چاوەڕوانی هەڵوێستی زیاترمان لەبەرپرسانی کورد هەبوو
سەرکونسوڵی ئێران لەهەولێر: پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەنێوان بەڕێز بارزانی و قاسم سولەیمانی هەبوو
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرکونسوڵی ئێران لەهەولێر رایگەیاند کە لەپرسی ئیدانەکردنی شەهیدکردنی سەردار سولەیمانی و تیرۆری ئەو فەرماندەیە کەدۆستی کوردی عێراق بوو، چاوەڕوانی زیاترمان لەهەرێمی کوردستان دەکرد.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکونسوڵی ئێران لەهەولێر بڵاویکردەوە وتی «هەرچەندە دۆستانمان لەهەرێمی کوردستان بەشدارییەکی باشیان لەپرسەکەدا هەبوو و نیگەرانی خۆشیان پیشاندا، بەڵام ئێمە چاوەڕوانییەکی زیاترمان هەبوو.»
کونسوڵی ئێران رەتیکردەوە هیچ هێزێکی ئێرانی ناردبیتە سنوورەکانی عێراق
رەشنوودی وتی «دۆستانمان لەهەرێمی کوردستان بەشدارییەکی باشیان لەمەراسیمی پرسەی قاسمی هەبوو، لەو بابەتەی کە روویداوە نیگەرانی خۆیان پیشانداوە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانییەکی زیاترمان هەبوو لەوەی کە ئەوکارە تیرۆریستییەی بەئاشکرا کراوە، ئەوان زیاتر باسی لێوەبکەن، هەرچەندە شەهیدبوونی ئەو خۆشەویستانەیان ئیدانەکرد، بەڵام چاوەڕوانییەکانی ئێمە زیاتربوو».
رۆژی شەممەی رابردوو کونسوڵخانەی ئێران لەهەردوو شاری هەولێرو سلێمانی پرسەیان دانا بۆ قاسم سولەیمانی و تێیدا بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی زۆرێک لەحزبەکان بەشدارییان تیدا کرد.
رەشنوودی وتی «هەرجۆرێک بێت پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بەڕێز بارزانی و سەردار سولەیمانی هەبوو، لەهەر شوێنێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە قاسم سولەیمانی هەبووایە لەوێ ئامادەدەبوو، ئەو پەیوەندییە دۆستانەو برایانەیە کەهەبوو چاوەڕوانییەکی برایانەیە.»
سەرکونسوڵی ئێران لەهەولێر وتیشی «ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین هیچ جیاوازییەکمان نییەو دراوسێی لەمێژینەین و لەگەڵ یەکدین، ئەگەر ئەمریکییەکان ئەمڕۆ هاتوون و بوونیان هەیە کاتییە، لەبەرئەوە هەر شوێنێک لەبەرژەوەندی ئەوان بێت دەمێننەوەو ئەگەر لەبەرژەوەندیشیان نەبێت بەجێی دەهێڵن».
رەشنوودی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئێران هێز رەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی دەکات بۆ لێدان لەئەمریکا؟ وتی «بەهیچ شێوەیەک رووداوێکی لەمشێوەیە رووینەداوەو ئەمریکییەکان بەدرۆ دەڵێن کە ئێران و بوونی حاجی قاسم لەعێراق بەمەبەستی ئەنجامدانی کارێک بووە.»
ئاماژەی بەوەشکرد کە «عادل عەبدولمەهدی دوێنێ لە مەجلیسی عێراق وتی کە بڕیاربووە کاژێر 8:00 ی سەرلەبەیانی بەیەکەوە کۆببنەوە، مەبەستەکەیشی وەرگرتنی نامەی پاشای سعودیە بووە بە عادل عەبدولمەهدی، قاسم سولەیمانیش هاتنەکەی بەمەبەستی ئارامیی و ئاسایشی ناوچەکە بووە، ئەمریکییەکانیش ئەوکارەیان بەدڵ نەبووە».
سەرکونسوڵی ئێران لەهەولێر رایگەیاند «دەزانن کە ئەگەر ناوچەکە لەئارامیی و ئاسایشدابێت هیچ شوێنێک بۆ ئەوان نامێنێت و ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە لەیەکدی نزیک ببنەوە ئەوکاتە شوێنی بەکارهێنان بۆ ئەوان نامێنێت، بەداخەوە ئەو کارەیان کردووە».