حه‌سه‌ن نه‌سروڵاو حزبه‌که‌ى رۆڵیان هه‌بووه لههێرشکردنە سه‌ر هه‌رێمى کوردستان له 2017دا
عارف روشدى، راوێژکارى مه‌کته‌بى سیاسیى پارتى بۆ هاوڵاتى:
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
راوێژکارێکى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات حه‌سه‌ن نه‌سروڵاو حزبه‌که‌ى ئه‌جێنداى دوور له‌به‌رژه‌وه‌ندى وڵاته‌که‌ى جێبه‌جێده‌کات و رۆڵیان هه‌بووه له‌و هێرشکردنهى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2017دا.
عارف روشدى، راوێژکارى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌ڵێت به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت پێشمه‌رگه‌و داموده‌زگا ئیدارییه‌کانى سه‌ر به‌هه‌رێم بگه‌ڕێنه‌وه بۆ که‌رکوک و ناوچه کوردستانییه‌کانى دیکه‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و به‌گرنگیشی ده‌زانێت هه‌موو هێزه سیاسییه‌کانى کوردستان یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست بن له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو پرسه نیشتمانى و نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ى به‌یه‌کگرتوویی و به‌هێزه‌وه هه‌ڵوێستمان هه‌بێت له‌باره‌ى کێشه ههڵواسراوەکانى نێوان هه‌رێم و به‌غداو هه‌ر لایه‌نێکى دیکه .
هاوڵاتى: قسه‌کانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا سه‌رۆکى حزبوڵاى لوبنان به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌و مه‌سعود بارزانى چۆن لێکده‌ده‌یته‌وه؟
عارف روشدى: ئه‌وه‌ى زانراوه حه‌سه‌ن نه‌سروڵا و هاوشێوه‌کانى له‌و که‌سانه‌ن که‌نه‌یانتوانیوه خزمه‌ت به‌گه‌ل و وڵاتى خۆیان بکه‌ن، ماوه‌یه‌کى زۆره لوبنان رووبه‌ڕووى کێشه‌یه‌کى سیاسی، ئیدارى و ئابوورى بووته‌وه ده‌رئه‌نجامى کاره نایاساییه‌کانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵاو حزبه‌که‌ى، نه‌سروڵا سه‌ربه‌خۆ نییه‌و له‌ژێر کاریگه‌رى کێشه‌و ته‌نگژه‌کانى خۆیدا ده‌یه‌وێت شتێک بکات وه‌ک خۆ نواندنێک، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵوێسته‌که‌ى سه‌ره‌ڕاى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى له‌لایه‌ن داموده‌زگا فه‌رمییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه (سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تى پەرله‌مان) و خه‌ڵکى نیشتیمانپه‌روه‌رى کوردستان، له‌لایه‌ن جالیه‌ى لوبنانی له‌کوردستانیش به‌رپه‌رچدرایه‌وه، زێده‌بارى چه‌ندین که‌سایه‌تى عه‌ره‌بى و لوبنانى دژى بۆچوونه‌کانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا وه‌ستاون، ئێمه هه‌ر ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین لهکهسایهتییهکى هزر دواکه‌وتوو دژ به‌گه‌له‌که‌مان به‌رانبه‌ر هه‌رێمى کوردستان و سه‌رکرده‌ى مێژوویى گه‌له‌که‌مان جه‌نابی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانى هه‌ڵوێستى هه‌بێت، به‌درێژایی باڵادهستییهکهى له‌لوبناندا کارێک نابینین ئه‌و زاته کردبێتی و جێگه‌ى ره‌زامه‌ندیى گه‌له‌که‌ى خۆشى بێت.
هاوڵاتى: حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌جێنداى ئێران جێبه‌جێ ده‌کات و هه‌رێمى کوردستان و سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد په‌یوه‌ندى دۆستانه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، گله‌یى پارتى گه‌شتووه‌ته ئێران له‌سه‌ر قسه‌کانى به‌رپرسه‌که‌ى حزبوڵا؟
عارف روشدى: گله‌یى هه‌رێمى کوردستان به‌گشتى، له په‌یامه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستان به‌رجه‌سته بوونه‌ته‌وه بۆ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ئاشکرایان کردووه بۆچوونه‌کانى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا دوورن لهلوژیک و ئه‌ته‌کێتى سیاسی و بریندارکه‌رن بۆ گه‌له‌که‌مان .
هاوڵاتى: هیچ به‌رپرسێکى ئێرانى قسه‌یان له‌گه‌ڵ پارتیدا کردووه بۆ ئه‌م پرسه؟
عارف روشدى: جه‌نابی کاک مه‌سعود راسته سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانه، به‌ڵام هێماى باڵاى گه‌له‌که‌مانه لهخوڕاگرى و مروڤدۆستى، هه‌میشه خوازیاره له‌گەڵ دراوسێیه‌کانمان په‌یوه‌ندییه‌کى دوستانه‌و کارا هه‌بێت و هاوکارى و دۆستایه‌تى وڵاتى ئێران جێگاى رێزه، به‌ڵام کێشه‌که راستهوخو په‌یوه‌ندى به‌و دراوسێیه‌وه نییه.
هاوڵاتى: له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى په‌رله‌ماندا باس له‌وه‌کرا که حه‌سه‌ن نه‌سروڵاو حزبه‌که‌ى ده‌ستیان هه‌بوو له‌و هێرشه‌ى که له‌دواى ریفراندۆم کرایه‌سه‌ر هه‌رێم ئایا مه‌به‌ست له رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ره؟
عارف روشدى: هه‌روه‌کو خۆى چه‌ند جارێک ئاماژه‌ى پێداوه له رووداوه‌کانى 16ى ئوکتوبهرى ساڵى 2017دا به‌شداربوون، به‌داخه‌وه که ده‌ستتێوه‌ردانێکى ناڕه‌وا بوو، زه‌ره‌رێکى یه‌کجار گه‌وره‌یان به‌گه‌ل و پێگه‌ی هه‌رێمى کوردستان گه‌یاند.
هاوڵاتى: محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت قاسم سوله‌یمانى له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا نه‌بووه له‌که‌رکوک و رازى بووه هێزى پێشمه‌رگه تا سنورى حه‌مرین بمێنێته‌وه، بۆچوونتان چییه له‌سه‌رى؟
عارف روشدى: ریفراندۆم مافێکى ره‌واى هه‌موو گه‌لانه‌و پڕۆسه‌یه‌کى دیموکراسییه‌و خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان وه‌کو ماف و له‌به‌ر کۆمه‌ڵێک هۆ په‌ناى برده به‌ر ریفراندۆم و ره‌ئى خۆى ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر داهاتووى خۆى، کاک محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌و سه‌رکردانه‌یه خۆى و حزبه‌که‌ى به‌گه‌رمى پشتیوانى ریفراندۆمیان کردووه‌و دژى ریفراندۆم نه‌بووه.
هاوڵاتى: کاتى ئه‌وه هاتووه سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد یه‌کده‌نگ بێت له‌سه‌ر پرسى ناوچه جێناکۆکه‌کان؟ بیر له‌وه کراوه‌ته‌وه جارێکى دیکه پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ که‌رکوک؟
عارف روشدى: به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره ده‌کرێت له‌هه‌موو دانوستاندنه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا خاڵێکى سه‌ره‌کییه، یه‌کهه‌ڵوێستى هێزه سیاسییه‌کانى کوردستان له‌و پرسه نیشتیمانییه‌دا بهرپرسیارهتییهکى پیرۆز‌و سه‌رفرازییه، یه‌کهه‌ڵوێستى ئێمه هێزیکى گه‌وره ده‌به‌خشێته گوتارى حکومه‌تى هه‌رێم و خه‌ڵکى کوردستان و نزیکمان ده‌کاته‌وه لهبهدهستهینانى مافه زه‌وتکراوه‌کانمان، هه‌ر کاتێک کوردستانیان یه‌کگرتووبن سه‌رکه‌وتن به‌دیهاتووه .
هاوڵاتى: گه‌نجان له‌تۆڕه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک داوا ده‌که‌ن سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد بگه‌ڕێته‌وه بۆ که‌رکوک به‌تایبه‌ت دواى کوشتنى ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس به‌رپرسى حه‌شدى شه‌عبى؟ له‌مه‌کته‌بى سیاسى پارتى هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌کرێت؟
عارف روشدى: که‌رکوک و ناوچه‌کانى دیکه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌شێکى دانه‌بڕاون له‌کوردستان و مافى ره‌واى خۆمانه له‌به‌ر روشنایی ده‌ستورو رێککه‌وتنه سیاسییه‌کانى نێوان هه‌رێم به‌غدا له‌و ناوچانه‌دا ئیداره‌یه‌کى هاوبه‌ش هه‌بێت تاکو به‌ته‌واوى مادده‌ى 140 جێبه‌جێده‌کریت، ئێستا له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقدا لێکتێگه‌شتنى باشتر هه‌یه له‌و بواره‌شدا، ده‌مانه‌وێ بارودۆخى که‌رکوک و شوێنه‌کانى دیکه ئاسایی بکرێنه‌وه‌و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ئیداره‌ى هاوبه‌ش بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچانه.
