێت، ئەوەش بەپێی دەستوری عێراق.

رۆژنامهوان هادی جەلو مەرعی وتی «ئەو ناوانەی خراونەتە کێبڕکێکەوە هەموویان رەتکراونەتەوە لەبەرئەوەی سەربەخۆ نین، کە وادەکات شیاونەبن بۆ ئەو پێگەیە لەدیدگای خۆپیشاندەرانەوە.»

محەمەد عیماد چالاکوانی رۆژنامەوانی وتی سەربەخۆیی داخوازییەکی گرنگە بۆ خۆپیشاندەران، چونکە سەرەکوەزیرانی نوێ ناکرێت ئەندامی حزبێک بێت یان لەئێستادا لەدەسەڵاتدا بێت.

وتی شەقامی عێراقی باوەڕی وایە حزبەکان «تەنیا تەرکیزیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیانە نەک ئەنجامدانی چاکسازییە داواکراوەکان».

وتی سەرەکوەزیرانی نوێ نابێت لەژێر فشاری هیچ حزبێکی سیاسیی دیاریکراودا بێت، لەبەرئەوەی شەقامەکە تەواو ئاگادارە لەو بەربەستانەی دەخرێنە بەردەمی لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەکانەوە دەربارەی کارو دەسەڵاتی سەرەکوەزیران.

عیماد وتی لادان لەو مەرجانە وادەکات کاندیدەکە «نەتوانێت خزمەت بەوڵاتەکەی بکات و چارەسەری کێشەکانی گەندەڵی و خراپی فەرمانڕەوایی بکات».

وتی خۆپیشاندەران تەرکیز لەسەر داواکانیان دەکەن بۆ ئەم بابەتە تادڵنیابن لەوەی پرۆسەی بڕیاری سیاسی لەسەر حکومەتی نوێ «ناکەوێتە ژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە... تاعێراق پارێزراو بێت لەکارنامەی دەرەکی».

وتیشی «عێراقیەکان چوونە سەر شەقامەکان تاخۆپیشاندان بکەن دژی دەستتێوەردان لەکاروباری وڵاتەکەیاندا.»

مامۆستای زانستی سیاسەت لەزانکۆی موستەنسریە، عیسام فەیلی بەدیارونای وت خۆپیشاندەران مەرجەکانیان دەرخستووەو بڕیارەکە لەدەستی حزبە سیاسییەکاندا ماوەتهوه تاسەرەکوەزیرانی نوێی عێراق دیاریبکەن.

هەروەها وتی ئەم حزبانە «ناچارن چەند سازشێک بکەن بۆ دیاریکردنی کەسێکی پهسهندکراوو سەربەخۆ کەبیەوێت وڵات لەم قەیرانە دەربکات».

وتیشی «حزبەکان دەبێت رێزی مەرجەکانی خۆپیشاندەران بگرن بۆ دیاریکردنی سەرەکوەزیران، لەبەرئەوەی ئەمانە داواکاریی جەماوەریین و نوێنەرایەتی یەکێتی بازرگانی و خێڵەکان دەکەن و لەلایەن پیاوانی ئایینیشەوە پشتگیرییان لێدەکرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار