سەرۆکی چەند وڵاتێک دەستبەرداری خانەنشینییەکەیان دەبن لەکاتێکدا لەهەرێم شەڕە لەسەری

5 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

سەرۆکی چەند وڵاتێک دەستبەرداری مووچەی خانەنشینیەکەیان دەبن لەکاتێکدا لەناو پەرلەمانی کوردستان شەڕە لەسەر جێگیرکردنی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتاران و پلەباڵاکان، سەرەڕای ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی لەو هەنگاوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی سەرۆکی چەند وڵاتێک دەستبەرداری مووچەی خانەنشینیەکان بوون، ئەوەش لەحاڵێکدایە کەخانەنشینی هەندێکیان کەمتر بووە لەو مووچەیە کە تائێستا پەرلەمانتاران و هەندێک لە پلەباڵاکان لەهەرێمی کوردستان هەیانبووە.

فەرەنسا

کۆشکی ئیلیزێ لە ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ لەبەیاننامەیەکدا بەفەرمی رایگەیاند کە ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دەستبەرداری مووچەی خانەنشینی خۆی دەبێت کاتێک لەساڵی ٢٠٢٢دا ماوەی سەرۆکایەتی کۆتایی پێدێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای چاکسازیی لەخانەنشینیدا.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە کە پاڵنەری ئەم هەنگاوە «ویستی» سەرۆکە بۆ «هاوسەنگی» نەک «ویستی خۆدەرخستن» بێت. ئیمانیۆل ماکرۆن یەکەم سەرۆکی فەرەنسایە کەدەستبەرداری موچەی خانەنشینی ببێت.

موچەی خانەنشینی سەرۆکی فەرەنسا مانگانە شەش هەزارو (٢٠٠) یۆرۆ (٦.٨٩١ دۆلار)ە کەئیمانیۆل ماکرۆن وەریناگرێت جگە لەوەی لەدوای کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتییەکەی نایەوێت ببێتە ئەندام لەئەنجومەنی دەستووری وڵاتەکە کەمانگانە مووچەکەی (١٣) هەزارو (٥٠٠) یۆرۆ (١٤.٩٥٦ دۆلار)ە.

بەپێی دەستوور سەرۆکانی پێشووی فەرەنسا دەتوانن ببنە ئەندام لەئەنجومەنەکەدا کەئەرکی ئەوەیە لە پرۆژەیاساکانی پەرلەمان بکۆڵێتەوەو ئەوە دەربخات کە  ئاخۆ یەکانگیرە لەگەڵ دەستووردا پێش ئەوەی سەرۆکی وڵات واژووی لەسەربکات.

پرۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی یەکێک بوو لەبەڵێنەکانی بانگەشەی سەرۆکایەتی ماکرۆن و مانگی شوباتی ٢٠٢٠ رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.

ئامانجی پرۆژەیاساکە ئەوەیە ئەرکی سەرشانی حکومەت کەمبکرێتەوە لەپێدانی مووچەی خانەنشینی و بکرێتە سیستەمێکی گشتگیر بەبێ گوێنەدانە کەرتی تایبەتی یان حکومی.

لەئێستادا سیستەمی خانەنشینی فەرەنسا بەیەکێک لەباشترین سیستەم دادەنرێت و هەر خانەنشینێک لەسەدا ٧٣% مووچەکەی وەردەگرێت.

بەپێی پلانەکەی حکومەت، ئەوانەی کە بەتەواوی تاکاتی خانەنشینی کاربکەن، لانیکەم هەزار یۆرۆ مووچەیان پێدەدرێت.

پلانەکە وادەی خانەنشینی زیادناکات کەئێستا بەپێی یاسا لەتەمەنی (٦٢) ساڵیدایە، بەڵام هانی کرێکاران دەدات تا (٦٤) ساڵی کاربکەن بۆ ئەوەی بەتەواوی سوودمەندببن لەمووچەی خانەنشینی.

