گۆڕەپانی تەحریر خۆشحاڵە بەکوشتنی جەنەڕاڵی تارمایی

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

خۆپیشاندەرە عێراقییەکانی دژ بەحکومەت پەنجەکانی سەرکەوتن بەرزدەکەنەوە لەدەرەوەی چادرەکانیان لەگۆڕەپانی تەحریری بەغدا دوای بیستنی هەواڵی کوشتنی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی. ئەوەش لەکاتێکدابوو چەندین جار هێرشیان کرایەسەر لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لەئێران.

عێراقییەکان چەندین مانگە خۆپیشاندان دەکەن دژ بەو حکومەتەی وەک داردەستی ئێران دەیبینن، کەوتنە چڕینی گۆرانی و هەڵپەڕین، هەینی رابردوو  ( 3ی کانونی دووەم) دوای ئەوەی هێرشێکی ئەمریکا فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی کوشت.

«ئای قاسم سولەیمانی، ئەمە سەرکەوتنێکی خوداییە،» ئەمە هوتافی ئەوان بوو لەگۆڕەپانی تەحریر کەبنکەی سەرەکی بزووتنەوەکەیانە.

«ئەمە تۆڵەی خودایە بۆ خوێنی ئەوانەی کوژران،» یەکێکیان وتی، بۆ ئەو (460) کەسەی لەتوندوتیژییەکاندا کوژران کەزۆربەی خۆپیشاندەران دەڵێن خەتای هێزە ئەمنییەکان بووە کەئێران پشتیوانییان دەکات.

هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کاروانێکی کرده ئامانج کەفەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبومەهدی موهەندیس سەرنشینی بوون.

دوای ئەوەی هەردووکیان کوژران، هێزی قودس (باڵی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران) بەبێ سەرۆکە کاریگەرەکەی مایەوەو حەشدی شەعبیش ئەو کەسەی لەدەستدا کە لهئەمری واقیعدا سەرۆکی بوو.

پێنتاگۆن رایگهیاند کهسەرۆک دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کوشتنی سولەیمانی دەرکرد «لەکردهیهکی بەرگریکاری یەکلاکەرەوەدا بۆ پاراستنی کارمهندانی ئەمریکی لەدەرەوەی وڵات».

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگهیاند «قاسم سولەیمانی چالاکانە پلانی دادەڕشت بۆ هێرشبردنەسەر دیپلۆماتکارو سەربازانی ئەمریکا لەعێراق و سەرانسەری هەرێمەکە.»

لەگەڵ دەربڕینی خۆشحاڵی لەلایەن شەقامەوە، بەڵام زۆرینەی نوخبەی سیاسی کەحکومەتیان بەدەستە دژی کوشتنی قاسم سولێمانین و ئەو گروپانەش کە لەئێرانەوە نزیکن هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

لەعێراق، میلیشیای سەر بەئێران عەسائیب ئەهل حەق داوای لەچەکدارانی کرد لەئامادەشییدا بن، لەکاتێکدا سەرکردەیهکی میلیشیای گۆڕاو بەپیاوێکی ئایینی، موقتەدا سەدر، سوپای مەهدی زیندووکردەوە، دوای نزیکەی دەیەیەک لەهەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە بەدناوە دژە ئەمریکییە.

بەڵام هەندێک ئاهەنگێڕانی بوێرانە لەمەیدانی تەحریری بەغدا هەبوو، کە چەقی بزووتنەوەیەکی خۆپیشاندانی سێ مانگەیە کەحکومەتی عێراق لهقهڵهمدهدات بهگەندەڵ و بەکرێگیراوی تاران.

خۆپیشاندەران دروشمیان دەوتەوە و هەندێکیان لەشەقامەکاندا سەمایان دەکرد: «ئای قاسم سولهیمانی، ئەمە سەرکەوتنێکی خوداییانەیە.»

 فیلیپ سمیس، شارهزایهکی گروپە چەکدارە شیعەکانە لەئەمریکا،هێرشەکەی لهقهڵهمدا بە «جهرگبڕترین هێرشی گەورە کەئەمریکا لەمێژووی خۆیدا ئەنجامیداوە».

