حەوت کۆمپانیا بە«فرتوفێڵو زۆرەملێ» گەرمیانو پێنجوێن دەڕووتێننەوە
ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى: کۆمپانیایه‌ک تەنیا لەگەرمیان مانگانه دوو ملیۆن دۆلارى ده‌ستکه‌وتووه
5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
حەوت کۆمپانیا لەژێرناوی دڵنیایی «بەزۆرەملی» گەشتیاران و شۆفێرانی مەرزەکانی پەروێزخان و باشماخ و چەند مەرزێکی تر دەڕووتێننەوە بە رێگەی «فرتوفێڵ»، دوای بەدواداچوون کاری کۆمپانیایەک راگیراوەو دوو بەرپرسی حکومیش دەستگیرکراون.
یەکێک لەکۆمپانیاکان لە گەرمیان مانگانه دوو ملیۆن دۆلار له‌شۆفێران و گه‌شتیاران ده‌کێشێته‌وه‌و بەهۆیەوە دوو به‌رپرسى ئیدارى له‌سه‌ر ده‌ستگیرکراوه. ئەوەش بەپێی وتەی دوو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى که‌یه‌کێکیان نوێنه‌رى گه‌رمیانه.
محه‌مه‌د شێخ وه‌هاب، نوێنه‌رى گه‌رمیان له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «له‌خاڵه سنورییه‌کان چه‌ندین کۆمپانیا هه‌یه کاریان وه‌رگرتنى باج و سه‌رانه‌یه له‌شۆفێران و کۆمپانیاى دڵنیاییش یه‌کێکه له‌و کۆمپانیایانه‌و له‌ئێستادا کاره‌کانیان راگیراوه«.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد به‌دواداچوونیان بۆ کردووه‌و ناکرێت هه‌ر که‌س بێت و له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه پشتگیرى و هاوکارى بکرێت و «باج و سه‌رانه« له‌شۆفێران و کاسبکاران و گه‌شتیاران وه‌ربگرێت.
(کۆمپانیاى دڵنیا بۆ کارى دڵنیایى)، ماوه‌ى دوو ساڵه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه‌وه مۆڵه‌تى کارکردنى وه‌رگرتووه‌و به‌ئاره‌زوومه‌ندانه ئه‌و شوفێرانه‌ى به‌و ناوچه‌یه‌دا تێده‌په‌ڕن (بیمه) ده‌ده‌نه کۆمپانیاى ناوبراو له‌پێناو بوونى هه‌ر کێشه‌یه‌ک که رووبه‌ڕووى شۆفێره‌که یان ئوتۆمبێلهکهى ده‌بێته‌وه چاره‌سه‌رى بکه‌ن.
ئه‌ندامێکى دیکه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که‌ئه‌و کۆمپانیایه مانگانه دوو ملیۆن دۆلارى له‌شۆفێران و گه‌شتیاران کێشاوه‌ته‌وه‌و دوو به‌رپرسى ئیدارى له‌سه‌ر ده‌ستگیرکراوه.
که‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «به‌پێى سکاڵاى زیاتر له (120) شۆفێر که به‌زۆره‌ملێ رۆژانه (20 بۆ 25) هه‌زار دیناریان داوه‌ته ئه‌و کۆمپانیایەى دڵنیا بۆ دڵنیایى، به‌ڵام له‌کاتى بوونى کێشه کۆمپانیاکه هاوکارى شۆفێره‌کانى نه‌کردووه‌و دواى به‌دواداچوونمان کارى کۆمپانیاکه راگیراوه«.
کۆمپانیاى دڵنیا له‌هه‌رسێ مه‌رزى باشماخ و په‌روێزخان و کێلێ و بازگه‌ى بازیان، کهڵهوانانیش کاریان کردووه‌و ئێستا به‌فه‌رمانى ئیداره‌ى گه‌رمیان کاره‌کانیان راگیراوه.
حسێن ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى گه‌رمیان و عه‌لى تۆفیق به‌رپرسى ده‌روازه‌ى په‌روێزخان، به‌پێى مادده‌ى (456) تایبەت بە «فرت و فێڵ» ده‌ستگیرکران و دواتر له‌لایه‌ن دادگاوه به‌که‌فاله‌ت له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه ئازادکراون.
به‌وته‌ى که‌ریم عه‌لى، پێشتر (کۆمپانیاى دڵنیا بۆ دڵنیایى) له‌بازگه‌ى ساڵح ئاغا‌و شێخ له‌نگه‌ر کە دوو دەروازەی کەلارن بە رووی خانەقین و گوڵاڵەدا کاریان کردووه‌و پاره‌یان له‌گه‌شتیارانى عه‌ره‌ب وه‌رگرتووه له‌وێش که‌یسه‌که‌یان گهیەنراوهته داواکارى گشتى و کارکردنیان له‌وێ کۆتایى پێهێندراوه.
به‌پێى به‌دواداچوونى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، رۆژانه بۆ هه‌ر شۆفێرێک له‌مه‌رزى په‌روێزخان (20) هه‌زار دیناریان وه‌رگرتووه، له‌مه‌رزى باشماخ (25) هه‌زاریان وه‌رگرتووه، بۆ هه‌ر گه‌شتیارێک له‌هه‌ر دوو ده‌روازه‌که بڕى پێنج هه‌زار دینار وه‌رگیراوه.
هه‌روه‌ها له‌بازگه‌ى که‌ڵه‌وانان بۆ هه‌ر شۆفێرێکى تورک و عه‌ره‌ب بڕى (20) دۆلار وه‌رگیراوه، که‌ریم عه‌لى وتیشى «به‌و پێیه مانگانه دوو ملیۆن دۆلاریان له‌هاوڵاتیان وه‌رگرتووه، به‌و پێیه‌ى رۆژانه (1400) شۆفێر له‌مه‌رزى باشماخه‌وه هاتوچۆ ده‌کات و زیاتر له‌و ژماره‌یه‌ش له‌مه‌رزى په‌روێزخانه‌وه هاتوچۆ ده‌کات».
که‌ریم عه‌لى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که سکاڵاکه له‌سه‌ر کۆمپانیاکه تۆمار کراوه، به‌ڵام به‌و پێیه‌ى که‌ئه‌و دوو به‌رپرسه ئیدارییه به‌رپرسن له ئه‌و ناوچانه، بۆیه لێپێچینه‌وه له‌ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ى گه‌رمیانیش کراوه.
به‌پێى سکاڵاکانى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى کهتۆماریان کردووه داواى سێ خاڵیان کردووه، یه‌کێک له‌وانه که‌ده‌رکه‌وت کۆمپانیاکه «نایاساییه«، کاره‌کانى رابگیرێت.
هه‌روه‌ها هه‌ر به‌رپرسێکى ئیدارى هاوکارى کۆمپانیاکه‌ى کردووه، لێپرسینه‌وه‌ى یاسایى له‌گه‌ڵدا بکرێت.
که‌ریم عه‌لى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه کار بۆ سکاڵاکه‌یان ده‌که‌ن که‌هه‌موو ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى که له‌هاوڵاتیان و شۆفێران وه‌رگیراوه به‌نایاسایى، بگه‌ڕێنرێته‌وه له‌لایه‌ن کۆمپانیاکه‌وه.
وتیشى «ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌ر کۆمپانیایه‌ک کارى خۆى بکات، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ى کارى یاسایى و هاوکارى بێت بۆ هاوڵاتیان، نه‌ک بهزۆرهملى خزمه‌تگوزاریه‌کانیان به هاوڵاتیان بفرۆشن».
هاوڵاتى په‌یوه‌ندى کرد به حسێن ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى گەرمیان و عه‌لى تۆفیق بەڕێوەبەری ده‌روازه‌ى په‌روێزخان ئاماده‌نه‌بوون هیچ لێدوانێک بده‌ن.
سه‌رۆکى لیژنه‌ى ده‌ستپاکى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت بێجگه له‌و کۆمانیایهى ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى باسیان کردووه، شه‌ش کۆمپانیاى دیکه هه‌ن «سه‌رانه« له‌شۆفێران و هاوڵاتیان وه‌رده‌گرن.
شیرین ئه‌مین، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ده‌ستپاکى له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «بێجگه له‌و کۆمپانیایه‌ى ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بۆ ئێوه باسى کردووه، شه‌ش کۆمپانیاى دیکه هه‌یه سه‌رانه له‌شۆفێران وه‌رده‌گرن».
ناوبراو ناوى یه‌کێکى دیکه له‌و کۆمپانیایانه‌ى ئاشکراکرد که‌ناوى ( کۆمپانیاى گه‌رمیان پترۆلیۆم) له‌سنورى قه‌زاى کفرى سه‌ر به‌ئیداره‌ى گه‌رمیان، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پلانى بووه «باج و سه‌رانه« لهشۆفێرانى بارهه‌ڵگر وه‌ربگرێت، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى به‌دواداچوونیان کردووه کاره‌کانیان راگرتوون.
ئه‌م په‌رله‌مانتاره وتیشى «ئه‌م کۆمپانیایه له‌ماوه‌ى مانگێکى کارکردنى ته‌نیا سه‌رژمێرى شۆفێرانى کردووه‌و ده‌ستى بهکارنهکردوه، بۆیه له‌لایه‌ن شۆفێرانه‌وه ئاگادارکراوینهوهو دواى به‌دواداچوون ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانمان لێ ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌و دواتر له‌لایه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه داخراوه«.