کۆستاریکا

بەپێی هەواڵێکی «کۆستاریکا ستار» کارلۆس ئەلڤاراۆدۆ سەرۆکی کۆستاریکا دەستبەرداری موچەی خانەنشینیەکەی بوو کەنزیکەی حەوت هەزار دۆلارە.

کارلۆس ئەلڤارۆدۆ لەساڵی ٢٠١٨ لەسەدا ٦١%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بردەوە کەگەنجترین سەرۆکی وڵاتەو تەمەنی ٣٩ ساڵە. لەساڵی ٢٠٢٢ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت.

بەپێی یاسای وڵات، هەموو سەرۆکێک مافی ئەوەی هەیە موچەی خانەنشینی وەربگرێت دوای ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواو دەبێت کەبڕەکەی نزیکەی حەوت هەزار دۆلارە.

«لە ٩ی ئایاری ٢٠٢٢، نامەیەک ئاراستەی بەرێوبەرایەتی خانەنشینی وەزارەتی کاردەکەم بەمەبەستی دەستبەردابوون لە خانەنشینیەکەم، موچەی خانەنشینی بۆ پاراستنە نەک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن، دوای ئەوەی ماوەکەم کۆتایی دێت دەچم بەدوای کارێکدا دەگەڕێم»، ئەلڤارۆدۆ لە راگەیاندراوێکدا ئەمەی وت لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠.

ئەلڤارۆدۆ یەکەم سەرۆکی وڵاتەکەیەتی کەهەنگاوێکی لەو چەشنە بنێت.

ئەمریکا

لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ٢٠١٦، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنیدا کەموچەی سەرۆکایەتی وەرنەگرێت ئەگەر بووە سەرۆک.

کاتێک مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٧ سوێندی یاسایی خواردو بەفەرمی بووە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنەکەی پاراست و تائێستاش مووچەکەی وەرناگرێت.

بەپێی دەستووری ئەمریکا، هەموو سەرۆکێک دەبێت مووچەیەکی مانگانەی هەبێت جگە لەخەرجی خواردن و هاوتوچۆ و رێکاری دیکە.

موچەی ساڵانەی سەرۆکی ئەمریکا (٤٠٠) هەزار دۆلارە کەمانگانە دەکاتە (٣٣) هەزارو (٣٣٣) دۆلار، جگە لە (٥٠) هەزار دۆلاری خەرجی و پێداویستییەکان.

بۆ ئەوەی سەرپێچی لەدەستوور نەکات، دواتر دۆناڵد ترەمپ بەڵێنەکەی گۆڕی و رایگەیاند تەنها یەک دۆلار وەردەگرێت و ئەوەی دیکە یان دەبەخشێت یان دەیداتە وەزارەتی خەزێنە تا دابەشی بکات بەسەر کەرتە جیاوازەکاندا بەتایبەتی کەرتی تەندروستی.

دۆناڵد ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکا نییە کە دەستبەرداری مووچەکەی ببێت و پێشتر جۆن کەنەدی و جۆرج واشنتن مووچەکەیانیان لەکاری خێرخوازیدا بەخشیوە.

جۆن کەنەدی نزیکەی دوو ساڵ لەنێوان ساڵانی ١٩٦١ بۆ ١٩٦٣ سەرۆکی ئەمریکا بوو. موچەی ساڵانەی (١٠٠) هەزار دۆلار بوو کەمانگانە دەکاتە هەشت هەزارو (٣٣٣) دۆلار.

جۆرج واشنتن یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بوو لەنێوان ساڵانی ١٧٨٩-١٧٩٧،  موچەکەی (٢٥) هەزار دۆلار بوو کە زۆربەی دەبەخشی و هەندێکی بۆ خەرجییەکانی گواستنەوەی بەکاردەهێنا، واشنتن دەستبەرداری موچەیەکی دیکەش بوو کەوەک فەرماندەی گشتی سوپا موچەیەکی تایبەتی هەبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار