تائێستا حکومه‌ت به‌ڵێنى پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى نه‌داوه
5 ساڵ لەمەوپێش
عومه‌ر فه‌تاح
په‌رله‌مانتارانی کوردستان هێشتا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌و داواکاریه‌ن که‌ناردوویانه بۆ حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌کاتی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران که‌ماوه‌ی زیاتر له چوار ساڵه راگیراوه. هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر (36) په‌رله‌مانتارى کوردستان له‌فراکسیۆنه جیاوازه‌کان یاداشتێکیان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان کردووه‌و داواده‌که‌ن به‌زوویی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پله به‌رزکردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێبکاته‌وه.
پێشه‌وا هه‌ورامانی، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان یه‌کێک له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی که‌واژۆی یاداشته‌که‌ی کردووه به رۆژنامه‌ی هاوڵاتی وت «یاداشتێکمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان کردووه‌و داوامانکردووه بینێرێت بۆ حکومه‌ت به‌مه‌به‌ستى مافى پله‌به‌رزکردنه‌وه (الترفیع)ى فه‌رمانبه‌ران، که‌زیاتر له‌شه‌ش ساڵه راگیراوه«.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد ئه‌وه مافێکی ره‌وای هه‌موو فه‌رمانبه‌رانه‌و داوامانکردووه سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌کان و له‌ناویشیاندا هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش ئه‌م پله به‌رزکردنه‌وه‌یە بیگرێته‌وه‌و ده‌ستپێبکاته‌وه، ئه‌و وتیشى «هێشتا وه‌ڵامی حکومه‌تمان بۆ نه‌هاتوەه‌و چاوه‌ڕوانین، ئێمه‌ش به‌پێى ناوه‌رۆک و وه‌ڵامی ئه‌وان قسه‌ى نوێمان ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌م داواکارییه«.
جگه له‌یاداشته‌که‌ی په‌رله‌مان، دوو هه‌فته‌یه له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌شێک له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران که‌مپینێکیان راگه‌یاندووه به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ى پله‌به‌رزکردنه‌وه‌یان، هاوکات یاداشتێکیشیان ئاڕاسته‌ی هه‌ریه‌که له‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى کردووه. له‌ڕاگه‌یاندراوه‌که‌یاندا هاتووه «دواى شەش ساڵ له‌ڕاگرتنى مافى یاسایى پله‌به‌رزکردنه‌وه‌مان، داواتان لێده‌که‌ین چیتر به‌بیانووى قه‌یران ئه‌م مافه‌مان پێشێل و زه‌وت مه‌که‌ن و به‌زووترین کات بۆمان بگێڕنه‌وه، له‌کاتێکدا ئه‌م داواکارییه ده‌که‌ین که‌دڵنیاین داهاتى حکومه‌ت ته‌واو زیادى کردووه‌و زۆر به‌ئاسانى ده‌توانرێت چارەی پله‌به‌رزکردنه‌وه‌کانمان بکات».
له‌به‌شێکی دیکه‌ی یاداشته‌که‌ی ئه‌و که‌مپینه‌دا باس له‌وه‌کراوه که‌ئه‌م کابینه‌یه وه‌ک ده‌وترێت و لێى چاوه‌ڕێ ده‌کرێت کابینه‌ى گێڕانه‌وه‌ى مافه‌کانیان و چاکسازییه، به‌ڵام وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن «به‌زه‌وتکردنى پله‌به‌رزکردنه‌وه‌کانمان ئه‌م بانگه‌شه‌یه ده‌چێته ژێر پرسیار‌و په‌رله‌مانتارانیش که‌مته‌رخه‌م ده‌رده‌چن له‌به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌رانیان، ئه‌وه زیاتر له‌شه‌ش مانگه هیچ ئاسۆیه‌ک به‌دى ناکرێت و ته‌نانه‌ت که‌س باسیشى ناکات له‌کاتێکدا وه‌زاره‌تی دارایی چه‌ندین جار رایانگه‌یاندووه داهاتى حکومه‌ت ته‌واو زیادى کردووه‌و هیچ قه‌یرانێک نه‌ماوه، خۆشمان ئه‌م راستییه باش ده‌زانین».
راگرتنی پله به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌تى هه‌رێم له‌کاتێکدایه، له‌کۆتایی مانگی یه‌کی ئه‌مساڵدا به‌پێى فه‌رمانێکى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، نازناوى زانستى له‌مامۆستاوه بۆ پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر به‌رزکرایه‌وه. له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه به‌پاساوی قه‌یرانى دارایى له‌هه‌رێمى کوردستان، حکومه‌تى هه‌رێم به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌ى فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و پۆلیسی راگرتووه.