ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ مەترسییەکی هەژمارنەکراو بۆ سەر ئابووریی جیهان
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
نیگەرانییەکانی تەشەنەسەندنی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا بازاڕە داراییەکانی هەژاندووەو بازاڕەکانی بۆرسە سستییان بەخۆیانەوە بینیوە هەر لەنیویۆرکەوە هەتا تۆکیۆ.
سێ گەورەترین کۆماپانیای ئەمریکا لەبۆرسەی وڵاتەکەدا ئاستی پشکەکانیان بەڕێژەی لەسەدا ١.٥% کەمبووەتەوە لەکاتێکدا بۆرسەی (١٠٠) پڕبەهاترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا بە رێژەی لەسەدا ٢.٣% سستییان بەخۆیانەوە بینیوە. ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانەی لەچین فرۆشیان زۆرە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
تائێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە(١٠٠) کەسی کوشتووەو زیاتر لەچوار هەزار کەس تووشی بوون لەچیندا لەکاتێکدا زیاتر لە(٥٠) حاڵەتی توشبوون هەیە لەسەرتاسەری جیهاندا.
سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لەگەڵ ساڵی نوێی چینی روویدا کە لەوکاتەدا عادەتەن گەشتکردن و پارە خەرجکردن زیاد دەکەن.
لە دووشەممەی رابردوودا زۆربەی مارکێتە گەورەکانی ئاسیا داخران، بەڵام نیگەرانییەکانی کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر ئابوری چین لەسەرتاسەری جیهان هەستیپێکرا، بەزۆری لەسەر کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکان و فاشیۆنەکان.
«هەتا کاتی زیاتر بخایەنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڤایرۆسەکە، باجە ئابورییەکەی گەورەتر دەبێت و دەبێتە دوو ئەوەندە»، ئان سپێنسەر، پرۆفیسۆر لەزانکۆی ئێکستەر وای وت.
لەهەمانکاتدا نرخی نەوت زیاتر لەسەدا ٢% دابەزی و نەوتی خاوی برێنت بە (٥٩) دۆلارو (٣٢) سەنت فرۆشرا، لەگەڵ ئەوەی بازرگانانی نەوت دەترسن لەوەی خواست لەسەر نەوت کەمببێتەوە ئەگەر ئابوری چین بوەستێت.
شیکەرەوانی رێکخراوی توێژینەوەی ئابوری ئۆکسفۆرد لە توێژینەوەیەکدا رایانگەیاند کە «کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە خراپترین کاتە» بۆ باری ئابوری جیهان.
لەهەوڵی هێواشکردنەوەی تەشەنەی ڤایرۆسەکە، چین گەشتی چەند شارێکی راگرتووە و دایخستوون لەکاتێکدا کۆمەڵە کۆمپانیایەکی زۆر لەوڵاتەکەدا ئامۆژگاری ستافەکانیان کردووە لەماڵەوە کارەکانیان بکەن.
پشوی سەری ساڵی چینیش درێژکرایەوە و کارمەندەکانی کۆمپانیاکان ئاگادارکراونەتەوە کە دوورکەونەوە لەناوچە زۆر توشبووەکان.
شیکەرەوان دۆخەکە بەراورد دەکەن بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی سارس لە ٢٠٠٢ کەنزیکەی (٨٠٠) کەسی کوشت. لێکەوتەکانی ڤایرۆسەکە گەشەی ئابوری ساڵانەی چینی لە لەسەدا ١١%ەوە بۆ لەسەدا ٩% دابەزاند. خەمڵاندنی ئەوە کراوە کە ڤایرۆسی سارس نزیکەی (٥٠) ملیار دۆلار زیانی بەئابوری جیهان گەیاند لەماوەی پێنج مانگی بڵاوبوونەوەیدا.
لەکاتێکدا ئەم ڤایرۆسە کەمتر کوشندەیە، بەڵام دەگونجێت باجی ئابوری بەرچاوی لێبکەوێتەوە لە ئاسیاو دواتریش بڵاوببێتەوە بۆ وڵاتەکانی تر، بەئەمریکاشەوە «لەڕێی دۆخی دارایی مارکێتەکانەوە، خەرجکردنی بەکاربەر، دڵنیایی، هەروەها هەناردەکردن»، رایان سویت، شیکەرەوە لە «موودی ئەنالەتیک» وای وت.
«کێشەی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە ئەوەیە کەدەتوانێت پشێوی دروستبکات و دڵنیایی بهەژێنێت، کەئەمەش وا لەبەکاربەران دەکات بەخەرجییەکانیاندا بچنەوەو گۆڕانکاری تێدابکەن».
تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا، وەک لویز ڤیتۆن، لەچیندا دابەزینیان لە فرۆشدا بەخۆوە بینی دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا پشکەکانیان نرخی بەرزبووەوە.
بۆرسەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیاو فەرەنسا بە رێژەی لەسەدا ٢.٥% دابەزینی بەخۆیەوە بینی. لە لەندەنیش، کۆمپانیای جلوبەرگی «بێربری» کە لەسەدا ١٦%ی فرۆشی لەچیندایە، پشکەکانی بەلەسەدا ٤.٧% دابەزی. چین یەکێکە لەمارکێتە زەبەلاحەکانی کۆمپانیای «بێربری»ەوە هۆشداری ئەوەیدا بە وەبەرهێنەران کە دابەزین لە خەرجی بەکاربەرانی چیندا رەنگە ببێتە کەمبوونەوەی داهەتەکانی کۆمپانیاکە.
کۆمپانیا تەرفیهییەکانی ئەمریکاش، وەک»وین ریزۆرتز»، کە چەندین گازینۆی هەیە لەهەرێمی سەربەخۆی ماکاوی چین، گەورەترین دۆڕاو بوو بەوپێیەی پشکەکانی لە ٨% دابەزی. هەروەها «لاس ڤێگاس ساندز» کە لە ماکاو بزنسی گەورەی هەیە پشکەکانی بە رێژەی لەسەدا ٦.٦% دابەزی.
تۆمی هو، ئابوریناسی باڵا لە رێکخراوی ئابوری ئۆکسفۆرد رایگەیاند کە هەر هەژاندنێک بۆ سەر ئابوری چین رەنگە کورتخایەن بێت، بەڵام کاریگەری زۆری هەبێت هاوشێوەی سارس، کە تەنها لەسێ مانگی سەرەتای ساڵدا کاردەکاتە سەر ئەدای کۆمپانیاکان.
دووەم گەورەترین ئابوری جیهان لەپێگەیەکی لاوازدایە دوای جەنگێکی بازرگانی سەخت لەگەڵ ئەمریکاداو سستییەکی سروشتی کە بەهۆی هەوڵەکانی وڵاتەکەوە دروستبووە بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی.
ئابوری جیهان بەبەراورد بەساڵی ٢٠٠٢، کاتی سەرهەڵدانی سارس، کاریگەری زیاتری بەردەکەوێت لەحاڵەتی سستی ئابوری چیندا.
«جیاوازییەکە بەڕوونی ئەوەیە کە کاریگەری گواستنەوە زۆر زۆر کەمبوو لەکاتی سارسدا، هەستیاری ئابوری جیهان بەرامبەر چین ئێستا زۆر گەورەترە. دەبێت ئەو جیاوازییە چەندجارەی سێ بکەیت لەئێستادا»، گیلیس مۆوک ئابوریناسی بەرپرس لە «گروپی ئاکسا» وا دەڵێت.
«دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ کاریگەرییەکە لە ئاسیادا دەمێنێتەوە یان تەشەنە دەکات و سستی لەوڵاتانی تریش دروست دەکات».
ئابوریناسان پێشبینی سستی ئابوری جیهانیان کردبوو لە ٢٠٢٠دا، بەڵام مەترسی رووداوێکی لەم جۆرە هەژمار بۆنەکراوە رەنگە سستییەکە زیاتر قووڵبکاتەوە.
هێشتا زووە کە بڕیاربدرێت، بەڵام رەنگە ئەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆرۆنا ببێتە ئەو «قەلەڕەشەی» ٢٠٢٠ وەبەرهێنەران ترسی تەواویان لێی هەبوو.