فیلیپ سمیس، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت ئاکامی «گەورەتر»ی دەبێت وهک لەئۆپەراسیۆنهکهی 2011ی ئەمریکا کەتیایدا سەرۆکی قاعیدە ئوسامە بن لادن کوژرا لەگەڵ ئەو هێرشەی ئەمریکا لە 2019 کەسەرکردەی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) ئەبوبەکر بەغدادی تێدا کوژرا.

سمیس وتیشی «هەر ناکرێت بەراورد بکرێن.»

لەلایەکی ترەوە شرۆڤەکاران و هاوڵاتیانی عێراقی وتیان کوشتنی سولەیمانی لەهێرشەکەی ئەمریکادا مانای «کۆتاییهاتنی تاوانکارێکی جەنگە کەبەرپرسیاربوو لهکوشتنی هەزاران خەڵکی بێتاوان».

رەبیع جەواری شرۆڤەکاری ستراتیژی سەربازی عێراقی وتی هێرشەکە یەکلاکەرەوەو دروستبوو، که «باڵادەستی و توانای ئەمریکای دەرخست بۆ سزادانی ئێران لهسهر ئەو کرده دوژمنکاریانەی لەعێراق و هەرێمەکە ئەنجامیدەدات».

وتیشی «چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیەکی توندمان دەکرد لەئەمریکا بۆ ئەو دوژمنایەتی و وروژاندنانەی ئێران دەیکات،» بەتایبەتی دوای هێرشەکەی ئەمدواییانەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا.

وتیشی «رژێمی ئێران دەکرێت بیەوێت تۆڵەبسەنێتەوە لەڕێی بریکارەکانییەوە تاشهڕێک لەهەرێمەکەدا بەرپاکات، بەبێ ئەوەی گوێبداتە دەرئەنجامەکانی کردهیهکی لەو شێوەیە».

جەواری وتی «راکێشانی هەرێمەکه بۆ ناو شهڕ کاردانەوەی خراپی دهبێت، که ئێران بهرپرس دهبێت لێی.»

 رەمزی ماردینی، لێکۆڵەرێکە لەپهیمانگای ئەمریکا بۆ ئاشتی، وتی «سروشتی هێرشەکەی ئەمریکا بێ پێشینەیە، چونکە ئامانجەکان پلە باڵا بوون، ئەوەش وادەکات کاردانەوەکەی وێنا نەکرێت».

وتیشی «هێرشەکەی هەینی نیشانیدا ئێران چیدیکە ناتوانێت هاوپەیمانەکانی لەعێراق بەکاربێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی بکەوێتەبەر مەترسی تۆڵەسەندنەوەی تهقلیدیی ئەمریکا دژ بەئێران».

راگەیاندنی کوشتنی سولەیمانی بووە جێگای خۆشحاڵیی هەزاران لەو خۆپێشاندەرانەی لە 25ی تشرینی یەکەمەوە چوونەتە سەر شەقامەکان.

جەواری وتی سولەیمانی، وەک سەرکردەی باڵای ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران، «یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی داڕووخانی وڵات بوو».

لەخۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانەدا، عێراقییەکان بەتووندی سهرکۆنهی کاریگەری و سیاسەتی ئێرانیان لەسەر وڵاتەکەیان کرد کەمەترسین بۆ سەقامگیریی عێراق.

خۆپیشاندەرێک لەگۆڕەپانی تەحریر وتی «هەر کە بیستمان سولەیمانی مردووە خۆشی شوێنی خۆپیشاندانەکانی گرتەوەو خۆپیشاندەران بهو بۆنهیهوه ئاڵایهکی گهورهی عێراقیان بهرزکردهوه

وتیشی «دوو مانگ لەمەوبەر له‌گۆڕه‌پانه‌که‌دا خۆشحاڵی خۆمان دەربڕی به‌کوشتی ئەمیری داعش ئەبوبەکر بەغدادی. ئەمڕۆش دڵخۆشین بەکوشتنی تاوانکارێکی دیکەی جەنگ، سولەیمانی.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار