کوشتنی ئەمریکییەک؛ مردنی 210 عێراقیو ئێرانیو بیانی لێکەوتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەو گەنجە ئەمەریکییە عێراقییەی کە کۆتایی مانگی رابردوو لە خۆرائاوای کەرکوک بە موشەیکی ملیشیا شیعەکان کوژرا، مردنی نزیکەی ٢1٠ کەسی بەدوای خۆیدا هێنا تەنیا لەماوەی چەند رۆژێکدا.
، نەورەس حەمید تەمەن (٣٣) ساڵان، عێراقیەو لەساڵی ٢٠١٧دا رەگەزنبامەی ئەمریکی لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩دا کوژرا و بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند گروپێکی میلیشیای سەر بەئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی بنکەی K-1 کردووە لە خۆرئاوای کەرکوک.
لە تۆڵەی کوشتنی نەورەسدا ئەمەریکا هێرشی کردە سەر میلیشیاکانی حزبولا لە ناوچەی قائیم لە سنووری نێوان عیراق و سوریا، بەهۆی هێرشەکەوە 25 چەکداری گروپەکە کوژراو بە دەیان کەسیان لی برینداربوو.
چەند رۆژێک دواتر ئەمەریکا قاسم سلیمانی لەکاتی دەرچوون لە فڕۆکەخانەی بەغدا کردە ئامانج کە ئەبو مەهدی موهەندیس و حەوت کەسی تری لەگەلدا بوون کوژرا.
لەکاردانەوەی ئەو روداوەشدا ئێران هەفتەی رابردوو بە موشەیک هیرشی کردە سەر بنەکەی سربازی عەین ئەسەد لە خۆرئاوای پاریزگای ئەنبار، چەند کاتژمیریش دوای ئەوە فڕۆکەیەکی مەدەنی بە 176 سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە لە تاران، دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند بە هەلەخستویانەتە خوارەوە و گومانیان کردوە کە فڕۆکەی ئەمریکی بێت لە.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک ۆکۆماری ئێران دوێنێ لە بەیاننامەکەیدا وتی بە ئەو پەڕی داخ و کەسەرەوە ... لە گەرمەی کەشی هەڕەشە و ترسی ڕژێمی ئەمریکا دژی نەتەوەی ئێران پاش شەهادەتی سەردار قاسم سولەیمانی و بە مەبەستی بەرگری لە بەرانبەر ئەگەری هێرشەکانی سوپای ئەمریکا، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئامادەباشی سەداسەد بوو کە بەداخەوە هەڵەی مرۆڤی و هاویشتنی هەڵە، بووەی هۆی ڕووداوێکی تۆقێنەری گەورە و دەیان کەسی بێ تاوان بوونە قوربانی».
قوربانیە کوردەکان
لەو 176 کەس گیانیان لەدەستدا، کە 10 کەسیان کوردی رۆژهەلات بوون. رزگار رەحیمی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە حەوت ساڵ پێش لەڕێگەی زەمالەی خوێندن دەچێتە کەنەدا و خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە بواری ئەندازیاری کارەبا تەواودەکات و هەر لەوێش دەستدەکات بە وانەگوتنەوە لە زانکۆیەکی کەنەدی.
رزگار لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی ئێرانیان کربوو و پاش تەواوکردنی سەردانەکەیان و گەڕانەوە بۆ لەنەدا، خۆی و خێزانە دووگیانەکەی لەگەڵ منداڵەکەی لەنێو ئەو فڕۆکەیە بوون و سەرجەمیان گیانیان لە دەستدا.
هیوا مەولانی خەڵکی شاری مەهابادە و لەگەڵ هاوژین و منداڵەکەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 بەمەبەستی سەردانی خێزانەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئێران و لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا. رزگار و هیوا هەردووکیان تەمەنیان 38 ساڵە و لە یەک رۆژدا لەدایکبوون، لەهەمان شوێن و کاتیشدا مردن.
ئاروین مۆرەتەب و هاوژینەکەی، ئایدا فەرزانە خەڵکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانن و هەردووکیان بڕوانامەی دکتۆرایان هەبوو لە زانکۆی کەبەکی کەنەدی بۆ تەکنەلۆژیا. ئاروین ئاندازیاری باڵا بوو لە کۆمپانیای ئیتۆن بۆ تەکنەلۆژیا لە کەنەدا و ئایداش لە زانکۆی کەبەک مامۆستا بوو.
دوو کوردی دیکە کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا منداڵ و هاوژینی نووسەری شاری کرماشان حامید ئیسماعیلیون بوون کە ناویان ریرا ئیسماعیلیون و پەریسا ئیقباڵیان بوو.
عێراقیە ئەمریکیەکە کێ بوو کە کوشتنەکەی گڕی بەردا لە ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکاو ئێران؟
ئەو بەڵێندەرە ئەمریکییەی مردنەکەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ئاماژەی پێکرا لەسەروبەندی گرژییەکاندا لەگەڵ ئێران، وەک وەرگێڕێک کاریکردووە کە لەعێراق لەدایکبووەو لەشاری ساکرەمێنتۆ ژیاوە.
بەپێی وتەی هاوسەرەکەی، نەورەس حەمیدی تەمەن (٣٣) ساڵان لەساڵی ٢٠١٧دا بووەتە هاوڵاتی ئەمریکی و باوکی دوو منداڵی تەمەن دوو ساڵ و هەشت ساڵ بووە.
بەپێی وتەی هاوکارەکانی، لەم ساڵانەی دواییدا، کە وەک وەرگێڕی زمانی عەرەبی کاریکردووە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، شوێنی حەوانەوەی بەوێنەی منداڵەکانی رازاندبووەوە.
حەمید لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩دا کوژرا کاتێک بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند گروپێکی میلیشیای سەر بەئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی بنکەی K-1 کردووە لەکەرکوک.
هێرشەکە، کەچەند سەربازێکی هاوپەیمانانی بریندارکرد، بووە پاڵنەر بۆ ترەمپ تا فەرمانی هێرشی مووشەکی بکات بۆ سەر میلیشیا عێراقییەکان. لەبەرامبەردا ئەو هێرشە بووەهۆی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق لەکۆتا دوانیوەڕۆی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن لایەنگرانی میلیشیاکانی نزیک ئێران و پاشان هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئەمریکاوە کەکوژرانی قاسم سولەیمانی، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی ئێرانی لێکەوتەوە.
مردنی حەمید بووە پاڵنەرێک بۆ ترەمپ بۆ راکێشانی رای گشتی. لەتویتێکدا لە ٣١ی کانونی یەکەم ترەمپ وتی: “ئێران بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوشت، چەندینی بریندارکرد. ئێمە بەتوندی بەرپەرچمان هەبوو، هەمیشەش دەمانبێت. ئێستا ئێران هێرشێکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعێراق رێکخستووە. ئەوان بەتەواوی بەرپرسیار دەبن لەوە. هەروەها چاوەڕێی ئەوەمان لەعێراق هەیە کەهێزەکانی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکە و ئاگاداریش کراونەتەوە!”
تەرمەکەی حەمید گەڕێندرایەوە بۆ ئەمریکاو لەشەممەی رابردوودا لە ساکرەمێنتۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەخاکسپێردرا، نور خەلیلی هاوسەرەکەی حەمید ئەمەی بە واشنتن پۆست وت.
پێگەی «ساکرەمێنتۆ بی» وەک یەکەم پێگە بڵاویکردەوە کە حەمید لەگۆڕستانی «گەورەی ساکرەمێنتۆ»ی موسوڵمانان نێژراوە و کۆمپانیای خزمەتگوزاری «ڤالیانت ئینتیگرەیتت» خەرجی مەراسیمەکەی لەئەستۆ گرتووە.
لەبەیاننامەیەکی کورتدا، کۆمپانیاکە لە وێبسایتی فەرمی خۆیدا دەربارەی حەمید وتی، «کەسێکی شارەزاو ئەندامێکی تەواو پابەندی تیمی ڤالیانت بوو کە لەلایەن هاوکارانییەوە رێزی دەگیراو خۆشدەویسترا».
دۆریس ماتسوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران (کۆنگرێس) بۆ شاری ساکرەمێنتۆ، لەبەیاننامەیەکدا وتی: “سوپاکەمان لەزۆربەی ئەرکەکانیدا لەسەرتاسەری جیهان، بەتایبەتی عێراق، پشتی بەشارەزایی و پسپۆری زمانەوانەکان بەستووە. نەورەس خزمەتی نەتەوەکەی ئێمەی کردو خۆی کردە قوربانی، ئێمەش سوپاسگوزار و پێزانین و قەرزاری ئەوین. لەئێستادا هاوخەمی هاوسەرەکەی و منداڵەکانیم».
دەیان کەس لە تۆڵەی مردنی نەورەس برینداربوون
نەورەس حەمید، ئەو کارمەندە گرێبەستە ئەمریکیەیە کە لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەهۆی بۆردومانکردنی سەربازگەی k1 لەکەرکوک گیانی لەدەستدا، روداوی گیان لەدەستدانەکەشی بوە هۆی هەڵکشانی زیاتری ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ویلایەتە یەکگرتوەکان، بۆردومانەکەیان خستە ئەستۆی کەتیبەکانی حزبوڵڵا کە گروپێکی چەکدارن و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەتۆڵەی کوشتنی ئەو بەڵێندەرەیش ئەمەریکا ژمارەیەک بارەگای ئەو گروپەی بۆردومانکرد بەهۆیەوە ٢٥ چەکدار کوژران و ٥١ چەکداری دیکەش برینداربوون.
دوای دوو رۆژ لەبۆردومانەکە، هەزاران ناڕازی بەهاوکاری گروپە چەکدارەکان هەڵیانکوتایە سەر باڵێۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا، ترەمپ توڕەیی خۆی بەکوشتنی قاسم سولەیمان فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بەتاڵکردەوە، کاتێک لەرێگەی فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانەوە لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغداد بۆردومانیکرد.
کوشتنی نەورەس حەمید، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی بەهۆیەوە قاسم سولەیمانی کوژرا، کە دواتر ئێرانیش وەکو کاردانەوە دوو سەربازگەی ئەمریکای لەعێراق بۆردومانکرد.
دراوسێکانی نەورەس چی دەلێن؟
لەکاتی ناشتن تەرمی نەورەس لە گۆڕساتنیکی موسوڵمانانی ئەمریکا، زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی بەدەوری هاوسەرەکەی نەورەس کۆببونەوە لەکاتی رێورەسمەکەدا، بەڵام دوو منداڵەکەی ئامادە نەبوون کە تەمەنیان لەنێوان ٢ _ ٨ ساڵە.
نەورەس حەمید، بۆ ماوەی ٥ ساڵ خوێندکاری کۆلێژی لۆس ریوس بووە و ساڵی ٢٠١٧ بڕوانامەی زانستی کۆمپیۆتەری بەدەستهێناوە.
دواتر لە کۆمپانیایەک بەناوی ڤالیانت, دەستبەکاربووە کە خزمەتگوزاری نێودەوڵەتی پێشکەش دەکات و بارەگاکەی لەڤێرجینیایە، لەدوای کوژرانی نەورەس، کۆمپانیای ناوبراو ئەرکی گەڕانەوەی تەرمەکە و بەخاکسپاردنی گرتە ئەستۆ.
کۆمپانیاکە لەبەیاننامەیەکدا لەبارەی کوژرانی نەورەس دەڵێت ”هەست بە نیگەرانیەکی زۆر دەکەین بەرامبەر گیان لەدەستدانی نەورەس حەمید چونکە ئەندامێکی چالاک و زیرەکی کۆمپانیا بوو کە جێگای شانازی هاوڕێکانیشی بووە“.
دۆریس ماتسوی ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەو بارەیەوە نوسیوێتی ”سوپای ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهاندا پشتی بەستوە بەکۆمەڵێک زمانزانی بەئەزمون و پسپۆر بەتایبەت لەعێراق، نەورەس لەپێناو گەلی ئەمریکادا بوە قوربانی بۆیە هەموان قەرزاری خزمەتەکەی و قوربانیدانەکەیین، هاوشانی هاوسەر و منداڵەکانی ماتەمگێڕین“.
نەورەس و خێزانەکەی، خەڵکی عێراقن لەساڵی ٢٠١١ دوای کۆچکردنیان بۆ ئەمریکا لە ناوچەی سکرامنتۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا نیشتەجێبوونە.
لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ تاوەکو ٢٠١٦ زیاتر لە ١٠ هەزار کۆچبەری عێراقی رویان لەئەمریکا کردووە و بەشێکی زۆریان لە ساکرامنتۆ و سان دییگۆ نیشتەجێبوون.
روون نەبووەتەوە کۆچی نەورەس و خێزانەکەی بۆ ئەمریکا، هاوشێوەی ئەو هاوڵاتیانەیە کە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بووە، یاخود بەهۆی هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکاوە بووە، کە بەپێی بەرنامەی ”پی٢“ راستەوخۆ رێگا دەدات بەکۆچکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا لە وڵاتەکانیان رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.
نەورەس حەمید لەگەڵ خێزانەکەیدا لەناوچەیەک نیشتەجێی ببون کە زیاتر لە ١٣٠ یەکەی نیشتەجێبونە بەدەوروبەری یەکتردا.
کاتێک پەیامنێرێکمان سەردانی یەکەی نیشتەجێبونەکەی کرد، هاوسەرەکەی رەتیکردەوە لەبارەی لەدەستدانی نەورەس قسە بکات.
زۆربەی خێزانەکان تەنها یەک ژورێکیان بەکرێ گرتوە، سەرەڕای کەمی کرێی شوێنەکە، بەڵام بەشێک لەخێزانەکان لەلایەن رێکخراوەکانی تایبەی بە کۆچبەرانەوە پارەی کرێی یەکەکانیان بۆ دابیندەکرێت.
حەمید تاهیر، دراوسێی نەورەسە دەڵێت ”هەمومان پێشتر لەگەڵ سوپای ئەمریکادا کارمان کردووە، تەنانەت لەئەفغنستانیش خزمەتمان کردووە... نەورەس کەسێکی باش و خۆشەویست بوو، بەردەوام لەگەڵ خێزانەیەکدا بوو“.
یەکێکی دیکە لەدراوسێکانی کە لە نهۆمی خوارەوەی ئەو شوقەیە نیشتەجێیە کە ماڵی نەورەسی تێداتە بەناوی رۆبرت، باسی لەهاوڕێتی خۆی و نەورەس کردوە و دەڵێت ”بەردەوام بەیەکەوە دادەنیشتین“.