رێککەوتنی سەدە؛ خاڵی دەستپێک یان بنبەست
5 ساڵ لەمەوپێش
راپۆرتی: ئێن بی سی نیوز
وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا
پلانی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیدارەی ترەمپ نەک هەر ململانێی لەمێژینە بنبەست ناکات، بەڵکو لەڕاستیدا رەنگە درێژی بکاتەوە، شیکەرەوانی ئیسرائیل و فەلەستینی وا دەڵێن.
«ئایا ئەمە سەردەکێشێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ فەلەستینییەکان؟ بەشێوەیەکی بنەبڕانە نەخێر. لەڕاستیدا، پێگەیان تووندتر دەکات»، یۆسی میکڵبێرگ، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ریجێنتی لەندەن وای وت.
سەرکردەکانی فەلەستین هەر بەپەلە پلانەکەیان رەتکردەوە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکەشکرا لەسێشەممەی رابردوودا هاوشان لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
«قودس بۆ فرۆشتن نییە، ئێمە هەزار جار دەڵێین: نەخێر، نەخێر، نەخێر بۆ رێککەوتنی سەددە»، مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین لەناوەندی ئیدارەی فەلەستین لە رامەڵلای کەناری رۆژئاوا وای وت.
چاودێرانی لەمێژینەی ئیسرائیل و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پلانەکە بەلایەنگری بۆ ئیسرائیل پێناسە دەکەن، کە هێڵە سوورەکانی زۆربەی کێشە ناکۆکەکانی هێشتوەتەوە لەململانێ لەمێژینەکەدا لەکاتێکدا وڵاتێکی هەڵوەشاوو پینەکراو دەبەخشێتە فەلەستینییەکان.
بەپێی پلانەکە، نەخشەی پێشنیارکراوی داهاتووی وڵاتی فەلەستین پشت دەبەستێت بە «تۆڕێکی داهێنراوی رێگای خێرا، پرد، هەروەها تونێل» بۆ فەراهەمکردنی ئازادی هاتووچۆی فەلەستینییەکان.
بەڵام موستەفا ئەلبوغوتی سکرتێری گشتی بزوتنەوەی نیشتمانی فەلەستین، کە هانی بەرەنگاربوونەوەی ئاشتینانە دەدات لەبەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل، وڵاتەکەی فەلەستینی بەراورد کرد بە بانتوستان کە کەهەرێمێکە بۆ خەڵکی ئەفریقییە رەسەنەکان لە باشوری ئەفریقا.
«ناوچەکانی ترەمپ خراپترن»، ئەلبوغوتی وای وت.
پرۆژە پلانەکە زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژهەڵتی ئۆرشەلیم-قودس، بەشوێنە پیرۆزەکان و شارەکەشەوە، دەخاتە ژێردەستی ئیسرائیل لەهامنکاتیشدا رێگە بە فەلەستینییەکان دەدات پایتەختێک دابمەزرێنن لەدەرەوەی شارەکە و لەودیو بەربەستی جیاکەرەوەی ئیسرائیل.
پلانەکە رێ بۆ ئیسرائیلش خۆشدەکات کە سەروەرییەکەی فراوانتر بکات بۆ بەشێکی زۆری ناوچە نیشتەجێبوونەکانی لەکەناری خۆرئاوای داگیرکراودا کە لەساڵی ١٦٧ لەجەنگی شەش رۆژەدا لە دەست ئەردەنی دەرهێنا. ئەو ناوچە نیشتەجێکردنانە لەلایەن زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە نایاسایی لەقەڵەمدەدرێت.
بەپێی وتەی دەیڤد فریدمان باڵیۆزی ئەمریکا لەئسیرائیل، ئەگەر دەستبکات بەپرۆسەی خستنەسەری ئەو ناوچانە بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوا ئیسرائیل سەروەری بەسەر نزیکەی لەسەدا ٣٠٪ی کەناری خۆرئاوا جێبەجێ دەکات. ئەمڕۆکە بەپێی ئاماری رێکخراوی «ئاشتی ئێستا»ی ئیسرائیل، ئەو ناوچەیە شوێنی نیشتەجێبوونی دوو ملیۆن و (٦٠٠) هەزار فەلەستینی و زیاتر لە (٤٠٠) هەزار ئیسرائیلییەو ئەو ناوچەیە لەمێژە وەک چەقی هیوای فەلەستینییەکانە بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ.
