قه‌یرانى غاز‌و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه له‌نێوان یه‌کێتى و پارتى به‌رده‌وامه
وته‌بێژى حکومه‌ت: به‌کارهێنانى وشه‌ى «مافیا» له‌به‌یاننامه‌ى فه‌رمیى حکومه‌تى هاوبه‌شدا کاردانه‌وه‌ى توندى لێکه‌وته‌وه
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ده‌ستاوده‌ستکردنى دوو کۆمپانیاى گواستنه‌وه‌ى غازى ماڵان له‌کۆرمۆره‌وه‌و دابه‌شکردنى له رێگه‌ى تانکه‌ره‌وه بۆ پارێزگاکانى هه‌رێم قه‌یرانێکى بۆ هاوڵاتیان دروستکردو له‌پاڵیدا ململانێى حزبى و تۆمه‌تبارکردنى مافیایى لێکه‌وته‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى کۆمپانیاى (گۆڵدن) تایبه‌ت به‌گواستنه‌وه‌ى غازى ماڵان له‌کۆتایى سه‌رى ساڵدا گرێبه‌سته‌که‌ى کۆتایى دێت، وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان داوایان لێده‌کات تا 31ى 1ى 2020 به‌رده‌وام بن تا ئه‌وکاته‌ى ئه‌و کۆمپانیا نوێیه ده‌ستبه‌کارده‌بێت که‌ته‌نده‌ره‌که‌ى بۆ ده‌رچووه.
دواى ئه‌و به‌رواره قه‌یرانى غازى ماڵان دروستبوو، له رۆژى 2ى شوباتدا له‌یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمدا، وته‌بێژى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێم له روونکردنه‌وه‌یەکدا رایگه‌یاند «له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکى ده‌ستڕۆیشتووى سنوورى گه‌رمیان و سلێمانى رێگرییان لێکراوه‌و وه‌ک کارتێکى فشار رێگه‌یان نه‌داوه به‌شه غازى شلى هه‌ولێرو دهۆک وه‌ک پێویست بگات، ئه‌وه‌ش بووه‌هۆى گرانبوونى نرخى غاز له‌و دوو پارێزگایه«.
هه‌روه‌ها جوتیار عادل وته‌بێژى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌شکردووه‌ته‌وه بابه‌تى گواستنه‌وه‌ى غاز له‌کۆمپانیاى داناغازه‌وه بۆ پارێزگاکانى هه‌رێم، که« له‌لایه‌ن کۆمپانیایەکه‌وه قورخ کرابوو، کرایه ته‌نده‌ر...له‌م دوو رۆژه‌ى رابردووش‌دا که‌سانى ئاماژه‌پێکراو به‌هێزى چه‌کدار و توندوتیژى نواندن به‌رامبه‌ر به‌کۆمپانیاکه، هێنده‌ى دیکه دۆخه‌که‌یان ئاڵۆز کردووه...هه‌موو رێکاره یاساییه‌کان ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى قورخکاران و مافیاکان رووبه‌ڕووى یاسا بکرێنه‌وه«.
دوابه‌دواى روونکردنه‌وه‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێم، دواى دوو کاتژمێر فراکسیۆنى پارتى له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا جه‌ختله‌وه ده‌که‌نه‌وه که‌نابێت رێگه بدرێت به‌مافیاکان که رێگرى له‌ناردنى غازى شل بکرێت بۆ هاوڵاتیانى هه‌ولێر و دهۆک».
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد کێشه‌ى غازى ماڵان به‌هۆى ده‌ستاوده‌ستکردنى دوو کۆمپانیا بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه که ته‌قه له‌ته‌نکه‌ره‌کانى گواستنه‌وه‌ى غاز ده‌کرێت.
جه‌مال حه‌وێز، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێوانێکدا به هاوڵاتىوت «دیاره ئه‌و کێشه‌یه به‌فعلى دروست بووه له‌ئه‌نجامى ده‌ستاوده‌ستکردنى کۆمپانیایه‌ک بۆ کۆمپانیایه‌کى تر، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه دووه‌م جاره ته‌قه له‌تانکه‌ره‌کان ده‌کرێت و گله‌یم له‌حزبه‌که‌ى خۆم کردووه، ئه‌و غازه بۆ جه‌ماوه‌رى هه‌ولێرو دهۆک ده‌چێت که‌خه‌ڵکى هه‌موو لایه‌نه‌کانى تێدایه نه‌ک ته‌نها پارتى».
ناوبراو پێشیوابوو قه‌یرانى غاز کێشه‌یه‌کى نێوان دوو کۆمپانیای گواستنه‌وه‌ى غازه‌و «یه‌کێتى تێوه ده‌گلێندرێت، وته‌بێژى حکومه‌ت و ئه‌وانى دیکه‌ش په‌له‌یان کرد، مافیا کێیه؟ ده‌بوو سه‌بریان هه‌بووایه‌و ئه‌و قسانه نه‌کرایا».
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى ده‌شڵێت «ئه‌و کۆمپانیایه‌ى گواستنه‌وه‌ى غازه‌که‌ى بۆ ده‌رچووه، بۆ پڕکردنه‌وه‌ى قازانجه‌که‌ى ئیلا ده‌بێت غاز که‌متر بکاته بتڵه‌کانه‌وه، چۆن ده‌کرێت بۆ هه‌ر تۆنێک (30) دۆلار زیاتر لێبدرێت له‌ته‌نده‌ره‌که‌یدا».
لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کان دوێنێ سێشه‌ممه 4ى شوبات کۆبوونه‌ته‌وه‌و بڕیاردراوه لیژنه‌یه‌ک سه‌ردانى کۆرمۆرو ئه‌و ناوچه‌یه بکات که‌کێشه‌که تێیدا سه‌رى هه‌ڵداوه.
وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت «قه‌یرانى غاز کۆتایى نه‌هاتووه‌و چاره‌سه‌رى ریشه‌یى بۆ نه‌کراوه‌و ئێستا به‌ڕێژه‌یه‌ک غاز ده‌گاته شاره‌کان».
پێشه‌وا هه‌ورامى، وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «دوێنێ سێشه‌ممه لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کان کۆبوونه‌ته‌وه‌و تائێستا چاره‌سه‌رى کۆتایى نییه، هه‌تا دووشه‌وى رابردوو ته‌قه له‌ته‌نکه‌رى گواستنه‌وه‌ى غازه‌کان کراوه‌و ته‌سه‌وریش ده‌که‌ین جارێکى دیکه‌ش ته‌قه له‌ته‌نکه‌ره‌کان بکرێته‌وه«.
پێشیوابوو پێشتر «به‌هه‌ره‌مه‌کى» گواستنه‌وه‌ى غازه‌که دراوه‌ته خه‌ڵک، بەڵام ئێستا به‌شێوه‌یه‌کى «یاسایى» له رێگه‌ى ته‌ندره‌وه دراوه‌ته خه‌ڵک به‌پێى یاسا بۆى ده‌رچووه.
ناوبراو پێشیوابوو هه‌ندێک له‌بازرگانى»مشه‌خۆر»، ئه‌و دۆخه‌یان قۆستۆته‌وه، وتی «نرخى غازى ماڵان له حەوت هەزارو (500) دینار به (25) هه‌زار دینار ده‌یده‌نه‌وه خه‌ڵک، هه‌تا (25) هه‌زار دینار له‌گه‌رمه‌ى دۆخه‌که رۆشتووه‌و خه‌ڵک به‌و نرخه کڕیویه‌تى».
ده‌رباره‌ى به‌کارهێنانى وشه‌ى (مافیا) له‌لایه‌ن فراکسیۆنى پارتى و وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه، پێشه‌وا هه‌ورامى وتى «مافیا ئه‌و که‌سه‌یه ته‌قه له‌تانکه‌رى غاز ده‌کات و ژیانى خه‌ڵک ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه ئیتر هه‌رکه‌سێک بێت، شتى زۆر خراپتر کرابوو په‌راسووى خه‌ڵک شکێندرابوو که به‌یاننامه‌ى فراکسیۆنى پارتى ده‌رکراوه، ئێمه پاڵپشتى حکومه‌ت ده‌که‌ین، ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌ناویدان نازانم چه‌ندێک به‌حکومه‌تى خۆیانى ده‌زانن».
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کان ده‌ڵێت گومان له‌گرێبه‌ستى کۆمپانیا نوێیه‌که هه‌یه که به‌نرخێک گواستنه‌وه‌ى غازه‌که‌ى بۆ ده‌رچووه که قازانجى تێدا ناکات.
کاروان گه‌زنه‌یى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کان به هاوڵاتى وت «وته‌بێژى حکومه‌ت خراپ قسه‌ى کردووه‌و ناوى مافیاى هێناوه، ئه‌گه‌ر حکومه‌تێک حکومه‌ت بێت رێگه‌نادات مافیا له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌بێت، ده‌بێت مافیاکه‌ش ئاشکرا بکات».
کاروان گه‌زنه‌یى، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که سبه‌ینێ 6ى شوبات سه‌ردانى کۆرمۆر ده‌که‌ن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کاندا ده‌کرێت.
گه‌زنه‌یى ده‌شڵێت «دانا غاز به (346) دۆلار بۆ هه‌ر تۆنێک دابه‌شى کردووه، ئه‌م کۆمپانیایه (346) دۆلارى لێداوه« که‌سێک بزنس بکات و بیه‌وێت زه‌ره‌ر بکات ئه‌مه جێى گومانه، چونکه (15) دۆلارى گواستنه‌وه‌و (10) دۆلارى رسوماتى دێته‌سه‌ر بۆ هه‌ر تۆنێک».
کاروان گه‌زنه‌یى وتیشى «ئه‌و گرێبه‌سته ناکرێت به‌و شێوه‌یه بڕوات، وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان ملکه‌چه له‌سه‌رى، قسه‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه حه‌وت هه‌زارو (500) دینارى غازى ماڵان نه‌کرێته حه‌وت هه‌زارو (501) دیناریش، ده‌بێت وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان ئه‌و گره‌نتییه‌مان پێبدات تاکۆتایى هاتنى گرێبه‌ستى کۆمپانیا نوێیه‌که تاکۆتایى ئه‌مساڵ».
رۆژانه بۆ سێ پارێزگاکه‌ى هه‌رێمى کوردستان (38) تانکه‌رى غازى پێویسته که به‌م شێوه‌یه‌یه، بۆ پارێزگاى هه‌ولێر (13) تانکه‌رو سلێمانى (14) و دهۆک (11) تانکه‌رى غازى ماڵانى ده‌وێت.
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو ده‌ڵێت به‌پێى گرێبه‌ستى نوێى غاز، به‌شى حکومى به‌سیستى ده‌کرێت تا ره‌واج به‌به‌شه بازرگانییه‌که‌ى بده‌ن
سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو رایگه‌یاند حه‌قیقه‌تى قه‌یرانى غاز په‌یوه‌ندى به‌ساغکردنه‌وه‌ى غازى بازرگانییه‌وه هه‌یه تاهاوڵاتیان به‌گران بیکڕن.
شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کدا رایگه‌یاندووه، حه‌قیقه‌تى قه‌یرانى غاز گرێبه‌سته‌که‌ى به‌مجۆره‌یه:
یەکەم: رۆژانه (700) ته‌ن به‌شێوه‌ى حکومى بخرێته بازاڕه‌وه‌و به‌نرخى (7500) دینار بگاته ده‌ست هاوڵاتی. دووەم: رۆژانه (300) ته‌نى به‌شێوه‌ى بازرگانى بفرۆشرێت.
شێرکۆ جه‌وده‌ت ده‌شڵێت «بۆ ئه‌وه‌ى به‌شه بازرگانییه‌که ره‌واجى پێبدرێت‌و ساغبکرێته‌وه، به‌سستى به‌شه حکومییه‌که دابه‌شده‌کرێت، خه‌ڵکیش که‌پێویستى به‌غازه‌و به‌تایبه‌ت له‌م وه‌رزه‌دا ناچاره بچێت به‌نرخێکى به‌رز له‌بازرگانییه‌که بیکڕێت».
له‌ڕوونکردنه‌وه‌که‌ى سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کگرتوودا هاتووه، «هه‌ڵبه‌ته ململانێکان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى که‌سه ده‌سترۆیشتووه‌کانه‌و هیچ په‌یوه‌ندى به‌پرۆژه‌کانى سلێمانی‌و هه‌ولێرو به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکه‌وه نیه، ئه‌و هێزه‌ى به‌کارھێنراوه دیسان په‌یوه‌ندى به‌پشک‌و ململانێکانه‌وه هه‌یه.»
شێرکۆ جه‌وده‌ت ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه قۆناغى داهاتوو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و که‌سه ده‌ستڕۆیشتووانه‌یه که‌بارزگانى به‌ژیانى خه‌ڵکه‌وه ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌هه‌ڵمه‌تى نیشتیمانی‌و فشارى هه‌موو لایه‌که به‌هه‌موو ده‌نگ‌و ره‌نگه جیاوازه‌کانه‌وه، چونکه «ئه‌و که‌سانه هێزیان له‌پشته«.
فراکسیۆنى یه‌کێتى"ته‌نکه‌رى غاز حیمایه‌ى بۆچییه خۆ گواستنه‌وه‌ى چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى نییه"
وته‌بێژى فراکسیۆنى پارتى قسه‌کانى شێرکۆ جه‌وده‌تى ره‌تکرده‌وه له‌باره‌ى گرێبه‌سته‌که‌وه‌و وتى «هێشتا گرێبه‌ستى کۆمپانیاکه بۆ گواستنه‌وه‌ى غازى شل نه‌دراوه به‌لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌کان و ورده‌کارییه‌کانى به‌ئێمه نه‌گه‌یشتووه، کاک شێرکۆ چۆن که گرێبه‌سته‌که‌ى نه‌بینیوه واده‌ڵێت».
دوابەدوای روونکردنەوەی حکومەت لەسەر گواستنەوەی غاز کە رایگەیاندبوو پاسەوان بۆ تانکەرەکانی گواستنەوەی غاز دابیندەکات، بەشێک لەبەرپرسانی یەکێتی کاردانەوەی توندیان نواند.
جه‌مال حه‌وێز، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى وتی «تانکه‌رى غاز حیمایه‌ى بۆچییه خۆ گواستنه‌وه‌ى چه‌ک و ئه‌سله‌حه نییه، پێویسته به‌سه‌لامه‌ت غاز بگاته ده‌ستى هاوڵاتیان».