کوردانی سوریا هێشتا ترسیان هەیە لەقینی هێزە بریکارەکانی تورکیا

5 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: زە ناشناڵ 

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

ئەو شەڕکەرە سوریانەی پەلاماری ماڵەکەی ئەڤین-یاندا دەرگای دەرەوەیان لەبن هەڵکەند. ئەوەی لەگەڵ خۆیان نەیانبرد، خستیانە زبڵدانەوە. 

«هەموو شتێکیان دزی، رەنگە تەنها جلەکانم بەجێمابێتن»، ئەڤین وای وت کەدانیشتوویەکی پێشووی سەرێکانی-یەو داوای کرد نازناوێکی بۆ بەکاربهێنرێت بۆ پارێزگاریکردن لەناسنامەی راستەقینەی. 

شارۆچکەی سەرێکانی کەشوێنی نیشتەجێبوونی تێکەڵەیەکە لەعەرەب، کورد، هەروەها کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی تر، لەمانگی تشرینی یەکەمدا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیاوە دەستی بەسەرداگیرا. هەتاوەکو ئەم دواییانەش، دراوسێ عەرەبەکانی ئەڤین زوو زوو هەواڵی نوێیان بۆ دەنارد لەڕێی بەرنامەی وەتسئەپەوە. ئێستا ئەوانیش رۆشتوون و ئاوارەبوون. 

ئەڤین کەچاوەکانی پڕ گریان بوو وتی، «من و هاوسەرەکەم ئەو ماڵەمان بۆ منداڵەکانمان دروستکرد کەچی ئێستا لەلایەن تیرۆرستانەوە داگیرکراوە». 

چیرۆکی ئەڤین چیرۆکێکی هاوتایە لەکەمپی  فراوانی پەنابەری بەردەڕەش لەشاری دهۆک. 

دەشتێک لەخێمەی سپی بووەتە ماڵی جێگرەوە بۆ زۆربەی ئەو (١٨) هەزار سوریەی کە لەناوەڕاستی تشرینی یەکەمەوە سنوری عێراقیان بڕیوە. ئەم پەنابەرانە رێژەیەکی کەمی زیاتر لەو (٢٠٠) هەزار سڤیلەن کەدوای پەلامارەکەی تورکیا بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاوارەبوون و تورکیا ئەم گروپە بەتیرۆریست دەزانێت. 

سەرەڕای رێککەوتنەکەی نێوان روسیاو تورکیا لەتشرینی یەکەمدا بۆ راگرتنی شەڕەکە، بەڵام پێکدادان هەر بەردەوامبوو لەناوچە فراوانەکەی نێوان سەرێکانی و گرێ سپی کە لەدەستی تورکیاو هێزە بریکارە سورییەکاندایەو بەسوپای نیشتمانی سوریا ناسراون. ئەم هێزە، کەپێشتر بەسوپای سوریای ئازاد ناسرابوو، بەرە توندڕەوەکان و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوری لەخۆدەگرێت. 

سوپای نیشتمانی سوریا کەوتە بەردەم تووڕەیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر زنجیرە ڤیدیۆیەکدا کەدەردەکەوێت شەڕکەرەکانی بەندییەکان سووک دەکەن، ئەشکەنجەیان دەدەن، دەیانکوژن و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بە «رسواکردنێکی شەرمەزارانەی ژیانی سڤیل»ی وەسف کرد. 

ئەنقەرە نکۆڵی دەکات لەوەی ئەم تاوانانە لەلایەن هێزەکانییەوە ئەنجامدرابێت. 

بەڵام دوو مانگ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، دانیشتوانەکانی پێشوو (ئەوانەی پێشتر ئاوارەبوون‌و لەشوێنەکانیان دەرکراون) دەڵێن شەڕکەرانی سوپای نیشتمانی سوریا بەردەوامن لەتۆقاندنی شارۆچکەکانیان. راپرسییەکی ئەم دواییانە کە لەلایەن ئەنجومەنی پەنابەری نەرویجییەوە ئەنجامدراوە دەریدەخات کە لەسەدا ١٧%ی ئەو سوریانەی ئاوارەی عێراق بوون وتوویانە هیچ ماڵێکیان نییە بۆی بگەڕێنەوە، چونکە خانوەکانیان یان روخێندراوە یان داگیرکراوە. 

ئەلیکزاندرا سای، بەڕێوبەری ئەنجومەنی پەنابەری نەرویجی دەڵێت کە، «ترسێک هەیە لەوەی چی روودەدات ئەگەر بگەڕێنەوەو رووبەڕووی هێزەکانی سەر بەتورکیا ببنەوە». 

«ئەم خەڵکانە دەبێت پشت ببەستن بەزانیاری دەستی دوو، قسەکردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان، سەیرکردنی میدیاکان تاتێبگەن لەوەی لەناوەوەی سوریا چی دەگوزەرێت»، سای وات وت. 

هەندێک خێزان بە «زە ناشناڵ»یان وت کەبڕوایانوایە سوپای نیشتمانی سوریا رێگری دەکات لەگەڕانەوەی کەسانی ناعەرەب بۆ سەرێکانی. هەردوو رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) و سەنتەری زانیاری رۆژئاوا نمونەی لەو جۆرەیان بەبەڵگە کردووە کەدانیشتوانەکان بەئامانج دەگیرێن و لەهەندێک حاڵەتدا دەکوژرێن لەکاتی هەوڵدانیان بۆ چوونە نێو شارۆچکەکە. 

«کاتێک دەزانن کەکوردیت، زۆر بەسادەیی دەتکوژن. ئێمە ترساین لەوەی هەمان شت بەسەر ئێمەدا بهێنن»، دانیشتوانێکی پێشووی سەرێکانی وای وت بەناوی نۆرا ئۆسی. 

خاتوو ئۆسی و خێزانەکەی تازە گەشتووی کەمپی بەردەڕەشن. برازا هەرزەکارەکەی هێشتا ریش و سمێڵی نەهاتوەتەوەو پێڵاوی کچەکەی هیشتا ئەو قوڕەی نەگرتووە کەهەموو کەمپەکەی داپۆشیوە. 

هەرسێکیان وتیان زۆر ترسان لەوەی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و کەلوپەلەکانیان ببەن لەگەڵ خۆیان. خاتوو ئۆسی وتی کە دوو پیاوی کوردی دەناسی کوژراون لەکاتی هەوڵدانیان بۆ هەمان شت. 

«برازاکەم ویستی بچێت سەرێک لەخانوەکەمان بدات، بەڵام نەمهێشت بچێت. پێموت، ‹ئەو چەکدارانە دەتکوژن›»، خاتوو ئۆسی وای وت. 

کوردەکانی کەمپەکە دەست رادەکێشن بۆ هەبوونی تورکیا لەعەفرین وەک نمونەیەک کە لەداهاتوودا چی روودەدات. 

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوەی کردووە کەزیاتر لە (١٠٠) هەزار کەس رایانکردووە دوای ئەوەی هێزەکانی تورکیا لەساڵی رابردوودا دەستیانگرت بەسەر شارە زۆرینە کوردەکەدا. زۆر کەس لەوانەی مانەوە بەچاوی خۆیان بینیان کە ماڵەکانیان داگیرو تاڵان دەکرێت لەلایەن هەمان ئەو هێزانەی ئێستا پشتگیری تورکیا دەکەن لە لەشکرکێشیەکەیدا بۆ باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. 

محەمەد سەیدۆ کە دانیشتووی پێشووی عەفرینەوە و لەگەڵ کچە شەش مانگییەکەیدا هاتووە بۆ بەردەڕەش باس لەوە دەکات کە «ئەوان سوپای ‹ئازاد› نین وەک ئەوەی خۆیان بەخۆیان دەڵێن، ئەوان تەنها چەکداری بەکرێگیراون». 

«ئەوان گوندەکەیان تۆقاندو خەڵکیان دەستگیردەکرد. پێیان دەوتین، ‹تۆ کوردی بۆیە دەبێت ئەندامێکی پەکەکە بیت، ئێوەی کورد بەرازن›»، سەیدۆ وای وت.

سەیدۆی تەمەن (٢٣) ساڵ وتی کەخۆی و کۆمەڵێک پیاوی گەنج لەعەفرین دەستگیرکران بەهۆی  خزمەتکردنی بەزۆر لەناو یەکینەکانی پاراستنی گەلدا (یەپەگە). دوای بەسەربردنی دوو مانگ لەبەندیخانەدا، خۆی هاوسەرەکەی پەنایان بردە بەر سەرێکانی. بەڵام هەر زوو دوای ئەوەی تورکیا لەتشرینی یەکەمدا لەشکرکێشییەکەی دەستپێکرد، ئەم خێزانە دووبارە ئاوارەبوونەوە. 

بەهۆی ئەوەی کە نەیانویستووە ئەزمونەکەی عەفرینی دووبارە ببێتەوە، بەرەو عێراق رایانکرد. سەیدۆ وتی هیچ نیازێکی نییە بگەڕێتەوە بۆ سوریاو هیوای خواست لەوڵاتێکی ئەوروپیدا مافی پەنابەری بۆ خێزانەکەی وەربگرێت. 

«لانیکەم لەئەوروپا مافی مرۆڤ هەیە»، سەیدۆ وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار