ئەرکى سەرۆک کۆمار قورستر بووە
ئارام شێخ محەمەد، جێگرى پێشووى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ هاوڵاتى:

6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
جێگرى پێشووى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت ئەمریکا گیرى خواردبوو بەدەست هەژمونى ئێران بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بەعێراقەوە هەیە بۆ دەستنیشانکردنى کەسێک وەک سەرۆک وەزیران تا هەڵبژاردنى داهاتوو.
ئارام شێخ محەمەد، جێگرى پێشووى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، دەشڵێت:» بەزەحمەتى دەزانم کوتلەى سائیرون و حیکمەو بەشێک لە سوننەو کورد بتوانن سەرۆک وەزیرانێکى نوێ دیارى بکەن».
هاوڵاتى: مامەڵە عێراقییەکان چۆن دەبێت دواى کوژرانى قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمریکاوە؟ پێتوایە دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت یا دادەمرکێتەوە؟
ئارام شێخ محەمەد: پێموایە ئەم بابەتە دوو رووى هەیە، روویەکیان دیوە ئاشکراکەیە کە بریتییە لەو ەێرشەى کە کراوە، لەڕووى سیادییەوە لێدانێکى روونى سیادەى دەوڵەتى عێراقییە، بەتایبەتى لێدانێکى وەها لەناو سنورى پایتەختداو لەنزیک فرۆکەخانەوە، ئەمە سەرپێچییەکى گەورەى دەوڵەتە چ لەڕووى پرۆتۆکۆلى یان ئاساییەوە.
زەحمەتە کوتلەى سائیرونو حیکمەو بەشێک لەسوننەو کورد بتوانن سەرۆک وەزیرانێکى نوێ دیارى بکەن
ئەم قسەیەى من ئەیکەم هەمان قسەى مەرجەعیەتى نەجەف بووە لەوتارى جومعەدا کە ئیدانەى ئەو ەێرشەى کرد، لەهەمانکاتدا دیوێکى ترى ئەم بابەتە ئەوەیە کەهەوڵەکان بەرەو ئاراستەى هێورکردنەوە بڕوات، چونکە بەڕاستى ئەم گورزەى ئەمریکا وەشاندى کارێکى ئاسان نییە و وەک کورد ئەڵیت ئەمە گورزى پشت شکێنە چ بۆ هێزە شیعییەکان بەتایبەتى حەشدى شەعبى و ئەوانەى لەئێرانەوە نزیکن و چ بۆ ئێران خۆشی.
ململانێى نێوان ئەمریکاو ئێران لەم دواییانەدا پێى نایە قۆناغێکى خراپەوە، بەتایبەتى ئەمریکا کەگیرى خواردبوو بەدەست هەژمونى ئێران لەیەمەن، سوریا، عێراق، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بەعێراقەوە هەیە دەستنیشانکردنى کەسێکە وەک سەرۆک وەزیران تاهەڵبژاردنى داهاتوو، ئەمە بابەتێک بوو ئێران زۆر بەتووندى هاتبووە سەر خەت لەسەرى و بەتایبەتى قاسم سولەیمانى خۆى یەکێک بوو لەو کەسانەى بەتایبەتى سەرپەرشتى و چاودێرى ئەم بابەتەى کردووە، ئەم بابەتانە ئەگەر لەڕووى سەربازییەوە سەیرى بکەیت بابەتێکى ئاسان نییە بەتایبەتى لەدەستدانى ئەبومەهدى موهەندیس بۆ حەشدى شەعبى و لایەنە شیعییەکان بەگشتی.
لەڕووى سیاسییەوە ئەمە پەیامێکى سیاسییەو بۆ هەموو هێزەکانى تر بەتایبەتى ئەوانەى نزیکن لەئەجێنداى ئێران لەعێراقدا، ئەوەى گرنگە کەڕێوڕەسمى بەڕێکردنى تەرمەکانى قاسم سولەیمانى و مەهدى موهەندیس توندوتیژى لێنەکەوتەوە لەگەڵ هەمان کاتى کۆتا وتارى مەرجەعیەتى نەجەف سیستانی. پێموایە ئاراستەکان بەرەو هێورکردنەوە بڕوات.
هاوڵاتى: پەیامى ئەمریکا چى بوو لەکوشتنى سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیس؟
ئارام شێخ محەمەد: ئەمریکا دوو پەیامى هەبوو، پەیامى یەکەمیان ئەوە بوو کە رایانگەیاند ئێران هەرگیز لە جەنگدا براوە نەبووە، بەڵام لە دانوستان سەرکەوتوو بووە کەئەمە پەیامێکە بۆ ئەنجامدانى دانوستان، دیوێکى تریش ئەوەیە کە هەم سەرۆکى ئەمریک و هەم وەزیرى بەرگرى وتیان کەنایانەوێت دۆخەکە خراپتر بێت، ئەمەش ماناى ئەوەى جۆرێک لە گفتوگۆو لێکتێگەشتن هەبێت.
ئەم بابەتە دیوێکى ترى هەیە کە دیار نییە ئەویش بریتییە لەو نامانەى نێردراوە بۆ ئێران لەلایەن سەفیرى سویسرییەوە و ئێران جوابى داوەتەوە، یەکێتى ئەوروپاش هاتووەتە سەر خەت لەگەڵ روسیاو چین کە ئەمەش ماناى ئەوەیە ئاراستەکە بەرەو ەێوربوونەوە هەنگاو بنێت.
هاوڵاتى: سەرۆکایەتى کۆمار دەیەوێت کەسێک دەستنیشان بکات بۆ سەرۆک وەزیران، تاچەند پێتوایە ئەمریکا دەیەوێت دووربێت لەهەژموونى ئێران؟
ئارام شێخ محەمەد: ئەمریکا تا ئێستا بە راستەوخۆ قسەى لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە کە بڵێت کەسێکمان دەوێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەناڕاستەوخۆ وتوویانە کە هەژمونى ئێرانیان ناوێت بۆ نموونە، وتوویانە کەخەڵکى عێراقى نایانەوێت چیتر لەژێر دەستى ئێراندا بن.
هەموو ئەم قسانە روونە کە ئەمریکا لەگەڵ داواکارى خۆپیشاندەراندایە و ئەوەش داوایەکى گەورەى خۆپیشاندەرانە، بیرشت نەچێت لەسەر داواکارى خۆپیشاندەران عادل عەبدولمەهدى دەستى لەکارکێشایەوەو یاساى هەڵبژاردن و کۆمسیۆنى نوێ دەستبەکاربوون، لەبەرئەوە ئەم پەیامانە یەکدەگرنەوە ئەویش هەڵبژاردنى کەسێکى سەربەخۆو دوور لەئێران بێت، ئەمریکا بەناڕاستەوخۆ قسە دەکات، بەڵام دواجار ئامانجەکانى یەکدەگرنەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران، بەرهەم ساڵحیش وتوویەتى کەسێک راناسپیرێت کە لەسەر لایەنیک حساب بکرێت.
هاوڵاتى: هێزە شیعەکان ئەمە قبوڵ دەکەن بەتایبەت دواى ئەم رووداوەى کوشتنى سولەیمانى لەعێراق؟
ئارام شێخ محەمەد: بەپێى ئەزمونى خۆم لە پەرلەماندا، ئەم بابەتانە بەگوێرەى رێککەوتن دەڕۆن بەڕێوە، دەبێت کاندید هەڵبژێردرێت کە رەزامەندى لایەنە شیعییەکانى لەسەربێت، چونکە بەبێ ئەوان تێناپەڕێت لەپەرلەمان و متمانەى پێنادرێت.
بەپێى نیزامى داخلى پەرلەمان و دەستور بابەتەکە لەپەرلەمان بەدەنگدان یەکلاییدەکرێتەوە، دەبێت کوتلەى زۆرینەى پەرلەمانى رازى بێت تەرشیحى ئەو ناوە بکات و بەرزى بکاتەوە بۆ سەرۆک کۆمار، سەرۆک کۆمار لەسەر بیناى کوتلەى گەورە نووسراو دەکات بۆ پەرلەمان و دەڵێت فڵان کەسم راسپاردووە بۆ سەرۆک وەزیران و دەبێت لەماوەى 15 رۆژدا کابینەکەى پێکبەێنێت، بەبێ دەنگى کوتلەى زۆرینە ئەمە تێناپەرێندرێت، زەحمەتیشە لەناو پەرلەماندا بەزۆرى زۆردارى ئیلا دەبێت فڵان کاندید قبوڵ بکەیت، ئەساسەن کوتلەى زۆرینە نەینێرێت سەرۆک کۆمار تەکلیفى ناکات، کە سەرۆک کۆمار تەکلیفى نەکات.
هەرێمى کوردستان مەحکومە بەهەردوو جەبهەکە، مەحکومە بە هەژمونى ئەمریکا هەم هەژموونى ئێرانیش وازحە، ئەو بارودۆخەى کە هەیە لەهەرێمى کوردستان لە رووى جوگرافى سنورو بازرگانى و ئابووریشەوە، بابەتێکى دوولایەنەیە، هەڵبژاردنى بێلایەنى لەم ململانێ گەورەیەى نێوان ئەمریکاو ئێران هەڵوێستێکى ژیرانەیە
هاوڵاتى: بەڵام خۆتان دەزانن هێزە شیعییەکان دیدیان جیاوازە؟ رەنگە رەوتى حیکمەو رەوتى سەدرو عەبادى جیاواز لەمالکى و هادى عامرى و کوتلەى فەتح و سادقیون بیربکەنەوە؟
ئارام شێخ محەمەد: کوتلەى حیکمە کەعەمار حەکیم سەرپەرشتى دەکات و کوتلەى سائیرون کەموقتەدا سەدر سەرپەرشتى دەکات و فەتح وەک بەرەکى تر کە هەندێک لە هێزە سونییەکانیان لەگەڵدایەو هادى عامرى سەرۆکایەتیان دەکات، راستە لەناو هێزە شیعییەکان کە بریتین لە جەماعەتى فەتح بەهەموو پێکهاتەکانیانەوەو مالکى و سەید عەمار حەکیم و عەبادى و کوتلەى نەسر، یان ئەوەتا پێکەوە دەگەنە رێکەوتن کە زەحمەتە یان ئەوەتا تەنەزول لەحەقى خۆیان دەکەن.
بەزەحمەتى دەزانم کوتلەى سائیرون و حیکمەو بەشێک لە سوننەو کورد بتوانن سەرۆک وەزیرانێکى نوێ دیارى بکەن، چونکە ئەم بابەتانە هەروا بەئاسانى پێکنایەت، ئەوەل و ئەخیرى ئەم مەسەلەیە لەناو ماڵى شیعەدایە، چونکە بێجگە لە ژمارەى کورسییەکانى شیعەکان، حەقێکى گەورەى شیعەکانە و یەکدەگرنەوە لە خاڵێکدا کە بریتییە لەوەی واز لەحەقى خۆیان ناەێنن کەحەقى سەرۆکایەتى حکومەتى عێراقیان هەیە.
هەرێمى کوردستان عەناسرى قوەت و هێز لەبەردەم هەرێمدا نییە بۆ ئەوەى کە ئەگەر پاڵ بدات بەلایەکدا بەرگەى هەڕەشەى لاکەى تر بگرێت، بارودۆخەکە بەو شێوەیە عاقڵانەیە کە بێلایەنى هەڵبژاردووە
هاوڵاتى: سەرکردایەتى سیاسى کوردستان هەڵوێستێکى بێلایەنانەى هەڵبژاردووە؟ بۆچى؟
ئارام شێخ محەمەد: ئەوەى ئێستا هەرێمى کوردستان هەڵیبژاردووە هەڵوێستێکى بێلایەنانەى هەڵبژاردووە، لە راستیدا هەرێمى کوردستان مەحکومە بەهەردوو جەبهەکە، مەحکومە بە هەژمونى ئەمریکا هەم هەژموونى ئێرانیش وازحە، ئەو بارودۆخەى کە هەیە لەهەرێمى کوردستان لە رووى جوگرافى سنورو بازرگانى و ئابووریشەوە، بابەتێکى دوولایەنەیە، هەڵبژاردنى بێلایەنى لەم ململانێ گەورەیەى نێوان ئەمریکاو ئێران هەڵوێستێکى ژیرانەیە.
هاوڵاتى: مەترسى لەسەر پەیوەندییەکانى دروستنابێت کە نەچووەتە هیچ بەرەیەکیانەوەو بەبێلایەنى خۆى هێشتۆتەوە؟
ئارام شێخ محەمەد: هەرێمى کوردستان لەناوچەکەدا ناتوانێت هەڵوێستى یەکلاکەرەوەى هەبێت، تا ئەوەى پاڵ بدات بەلایەنێکەوە لایەنەکەى تر یەکلایبکاتەوە، هەرێمى کوردستان عەناسرى قوەت و هێز لەبەردەم هەرێمدا نییە بۆ ئەوەى کە ئەگەر پاڵ بدات بەلایەکدا بەرگەى هەڕەشەى لاکەى تر بگرێت، بارودۆخەکە بەو شێوەیە عاقڵانەیە کە بێلایەنى هەڵبژاردووە، چونکە هەرێم نە لە رووى ئەمنى و سەربازییەوە نە لە رووى ئابووریەوە ناتوانێت خۆى لەسەر جەبهەو بەرەیەک ساغبکاتەوەو بەرگە ناگرێت، هەرێمى کوردستان پاڵ بدات بە ئەمریکاوە سنورێکى دورودرێژى لەگەڵ ئێراندا هەیە و ناتوانێت ئەوە بکات، هەولێر کە پایتەختى هەرێمى کوردستانە پڕە لەکۆمپانیاى ئەمریکى و رێکخراوو کونسوڵیات جگە لەهەبوونى بنکەى سەربازى ئەمریکى، لەبەرئەوە بێلایەنى هەڵبژاردووە.
هەندێک لە شیعەکانى عێراق بێلایەنییان هەڵبژاردووە، مەرجەعیەتێکى گەورەى وەک سیستانى ئەم بابەتە هەڵدەبژێرێت و وتارەکەى تا رادەیەکى زۆر بێلایەنانە بووە لەچاو ئەوەى کە شیعەیە چ عەیبەیەکى تێدایە هەرێم بێلایەنانە مامەڵە بکات، لەکاتێکدا سیستانى دەتوانێت بەبەیاننامەیەک ملیۆنان خەڵک بێنێتە سەر شەقام، بەڵام بەیانەکەى لەسەر دووداوەکە نەرمو نیانى تێدایە، هێزەکانى تری عێراقیش کە بەیاننامەى سەرۆکایەتى کۆمارو سەرۆکى پەرلەمانى عێراق محەمەد حەلبوسى هەر بەو شێوەیەیە، بەشێکیش لەهێزە شیعییەکان داواى دانبەخۆداگرتن دەکەن کە بارودۆخەکە ئارام بێتەوەو عێراق نەبێتە شوێنى ململانێى ئێران و ئەمریکا، بۆ کورد بەگشتى باشە کە بەبێلایەنى مامەڵە بکات و بەشێوەى دبۆماسى کاربکات و هەڵوێستێکى ژیرانەیە.
هاوڵاتى: بەشێک لەهاوڵاتیان بۆچوونیان وایە کاتى ئەوە هاتووە سەرکردایەتى سیاسى کورد بچێتەوە کەرکوک؟
ئارام شێخ محەمەد: ئەو بابەتە زۆر زۆر ئاڵۆزو قوڵەو تائێستا ەیچ ئاماژەیەکى سیاسى رەسمى لەمبارەیەوە نییەو دەبێت لەسەر شتى رەسمى قسە بکەین، لەسەر ئەساسى تموح و خەیاڵ قسە ناکرێت، بەهیچ شێوەیەک هێزى پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک.
هاوڵاتى: ئەرکى سەرۆک کۆمار دواى کوشتنى سولەیمانى قورستر بووە؟
ئارام شێخ محەمەد: ئەرکى سەرۆک کۆمار بێگومان قورستر بووە، بابەتێکى ژمارەییە، رازى کردنى کوتلە شیعییەکان و رازى کردنى خۆپیشاندەران وا ئاسان نییە، لەئێستادا سەرۆک کۆمار بەرپرسیارێتى گەورەى لەسەر شانە بە حوکمى ئەوەى بێجگە لەوەى سەرۆکایەتى کۆمارو حکومەت پێکەوە پێکەێنەرى دەسەڵاتى جێبەجێکردن و سەرۆک کۆمار پارێزەرى دەستورە، سەرۆک کۆمار ئەرکەکەى زۆر زۆر قورسە بۆ ئەوەى تێگەیشتنى هاوبەش دروستبکات و لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بۆ ئەوەى لەسەر کاندیدکردنى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران ساغببنەوە، بەڵام دیارىکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران کاتى د ەوێت و پێشى دەچێت و هەروا ئاسان نابێت.
