خالید شوانی: ئاڵۆزییەکان کاریگه‌رییان نابێت له‌سه‌ر رێککه‌وتنی نێوان هه‌رێم‌و بەغدا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

خالید شوانی وهزیری ههرێم بۆ کاروباری دانوستانی نێوان هەرێم و بهغداد راگهیاند ئاڵۆزی و خۆپیشاندانهکانی عێراق  هیچ کاریگهریهکی نابێت لهسهر رێککهوتنهکانی نێوان ههرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغدا بەپێچەوانەوەی دەبینێت.

خالید شوانی به‌‌هاوڵاتى راگەیاند کەهەرێم رێککهوتنی لهگهڵ حکومهتی عێراق کردووه وهک  دامهزراوهیەکی فەرمی، جەختی لەوەشکردەوە کە رێککهوتنهکه لهنێوان حکومەتی ههرێم و حکومەتی فیدراڵی وهک خۆی جێبهجێ دهکرێت.

بهپێی رێککهوتنەکە، پێویسته ههرێمی کوردستان رۆژانه (250) ههزار بهرمیل نهوت رادهستی حکومهتی عێراق بکات و حکومتی عێراقیش مانگانه بهشه بودجهی ههرێمی کوردستان رادهستی ههرێم دهکات، کە بەپێی خەمڵاندنێک هەموو مانگێک هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیارێک دۆلاری لەبەشە بودجەی عێراق بەردەکەوێت،.

جگە لەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆژانە بڕی (٢٠٠) هەزار بەرمیل نەوتی خۆی بفرۆشێت و ئەوەش بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی خۆی و پیداویستیەکانی تری بەکاربێنێت.

حکومەتی عێراق بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئامادەکردووە کەبڕەکەی (١٢) ترلیۆن دینارە، بڕیاربوو لەم مانگەدا بنێردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لەکارکێشایەوە، بودجەکە پەسەند نەکراوە.

ئەگەرچی چەند هەوڵێک هەن بۆئەوەی کەسێک دیاری بکرێت بەسەرۆکوەزیران و جێگەی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان ئەو پرۆسەیەیان پەکخستوەو دۆخی سیاسی عێراق بەناسەقامگیریی ماوەتەوە.

خالد شوانی پێی وایە سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییە سیاسییانە، رێککەوتنەکە جێبهجێ دهکرێت.

وتیشی «حکومهتی ههرێمی کوردستان، پابهنده، ههموو ئهو خاڵانهی که لهسهر شانیهتی، وهک خۆی جێبهجێی دهکات».

بەڵام ئهحمهدی حاجی رهشید ئهندامی لیژنهی دارایی لەپهرلهمانی عێراق پێیوایە ئاڵۆزییە سیاسییەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر رێککەوتنەکە، بەتایبەتی ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەپێدانی (٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە بەبەغدا.

ئهحمهدی حاجی رهشید به‌‌هاوڵاتى وت «تائێستا هیچ روون نییه کهحکومهتی عێراق پابهندی رێککهوتنی نێوان خۆیان و ههرێمی کوردستان  دهبێت، بهشه بودجهی ههرێمی کوردستان دهنێرێت یاخود نا، چونکه ههموو لایهنهکان چاوهڕێی پێکهێنانی حکومهتی نوێی عێراقن».

وتیشی «حکومهتی عێراق تائێستا بهشهبودجهی ههرێمی کوردستان دهنێرێت، بهڵام ئهگهر لهساڵی نوێدا ، ههرێمی کوردستان ئهو بڕه نهوتهی کهبۆی دیاری کراوه کهبریتیه لهناردنی (250) ههزار بهرمیل نهوت لهڕۆژێکدا، ئهوا لەساڵی نوێدا هیچ بڕه پارهیهک  بۆ ههرێمی کوردستان نانێردرێت لهلایهن  عێراقهوه.

هەروەها وتی «خۆپیشاندانهکانی عێراق  تاڕادهیهک  کاریگهریهکی لهسهر رێککهوتنی نێوان ههرێمی کوردستان و عێراق دهبێت و دۆخی سیاسی عێراق شێواوتر دهکات، پێدهچێت تاحکومهتی نوێ پێکنههێنرێت هیچ گۆڕانکاریهک له رێککهوتنی نێوان ههرێم و بهغداد روونهدات و وهک خۆی بمێنێتهوه«.

لهئێستادا خۆپیشاندانهکان بهردهوامییان ههیهو خۆپیشاندەران داوای گۆڕانکاریی ریشهیی لهحکومهتی عێراق و ههروهها نههێشتنی گهندهڵی و چاکسازی دهکهن لهحکومهتدا و لایهنه عێراقیهکانیش کۆک نین لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سهرۆک وهزیران، لەکاتێکدا دەبێت سەرۆکوەزیران بودجە بنێرێتە پەرلەمان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار