نێچیرڤان بارزانی: پێویستە یهپهگه پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەری ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەچەند پرسێکی ناوچەکەو کاریگەریی رووداوەکانی ئەمدواییە کرد، بەتایبەتی دۆخی کوردانی سوریا کەدەبێت “پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە” بپچڕێنن ئەگەر بیانەوێت پرسی کورد سەربکەوێت لەسوریا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەچاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوەکرد کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەسوریا دەبێت کوردانی سوریا زیاتر لەحکومەتی سوریا نزیک ببنەوە، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، بگەنە رێککەوتن و بەهەماهەنگی لەگەڵ روسیا بگەنە ئەنجامیک کەکورد مافی دەستووری بدرێتێ و دانی پێدابنرێت، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەوە «من چەندین جار ئەوەم وتووە کەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە لەقەندیل بپچڕێنن».
«روسەکان دەتوانن جیاوازییەک دروستبکەن، کاتێک من ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبوومەوە، بەتایبەت داواملێکرد هاوکاربێت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەنێوان کوردو حکومەتی سوریا، بڕوام وایە سەرۆک پوتین دەبێت لەمبارەوە هەوڵێکی زیاتر بدات”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە تێنەگەشتن لە «نیگەرانییەکانی تورکیا»و خۆ بەدوورنەگرتن لەئەجێندای پەکەکە پاڵنەری داگیرکارییەکەی تورکیا بوو بۆ نێو باکوری سوریا کە لەئەنجامدا بووەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەندین شارۆچکەی سنوری سوریا-تورکیا، لەوانە گرێ سپی و سەرێکانی، کە بەدەست هەسەدەوە بوون دوای ئازادکردنی ناوچەکە لەدەستی داعش.
«من هەمیشە وتوومە ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ تووڕەکردنی تورکیا، ئاڵاکانی پەکەکەو هەروەها وێنەی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەسەر سنوورەکانی تورکیا دانا. ئەوان هەموو فەرمانەکانیان لەپەکەکە وەردەگرن. ئەوەی پێویستە ئەوان بیکەن ئەوەیە قەناعەت بەتورکیاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کەئەوان بەشێک نین لەئەجێندای فراوانی پەکەکە، ئەگەر ئەمە سەلمێندرا، پێموایە دەرفەتێکی کەم هەیە تاوەکو دۆخەکە باشتر ببێت».
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی ستایشی رۆڵی کوردی سوریا دەکات لەتێکشکاندنی داعش و لەدەستدانی (١١) هەزار شەڕەڤان و دەڵێت: ئەو قوربانییە مەزنەی داویانە لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بەداعش، بۆ ئازایەتی و خۆتەرخانکردنیان، ئەو قوربانییە زۆرەی ئەوان داویانە بەتەنیا بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و لەسوریا نەبووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لەمرۆڤایەتی کەئێمە بەسوپاسکردنێکی گەورە قەرزاریانین.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بەگەشتنە ئاشتی و پرسی کورد لەتورکیا باس لەوەدەکات کەدەبێت تورکیا هەنگاو بنێت بەرەو پەکەکە و ئۆجەلان و هەردوولا کێشەکانیان ببەنە تورکیا نەک شەڕی خۆیان لەهەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.
«ئێمە ناتوانین رێگەبدەین هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی هێرشکردن بۆ سەر هیچ یەکێک لەهاوسێکانمان. دواجار ئەم کێشەیە دەبێت لەتورکیا بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەربکرێ. هەرکاتێک من چاوم بەبەرپرسانی تورکیا کەوتبێت ئەوەم بیرهێناونەتەوە کەپێویستە ئەم کێشەیە لە رێگەی دایەلۆگەوە چارەسەربکرێت لەگەڵ ئۆجەلان، نەک لە رێگەی جەنگەوە. ئەمە لەبەرژەوەندیی هەردوولایە. پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادبکرێت تاکو رۆڵی خۆی بگێڕێت».
لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەئەدای مەسرور بارزانی دەکات وەک سەرۆکی حکومەتی نوێ و ستایشی دەکات، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە کەسەردەمی ئەو حکومەت لەقەیراندا بوو، بەڵام حکومەتی ئامۆزاکەی کاتێک پێکهێنرا کەکێشەکانی هێور بووبوونەوە.
«ئەگەر سەیری ئەدای حکومەتەکانی رابردوو بکەی، ئێمە زۆرجار لەدۆخی بەڕێوەبردنی قەیراندابووین، هەبوونی ناکۆکی بودجە لەگەڵ بەغدا، دواتر داعش. لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا دەسکەوتی باش بەدەستهاتوون، هاوکات هەڵەش ئەنجامدراوە. حکومەتی نوێ بەهەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغداو تێکشکاندنی داعش لەڕووی خاکییەوە راگەێندرا، بۆیە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیکرد بەئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەوڵدەدات کاری باشتر بکات. پێموایە سەرۆکوەزیران کارێکی زۆر باش دەکات، ئەو هاوسەنگییەکی زۆر باشی لەکابینەکەیدا هەیە، راستگۆیانە بڵێم، ئەو کارێکی زۆر باش دەکات».
لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی ئێستای عێراق و قووڵبوونەوەی گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ٣ی کانونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی وتی:
«ئەم رووداوە لافاوێک لەهەست و سۆزی لەعێراق و ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا. کاردانەوە سەرەتاییەکان و وەڵامدانەوەی هەموو لایەنەکانیش لەم هەست و سۆزەوە هەڵقوڵابوون. ئەمە کاردانەوەی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەگرێتەوە. لەژێر هەمان چوارچێوەدا، وەڵامی واشنتن بۆ هێشتنەوەی هێزەکانیان لەعێراق بەبێ گوێدانە ئەوەی پەرلەمان یان حکومەت چی دەڵێن، ئەمە بەبۆچوونی من لەم چرکەساتە گەرمە سەرچاوەی گرتبوو. کاری لەپێشینە ئەوەیە هەست و سۆزەکان وەلابنرێن و هۆکارەکان دەربخرێن. ئێمە پێویستە جڵەوی دۆخەکە بکەین و بیهێنینە ژێر کۆنترۆڵ».
سەرۆکی هەرێم پێیوایە کە بەشدارینەکردنی فراکسیۆنە کوردەکان لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە ٥ی کانونی دووەم کارێکی باش بوو، چونکە هێشتا مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پێویستە لەعێراق.
«ئایا دۆخی ئێستای عێراق دەریدەخات کەپێویستە هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان بکشێنەوەو کۆتایی بەئەرکەکانیان بهێنن کەهاوکارن بۆ تێکشکاندنی داعش؟ هێندەی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان نیگەرانی ئەم دۆخەین، وەڵامەکە نەخێرە. هەموو زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە داعش خۆی رێکخستووەتەوەو رۆژانە هێرش بۆسەر پێگەکانی عێراق ئەنجامدەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا چەندە لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، هێندەش لەبەرژەوەندیی هەموو عێراقە کەهێزەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا لێرە بمێننەوە. ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان پێویستە بۆ هەموو عێراق».
سەبارەت بە تووڕەیی حکومەتی عێراق لەسەر هێرشەکەی ئەمریکاو کوشتنی قاسم سولەیمانی لەفڕۆکەخانەی بەغداد، نێچیرڤان بارزانی باس لەوەدەکات کەسەرۆک وەزیران حەقی خۆیەتی گلەیی هەبێت لەئەمریکا، چونکە «بەبێ ئاگاداربوونی ئەو»هێرشەکە کراو «ئەمەش وایکردووە کە کاردانەوەیەکی نەرێنی لەبەغداوە بەدوای خۆیدا بهێنێت».
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کەدەتوانن وەک نێوەندگیر لەنێوان ئەمریکا و ئێران کاربکەن و کێشەکان بە»دیالۆگ»جارەسەر بکەن و نایانەوێت کوردستان ببێتە مەیدانی جەنگ
«ئێمە لەکوردستان نامانەوێ عێراق ببێتە مەیدانی جەنگ و تێیدا ئێران و ئەمریکا ململانێکانیان یەکلایی بکەنەوە. پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەمریکا زۆر گرنگە، بەڵام ئێرانیش هاوسێی لەمێژینەی ئێمەیە، لەوکاتەوەی عادل عەبدولمەهدی بووە بە سەرۆکوەزیران، هەوڵیداوە خۆی بەدووربگرێ لەوەی لەململانێکانی نێوان ئەمریکاو ئێران تێوەبگلێندرێت.
سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکرد کەوەڵامدانەوەی ئێران لەئاراستەکردنی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق لەتۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی توانای ئێران دەردەخات.
«هاوێشتنی مووشەکەکان پەیامێکی زۆر روون بوو بۆ هەموو لایەک کەئێران خواست و توانای هەیە بۆ هێرشکردنەسەر هەر بەشێکی عێراق. ئێمە لەئێران ناترسین بەڵکو رێزی ئێران دەگرین».