ئیسماعیل قائانی؛ جێگرەوەی میراتی خوێنو وێرانکاریی
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئیسماعیل قائانی ئەو پیاوەی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی لەهەفتەی رابردوودا دەرکەوت، پیاوێکی کەمناو، بەڵام دەستڕۆیشتوو دڵسۆزی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، کەدەستی هەبووە لەکواژندنەوەو هەرەسپێهێنانی چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و یاخیبوون. لەوانەش خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خۆپیشاندانەکانی سوریاو هەروەها یاخیبوونی خوێندکاراکانی ئێران لەسەردەمی محەمەد خاتەمی.
لەسەرەتای هەشتاکاندا روویکردۆتە رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆڵی هەبووە لەکپکردنەوەی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان.
لەو رووداوانەدا کە بەفەتواو فەرمانی تایبەتی خومەینی روویانداو لەهەموو لایەکەوە پەلاماری شارە کوردستانیەکانیانداو سەدان کەس بەدیارچاوی خەڵکەوە گوللەباران کران.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی نوێی هێزی قودسی سوپای پاسداران، زۆر نەناسرابوو لەناو خودی ئێرانییەکاندا. بهپێچهوانهی قاسم سولەیمانییهوه، فەرماندەی پێشووی هێزەکە کە لەهێرشێکی ئەمریکادا کوژرا هەینی رابردوو (3ی کانونی دووەم) لەبەغدا، دەرکەوتنی میدیایی قائانی کەم بووەو دەوترێت کەمتر کاریزمای هەیە.
چاوەڕواندەکرێت قائانی بەردەوامبێت وەک لەوەی گۆڕانکاری بکات لەپلانەکانی بەرفراوانبوونی قودس لەهەرێمەکەدا.
قائانی، کەپێشتر جێگری فەرماندەی هێزی قودس بوو، لەلایەن رابەر عەلی خامنەییەوە دیاریکرا دەستبەجێ دوای کوشتنی سولەیمانی.
فەرماندەی نوێی هیزی قودسی سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی (دووەم لەڕاستەوە) لەکاتی جەنگی ئێران و عێراقدا لەپاڵ رابەر عەلی خامنەییدا (سێیەم لە راستەوە). {وێنەکه لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە}
لەدیاریکردنی قائانیدا خامنەیی وتی «فەرمانەکان وەک خۆیانن» بۆ هێزی قودس، کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران -- ئەوەش کردوویەتییە هێزێکی سەرەکی لەعێراق و لوبنان و سوریاو یەمەن.
قائانی کە لەشاری مەشهەدی ئێران لەدایکبووە، تەمەنی لە شەستەکاندایە و لەسەرەتای لاوێتییەوە ناسراوە بە پابەندبوونی دڵسۆزانەی بەبەرگریکردنهوه لە شۆڕشی ئێران کە رژێمی شای رووخاند لە 1979.
لەدەستپێکردنی جەنگی ئێران و عێراقدا لە 1980، چەندین ئەرکی پێسپێردرا، یەکەمیان فەرماندەییکردنی فیرقەی 21ی ئیمام رەزای سوپای پاسداران بوو، دواتریش فیرقەی 5ی نەسر.
زیاد سنجاری رۆژنامەوان وتی «جەنگی ئێران و عێراق ئەزموونی زۆری سەربازیی بەخشییە قائانی، بەڵام جیاواز لە سولەیمانی، ئەم خواستی لەسەر دەرکەوتنی میدیایی و کاریگەری کاریزمایی نەبوو».
وتیشی «ئەو تۆڕە ئاڵۆزەی پەیوەندییەکانیشی نییە لەناوەوەو دەرەوەی ئێران کە سولەیمانی هەیبوو، هەرچەندە زۆر ناسراوە لەناو سەرکردایەتی رژێمداو پێگەی کاریگەریشی هەیە سەرباری دوورییەکەی لەچاوی رای گشتییهوە».
لەدوای کۆتایی ئەو جەنگەوە، ئەرکەکانی قائانی سەرنجیان لەسەر سەرکردایەتیکردنی چالاکییەکانی ئێران بووە لەئەفغانستان و پاکستان و ئاسیای ناوەڕاست لەڕێی فەرماندەییکردنی سوپای 4ی ئەنسارهوه.
سولەیمانی سەرنجی لەسەر پتەوکردنی هەوادارەکانی ئێران بوو لە رۆژهەڵاتی ناوهڕاست، بەتایبەتی لەلوبنان و سوریا.
قائانی بۆ کاتێکی کەم جێگری فەرماندەی گشتیی هەواڵگریی سوپای پاسداران بوو بەرلەوەی سولەیمانی بیکاتە جێگری فەرماندەی هێزی قودس بەر لەهەڵگیرسانی جەنگ لەلوبنان لەنێوان حزبوڵاو ئیسرائیلدا لەتەمموزی 2006.
رۆڵی قائانی لەشهڕه ناوچهییهکاندا
قائانی رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەگڕدانی شهڕو قەیرانەکاندا لە رۆژەڵاتی ناوهڕاست.
لەدەستپێکی شەڕهوه لەسوریا لە 2011، هاوکاریەکانی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا هەبووە، کەهاوپەیمانی ستراتیژیی ئێرانە، تا لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوەشی لەڕێی دروستکردنی لیوای فاتمیونهوه ئەنجامدا لە 2014.
لیوای فاتمیون میلیشیایەکی سەر بەسوپای پاسدارانەو ریزەکانی پێکهاتووە لەچەکدارانی ئەفغانی کە لەپاڵ هێزەکانی ئەسەددا شهڕدهکهن.
زیاد سنجاری وتی قائانی کە لەناو هاوتاکانیدا وەک حاجی ئیسماعیل ناسراوە، یەکێک لەسەرکردە ئێرانییە هەرە تووندەکانهو بەرگریکارێکی سەرسەختی شۆڕشی ئێرانە.
لەکاتی راپەڕینی خوێندکاراندا لەتاران لە 1999، قائانی یەکێک لەو (24) فەرماندەیەی سوپای پاسداران بوو کەنامەی بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی ئێران محەمەد خاتەمی نووسی. لهنامەکەدا وتی گەر خاتەمی یاخیبوونی خوێندکارەکان تێکنەشکێنێت، ئەوا بەهێزی سەربازی دەیکات و هەڕەشەی کودەتایان کرد لەدژی.
دیاریکردنی بەفەرماندەی قودسی سوپای پاسداران دەستبەجێ دوای کوژرانی سولەیمانی «نیشانەی خواستی رژێمی ئێرانە بۆ بەردەوامیدان بەسیاسەتە دوژمنکارانەکانی و نەبوونی هیچ ویستێک بۆ گۆڕینی رەفتاری».
زیاد سنجاری وتیشی «لەبری ئەوە، رژێمەکە دەیەوێت خۆهەڵقورتاندنی لەکاروباری وڵاتانی دیکەوه زیادبکات و بەردەوامبێت لەپشتیوانیکردنی میلیشیا تیرۆریستەکان.»
وتی قائانی، کە زمانی عەرەبی بهپاراوی نازانێت، «بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات بەردەوامبێت لەسەر ئەو رێگەیەی سەرکردەکەی پێشوو داینابوو تا دڵسۆزیی تەواوی بۆ رژێمی ئێران و پرۆژەکە بسەلمێنێت».
ئەکادیمییهکی بەئەزموون لەپهیمانگهی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی لەواشنتۆن، عەلی ئەلفونە بەئاژانسی فرانس پرێسی وت ئەگەر هەیە «بەردەوامییەکی گەورەتر وەک لە گۆڕانکاری لەهێزی قودسدا بەدیبکرێت» لەژێر سەرکردایەتی قائانیدا.
بەڵام وتیشی «سەختە چاوەڕوانبکرێت لەقائانی، کەکەسێکی بیرۆکراتە، لاسایی سهرکردایهتی کاریزمایی کهسایهتییهکهی پێش خۆی بکاتهوه.»
خومهینی له(١٩-٨-١٩٨٠) بهشێوهی فەرمی “جیهادی دژ بهکوردستانی راگهیاند”. داوای له (لایهنگرانی ویلایهتی فهقیە) کرد ئهرکی شهرعی خۆیان- واته هێرشکردنه سهر کوردستان و ههڵکهندنی “ئهساسی کفرو ئیلحاد”، بهجێ بهێنن.
خومەینی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا.
لەئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا هێزەکانی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆل، گوندو شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی.
بەپێی سایتی تابناکی ئێرانی ئیسماعیل قائانی یەکێک بووە لەو سەرکردانەی روویان لەکوردستان کردووەو قەتڵ و عامی خەڵکیان کردووە، ئەو سایتەی سوپای پاسداران نووسیویەتی قائانی زۆر بەباشی ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە.
لەسەرهەڵدانی شۆڕشی سوریادا لەگەڵ قاسمی سولەیمانی چووەتە سوریاو وەک راوێژکاری سەربازیی کاری کردووە، بەشێک لەکارەکانی دروستکردنی گروپی چەکداریی شێوە میلشیایی بووە، رۆڵی سەرەکی بینیوە لەپەیوەندیەکانی نێوان سوپای ئەسەدو ئێران، ئەو کارئاساتی کردووە بۆ سەردانی بەشار ئەسەد بۆ ئێران. قائانی رۆڵی سەرەکی بینیوە لەدروستکردنی گروپی فاتیمەیەکاندا کە لەکوشتاری نهێنی سوریادا ناوبانگیان هەبووە.
سوپای قودس کەبەشی دەرەوەی سنوورەکانی سوپای پاسدارانەو لەم وڵاتانەدا رۆڵیان هەبووە، لەوانەش پارێزگاریکردن و پەرەپێدانی تواناکانی حزبوڵڵای لوبنان، بۆسنەوهەرسک، لەعێراق دروستکردنی حەشدی شەعبی و میلشیا شیعیەکان و لەو رێگەیەوە دەستیان لەکاروباری دەوڵەت وەرداوە، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی ، پشتیوانیکردنی راستەوخۆ لەحوسیەکانی یەمەن و دروستکردنی دوژمنایەتی لەگەڵ سعودیەکان، لەئەفغانستان پشتیوانی کردن لەگروپە شیعیەکان و هەندێک گروپی تری چەکدار، لەفەڵەستین پشتیوانیکردن لەحەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ ئەوەی لەدژی ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت.