ئهستێرهکان دهگهڕێنهوه رۆژئاوا
مەزڵوم کۆبانی ئاماژە دەکات بەدەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
روسیا خەریکی دروستکردنی چەند میلیشیایەکە لەڕۆژهەڵاتی روباری فوڕات و رۆژاڤا، ئەمەش ئەگەری شەڕی زیاتر دێنێتە ئاراوەو بەربەست لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعشدا دروستدەکات. هاوکات مەزڵوم کۆبانیش ئاماژە دەکات بەدەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا.
هەسەدە دەترسێت میلیشیاکانی روسیا بەربەست بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش دروستبکەن لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات
بەبڕوای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەوڵەکانی روسیا بۆ راکێشانی گەنجان بۆ نێو میلیشیاکان لەناوچەکانی خۆرهەڵاتی روباری فوڕات لەسوریا پێدەچێت ببێتەهۆی بارگرژیی زیاتر لەناوچەکە. هەسەدە دەترسێت میلیشیاکانی روسیا بەربەست بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بەداعش دروستبکەن لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات.
هەسەدە رایگهیاند کهزیادکردنی کۆمەڵەیەکی نوێی میلیشیا بۆ ئەو تێکهڵهیه کەهەیە بارودۆخەکە ئاڵۆزتردەکات و بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە رۆژهەڵاتی سوریا.
فەرهاد خۆجە بەرپرسێکی هەسەدەیە باس لەوەدەکات کە روسیا تۆڕێکی میلیشیای دروستکردووە لەعامودا، تەل تەمەر، عەین عیساو دەرباسییە و ناوچە گوندنشینەکانی حەسەکە.
هەڵمەتەکانی راکێشانی ئهندامان و راهێنانەکان دەستیانپێکردووە لەکەمپێک لەزەوییەکانی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، کە لەئێستادا لەژێردەستی روسیادایە.
فەرهاد وتی «دەیان گەنجی بێکار کە نایانەوێت یان ناتوانن ناوچەکە بەجێبهێڵن خراونەتە نێو ریزی ئەو میلیشیایانەوە، هەرچەندە بڕی ئەو پارەیەی بۆیان دانراوە زۆر کەمە».
ههروهها وتی «روسیا لەڕێی کردەوەکانییهوه، ئاگری بارگرژییهکان لەناوچەکە خۆشدەکات».
ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کەئامادەیی ئەو گروپە چەکدارانە رەنگە ببێتەهۆی شەڕو پێکدادان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی لەئەنجامی دژبهیهکیی لایەنگریکردنهکاندا.
ئامادەکاریی دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کەداگیرکراون
هاوکات مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هیزەکانی هەسەدە رایگەیاند، ئامادەکاریی دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کەداگیرکراون، هەروەها باسی دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری هاوبەش دەکات لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژنامەی یەنی ئۆزگویر پۆلەتیکا (politika yeniozgur)، چاوپێکەوتنێکی مەزڵوم عەبدی (مەزلوم کۆبانی) فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوکردووەتەوە، بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە «ئەوەی هەیە زۆری نەماوە کە لەکاتێکی گونجاودا، ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان رزگار دەکەینەوە».
مەزڵوم کۆبانی، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەسەدە ئیتر لەڕابردوو بەهێزترە، مەرج و پلانی ناوچە رزگارکراوەکانیش نزیکە.
وتیشی «پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەب باشەو کوردو عەرەب لەباکووری سوریا چارەنووسیان هاوبەشە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتی میسر باشە».
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هات لەچەند رۆژی رابردوودا فرانک ماکەنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لەبنکەیەکی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە ماکەنزی رایگەیاند مەزڵوم کۆبانی داوای گرەنتی لەئەمریکا کردووە سەبارەت بەوەی یارمەتی هێزەکانی هەسەدە بدات.
ماکەنزی لەدرێژەی قسەکانیدا وتی “ئەمریکا لەئەرکەکانی دژی داعش بەردەوام دەبێت و یارمەتی هێزەکانی هەسەدە دەدات لەپاراستنی کێڵگە نەوتییەکانداو لەو بابەتەدا هیچ سنوورێکی کاتمان نییە. ئەو دەزانێت و منیش هاوڕام لەگەڵی، ئێمە بۆ ماوەی (١٠٠) ساڵ لێرە نامێنینەوە. لەڕاستیدا نازانم ئێمە چەند لێرە دەمێنینەوەو جگە لەکاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لێرە هیچ رێنماییەکی دیکەم پێ نەگەیشتووە”.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا دەیەوێت چارەسەری ئەو ئەنجامە خراپانەی بکات کەکردوویەتی، بڕیارەکانی دەدات و لەگەڵ ئەمریکییەکاندا لەچوارچێوەی پلانێکی هاوبەشدا دەست بەکاردەکەن. ئەمەش دوای ئەوەی روسیا کەوتۆتە هەوڵی دروستکردنی میلیشیا لە رۆژاڤا.
روسیا چاوی لەوە بووە کاریگەریی خۆی لەسوریا فراوان بکات بەدامەزراندنی میلیشیای سەر بەخۆی لەچەند ناوچەیەکی جیاواز، لەوانە ناوچەی حەلەب.
ئەحمەد سەلیم چالاکوانێکە لە حەلەب وتی «لەژێر چاودێریی پۆلیسی سەربازیی روسیادا میلیشیاکان لەپارێزگاکانی حەلەب، دەرعاو قونهیترە پێکهێنراون، لەمدواییانەشدا لەناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق».
وتی «لەحەلەب، پۆلیسی سەربازیی روسیا پشتیوانیی گروپە چەکدارەکانی وەک میلیشیای بێری و ئەساسنا دەکەن و بەگوێرەی راپۆرتەکان روسیا پلانێکی نوێی ههیه بۆ رێکخستنهوهی هەموو چەکدارەکان لەحەلەب لەژێر یەک میلیشیادا».
زیاتر وتی «پۆلیسی سەربازیی روسیا هەڵمەتێکی بەرفراوانی دامەزراندنیشیان لە دوما، خۆرهەڵاتی غۆتە، دەستپێکردووە بۆ راکێشانی چەکدارانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن بۆ نێو ریزەکانی میلیشیاکە».
ئەو چەکدارانەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن لە رێکەوتننامەکەدا جێیان هەیە، ناویان لەنێو لیستی داواکراوانی رژێمدا هەیە، روسیاش سوودی لەلاوازی و بێدەسەڵاتی ئەوانه بینیوە.
ئەحمەد سەلیم وتی «بەشێک لەمیلیشیاکانی پشتیوانیکراو لەلایەن روسیاوە لەدەرعاو قونهیترە جێگیربوون، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆری چەکدار گواستراونەتەوە بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لەناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگای ئیدلیب».
لێرە چەکدارەکان شانبەشانی لیوای قودسی لایەنگری رژێم و هێزی نیمر، کە لەلایەن عەمید سوهەیل حەسەنی لایەنگری روسیاوه رابەرایەتی دەکرێت، شەڕدەکەن.
هاوسەرۆکی باڵی سیاسیی هەسەدە لەناوچەی خۆسەریی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا، ریاز دەرار وتی بهڵام ئەو میلیشیایانە پێناچێت زیاتر لە (1000) چەکدار رابکێشن بۆ نێو ریزەکانیان.
وتی دامەزرێنراوەکان «بەکرێگیراون و هیچ هونەرێکی جەنگییان نییە، لەبەرئەوە هیچ بەهایەکی سەربازییان نییە بەبەراورد بەهەسەدە، بۆ نمونە، کە لە زیاتر لە (80) هەزار شەڕڤان پێکدێت».
وتیشی لهپاڵ ئەوەشدا هێزەکانی روسیا شکستیان هێناوە لەڕاکێشانی گەنجاندا لەناوچە خێڵەکییەکان بۆ نێو ریزی میلیشیاکانیان، سەرباری هەوڵدانێکی زۆر.