هاوڵاتى: عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌ردانى مه‌سعود بارزانى کرد، داواى پشتیوانى لهپارتى کردووه جارێکى دیکه خۆى کاندیدبکاتهوهو شه‌رعیه‌تى پێبده‌نه‌وه وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق؟
عارف روشدى: هاتنى عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌شێوه‌یه‌کى گشتى به‌مه‌به‌ستى باسکردن بوو له‌چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌غداو هه‌ولێر، ئه‌و رێکه‌وتنانه‌ى نێوان هه‌ردوولا کاریان له‌سه‌ر کراوه پێویسته بگه‌نه ئه‌نجامى کوتایی و به‌کرده‌یی جێبه‌جێکردنى بکرێن، هه‌روه‌ها گفتوگوکراوه له‌باره‌ى بارودۆخى هه‌نوکه‌یی عێراق و بڕیارى په‌رله‌مان له‌ئاست مان و نه‌مانى هێزه‌کانى ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانان. دیاره هه‌ڵوێستى هه‌رێم دیاره‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه ئه‌و هێزانه پاشه‌کشه بکه‌ن له‌عێراق، چونکه مه‌ترسییه‌کان نهڕهوینهتهوه .
عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وهزیرانیکى باش بوو بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام که‌ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه په‌یوه‌ندى به‌خۆیه‌وه هه‌یه، پێمان باشه هێزه سیاسییه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان رێکبکه‌ون و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌جۆرێک چاره‌سه‌ر بکرێت له خزمه‌تى هه‌موو لایهکدابێت و عیراق له‌و پاشاگه‌ردانییه‌ى ئێستا رزگارى بێت .
هاوڵاتى: پێتانوایه کورد دواى بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌رکردنى هێزه بیانییه‌کان پێگه‌ى زیاتر گرنگ بووه؟
عارف روشدى: هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه پێگه‌ى گرنگى هه‌یه، ئه‌و پێگه‌یه دژ به‌خه‌ڵکى دیکه به‌کارنه‌هاتووه و به‌کارناهێنین.
هاوڵاتى: له‌په‌رله‌مانى عێراق گروپى 15 جیا له‌فراکسیۆنه‌کانى پارتى و یه‌کێتى کار ده‌که‌ن، تا چه‌ند گرنگه داواکارییه‌کانى گروپى 15 جێبه‌جێ بکرێت تا یه‌کهه‌ڵوێستى ته‌واوى کورد له‌به‌غدا به‌رجه‌سته ببێت؟
عارف روشدى: زۆر به‌گرنگی ده‌زانین یه‌ک گروپى کوردستانى هه‌بێت له‌به‌غدا به‌هه‌ماهه‌نگى له گه‌ل حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و له‌پێناوى به‌رجه‌سته‌کردنى مافه ره‌واکانى خه‌ڵکى کوردستان ئه‌رکدار بکرێن و شێلگیرانه له‌به‌رگرى دابن و نه‌هێڵن پێشێلى ئه‌و مافانه بکرێت. خوازیارم هیچ کێشه‌یه‌ک و دووبه‌ره‌کییه‌ک له‌نێوان فراکسیۆنه کوردییه‌کانى به‌غدادا نه‌مێنێت. هه‌موو داواکارییه‌ک له‌به‌غدا ده‌بێت داواکارى خه‌ڵکى کوردستان بێت، ئه‌گه‌ر گرفتێکى ناوخۆیشیان هه‌بێت ده‌کرێت له‌نێوانیاندا بهگفتوگۆى برایانه چاره‌سه‌ر بکرێت. پێمباشه به له‌یه‌کگه‌یشتن نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێم له دام و ده‌زگاکانى به‌غدا هه‌موو ره‌نگه‌کان بگریتهخۆ.