ئەردۆغان قومار بەسیاسەتی دەرەوە دەکات بەناردنی هێز بۆ لیبیا

6 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: بلومبێرگ
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
پەرلەمانی تورکیا لەپێنجشەممەی رابردوودا دەسەڵاتیدا بەحکومەت تاسەرباز رەوانەی لیبیا بکات بۆ پشتگیریکردن لەئیدارەی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی دژی هێزە یاخییەکان، ئەمەش جەنگی بریکاری قوڵتر دەکاتەوە کەڕوسیاو دەسەڵاتدارانی هەرێمی پەلکێشی خۆی کردووە.
پەرلەمان بەدەنگی (٣٢٥) بەڵێ لەبەرامبەر (١٨٤) نەخێر، مۆڵەتی یەک ساڵیدا بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک بۆ رەوانەکردنی سەرباز لەسەر داواکاری حکومەتی سەرۆک وەزیرانی لیبیا، فائز سەراج.
حکومەتەکەی سەراج کەدەکەوێتە تەرابلوسی پایتەختەوە دژی ئەو هێزانە شەڕ دەکات کەهاوپەیمانی خەلیفە حەفتەرن، کەئەمیش لەلایەن چەکدارانی بەکرێگیراوی روسیا، میسر، هەروەها ئیماراتەوە پشتگیری دەکرێت. دەستتێوەردانی تورکیا رەنگە هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزبکات بۆ کۆتایهێنان بەدووبەرەکی کەبەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە لەکاتی رووخانی دەسەڵاتی موعەممەر قەزافی لەساڵی ٢٠١١ەوە.
«ئێمە دەستتێوەردان لەلیبیادا ناکەین، بەڵکو تەنها وەڵامی داواکاری یارمەتیدانی حکومەتە دانپێدانراوەکەی ئەوێ دەدەینەوە»، ئەمروڵا ئیسلەر، نێردەی ئەردۆغان بۆ تەرابلوس وای وت. لەساڵی ٢٠١١ەوە لیبیا لەگەمارۆی چەکدایە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.
کۆمەڵێک وڵات کەبەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە بەخێرایی دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە. ئیتاڵیا، کە پەیوەندی لەمێژینەی ئابووری و سیاسی لەگەڵ لیبیا هەیە، دژی هەموو دەستتێوەردانێکی دەرەکی دەوەستێتەوە لەوڵاتەکەدا، بەپێی وتەی بەرپرسێک کەنەیویست ناوی بهێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی میسر هۆشداریدا کە «ئەم جۆرە دەستتێوەردانانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەی دەریای ناوەڕاست و تورکیا تەواوی ئەم بەرپرسیاریەتییە هەڵدەگرێت».
سەرکردەکانی یۆنان، قوبرس، هەروەها ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند لەشکرکێشی تورکیا «هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەقامگیری هەرێمی».
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، کەهەندێکجار پشتگیری دەربڕیوە بۆ حەفتەر، نەرمتربوو لەلێدوانەکەیدا. بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، ترەمپ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئەردۆغان لەپێنجشەممەی رابردوودا ئاماژەی بەوە کردووە کە «دەستتێوەردانی دەرەکی دۆخەکەی لیبیا ئاڵۆز دەکات».
حەفتەر هاوپەیمانی ئیدارەیەکی رکابەرە کەپێگەکەی دەکەوێتە شاری تەبڕق. زۆربەی دامەزراوە نەوتییەکانی لیبیای لەژێردەستدایە لەگەڵ ناوچەیەکی فراوانی وڵاتەکە لە رۆژهەڵات و باشور. حەفتەر توانی لەشکرکێشییەکەی بۆ تەرابلوسی پایتەخت دەستپێبکاتەوە دوای ئەوەی چەکدارانی بەکرێگیراوی روسیا لەمانگی ئەیلولی رابردوودا دەستوەردانیان ئەنجامدا.
تورکیا ئامانجی ئەوەیە ملیارەها دۆلاری چنگ بکەوێت کەبەهۆی ململانێی لیبیاوە فەرامۆشکراوە، لەبەرامبەردا رازیبوو بەبەرگریکردن لەئیدارەی سەراج و پشتگیری لیبیای بەدەستهێنا بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی دەریایی کەمافی ئەنقەرە پشتڕاستدەکاتەوە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە تێیدا لەململانێدایە لەگەڵ قوبرس لەسەر سەرچاوەی غازی سروشتی.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای تورکیا، ئەنقەرە ئامادەیە سوپاکەی بنێرێت بۆ پارێزگاریکردن لەتەرابلوس، لەکاتێکدا سەربازەکانی راهێنان بەهێزەکانی سەراج بکەن و رێکخراویان بکەن.
مەرجەکانی رەوانەکردنی هێیزەکانی تورکیا ئەمانە لەخۆدەگرێت:
دامەزراندنی هێزێکی نوخبەی لیبی بۆ دەستبەجێ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان، کەڵەکەکردنی چەک، فڕۆکە، ئۆتومبیلی سەربازی لەئاستی زەمینی و دەریاییدا، مانۆڕی هاوبەش، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری دژە تیرۆرو هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنی.
«بەڕوونی تورکیا لیبیا وەک بەشێک لەزەوی خۆی دەبینێت لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا. بەمدواییانە رێککەوتنێکی ئابووری لەگەڵ تەرابلوس ئیمزاکرد بۆ دەرهێنانی وزەی سروشتی، بەڵام کردەوەکانی تورکیا رەنگە وای لێبکات زیاتر گۆشەگیرببێت و قەیرانێکی فراوانتری هەرێمی بخوڵقێنێت»، جۆناسان مارکس هەواڵنێری بەرگری و دیبلۆماسی سی ئێن ئێن وادەڵێت.
تورکیا پابەندی خۆی بەسیاسەتێکی دەرەوە دووپاتکردەوە کەڕەنگە لەکۆنترۆڵ دەربچێت ئەگەر میسری رکابەری بڕیاربدات هەنگاو بنێت بەرەو خراپترکردنی دۆخەکە، مایکڵ تانچوم شیکەرەوەی سیاسی وای وت.
«پێش ئەوەی تورکیا بتوانێت ئامادەییەکی توندوتۆڵی سەربازی دابمەزرێنێت، قاهیرە پاڵنەری ئەوەی لەبەردەستە کە چەکی قورس بەردەست بکات بۆ حەفتەر تابتوانێت تەرابلوس داگیربکات».
بەڵام ئەمە مانای ئەوەیە کە بەپێچەوانەی سوریاوە. تورکیا سنوری لەگەڵ لیبیادا نییەو پێناچێت روسیا هەماهەنگی لەگەڵ بکات، ئەمەش وا لەهێزەکانی قاهیرە دەکات پەلبکێشن، تانچوم وای وت.