«فەلەستینییەکان بەرەنگاری ئەمە دەبنەوە، من سەرم ناسوڕمێت ئەگەر گروپی یاخی سەرهەڵبدەن دژی ناوچە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل کەدواتر پەرەدەستێنێت بۆ پێکدادانی توندوتیژ»، فەواز گێرگز، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سکوڵی ئابوری و زانستی سیاسی لەلەندەن وای وت.
هەر رۆژێک دوای راگەیاندنی پلانەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە فەلەستینییەکان دەستیانکرد بەخۆپیشاندان لەکەناری خۆرئاوا لەدۆڵی ئەردەن – ئەو ناوچەیەی کە درێژدەبێتەوە بەسەر زۆربەی رۆژهەڵاتی کەناری رۆژئاوا لەنزیک سنوری ئەردەن کە لەپلانەکەدا نیشانەکراوە بۆ ئسیرائیل تا بیخاتە سەر وڵاتەکەی.
«ئێمە هەرگیز رێککەوتنەکە قبوڵ ناکەین و خۆپیشاندانەکانمان دەبێتە دەستپێک بۆ بەرەنگاری رۆژانەمان»، جەمال جومعە، رێکخەری کەمپینی دژە دیواری جیاکەرەوەی فەلەستین وای وت کە کەمپینەکەیان ئامانجی ئەوەیە دیواری جیاکەرەوەی ئسیرائیل بڕوخێنێت.
جومعە وتیشی کە پلانەکە «کردەی نیشتەجێکردنی بەزۆری ئیسرائیل بەیاسایی دەکات کەئامانج لێی خستنەسەری چەند ناوچەیەکی گەورەو ستراتیجی کەناری خۆرئاوایە».
ئەمریکا رایگەیاند کەئیسرائیل دەتوانێت دەستبەجێ ناوچە نیشتەجێبوونەکانی بخاتەسەر وڵاتەکەی و بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژەیان بەوەداوە کە ناتانیاهۆ بەمزووانە ئەو پرۆسەیە دەخاتە دەنگدانەوە.
لەچوارشەممەی رابردوودا نەفتەلی بێنێت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە تیمێک دروستدەکات بۆ جێبەجێکردنی خستنەسەری ئەو ناوچە نیشەتەجێبوونانە بۆ سەر ئیسرائیل و داوای لەحکومەت کرد بەخێرایی جووڵە بکات بۆ فراوانکردنی سەروەری ئیسرائیل پێش هەڵبژاردنەکانی ٢ی مارس.
لەبەیاننامەیەکدا نەفتەلی بێنێت وتی کە «ئەمە گەورەترین دەرفەتی سیاسییە کە لە (٥٠) ساڵی رابردوودا بەپیرمانەوە هاتووە، بەڵام هەموو دەرفەتێک تێدەپڕێت ئەگەر نەگیرێت و جێبەجێ نەکرێت».
هەرچەندە روون نییە کەحکومەتی کاربەڕێکەری ئیسرائیل دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت پلانەکە جێبەجێ بکات. حکومەتی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە «لەتیۆریدا» دەکرێت ئەو ناوچانە بخرێنەسەر وڵات، بەڵام ئەوە پێناچێت لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندبکرێت.
شیکەرەوان دەڵێن ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت ئەو بەشانەی کەناری خۆرئاوا بخاتەسەر وڵاتەکەی، ئەوا کارەکان زەحمەتتر دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی زەوی و گەشتن بەدانوستان لەنێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لەداهاتوودا.
«هەتا زیاتر واقیعی تاک لایەنانە دروستبکەیت، ئەوا هەتا بێت سەختتر دەبێت»، میکڵبێرگ وای وت.
بەرپرسانی فەلەستین چوار ساڵیان لەبەردەمدایە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنەکە کە بەپێی وتەی فریدمان رێککەوتنەکە مەرجدارکراوە بە «نەهێشتنی تەواوەتی حەماس، جیهاندی ئیسلامی، هەروەها گروپە تیرۆرستییەکانی تریش» لەغەززە.
لەم قۆناغەدا واپێناچێت فەلەستینیەکان رازی ببن
لەکاردانەوەی رێککەوتنەکەدا حەنان عەشراوی سیاسەتمەداری فەلەستینی وتی «ئەمە تێناپەڕێت».
رێککەونەکە پلانێکە کە «گاڵتە بەیاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات، سەرپێچییە لەمافی تەواوی گەلێک و هەوڵدەدات بەردەوامی بدات بەململانێکەو توندڕەوی و توندوتیژی دروستبکات»، حەنان وای وت.
«ئەمە نەک تەنها لەفەلەستین و ئیسرائیل، بەڵکو لەتەواوی جیهاندا پشێوی دروستدەکات و هەوڵێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەو لەناوبردنی سیستەمی یاسایی».
تەنها فەلەستینییەکان نین کەدژی رێککەوتنەکەن، تەنانەت هەندێک راستڕەوی ئیسرائیلی رەخنەیان لەپلانەکە گرت.
چەند نوێنەرێکی ئەنجومەنی «یەشا»، کە گروپێکی سەرکردەی نیشتەجێکاری ئیسرائیلین لەکەناری خۆرئاواو نوێنەریان نارد بۆ کۆنفرانسی راگەیاندنی پلانەکە، رایانگەیاند کە «زۆر بێزاربوون».
«ئێمە ناتوانین بەپلانێک رازی ببین کەدامەزراندنی وڵاتێکی فەلەستینی تێدابێت کەببێتە جێی هەڕەشە بۆ ئیسرائیل»، دەیڤد ئەلحەینی سەرۆکی رێکخراوەکە وای وت.
میکڵبێرگ ئاماژەی بەوەدا کە خستنەسەری ناوچەی داگیرکراو بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل پێویستە ببێتە جێی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جەختی لەوەکردەوە کە رێککەوتنەکە باش نییە بۆ سەقامگیری هەرێمی.
ئەردەن، دراوسێی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتەوە، دەستبەجێ پلانەکەی رەتکردەوەو خستنەسەر زەوی فەلەستین بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل بە «مەترسیدار وەسفکرد کەدژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لەبەیاننامەیەکدا ئەیمەن سەفادی وەزیری دەرەوەی ئەردەن رایگەیاند کە «ئەردەن ئیدانەی پێوەری لەم جۆرە دەکات کەسەرپێچی کردنە لەیاسا نێودەوڵەتییەکان و کردەی وروژێنەرە کەناوچەکە ئاراستەی ململانێ و گرژی زیاتر دەکات».
میسر راگەیەندراوێکی بەوریاییەوە بڵاوکردەوە کەتێیدا سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هەوڵەکانی بەڵام دووپاتی کردەوە کەدەبێت دانوستان هەبێت لەنێوان هەردوولادا.
سعودیەش پاڵپشتی پلانەکی کردو هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپی بەرزنرخاند بۆ گەشتن بەئاشتی و کۆتاییهێنان بۆ ململانێی هەردوولا، بەڵام لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند کە شا سەلمان پەیوەندی بە مەحمود عەباسەوە کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندی شانشینی سعودیە لەبەرامبەر ئامانجی فەلەستینییەکان و پاڵپشتی بەردەوام بۆ «برا فەلەستینییەکانمان».
میکڵبێرگ وتی کە رێککەوتنەکە وڵاتەکانی کەنداو دەخاتە پێگەیەکی سەختەوە، چونکە پێویستیان بەپشتیوانی ترەمپە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنە سەرسەختەکەیان، ئێران، بەڵام گەلە عەرەبەکانیان پابەندن بەخەون و ئامانجی فەلەستینییەکانەوە.
«ئەوان لەئێستادا رومانەیەکیان بەدەستەوەیە، ئەمەش هەرێمەکە دەخاتە دۆخێکی سەختەوە کەتێیدا گرژی قووڵ هەیە لەگەڵ ئێران، ئەوە شتێکی زیرەکانە نییە»