تویتێکی ترەمپ تێکیشکاند

فەرماندەیەکی پاسداران لەهەڕەشەی کوشتنی ترەمپەوە بۆ خواستنی مەرگ

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

تویتێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کەهەڕەشەی بۆردومانکردنی 52 شوێنی ئێرانی کردبوو، ترسی لای ئێرانیەکان دروستکرد کە لە ئامدەباشیدا بن و بەوهۆیەوە بەهەڵە فڕۆکەیەکی مەدەنیان خستە خوارەوە لەو شەوەدا کەئێران بۆردومانی بنەکەی سەربازی عەین ئەسەدی کرد لە ئەنبار.
عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران کە پیشتر رایگەیاندبوو بە کوشتنی ترەمپش دڵیان ئاو ناخواتەوە، دوێنێ وتی بریا دەمردم و رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکەم نەدەبینی.

دوێنێ شەممە دوای ئەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان راگەیەندرا لەکەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە کە (170) سەرنشینی هەڵگرتبوو، عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لەکۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی «لەم دۆخە زۆر دژوارەدا هاتووینەتە بەر کامێرا، گەردەنمان لە موو باریکترە. بەبیستنی هەواڵی تێکشکانی فڕۆکەی نەفەربەر لەلایەن هێزی خۆمانەوە، داوای مەرگم لە خودا کرد. بریا دەمردم ئەو رووداوەم نەدەدی».

حاجی زادە وتی «ئێمە هەموو تەمەنی خۆمان کردووەتە پێش مەرگی خەڵک و ئەمڕۆیش ئابڕوومان لەگەڵ خودای گەورە مامەڵە دەکەین و لەم دۆخە دژوارەدا هاتووینەتە بەرچاوی کامێراکان تاڕوونکردەوە بدەین.

وتیشی «ئەم رووداوە لە لایەن ئەرکانە باڵاترەکانی دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە لێکدەدرێتەوەو زانیارییەکان تەواودەبێت› هەر لەسەرەتاوە دەڵێم، گەردەنمان لەموو باریکترەو هەموو بەرپرسیارێتیەکە قبووڵ دەکەین و هەموو بەرپرسیارێتیەکە لەئەستۆدەگرین و هەر بڕیارێک بەرپرسان بیدەن ئێمە جێبەجێ دەکەین.

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن  ئەمریکاوە، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران، لەلێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان وتی، کۆماری ئیسلامی ئێران کوشتنی ترەمپیش بەتۆڵە نازانێت، بەڵکو دەبێت ئەمەریکا لەناوچەکە بکرێتە دەرەوە.

وتیشی «تۆڵەی قاسم سولەیمانی بە ئاراستەکردنی چوار مووشەک بۆ بنکەیەکی ئەمەریکا کۆتایی نایەت، بەکوشتنی ترەمپیش کۆتایی نایەت... تاکە شت کە بتوانێت قەرەبووی خوێنی قاسم سولەیمانی بکات، تێکشکانی ئەمەریکایە لەناوچەکە».

لەوەڵامی هەڕەشەکەی ترەمپدا کەوتبووی 52 شوێنی ئێران دەکەنە ئامانج هەفتەی رابردوو عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی گشتی هێزی ئەرتەشی ئێران وتی «ئەگەر بوێری هێرشت هەبێت ئەوکات نیشانت دەدەین ژمارەکانی (5 و2) لەکوێ دەکرێنە ئامانج»

دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە مەدەنیەکە دواجار ئێران دانی نا بەوەدا کە بەهۆی هەڕشەکانی ترمپەوە وایانزانیوە مووشەکی کروزی ئەمریکیە.

حاجی زادە وتی کە هەفتەیەک پێش رووداوەکە ناوچەکە گرژى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و بەهۆى هەڕەشەکانى ئەمریکاوە کە باسى لەوە کردبوو 52 شوێن لەئێراندا دەپێکێت، بۆیە سیستمى بەرگریان خستووەتە حاڵەتى ئامادەباشى تەواوو بەرگریی موشەکیشیان بۆ تاران زیاتر کردووە”..

حاجى زادە ئاماژەى بەوەشکردووە کە “شەوى رووداوەکە حاڵەتى جەنگ راگەیەنراوەو لەهەموو ئاستەکاندا هێزە ئاسمانییەکان و سیستمى بەرگریی خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشى تەواوە وەو هەموو لایەک ئاگادارکراوەتەوە کەئەگەری وەشاندنى موشەکى کروز لەلایەن ئەمریکاوە هەیە، کاروبارەکان بەشێوەیەک رێکخرابوون تەنها پەنجەدانان لەسەر دوگمەیەک بەس بوو کەهێرش لەلایەن کارمەندى تایبەتمەندەوە ئەنجامبدرێت.”

ئەو فەرماندە سەربازییەى ئێران روونیشیکردەوە کە “چەندین جار داوایان کردووە هیچ گەشتێک لەو شەوەدا ئەنجامنەدرێت، بەڵام لەلایەن سیستمەکەوە بەدوورى 19 کیلۆمەتر ئامانجێک دەبینرێت کە هەست بەوە دەکرێت موشەکێکى کرۆز بێت

سەرەتا ئێران نکوڵی دەکرد لەوەی کە فڕۆکەکەی بە هەڵە خستبیتە خوارەوە، بەڵام کاردانەوە جیهانیەکان تا دەهاتن زیادیان دەکرد سەبارەت بەنکوڵیەکانی ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی ئیران ئامادەنەبوو سندوقە رەشەکە رادەست بکات.

سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگهیاند بهپێی ئهو زانیارییه هەواڵگریانهی که لهلایهن کۆمهڵێک سهرچاوه بهدهستمان گهیشتوون، ئهوه دهردهخهن کهفڕۆکە ئۆکراینیەکە بەمووشەکی ئێرانی دژە ئاسمانی خراوەتە خوارەوە.

جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانیی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا که لەوانەیە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە بەبێ مەبەست بووبێت.

پیشتر دوو کاربەدەستی ئەمەریکا رایانگهیاند، لهو بڕوایهدان کهفڕۆکە ئۆکرانییەکە لهلایهن ئێرانهوه بەهۆی موشەکی دژە ئاسمانی خرابێتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا رایگەیاندبوو بەڵگهیان له بهردهستدایه که فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەمووشەکی دژە ئاسمانی خراوهتە خوارەوە، بەڵام لەوانەیە بەبێ مەبەست بووبێت.

جۆنسن لە راگهیهندراوێکدا ئاماژهی بهوه کرد زانیاری هەن لەسەر ئەوەی فڕۆکەکە بەمووشەکی ئێرانی خراوەتە خوارەوە، پێدەچێت بەبێ مەبەست بووبێت،  بهڵام بەڕیتانیا داوا لەهەموو لایەنەکان دەکات بەپەلە گرژییەکانی ناوچەکە کەمبکەنەوە.

ئەو فشارانەی ئێران لەبەرامبەر نکوڵیەکانی ئێراندا تا دەهاتن زیاتر دەبوون، هەربۆیە دوێنێ حاجی زادە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کەئەو شەوەی ئێران هێرشی مووشەکی کردووە لەبەرئەوەی کە لایەنی ئەمریکی هەڕەشەی پەرچەکردار و پێکانی 52 شوێن لەئێرانی کردبوو. ئەوەش مەبەستی لەتویتەکەی ترەمپ بوو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار