ئاماده‌نیم له‌ژێر ئاڵاى حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که وه‌ک قایمقام کاربکه‌م
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال بۆ هاوڵاتى:
5 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى ئارا ئیبراهیم
قایمقامى ناوه‌ندى قه‌زاى شه‌نگال ئاماژه به‌وه‌ده‌دات دۆخى شارۆچکه‌که زۆر خراپه‌و حه‌شدى شه‌عبى خه‌ریکى خه‌ڵک رفاندن و قاچاغچێتى چه‌کن بۆ سوریا.
مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى شه‌نگال له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌ڵێت:» حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که له‌شه‌نگال باڵاده‌ستن و پارتى و یه‌کێتى بوونیان لاوازه«.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت له‌سه‌دا 83ى خه‌ڵکى شه‌نگال ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان و وڵاتانى ئه‌وروپا بوون و له‌سه‌دا 17یان له‌ناو شه‌نگالدا ماونه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا کوردى ئێزیدى شه‌نگال چۆڵده‌که‌ن و به‌هاوکارى حکومه‌تى عێراق ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى له‌گه‌ڵ داعشدا بوون جێگیرده‌کرێن له‌شه‌نگالدا که‌ده‌ستیان هه‌بووه له‌کوشتن و رفاندنى کوردى ئێزیدیدا.
هاوڵاتى: دۆخى شه‌نگال له‌ئێستادا چۆنه؟ باس له‌وه‌ده‌کرێت عه‌ره‌بێکى زۆر له‌شه‌نگال جێگیر ده‌کرێن؟
مه‌حما خه‌لیل: ته‌عریبى خه‌ڵکى شنگال له‌ئێستادا خراپترین دۆخى هه‌یه به‌راورد به‌سه‌رده‌مى سه‌دامى گۆڕبه‌گۆڕ، خه‌ڵکى عه‌ره‌ب ده‌هێندرێته‌وه شنگال و حکومه‌تى به‌غدا پاڵپشتییان ده‌کات و له‌سه‌دا 80ى عه‌ره‌به‌کان داعشبوون و ئه‌وانى دیکه پشتیوانى داعش بوون و ده‌ستیان هه‌بووه له‌کوشتن و رفاندنى خه‌ڵکى شنگال و رفاندنى کچ و ژنى ئێزیدیدا.
ده‌بوو فلته‌رێکى ئه‌منى توندوتۆڵ هه‌بوایه، چونکه ئه‌و عه‌ره‌بانه کارى نامرۆڤانه‌یان به‌رانبه‌ر هاوڵاتیانى ئێزیدى کردووه.
هاوڵاتى: له‌ئێستادا چ گروپ و لایه‌نێک له‌شه‌نگالدا ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه؟
مه‌حما خه‌لیل: له‌شه‌نگالدا که‌س ده‌سه‌ڵاتى نییه ته‌نها حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که ده‌سه‌ڵاتدارن و په‌که‌که به‌هاریکارى به‌غدا، پارتى و یه‌کێتى له‌شنگال هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیان نییه‌و بوونیان زۆر لاوازه.
په‌که‌که دوو گروپى له‌شه‌نگالدا هه‌یه، یه‌به‌شه‌و یه‌جه‌شه، یه‌جه‌شه به‌شێکه له‌حه‌شدى شه‌عبى و خه‌ڵکى ده‌ڤه‌رى شه‌نگالى تێدایه‌و به‌غدا موچه‌یان پێده‌دات.
ئه‌وانه‌ى له‌ناو یه‌به‌شه‌و یهجهشهن خه‌ڵکى ئێزیدین، به‌ڵام به‌رپرسى باڵاى یه‌به‌شه‌و یه‌جه‌شه له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵاتن و ده‌چنه شه‌نگال و سه‌رپه‌رشتیان ده‌که‌ن.
هاوڵاتى: حه‌شدى شه‌عبى چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى شه‌نگال ده‌کات؟
مه‌حما خه‌لیل: خراپترین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى شه‌نگالدا ده‌کرێت له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، ته‌جاوز بۆ سه‌ر خه‌ڵک ده‌کرێت و باج و گومرگ و سه‌رانه له‌خه‌ڵکى شه‌نگال وه‌رده‌گرن، به‌رنامه‌یه‌ک هه‌بووه بۆ گۆڕینى دیمۆگرافى جێبه‌جێ ده‌کرێت.
حه‌شدى شه‌عبى رێگه نادات ئیداره‌و حکومه‌تى خۆجێى شه‌رعى بگه‌ڕێته‌وه شه‌نگال، حه‌شدى شه‌عبى کارى خراپه‌کارى ده‌که‌ن و شه‌نگال به‌کارده‌هێنن بۆ قاچاغچێتى و ناردنى چه‌ک بۆ سوریا.
هاوڵاتى: ئێوه له‌ناو سنورى شه‌نگال یا له‌ده‌ره‌وه‌ى سنور کاره‌کانتان جێبه‌جێ ده‌که‌ن؟
مه‌حما خه‌لیل: قایمقامى شه‌رعى شه‌نگالم و ده‌نگى میلله‌تمان وه‌رگرتووه، رێنمایی و یاسا‌و په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عبى کارى پێده‌کرێت له‌شنگالدا، خزمه‌تگوزارییه‌کان وه‌ک کاروبارى شاره‌وانى و ته‌ندروستى و دارچاندن و پۆلیس، هه‌موو ئه‌وانه ئێمه کارى تێداده‌که‌ین، ئێمه وه‌کو قایمقام و ئه‌نجومه‌نى شه‌رعى شه‌نگال له‌ژێر ئاڵاى په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عبى کارناکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بینه شاهیدى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌کانى ئه‌وان و قاچاغچێتى و رفاندن و کوشتن، ئێمه به‌حکومه‌تى عێراقمان راگه‌یاندووه که‌قبوڵ ناکه‌ین هێزى نایاسایى ببنه ده‌سه‌ڵاتدارو ئیداره به‌ڕێوه‌ببه‌ن و خۆسه‌رى فه‌رز بکه‌ن به‌سه‌ر گه‌لى ئێزیدى له‌شه‌نگالدا.
هاوڵاتى: ئه‌و قایمقامه‌ى دانراوه سه‌ر به‌کێیه، به‌غدا پڕۆژه‌و کاره‌کان ده‌دات به‌ئێوه یان ئه‌و قایمقامه‌ى ئێستا له‌ناو شه‌نگالدا ده‌ستبه‌کاره؟
مه‌حما خه‌لیل: ئه‌و قایمقامه‌ى دانراوه سه‌ر به‌حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که‌یه‌و له‌گه‌ڵ به‌غدا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌کى نییه‌و ئێمه مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌که‌ین و پڕۆژه جێبه‌جێ ده‌که‌ین و به‌غدا پڕۆژه‌کان بۆ ئێمه ره‌وانه ده‌کات بۆ جێبه‌جێکردنى.
پڕۆژه‌کان ده‌داته ئێمه نه‌ک پاره‌که‌ى، سێ ناحیه هه‌یه که‌ئێمه پڕۆژه‌ى تێدا جێبه‌جێ ده‌که‌ین، ناحیه‌ى سنونێ و درعوزێرو قیره‌وان و سه‌نته‌رى شه‌نگال، ئه‌وه‌ش به‌پێى رێژه‌ى دانیشتوان و گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمه‌کان و هاوکارى رێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى و سندوقى هاوکارى عێراق.
ساڵى رابردوو بۆ ناحیه‌ى سنونێ به‌به‌هاى نزیکه‌ى حه‌وت ملیۆن دۆلار پڕۆژه جێبه‌جێکراوه، بۆ ناو سه‌نته‌رى شەنگال جارێک دوو ملیار‌و (400) ملیۆن دینار‌و جارێکى دیکه ملیارێک و (700) ملیۆن دینار‌و جارێکى دیکه‌ش سێ ملیار دینار خه‌رجکراوه بۆ پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌کان و ئاووئاوهڕۆو هه‌موویمان جێبه‌جێکردووه.
هاوڵاتى: حه‌شدى شهعدبى و په‌که‌که رێگرى له‌جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌کاندا ده‌که‌ن؟
مه‌حما خه‌لیل: په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عدى هه‌وڵیانداوه رێگرى بکه‌ن و کێشه‌ى بۆ دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ خه‌ڵک دابین بکه‌ین.
هاوڵاتى: بوونى ئه‌و هه‌موو هێزه چه‌کداره له‌ناو شه‌نگال گرفتى دروستکردووه؟
مه‌حما خه‌لیل: یه‌ک چه‌کدار یاههزارو (10) هه‌زار بێت، کهعێراقى نه‌بن و رێز له‌یاساى عێراقى ناگرن و رێز له‌دامه‌زراوه‌ى حکومه‌تى خۆجێى ناگرن، ئه‌ز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناکه‌م، چونکه سوێندى ده‌ستوریم خواردووه‌و پێشتر په‌رله‌مانتار بووم و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌و حه‌شدى شه‌عبیدا ناکه‌م.
هاوڵاتى: ئێوه وه‌ک قایمقامى شه‌نگال سه‌ر بهپارتى دیموکراتى کوردستانن؟ هه‌وڵتانداوه کێشه‌کانى شه‌نگال و ئه‌و دۆخه‌ى هه‌یه بگه‌یه‌ننه لایه‌نه‌کان و به‌رپرسانى حزبى و حکومى له‌هه‌رێم و به‌غدا؟ بۆ نموونه مه‌سعود بارزانى؟
مه‌حما خه‌لیل: کێشه‌ى شه‌نگال کێشه‌ى پارتى و سه‌رۆک مه‌سعود بارزانى نییه، کێشه‌یه‌کى عێراقى نیشتمانییه، سه‌رۆک بارزانى خه‌مخۆرى میلله‌تى کورد‌و خاکى کوردستانه، به‌تاکید گفتوگۆ‌و موناقه‌شه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانی کردووه‌و له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆک کۆمارى عێراق به‌رهه‌م ساڵح و یه‌کێتى گفتوگۆ کراوه‌و داوامانکردووه خاکى شه‌نگال خاکى کوردستانه‌و له‌چوارچێوه‌ى مادده‌ى 140ی ده‌ستوردایه، میلله‌تێکى فه‌قیرو هه‌ژارن، به‌رنامه‌ى ئێرانى و حه‌شدى شه‌عبى و په‌که‌که هیچ نه‌توانرێت بکرێت و ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتى باڵایان هه‌یه.
ئێوه خۆتان مه‌شهه‌دى عێراق ده‌بینن رۆژانه خه‌ڵک ده‌کوژرێت که‌س خه‌مى رشتنى خوێنى خه‌ڵکى نییه‌و ئه‌وه‌ش قه‌ده‌رى ئێمه‌یه، حه‌شدى شه‌عبى ناهێڵێت یه‌ک هاوڵاتى ده‌ڤه‌رى شه‌نگال کاروبارى خۆى ئه‌نجامبدات، ئیلان ده‌بێت حه‌شد ئاگادارى بێت و پاره‌یان لێ زه‌وتبکات.
هاوڵاتى: خاتوو نادیه موراد وه‌ک باڵیۆزى نیازپاکیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵ هیچ هاوکارییه‌کى شه‌نگالى کردووه؟
مه‌حما خه‌لیل: نه‌خێر هیچ هاوکارییه‌کى نه‌گه‌یاندووه، به‌رنامه‌یه‌کى هه‌بوو بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له رۆژهه‌ڵاتى شه‌نگال، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا هاتن و زه‌ویمان بۆ ته‌رخانکردن وه‌ک قایمقامى شه‌نگال، تائێستا هیچ نه‌کراوه، فه‌ره‌نسا بودجه‌ى بۆ ته‌رخانکردبوو له‌سه‌ر داخوازیى نادییه موراد، هه‌تا ئێستا هیچ جێبه‌جێنه‌کراوه.
هاوڵاتى: خه‌ڵکى کوردى ئێزیدى شه‌نگال چۆڵ ده‌کات یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌نگال؟
مه‌حما خه‌لیل: به‌رده‌وام نییگهرانى هه‌یه‌و کوردى ئێزیدى شه‌نگال چۆڵ ده‌کات و ئه‌منییه‌ت باش نییه، خزمه‌تگوزارى نییه.
ئێمه ده‌مانه‌وێت هێزێکى هاوبه‌شى عێراقى و حکومه‌تى هه‌رێم بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و ناوچانه‌ى شه‌نگال، چونکه له‌سه‌دا 83ى خه‌ڵکى شه‌نگال ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى وڵات بوون و له‌سه‌دا 17ى خه‌ڵکى ئێزیدى له‌ناو شه‌نگالدا ماونه‌ته‌وه.