ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی جەنەڕاڵی تارمایی لەناوبرد
5 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
بەرەبەیانی هەینی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فرۆکەی بێفڕۆکەوان قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسیان بەئامانج گرت و لەگەڵ چەند کەسێکی تردا لەفرۆکەخانەی بەغداد کوژران.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کردووە کە «کردەیەکی یەکلاکەرەوەی بەرگری بوو بۆ پارێزگاریکردنی ئەندامانی سوپای ئەمریکا لەدەرەوەی وڵات».
پێگەی واشنتن ئێکزامینەرو نیویۆرک پۆست بڵاویانکردوەتەوە کە فرۆکەی بێفرۆکەوانی MQ-9) Repear) لەهێرشەکەدا بەکاهێنراوە بەسەرپەرشتی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری (سی ئای ئەی).
بەپێی راپۆرتی هەردوو پێگە، تایبەتمەندییەکانی فرۆکەکە بەم جۆرەیە:
دەتوانرێت لە دوورەوە کاری پێبکرێت بەمەودای ١٩٣١کم، تەنها فرۆکەوانێکی دەوێت کە لەبنکەیەکەوە ئاراستەی بکات. فرۆکەکە دەتوانێت بە بەرزی ١٥ هەزار مەتر بفڕێت و مەکینەکەی بێدەنگە کە ئەمەش وادەکات ئاشکرا نەبێت. بەپێی بەیاننامەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا MQ-9) Repear) جگە لەوەی دەتوانێت چەک ئاراستە بکات، خۆشی هەڵگری موشەکە وەک موشەکی «Hellfire» و توانای «فرە ئەرکی» هەیە وەک هێرش، ئەرکی هەواڵگری، یان ئەرکی گەڕان و رزگارکردن.
«بەهۆی هەستەوەرە مەودا دوورەکانی، شێوازە فڕەکانی بۆ پەیوندیکردن، هەروەها چەکە ورد (دەقیقەکان)ی، توانستێکی باڵای هەیە لەهێرشکردنەسەر ئامانجە گەورەو خێرا و جووڵەدارەکانەوە».
فرۆکەکە کێشی دوو هەزارو (٢٢٢) کیلۆیەو پانییەکەی (٢٠) مەتر دەبێت لە باڵێکەوە بۆ باڵەکەی ترو خێراییەکەی (٢٣٠) کم لەکاتژمیرێکدا.
MQ-9) Repear) لەلایەن کۆمپانیای (جنەڕال ئەتۆمیکس)ەوە دروستکراوەو سیستەمی وێنەگرتنی رەش و سپی و رەنگاوڕەنگی تێدایە جگە لەوەی سیستەمی لەیزەری هەیە بۆ دۆزینەوەو بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی.
نزخی هەر دانەیەکی (١٦) ملیۆن دۆلارەو لەساڵی ٢٠٠٧ەوە خراوەتە خزمەتی سەربازییەوە. هەتاوەکو ٢٠١٥، هێزی ئاسمانی ئەمریکا (٩٣) دانەی لەم فرۆکەیە هەبووەو کۆشکی سپی (١١) ملیاری بۆ پرۆگرامی دروستکردنی تەرخانکردووە.
ئەم جۆرە فرۆکەیە لەعێراق، ئەفغانستان، یەمەن، هەروەها لیبیا بەکارهێنراوە. یەکەم کوشتنی تۆمارکراوی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ کاتێک مووشەکی «Hellfire»ی ئاراستە گروپێکی یاخی کرد لە ئەفغانستان.