٤٥٠٠ هاوڵاتیی رۆژئاوای کوردستان باشووریان بەجێهێشت

هێشتا ٢٢١ هەزار ئاوارەی رۆژئاوا لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

نزیکەی چوار هەزار و (٥٠٠) ئاوارە لەباشوری کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و گەڕانەوەی ئاوارەی دیکەش بەردەوامیی هەیە، ئەوەش دوای هێرشەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی تورکیا بۆ سەر شارە کوردییەکان.

باز ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی دەروازەی سێمێلکا- فیشخابور راگەیاند، نزیکەی چوار هەزار و (٥٠٠) کۆچبەر لەکامپی بەردەڕەشی باشوری کوردستانەوە گەڕاونەتەوە بۆ شارو شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان و گەڕانەوەی ئاوارەی دیکەش بەردەوامە.

لەگەڵ هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا هەزران هاوڵاتی لەسەر خاکی خۆیان ئاوارەبوون و بەشێکیان روویان لەباشوری کوردستان کرد.

دواتر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) کامپێکی بۆ ئاوارەکان کردەوە، سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا ، ئەو ئاوارانە لەباشورەوە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی ئامارێکی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی حکومەتی هەرێم تاکۆتایی مانگی رابردوو (19) هەزار هاوڵاتی رۆژئاوا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوەش بەهۆی لەشکرکێشییەکەی تورکیاو گروپە چەکدارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان

بەپێی ئامارەکەی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی حکومەتی هەرێم ژمارەی ئاوارەکانی رۆژئاوا لەسەرەتای ئەو هێرشانەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کوردی سوریا ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کەژمارەیان (١٩) هەزار کەسی تێپەڕاندوە.

تێکڕای ئەو ئاوارانە لەهەرێمی کوردستان ژمارەیان دەگاتە (226) هەزار کەس ، ئەوانەش تەنها لەڕێگەی دەروازەی سمێلکای نێوان هەرێم و رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوونەتە باشوور.

لەگەڵ ئەوەی هەزاران کوردی رۆژئاوا گەڕاونەتەوە بەڵام ناتوانن بچنە شوێنەکانی خۆیان و لەکەمپەکاندا نیشتەجین کەئیدارەی بەڕێوەبەری خۆسەر بەم دواییانە کردویەتیەوە بۆ ئەوانەی کە لە مەینەتیەکانی شەڕ هەڵهاتوون.

ئەوەش لەکاتیکدایە هێشتا سوپای تورکیاو بریکارە توندڕەوەکانی بەرەوامن لەهێرش و پەلاماردانی شارو گوندەکانی رۆژئاواو ناوبەناو لە رێگەی بۆردوومانەوە تەنگ بەخەڵکی ناوچەکە هەڵدەچنن

پێنجشەممەی رابردووش تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خاڵێکی پشکنینی ئاسایشی رۆژئاوای بۆردومان کرد، لەدەروازەی چوونە ناوەوەی ناوچەی عەین عیساو لەئەنجامدا دوو کەس برینداربوون کەیەکێکیان کارمەندی ئاسایشە و ئەوەی دیکەش هاوڵاتییەکی مەدەنییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار